کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ قه‌زافی‌ ناشیرینترن...

Thursday, 21/04/2011, 12:00


قه‌زافی‌ هه‌رگیز درۆی‌ دیموكراسیبونی‌ نه‌كردوه‌، هه‌رواشی كرد، ئێوه‌ له‌ قسه‌دا دیموكراسیتان به‌چۆك هێنابو، به‌ڵام به‌كردار درۆتان كرد... بۆیه‌ ئه‌ڵێین له‌ قه‌زافی‌ ناشیرینترن، چونكه‌ ئه‌و درۆزن نه‌بو.

زۆر هه‌ڵه‌بوین ئه‌مانوت ئه‌مانه‌ له‌ موباره‌ك و بن عه‌لی‌ و داروده‌سته‌كه‌شیان له‌ به‌كرێگیراوه‌كانی‌ ئه‌وان ئه‌چێت، هه‌ڵه‌بوین ئه‌م بازرگانانه‌ی‌ نه‌وت و خوێن زۆر له‌ قه‌زافیش ناشیرینترن، ئه‌وه‌نده‌ ناشیرینن ئه‌سته‌مه‌ هاوشێوه‌ی‌ زیندومان ده‌ستكه‌وێت بۆ چواندن، مه‌گه‌ر په‌ڕه‌ ره‌شه‌كانی‌ مێژو بگه‌ڕێین بزانین كێ‌ هێنده‌ دڕنده‌یه‌ باكی‌ به‌ كوشتنی‌ گه‌نج و منداڵ نییه‌، كێ‌ هێنده‌ به‌ربه‌رییه‌ ئاوه‌دانی‌ ئه‌كاته‌ سه‌ربازگه‌ و شار ئه‌كاته‌ زیندان...

ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ 17ی‌ شوبات و رۆژه‌ خوێناویی و شومه‌كانی‌ ترتان، ته‌نها بیربكه‌نه‌وه‌ له‌ 18-19-20-21/4 چیتان نه‌كردوه‌، هێنده‌تان ناشیرینی‌ كردوه‌ ته‌نها له‌ئێوه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌، ده‌یان كه‌ستان برینداركرد، هه‌روه‌ك به‌عسییه‌كان چونه‌سه‌ر ماڵان، شه‌قتان وه‌شاند و ته‌قه‌تان كرد و هه‌ڵمات و به‌رتان هاویشت ...، ته‌نانه‌ت به‌رده‌م دادگاتان كرده‌ سه‌ربازگه‌ و له‌ژێر سێبه‌ری‌ ته‌رازوه‌كه‌ی‌ دادگادا ده‌یانتان داركاریكرد و ده‌ستگیرتان كردن، كرێگرته‌كانتان حه‌ره‌می‌ هه‌مو زانكۆكانیان ژێرپێنا و خوێندكارانی‌ زانكۆ و رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیرانتان راپێچی‌ زیندانه‌كان كرد، چی‌ ماوه‌ بیكه‌ن كه‌ له‌ده‌ستان بێت؟

ئێوه‌ سه‌رایه‌كی‌ ئازادیتان سوتاند كه‌ ده‌یویست كه‌رامه‌تتان بۆ بگێڕێته‌وه‌، وێنه‌ی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌تان دڕاند كه‌ باڵای‌ هیچتان له‌شوێن پێكانیان تێپه‌ڕ ناكات، ئێوه‌ چی‌ ماوه‌ بیكه‌ن؟

ئێوه‌ یان ئاوێنه‌تان نییه‌ یان رو، دڵنیاین خۆتان نابینن، ئه‌و دێڕانه‌ ناخوێننه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رتان ئه‌نوسرێ‌، ئه‌و وشانه‌ش نابیستن كه‌ پێتان ئه‌وترێ، چونكه‌ ناتوێنه‌وه‌... ئه‌وه‌ی‌ ئێوه‌ ئه‌یكه‌ن هه‌رچۆن شه‌رمه‌، ئاواش شه‌رمه‌زارییه‌، خۆفرۆشه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عس هاتونه‌ته‌وه‌ شه‌قامه‌كان و په‌لاماری‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ زۆر جیاوازن به‌ كوردی‌ ئه‌دوێن، زۆر دڕنده‌ن ئێوه‌ تفتان له‌ده‌م كردون، دڵنیابن ئه‌مانه‌ هه‌موی‌ پاداشتی‌ هه‌یه‌، پاداشتێك كه‌ میلله‌ت بۆتان دیاری‌ ئه‌كات.

تاكه‌ی‌ واز له‌ كرده‌ وه‌حشییه‌كان ناهێنن، ئه‌گه‌نه‌ هه‌رشتێك شایه‌نی‌ سوتان نه‌بێت ئه‌یسوتێنن، ئه‌گه‌نه‌ هه‌ر كه‌سێك شایسته‌ی‌ رێزبێت په‌لاماری‌ ئه‌ده‌ن، ئه‌گه‌نه‌ هه‌ر جوانییه‌ك ناشرینی‌ ئه‌كه‌ن، كه‌ له‌ شاخ هاتنه‌ خواره‌وه‌ هه‌مو شتێكی‌ خۆتان گۆڕی‌، ته‌نها ئه‌قڵتان نه‌بێت، هه‌ر به‌و ئه‌قڵه‌ رێ ئه‌كه‌ن كه‌ له‌ ئه‌شكه‌وتا په‌روه‌رده‌ كراوه‌ و په‌نجا ساڵه‌ شه‌ڕی‌ براكوژی‌ پێ ئه‌كه‌ن.

دڵنیابن له‌وه‌ی‌ ئه‌یكه‌ن!، چونكه‌ رێگاكه‌ی‌ ئێمه‌ كورت ئه‌كاته‌وه‌، ئه‌مڕۆ بێت یا سبه‌ی‌ میلله‌ت ئه‌گاته‌ مافه‌كانی‌ خۆی‌، هه‌زاران وه‌ك ئێوه‌ سته‌مكاربون ئێستا وجودیان نییه‌، هه‌زاران له‌ ئێوه‌ به‌تواناتربون ئێستا له‌ لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌كانی‌ مێژودا ئه‌یانخوێنینه‌وه‌، دور ناڕۆین ئه‌و موباره‌كه‌ی‌ نامه‌ی‌ پشتیوانیتان بۆ نارد، ئێستا له‌ قه‌فه‌زی‌ دادگادایه‌... بیربكه‌نه‌وه‌ ئێستا ساڵی‌ چه‌نده‌ و چی‌ ئه‌گوزه‌رێ‌...
کوردستانپۆست :له‌سه‌رداوای برای به‌رێز نه‌ژاد جه‌لال لای خۆمان بڵاومانکرده‌وه‌:
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=4591&AuthorID=79

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە