لەمۆفەق میراودەلییەوە وەڵامێك بۆ مام غەفوورى ئامر لیوا
Saturday, 03/09/2011, 12:00
لەژمارە(40)ى گۆڤارى ڕێگادا، لەمیانى چاوپێكەوتنێك دا، مام غەفوور لەبەرانبەر وشەى "میراودەلى"دەستەواژەیەكى ناشیاوى بەكارهاێنداوە، میراودەلى بەسەگ ناوبردووە، بۆیە بە پێویستم زانى دوو لە عنێریەتى عەشیرەت گەرى، وەكو مافێكى ئاسایى خۆم، بەكورتى وەڵامى مام غەفوور بدەمەوە.
ناوبراو دوور لەهەموو بەهایەكى یاسایى و كۆمەڵایەتى و سیاسى و سەربازى، لە چاوپێكەوتنێكدا ئەو دەستەواژەیەى لەبەرانبەر عەشیرەتى میراودەلى راهێناوە، لەكاتێكدا "میراودەل"یەكێَكە لە پشتەكانى عەشیرەتى میراوەلى كە بۆتە نازناوى عەشیرەتەكە، ئەو عەشیرەتەى كە ئێستا زیاتر لە بیست هەزار كەس دەبێت، بە سەدان دكتۆر و ئەندازیارو پارێزەو مامۆستا و رۆشنبیرو نووسەرى هەیە، ناوبراو زۆر بێ باكانە ئەو قسە نابەجێ و ناشیرن و نەشیاوەى بەكارهێناوە.
دیارە هیچ ئاگادارى مێژوو و رابردووى ئەو عەشیرەتە نییە، كە مێژووییەى كۆنییان هەیە لەدێر زەمانەوە لەقۆناغە مێژووییەكاندا رۆڵ و دەورى بەرچاوییان هەبووە، بەسەدان سەرچاوەى بیانى و ناوخۆیى باسى ئەو عەشیرەتە دەكەن، بۆ نموونە لە كۆتاییەكانى سەدەى نۆزدە، میراودەلییەكان توانییان چەند ساڵێك شەڕى تورك بكەن و ناوچەكەیان لێ پاكبكەنەوە، هەروەها میراودەلییەكان توانییان لەساڵى(1914-1917)شەڕى ڕووس بكەن، زیاتر لە(300)كەسییان شەهیدكرا، تاكە سنوور بوو كە رووس نەیتوانى لێییەوە بێتە كوردستانەوە.
ئەو میراودەلییانەى ئەو بەسەگ ناوى بردوون، شەڕى ئینگلیزو فارس و عەجەم و تورك ییان كرد، پشتیوانى سەرسەختى شێخ محمودو حكومەتەكەى بوون، بەو هۆیەوە زۆربەى دێهاتییان لەلایەن فرۆكەكانى ئینگلیزەوە سوتێنرا، لەو پێناوەدا چەندان شەهیدییان داوە، بەسەدان سەرچاوەى مێژووى لەو بارەوە هەیە.
ئەمە جگە لەشەڕییان دژى حكومەتى ئەو كاتەى عێراق، بەشێوەیەك پشدەر لەدواى هەموو عێراق لەلایەن حكومەتى پاشایەتییەوە كۆنترۆڵ كراوە، هەرەوەها میراودەلییەكان بوون هەوڵیاندا پەیوەندى بە ئەڵمانییاى نازیوە بكەن و كورد ڕزگار بكەن، بەڵگەنامەكان بەردەستن.
لەسەردەمى پاشایەتى میراودەلییەكان هەشت ئەندامى پەرلەمانى عێراقییان هەبووە، لەو ماوەیەدا چەندان پرۆژەو پێشنیازى گەورەو گرنگییان بۆ كوردو ناوچەكە كردووە، دیارە مام غەفوور لەوانە بێ خەبەرە.
هەر ئەوان بوون یەكەم لە خەلەكان چەخماخەى شۆڕشییان لێدا لەسالى 1961، ئەمە جگە لە بەشداریكردنییان لە شۆڕشى نوێ، كە سەدان كەسى ئەو عەشیرەتە هاوشانى مام غەفوور بەشدارى شۆڕش بوون، تەنانەت بیرى چووە فەرماندەو تێكۆشەرو سەركردەى، وەكو خوالێخۆشبوو سەلیمى حەمەئاغاو حەمە هەژارو چەندان پێشمەرگەى دیكە بەدرێژاى ژیانییان پێشمەرگەبوون. ئەو عەشیرەتە چەندان شەهیدى لەو ڕێگا داوە، پێم وایە مام غەفوور هیچ بەرژەوەندییەكى لەم دەستەواژەیەدا نییە.
هاوكات جێگەى نیگەرانییە هاو پیشەكانم نەدەبوو، ئەو دەستەواژەییان بڵاوكردبایەوە چونكە ئەم دەستەواژەیە پێچەوانەى هەموو یاساو ڕێسایەكە، پێچەوانەى بەندەكانى یاساى رۆژنامەنووسى هەرێمى كوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست