کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەڵامێك بۆ تەلەبەكەمان (گۆرانى عەلی كەریم)

Wednesday, 02/11/2011, 12:00


نووسینى: كاستى شانۆیى(حەمالەكان و وەڵامێك بۆ تەلەبەكەمان (گۆرانى عەلی كەریم)
نووسینى: كاستى شانۆیى(حەمالەكان و...)و (سێوەكانى نیشتمان)


ئێمە وەك كاستى شانۆیی (سێوەكانى نیشتمان) و كاستى شانۆیی (حەماڵەكان) بەرپەرچی ئەنجامى ڤیستیڤاڵەكە دەدەینەوە كە لە بەروارى (20 21 / 10 2011) لەشارى دەربەندیخان ئەنجامدرا .
ئێمە وەكو كاستى شانۆیی (سێوەكانى نیشتمان) لە شارى چەمچەماڵ و كاستى شانۆیی (حەماڵەكان) لەشارى دەربەندیخان ئەنجامى ڤیستیڤاڵەكە رەتدەكەینەوە و وە زۆر دڵگرانین بەرامبەر ئەو ئەنجامانە هەرچەندە ئێمە وا خوێندنەوەى بۆ دەكەین كە ئەوە تەنها بۆ بچوككردنەوەى ڕۆڵی شانۆ كارانى ئەم دوو كاستە بووە وا لەخوارەوە بەوردى لەسەرى دەدوێین .
1 بۆچوونمان بەرامبەر ڤیستیڤاڵەكە / ڤیستیڤاڵەكە كوردى بوو بەڵام بەشانۆیی فارسی دەستى پێكرد و بەشانۆیی فارسی كۆتایی هات ، ئەمە جگە لەوەى كە ڕۆتیناتى ئیدارى زۆر تێدابوو هەر لەڕووى كاتى نمایش و شوێنى نمایش و ئامادەكارى بۆ نمایشەكان لەلایەن كاستى ڤیستیڤاڵەكەوە كە ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد سوود لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەى ڤیستیڤاڵی ئیران وەربگرن و هەڵەكانى پاریش بشارنەوە بەڵام نەك سوود وەرنەگیرا بەڵكو هەڵەكان زیاتر بوون ، من ئەمەوێ لەم سۆنگەیەوە بڵێم لەو ڤیستیڤاڵەدا تەنها دوو قسەش لەسەر شانۆ نەكرا
2 لیژنەى دادوەرى ڤیستیڤاڵ ئێمە وەكو ئەم دوو كاستە پێمان وایە هیچ دادوەریەك نەبووە لەو ئەنجامانەدا بەڵكوو بەشێوەى عاتفی هەڵسەنگاندن بۆ كارەكان كراوە نەك بەشێوەی ئەكادیمی و هونەرى دواى ئەوەش ئەندامانى لیژنەكە پێك هاتبوون لە بەریزان (فاتیحى بادپەروا ، بەكر ڕەشید ، دڵشاد حوسێن ، گەزیزە عومەر ، گۆرانى عەلی كەریم) بەداخەوە جگە لە فاتیح هیچیان نە شارەزاییان لەشانۆیی سەرشەقا هەبوو نە رۆژێ لەرۆژان كارى شانۆیی شەقەمیان كردبوو چەند ساڵێك پێش ئێستا (گۆرانى عەلی كەریم) كارى دەرهێنانى بۆ شانۆییەكى هۆڵ كردبوو بەمەبەستى بەشدارى كردن لە ڤیستیڤاڵى شانۆیی شەقام لە مەریوان لەو ڤیستیڤاڵەدا كە ئیشەكەى تێدا نمایش كرد یەكێك لە ئەندامانى لیژنەكە (د. قوتبەدینى سادقی) بوو، نمایشەكەى بەجێ هێشت و ئامادەى بینینى نەبوو ئەمە وەكو ئەوە وایە خوێندكارێك دەرنەچێ و تۆ بیكەى بە مامۆستا ئەم بەرێزە لە ئەزموونى شانۆیی شەقام فەشەلی هێنابوو كەچی برادەرانى ڤیستیڤاڵى دەربەندیخان كردیان بە لیژنەى دادوەرى ، لەگەڵ ئەوەشدا كاتى خوێندنەوەى ئەنجامى ڤیستیڤاڵەكە (گۆرانى عەلی كەریم) زۆر بەلێهاتووییی ووتى : خەڵاتى باشترین دەرهێنانمان لابردووە چونكە دەرهێنان لەم كارانەى ڤیستیڤاڵەكەدا نەبووە ، ئێمە دەڵێیین : ئازیز پێویستمان بەوەنیە تۆ هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانى ئێمە بكەى چونكە لەراستیدا هونەرمەندى راستەقینە دەبیت خۆى هەڵسەنگاندن بۆ كارەكەى خۆى بكات دواتر بینەرەكەى نەك كەسێكى كەم ئەزموونى وەك تۆ !كە جگە لەبەتاڵكردنەوەى بارى دەرونى خۆت هیچى تر نەبوو. خراپترین نمایش ، نمایشی شارى بابل بوو بەڵام ئێوەى لیژنەى دادوەرى بۆ ماوەى 25 دەقیقە ئامادەى بینینى نمایشەكەبوون هەرچەند خراپ بوو بەڵام لەو نمایشەى تۆ باشتر بوو كە لیژنە ئامادەنەبوو بیبینێ ، یەكێكى تر لە ئەندامانى لیژنەى دادوەرى ووتبوی : دەبێت شانۆیی شەقام دەقی تیدا نەبێت بەڵكو بەس بیرۆكە هەبێ هەربۆیە شانۆیی (سێوەكانى نیشتیمان) بی ئەنجام بوو چونكە دەقی هەبوو وە لەناو دەقەكەشدا شیعر هەبوو ، ئێمە پێكەنینمان بەم قسانەدێ چونكە ئەو بەریزانە ئاگایان لە شانۆیی شەقام نیە و پەى پێ نابەن چونكە لە شانۆیی شەقامدا بەدرێژایی میژوو مەرج دانەنراوە بۆ دەق و نمایش و دەرهینان ، لە راستیدا لە شانۆیی شەقامدا دەكرێت بیرۆكە هەبێت دەكرێت دەق هەبێت وە لە ئەوروپاش دەقی كلاسیك زۆر جار دەكرێت و كراوە بۆ نمایشی شەقام من نازانم ئەم بەریزانە بە توانا ترن لە شانۆكارانى ئەوروپا ؟!
وە ئەمە وتەیەكى ڤیكتۆ هۆگۆمان بیر دێنێتەوە كە دەڵێت : نەخوێندەوارى جوزئێكى بچووكە لە جەهالەت ، جەهالەت ئەوەیە كەسێكى نەزان بەشداربێ لە بەریوبردنى وڵات . ئەوەى ئێمە تێبینیمان كردبوو بەكر رەشید تەنها سەیرى ناوى ئەكتەرەكانى ناو دەلیلەكەى دەكرد تا بزانێ یەكسانە بەو ژمارەیەی كە نمایش دەكەن چونكە هەر ئەوەندەى لێ دەزانێ ،یەكێكى تر لە كارە نارەواكانى ئەم لیژنەیە ئەوەبوو كە تەلەفوونیان بۆ هەردوو دەرهێنەرى كاستەكان كردبوو تا نمایشەكانیان پێش بخەن ئێمە هەر ئەوكاتە زانیمان مەبەستێكیان هەیە چونكە ئەم دوو كاستە ساڵی پار لە یەكەمین ڤیستیڤاڵى شانۆیی شەقام لە دەربەندیخان پلەى یەكەم و دووەمیان بەدەست هێنا دوواتر لە ڤیستیڤاڵى نیودەوڵەتى شانۆیی شەقام لە شارى مەریوانى كوردستانى ئێران لە كۆى 36 تیپی بەشداربوو بە هاوبەشی خەڵاتى سێ یەمین باشترین بەرهەمى ڤیستیڤاڵیان بەدەست هێنابوو وە بەشێك لەم لیژنەیە ئەوەیان پێ ناخۆش بوو بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەش ئەوە بوو كە كاتى نمایشەكانیان پێش خست و وە خەڵاتى باشترین دەرهێنان و باشترین بەرهەمیان لابرد نازانم خۆ لیژنەكە پرنسیبیكى هاوبەش ودیارى كراویان نەبوو تا بەپێى ئەو پێوەرە خەڵاتەكان كەم وزیاد بكەن، وە ئێمە دەزانین چۆن ئەم خەڵاتانە دابەش كراو وە بەبریارى كێ واتان دابەش كرد بەڵام دادوەرى راستەقینە ئەو بینەرە بەریزانەن كە ئامادەى بینینى نمایشەكەبوون مێژووش بەچاوى ریزەوە تەماشاى ئێوە ناكات .
لەكۆتایدا دەڵێن هەموو مرۆڤێك دوو خوداوەندى هەیە ، خوداوەندى یەكەم نابینریت كە خواى تاقانەیە ، خوداوەندى دووەمیش كەس نایبینێ كە ئەویش ویژدانە ، كەواتە هەموو كارێكى هونەرى راستەقینە دەبێ لە ویژدانى مرۆڤەوە دەربچێت ، ئێمە پێمان وایە كارەكانى ئێمە لە ویژدانمانەوە دەرچووە ، بەڵام بریارەكانى ئیوە لە ویژدانتانەوە دەرنەچووە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە