کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیسانەوە شەڕی پۆست

Wednesday, 28/07/2010, 12:00



ساڵانێکە ‌هەڵوێستی سەرکردایەتی سیاسی باڵای کورد بووەتە جێگەی پرسیار و مرۆڤ تا ئەو ئەندازەیە بەگومان دەبێت لە سەرکردایەتی کورد، کە ئایا بەڕاست ئەم سەرکردایەتییە هەستی بەرپرسیارێتییان لا ماوە، یان تەنها پارە و کورسی دەسەڵاتیان لابۆتە خەون و خولیا؟ نا هەقمان نییە ئەگەر بڵێین خاوەنی سەرکردایەتییەکی سیاسین، کە تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆی، بنەماڵە، حیزب و کورسی دەکاتەوە، ئەمەش لە کاروکردەوەکانیانەوە هەڵئێنجراوە.
میللەتێکی مەزڵومی وەک کورد لە ناو عێراقدا دەیەها کێشەی هەڵپەسێردراوی هەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغداد، کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتە، کەس نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا نازانێت، چارەنووسی ئەو ناوچانە بە چی دەگات، ئەگەر چی ئەو هەموو قوربانی و خەباتەی کورد کردویەتی بۆ کەرکوک و ئەو ناوچانە بووە(چونکە هیچ حکومەتێکی عێراقی بە سەدامیشەوە دژی حوکمی کورد نەبووە لە سێ شارەکەی کوردستان دا)، کەچی نە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی و نە ئێستاش پاش هەڵبژاردن، هیچ هێزێکی کوردییمان نەبینی کە گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بکاتە هێڵی سوور، هەموو قورسایی سیاسی خۆی بخاتە سەر ماددەی ١٤٠ و پێودانگی دانوستانی بەرانبەر هێزە سیاسییە عێراقییەکانی تر.
لەبری پێداگریکردن لە کەرکوک و ناوچەکانی تر، لەبری کردنی ئەو ناوچانە بە هێڵی سوور، لەبری داواکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە و ئەنفال، لەبری داواکردن بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی هەرێم و بە‌غداد بە شێوەیەکی فەرمی و پرۆتۆکۆلی ئەوتۆ، کە نە لە ئێستا و نە لەداهاتوودا هیچ حکومەتێکی عێراقی نەتوانێت لەو پرۆتۆکۆلانە لابدات، مەگەر تەنها بە قازانجی کورد نەبێت، سەرکردایەتی سیاسی باڵا ، سەرۆکایەتی هەرێم و حیزبە بالا دەستەکان لە میدیاکانەوە کەوتونەتە هەڕەشە و بەستنەوەی پەیوەندی کورد و بەغداد بە کورسی سەرۆکی کۆماری داهاتووەوە، وە خەریکە بکەونە هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ هەندێک عەرەبدا، تەنها و تەنها لەسەر کورسی سەرۆکایەتی کۆمار، لەکاتێکدا کە کورد لە ڕابردوودا (یەک دوو جاری لێدەرکەیت) نەیتوانیوە بە ئەندازەی سوودی نینۆکێک بۆ پەنجە، سوود لەو پۆستە وەربگرێت.
ئەی کەواتە چییە وادەکات خودی سەرۆکی هەرێم، هەردوو حیزبە هاوپەیمانەکە، هەموو توانای خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ گرەوکردن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار؟ ئایا ئەم پێداگریکردنە نامانگەڕێنێتەوە بۆ فیفتی بە فیفتی ساڵانی پێشوو، کە ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە فڵان حیزب بێت ئەوا دەبێت سەرۆکی کۆمار بۆ لاکەی تر بێت، تاوەکو بەڵانسی هێز لە کوردستاندا تێکنەچێت؟
بەداخەوە پیداگری دوو حیزبە هاوپەیمانەکە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و نزیککردنەوەی پەیوەندی هەرێم و بەغداد تا کەناری شەڕ، تەنها و تەنها لەسەر ئەو پۆستە، ئەو ڕاستییە تاڵمان بۆ دەردەخات، کە تا ئێستا هەردوو سەرکردەی دوو حیزبە هاوپەیمانەکە بیانەوێت دەسەڵاتەکان و کوردسییەکانی حوکم برا بەشبکەن و ئەگەر بێت و یەکێکیان خاوەنی کورسییەک بێت، دەبێت ئەویتریان ببێتە خاوەنی کورسییەکی هاوشیوە، دەنا تەرازووی هێز تێکدەچێت و ڕەنگە ببێتە هۆی پشێوی سیاسی ناوخۆی کوردستان یان لەنیکەم ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوانیان.
هەر هۆیەک هەبێت بۆ پێداگری کورد لە کورسی دەسەلات بێ پێداگریکردن لە کورد و دۆزەکەی، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و کێشە نەتەوەییەکان، ئەو حەقیقەتە تاڵەمان بۆ دووبارەدەکاتەوە، کە سەرکردەکانی کورد ئەوەندەی ویستی پاوانخوازی و دەسەلاتییان هەیە، یەک لەسەر دەی ئەوە مەسەلە چارەنوسسازەکانی کورد و ناوچەدابڕاوەکانی بەلاوە گرنگ نییە.
دەکرا پێداگری بکرێت لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار هاوپێچ لەسەر ماددەی ١٤٠ و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەرهەرێم، بەلام کوفری سیاسییە، کە سەرکردایەتییەکی سیاسی پانوبەرین و شەقامی کوردی تەنها بە پۆستی سەرۆک کۆمارییەوە خەریک بکرێت، بێ ئەوەی ناوی ناوچەدابڕاکانی پێوە ببەسترێتەوە.
ئەمە ئەگەر لەمڕۆشدا بەسەر سەرکردایەتی سیاسی کورددا تێپەڕێت، بەڵام ڕۆژێک دێت کە مێژوو بێلایەنانە حوکمی خۆی بدات لەسەر هەموو ئەوانەی کە پۆست و پلەیان پێش مافە یاساییەکانی میللەت خستووە.

[email protected]
لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ژ. ٦١٨ دا بڵاوکراوەتەوە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە