دڵزارحەسەن توویژدانت، ئەوە كێیە بەكردەوە هەولێروكوردوكوردستانیشی لاپیرۆزنیە؟!
Sunday, 03/05/2009, 12:00
ئەمجارەیان كوردستان لە هەڵبژاردندا هەنگاوێكی مێژوویی و چۆنایەتی بەخۆوە دەبینێت، چونكە هەڵبژاردنەكانی رابردوو لە هەردوو مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە بڕیار لەسەر ناو و لیستی ئەندامانی پەرلەمان دەدرا و رۆژی هەڵبژاردن تەنیا ئاهەنگێك بوو بۆ پیرۆزبایی كردن لەو لیستە و هیچ مونافەسەیەكی دیار و تۆزقاڵێك مومارەسەی دیموكراسیانەی تێدا نەبوو، بەڵام هەر لە ئێستاوە و هێشتا هەڵمەتی هەڵبژاردن رانەگەیەنراوە، هەموو دەزگا و دارودەستەكانی دەسەڵاتی ساوا و منداڵە هەژدەساڵەكە دەستیان كردووە بە هێرشكردنەسەر تێكۆشەری گەلەكەمان كاك نەوشیروان موستەفا و لیستی گۆڕان، من بەلامەوە ئاساییە پارتی و یەكێتی ریكلام بۆ خۆیان بكەن و مونافەسە بكەن و دژایەتی لیستی بەرامبەریان بكەن، ئەوەی لەلام ئاسایی نیە ئەوەیە كە زۆر بەداخەوە وا پێدەچێ پارتی و یەكێتی جگە لە (علوج)ە رەسمیەكانی خۆیان لێرە و لەوێ (علوجی)تریشیان پەیدا كردووە!
زۆریشم پێناخۆشە ووشەی علوج بەرامبەر قەڵەمێكی وەك كاك دڵزار حەسەن بەكاربێنم، چونكە وتار و نووسینی رەخنەگرانەی ئەوەندە جوانی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و مشەخۆری كوردستان نووسیوە ، بەڵام چی بكەین ئەوەتا دوای ئەم هەموو شتە جوانانەی دژ بە گەندەڵی، دژ بە ناعەدالەتی، دژ بە دزینی داهاتی كوردستان، دژ بە پشتگویخستنی كەركوك و هەموو مەسەلە چارەنووسسازەكان، ئەوەتا دڵزار حەسەن ، هەمان ئەو دڵزار حەسەنە دەچێتە سەنگەری دز و گەندەڵ و ژنكوژ و دەست و دڵ و روح ناپاكەكان! من نازانم تۆ بڵێی ئافەرینێك و چەند سەفتەیەك پارە ئەوە ئەهێنی مرۆڤ لە حەقیقەتی خودی خۆیشی هەڵگەڕێتەوە؟! ئەگەر ئەو نووسینەی دوالاپەڕەی رۆژنامەی (هەواڵ) م نەدیبا و پێیان ووتبام كاك نەوشیروان دڵزار حەسەنی لە لیستەكەی خۆی داناوە، بەلامەوە زۆر زۆر ئاسایی بوو و زۆریشم پێخۆشبوو، چونكە ئەگەر لە دوورەوەش بێت نووسینەكانیم خوێندۆتەوە و بە پێی پێوەر و ناوەرۆكی نووسینەكانی پێشووی بێت، دڵزار حەسەن وەك برادەرانی لیستی گۆڕان دەیەوێ گۆڕانێكی هەمەلایەن بەسەر ئیدارە و دەسەڵاتی كوردیدا بێنێت، دەیەوێ گۆڕان بەسەر گەندەڵیدا بێنێت و بیكاتە دەستپاكی، گۆڕان بەسەرتاكڕەوی دابێنێت و بیكاتە سەركردایەتی بەكۆمەڵ، گۆڕان بەسەر هەیمەنەی بنەماڵەدا بێنێت و هەیمەنەی ئیرادەی خەڵك جێگیر بكا، بەڵام زۆر بەداخەوە نەمزانی بە (كونفەیەكونێك) كاكە دڵزار حەسەن گۆڕانی بەسەرخۆیدا هێناوە!! ئاخر كاكە گیان بەرژەوەندی و پارە و پول كێندەری پیرۆزە تا بەم شێوە هەزەلییە تەسلیمی بیتَ؟!!
من ئەپرسم ئەوە كێن بە كردەوە هەموو پیرۆزییەكانی هەولێریان پێشێل كرد؟ كێ بوون ئەوانەی هەولێریان بە پەرلەمان و حكومەت و هەموو دەسكەوتەكانی دەیان ساڵەی كوردەوە ئەتك كرد؟ ئەوە كێن چەندین ساڵە پیرۆزی هەولێر و هەموو كوردستانیش پێشێل دەكەن؟ كێن سەروەت و سامان و نەوت و دار و بەردی كوردستان هەراج دەكەن و دەیدزن ؟ كاكی برا تۆ ئازادی لەوەی چی ئەنووسی و چی دەرەبڕیت ، بەڵام بتەوێت و نەتەوێت ئێستا تۆ لە ریز و سەنگەری ئەو كەسەدای كە نەك هەر بە قسە بە كردەوەش، نەك هەر خەڵكی هەولێر هەموو كوردی كردە سەگ؟ ئەرێ ئەمانە پیرۆزییەكانی هەولێرت بۆ دەپارێزن؟ خۆ ئەوانەی ئەو قسەیەیان بە ناوی كاك نەوشیروان هەڵبەست و لە راگەیاندنەكانیاندا ئەم بوختانەیان بۆ هەڵبەست، هەر ئەوان نەبوون قودسیەتی هەولێر و كوردستانیشیان پێشێل كرد و وتیان با پەرلەمان لە مەیدانی حەیوانان كۆبێتەوە!
دەك پیرۆزت بێ!!
دەك پیرۆزیان بیت و ئەو دەنگەشمان لە خوا دەوێت!!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست