کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوو هه‌ڵوێستی جیاواز له‌ نێوان پێشه‌وا قازی و تاڵه‌بانی

Thursday, 15/04/2010, 12:00


ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی لێوه‌ ده‌کرێت تاوانکاری وتراژدیایه‌که‌ ، که‌ له‌ زمانی ماموستا هێمنی‌ شاعیر بیستوومه ‌و وبه‌و په‌ری ئه‌مانه‌تداری و لێپرسراوییه‌وه‌ ده‌بێژمه‌وه‌. ئه‌ویش له‌مه‌ڕ تراژدیایه‌که‌ش له‌کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ وکادیری ده‌زگای ره‌وشه‌نبیری کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران له‌ساڵی 1984 کاتی وتووێژی یه‌کیه‌تی وده‌سه‌ڵه‌تی به‌عس له‌ دۆڵی جافایه‌تی. من چۆنم له‌و خه‌ڵکانه‌ بیستوه‌، هه‌رواشی ده‌گێرمه‌وه‌، هه‌روه‌ها خوازیار و داواکارم، که‌ هه‌ر که‌سێک بتوانی له‌م باره‌وه‌ هه‌ڵه‌کانم بۆ ساغ بکاته‌وه‌، یان زیاتر به‌ پێی هه‌ڵوێست و زانیاریه‌کانی خۆی روونتر و راستتریان بکاته‌وه‌، گه‌لێک سوپاسیان ده‌که‌م. ره‌نگبێ ئه‌م پرسیاره‌ بۆ خوێنه‌ر بێته‌ پێشه‌وه‌ بۆچی هه‌تا ئێستا باسم لێوه‌ نه‌کردوه‌؟
یه‌که‌م: له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ کات و بار و دۆخی باشووری کوردستانم به‌ته‌واوه‌تی له‌ بار و سه‌قامگیر وه‌به‌رچاونه‌هاتووه‌.
دووهه‌م: بروام به‌وه‌ نه‌بوه ‌و رێگام به‌ خۆم نه‌داوه‌، که ‌بری ده‌رخستنی راستیه‌ شاراوه‌کان وه‌ک خۆراکی سیاسی و بازرگانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان بۆگه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، یان زیاتر خۆهه‌ڵاوه‌سین به‌ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌ت کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان که‌ڵکی لێوه‌ربگیریت، هه‌رچه‌ند له‌کتێبی " کوا فاشیست" له‌ ساڵی 2005دا کورته‌ ئاماژه‌یه‌کم بۆ کردوون.
******************---******************
له‌ پاش تێکچوونی وتوێژی یه‌کیه‌تی و حیزبی به‌عس له‌ ساڵی 1984، کاک شێرکۆ بێکه‌سی‌ شاعیر له‌ سوله‌یمانییه‌ هاته‌ده‌ره‌وه ‌وجارێک له ‌مالوومه‌ میوانی ئێمه‌ ده‌بوو. له‌ ناو قسه‌ کردندا به‌وه‌ گه‌یشتین، که‌ بۆ باشتربوونی باری ماڵی کاک شێرکۆ، کتێبی (کازیوه‌) بۆیه‌کجار له‌مه‌هاباد له‌چاپ بده‌ین له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا کاک شێرکۆ به‌نووسراوه‌ وه‌کاله‌تی دا به‌من، که‌ له‌گه‌ڵ چاپخانه‌ی سه‌یدیان له‌مه‌هاباد (که‌ نیزیکایه‌تی له‌ گه‌ڵ من هه‌بوو) بۆ یه‌که‌مینجار بڵاو بکرێته‌وه‌ . من که‌ گه‌رامه‌وه‌ بۆرۆژهه‌ڵات بۆکاروباری نه‌هێنی وه‌ک هه‌موو جارێک به‌ نهێنی سه‌ردانی ‌ ماوستا "هێمن"م ده‌کرد، له‌گێرانه‌وه‌ی هه‌واڵ و باسی باشوور، له‌ سه‌رکاک شێرکۆ قسه‌م کرد. ماموستا هێمن گوتی: چۆن ئه‌و کاره‌ت کردوه‌؟ بڕۆ به‌ هه‌رفێڵێک بێت نووسراوه‌که‌ له‌ چاپخانه‌ی‌ سه‌یدیان وه‌رگره‌وه‌ . به‌ڵکوو بتوانم له‌ ژێر په‌رده‌ی سروه‌ به‌خۆرایی بۆی‌ له‌ چاپ بده‌ین، كه‌ ته‌واو بوو هه‌موو داهاته‌که‌شی بۆ کاک شێرکۆ به‌ره‌وه‌: منیش چووم نووسراوه‌ و کتێبه‌که‌م له‌ سه‌یدیان وه‌رگرته‌وه‌ . به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ماموستا هێمن نه‌یتوانی له‌چاپی بدات له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ بنکه‌ی ئیرشاد پیان گوتبوو: چون ئێمه‌ رێگا ده‌ده‌ین بۆبڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی ئه‌و کابرایه‌، که‌ له‌ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیمۆکراتی زیدی ئینقلاب هۆنراوه‌ پێشکه‌ش به‌هاشم که‌ریمی ده‌کات! ئه‌وه‌تا کاسێته‌که‌یشمان هه‌یه‌ . به‌راستی ماموستا هێمن له‌ دڵه‌وه‌ حه‌زی ده‌کرد ئه‌وکاره‌ وه‌ک یارمه‌تی بۆ کاک شێرکۆ بکات. له‌وکه‌ین‌وبه‌ینه‌ و هاتوچۆیه‌دا ماموستا هێمن ئه‌و رووداوه‌ی کابرای قامیشی بۆگێرامه‌وه‌ و گوتی: له‌ ماوه‌ی 11 مانگ و چه‌ند رۆژی کۆماری کوردستان ته‌نیا 2 که‌س له‌ مه‌هاباد ئێعدام کران، که‌ ئه‌وانیش یه‌کیَكیان خه‌ڵکی ئاوایی قامیشی‌ ناوچه‌ی سوله‌یمانیه‌ بوو، ئه‌و کابرایه‌ کاسبکاربوو چای هێنابوو به‌داخه‌وه‌ که‌سێک کوشتبووی. قازی مۆحه‌ممه‌د پێداگری زۆری له‌ سه‌رکوشتنه‌وه‌ی ئه‌و بكوژه‌كه‌ کرد و ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و كه‌سه‌ نه‌کوژینه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌ڵێن: کوردێک له‌ باشوور چوو بۆ کۆماری کوردستان و له‌وێ کوشتیان. خۆلاسه‌ی‌ كه‌لام له‌سه‌ر داوای پێشه‌وا کابرا کوژرایه‌وه‌ . هه‌رچه‌ند قازی زۆر دژی کوشتن بوو.
1- هه‌ر وه‌ک له ‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و تراژدیایه‌ ئاماژه‌م پێدا رووداوه‌که‌م له‌ گه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ و کادیری کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران به‌م شێوه‌یه‌ بیستووه‌:
کور و کچێک خه‌ڵکی ئاوایی قامێش، دڵخوازی‌ یه‌کتربوون، کیژه‌که‌ زڕدایکی (باوه‌ژن)ی ده‌بێت شه‌وێک، كه‌ کیژه‌که‌ ده‌چێت بۆ ژوانێ، نازانێت که‌ زڕدایکی خۆی لێ (لای‌ ئیمه‌ ده‌لێن " مه‌لاس") مه‌ڵۆس داوه‌. کاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌ پشت ده‌رگاوه‌ گوێ له‌ باوه‌ژن و باوکی ده‌بێت، که‌ باوکه‌که‌ی ده‌ڵێت راوه‌سته‌ با ئه‌و دوو سێ رۆژی جه‌ژنه‌مان ته‌واو بێت، پاشان به‌ سه‌زای (کوشتن) خۆی ده‌گه‌یه‌نم . کچه‌ که‌ گوێ له‌و قسه‌ و باسه‌ ده‌بێت، ناچته‌ ژووره‌وه‌ و یه‌ک سه‌ربۆلای کوڕه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و بۆکوڕه‌ی باس ده‌کات و پێی ده‌ڵێت کاتێک که‌ منیان کوشت تۆ ده‌کوژنه‌وه‌. ته‌کبیر ته‌کبیر چۆن خۆیان له‌کوشتن رزگاربکه‌ن، کیژێ ده‌ڵێ با هه‌ڵێین بۆناو پێشمه‌رگه‌کان، که‌س له‌وێ زه‌فه‌رمان پێ نابات و به‌یه‌کیش ئه‌گه‌ین. به‌و ده‌ستووره‌ کیژه‌ی پڕله‌هیوا وئه‌ڤیندارکوڕه‌ رازی ده‌کات وهه‌رچۆنێک بێت خۆیان به‌پێشمه‌رگه‌کان ده‌گه‌یه‌نن وبه‌سه‌رهاتی خۆیان باس ده‌که‌ن. ئه‌ودوو لاوه‌ دڵ پرله‌ سۆزه‌، پاش ماوه‌یه‌کی ده‌یانێرن بۆ زیندانی به‌رگه‌ڵۆ له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌ . خزم وکه‌س و عه‌شیره‌ت سۆراخیان ده‌گرن ‌و ده‌چن بۆ لای مام جه‌لال ‌و داوایان ده‌که‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بیانکوژن . مام جه‌لال راده‌سپێرێت ئه‌وکچ وکوڕه‌ راده‌ستی بنه‌ماڵه‌که‌یان بکه‌نه‌وه‌ بۆ کوشتنیان . کاک نه‌وشیروان نارازی ده‌بێت پاشان مام جه‌لال به‌هه‌ڕه‌شه‌ و به‌ نووسراو‌ کوڕ و کچه به‌‌ قۆڵبه‌ست ته‌سلیمی عه‌شیره‌ته‌که‌یان ده‌که‌نه‌وه ‌و ئه‌وانیش له‌دوای ده‌رکه‌وتن له‌به‌رگه‌ڵۆ له‌سه‌رچه‌قی رێگایه‌ له‌بن دارێک له‌ به‌ینی سه‌رگه‌ڵۆ وهه‌ڵه‌دن زۆرنامروڤانه‌ چاویان ده‌به‌ستن و ده‌یانکوژن. وه‌ک باسیان ده‌کرد کچه‌که‌ هاوارده‌کات وده‌ڵێ ئێمه‌ دڵدارێکی پاک بووین وهیچ تاوانێکمان نه‌کردوه‌، بێجگه‌ له‌خۆشه‌ویستی نامان هه‌وێ چاومان ببه‌ستن بۆیه‌ش بۆناو پێشمه‌رگه‌ هانامان برد پێمان وابوو له‌ده‌ست کوشتنی ئێوه‌ نه‌جاتمان ده‌بێت.
هه‌ڵوێستی‌ فه‌رهاد سه‌نگاوی‌:
پێشمه‌ر‌گه‌کان ده‌یانگوت فه‌رهاد سه‌نگاوی ئه‌وه‌نده‌ دژی ته‌سلیم کردنه‌وه‌ی ئه‌و کچ و کوڕه‌ بووه‌ که‌هه‌ره‌شه‌ی وازهێنانی له‌ ئیستگه‌ کردبوو. جا بۆیه‌ لێره‌دا من له‌ کاک فه‌رهاد سه‌نگاوی داوا ده‌که‌م، که‌ به‌ وردی راستییه‌کانی ئه‌و تراژدیا خۆشه‌ویستییه‌، وه‌ک خۆی بگێڕێته‌وه‌ وکه‌م وکورتیه‌کانی منیش راست بکاته‌وه‌، ئه‌گه‌رمنیش له‌وگێرانه‌وانه‌دا هه‌ڵه‌م کردوه‌، ئه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌م .
له‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌دا تووشی دوو پرسیار بووم:
یه‌که‌م: مام جه‌لال له‌ کاتی واژۆکردنی بریاری له‌ سێداره‌دانی سه‌دام حوسین ووتی‌: (من ماف ناسم چۆن ده‌توانم له‌ داردانی که‌سێک واژۆ بکه‌م..؟) هه‌رچه‌نده‌ من وه‌ک چالاکه‌وان و لایه‌نگری مافی تاک و ئه‌ندامی ناوه‌ندی چاک بڕوام به‌هیچ کوشتنه‌وه‌یه‌ک نییه‌ و دژی یاسای ئێعدام کردنم)، به‌ڵام ده‌پرسم گه‌ڵۆ بڵێی مام جه‌لال دوای ته‌سلیم کردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو که‌سه‌ بۆ کوشتن، بۆ مافناسی ته‌واونه‌ کردبوو، وا ئیستا له‌ ئاست سه‌دامدا هه‌ستی مرۆڤایه‌تی لێ ده‌رکه‌وت؟




2- پێش له‌ هه‌موو که‌سێک، له‌ کاک شێرکۆ بێکه‌س وکاک فه‌رهاد سه‌نگاوی، هه‌م گله‌یی وهه‌م پرسیار ده‌که‌م: لالۆ بڵێی مه‌م وزین و خه‌ج وسیامه‌ند و شێرین و فه‌رهاد و له‌یل ومه‌جنوون و لاس خه‌زاڵ و ...هتد هه‌ستی خۆشه‌ویستی وشێوه‌ی تراژدیایه‌که‌یان و نامرۆڤایه‌تیک که‌ له‌ گه‌ڵیان کرابێت له‌و دوو لاوه‌ دلداره‌ی قامیشی زیاتریان هه‌بووبێ؟ چما دڵخوازیی ‌‌و خۆشه‌ویستی‌ تاوانه‌؟
نه‌ نه‌هۆزان وانێ ،
نه‌ نووسه‌رێ ،
نه‌ به‌یت بێژێ ،
نه‌حه‌یران زانێ
ئیستاشی له‌سه‌ر بێت، دوو دێر و به‌یتیان بۆ نه‌نووسیون و نه‌یانلاواندوونه‌وه‌ ؟

"جوانترین جوانی مرۆڤایه‌تیه‌، ئه‌گه‌ر مرۆڤ ڕه‌چاوی بکات"




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە