کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌هرۆز گه‌ڵاڵی: محێدین ڕه‌حیم له‌لایه‌ن خودی پارتیه‌وه‌ تیرۆر كرا-به‌فیڕۆچونی خوێنی محێدین ره‌حیم له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی دا

Monday, 23/11/2009, 12:00



ئایا له‌سه‌ر نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی، پارتی ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی خۆی كوشت؟
تایبه‌ت به‌ڕێگا مه‌گه‌زین
محێدین ره‌حیم ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی لقی (12)ی پارتی له‌هه‌ڵه‌بجه‌ له‌(11/3/1997) له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌شاری هه‌ولێر به‌كوژراوی دۆزرایه‌وه‌، بكوژی ناوبراوو ئه‌و لایه‌نه‌ی پێی تۆمه‌تباره‌ تاكو ئێسته‌ به‌فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.
ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ی پارتی دیموكرات له‌كاتێكدا كوژراوه‌ كه‌یه‌كێتی و پارتی له‌قورسترین خوله‌كانی شه‌ڕی ناوخۆدا بوون، پارتی دیموكرات له‌دانیشتنی رێككه‌وتنی ئه‌نكه‌ره‌ كشایه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌بكوژی محێدین ره‌حیم ده‌زانێت و رایگه‌یاند چیتر پارتی دیموكرات پابه‌ندی هیچ رێككه‌وتنێك نابێت كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مۆری كردووه‌و له‌وانه‌ش په‌شیمانه‌ كه‌كردویه‌تی.
له‌وباره‌وه‌ (شازاد سائیب) له‌ژماره‌ (1394ی 13/3/1997ی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ) وه‌ك وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی و به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نكه‌ره‌، ده‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی پارتی به‌سه‌رۆكایه‌تی (سامی عه‌بدولڕه‌حمان) له‌كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می ئه‌نكه‌ره‌ كه‌به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری ئه‌مریكاو به‌ریتانیاو توركیاو به‌ره‌ی توركمانی ده‌بوایه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، وتی: له‌دانیشتنی یه‌كه‌مدا ئیمزا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك كراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ تاكو ئێستا پارتی هیچ به‌یاننامه‌یه‌كی ره‌سمی له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی له‌دانیشتنی ئه‌نكه‌ره‌ بڵاونه‌كردۆته‌وه‌.
هه‌روه‌ها شازاد سائیب له‌میانی دیدارێكی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكادا وتی: دانیشتنه‌كانی یه‌كه‌می كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نكه‌ره‌ سه‌ركه‌وتووبوو، به‌ڵام له‌دانیشتنی دووه‌مدا به‌ڕێز سامی عه‌بدولڕه‌حمان ته‌له‌فونێكی بۆ هات و به‌بێ هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نوسیدا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی تۆمه‌تباركرد به‌كوشتنی محێدین ره‌حیم و هه‌ر ئه‌وه‌شی كرده‌ به‌هانه‌ی به‌شدارینه‌كردنیان له‌كۆبونه‌وه‌كاندا.
(به‌هرۆز گه‌ڵاڵی) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌دا ورده‌كارییه‌كانی كوشتنی (محێدین ره‌حیم) ئاشكرا ده‌كات، ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ناوبراو دركاندویه‌تی ده‌ست رێگا مه‌گه‌زین كه‌وتووه‌.
(به‌هرۆز گه‌ڵاڵی) ده‌ڵێت محێدین ره‌حیم به‌ده‌ستی پاراستنی پارتی دیموكرات كوژراوه‌ چونكه‌ له‌پارتی دیموكرات تۆرابوو، ماوه‌یه‌ك پێش كوشتنه‌كه‌شی نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی (مه‌سعود بارزانی) سه‌رۆكی پارتی دیموكرات و (نێچیره‌ڤان بارزانی) ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی كردووه‌و نیگه‌رانی زۆری ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر ره‌فتاری زۆر به‌رپرس و چه‌كداری پارتی دیموكرات، جگه‌ له‌وه‌ داوای مۆڵه‌تی كردبوو بۆ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات!
به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ده‌ڵێت: پارتی نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی كه‌ده‌ترسا محێدین ره‌حیم بچێته‌ ده‌ره‌وه‌و زۆر نهێنی پارتی بدركێنێت، بۆیه‌ پاراستن هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردبوو.
گه‌ڵاڵی ده‌ڵێ: محێدین ره‌حیم نیگه‌ران بوو له‌سیاسه‌تی پارتی و ده‌یویست دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكات، چۆن ده‌كرێت یه‌كێتی ئه‌و كه‌سه‌ بكوژێت و پارتی رزگاربكات له‌و گله‌یی و پرته‌و بۆڵانه‌!.
ئه‌وه‌ی كه‌ به‌هرۆز گه‌ڵاڵی ده‌یه‌وێت بیكاته‌ گومان و پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ محێدین ره‌حیم خاوه‌نی پاسه‌وانی زۆر بووه‌، چۆن ده‌كرێت له‌نێو ماڵه‌كه‌یدا له‌هه‌ولێر به‌نادیاری بكوژرێت و هیچ پاسه‌وانێكی به‌ئاگا نه‌بێت له‌و كوشتنه‌؟
گه‌ڵاڵی پێیوایه‌ پاراستن ئه‌و كاره‌ی كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر كوشتنی ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبه‌كه‌ی نیگه‌رانی زۆری ده‌ربڕی و هه‌وڵوێستی توندی نواند به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ی كه‌خستیه‌ سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی.
گه‌ڵاڵی پێیوایه‌ پارتی دیموكرات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌دا محێدین ره‌حیمی كوشتووه‌ كه‌ئاڕاسته‌ی بارزانی و نێچیره‌ڤانی كردووه‌و تێیدا نوسیویه‌تی (هه‌شت مانگ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بووین به‌ڕێزتان موافق بوون كه‌بێم بۆ سه‌ڵاحه‌دین و بڕیاریش وابوو له‌به‌ر ناساغی و ماندوێتی مۆڵه‌تی چه‌ند مانگێك بدرێم، به‌ڵام حه‌زم نه‌كرد له‌وكاته‌دا بێم له‌به‌ر وه‌زعه‌كه‌ی ئه‌وێ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بێویژدان نه‌ڵێت رایكردووه‌، خۆی دیزیوه‌ته‌وه‌، روخا... به‌ڕێزان ئێستاش كه‌ لێره‌ین داوا له‌به‌ڕێزتان ده‌كه‌م كه‌ئه‌مر بفه‌رموون به‌مۆڵه‌تدانم بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك، چونكه‌ ناساغیم هه‌یه‌و زۆر ماندووم و ماندوێتییه‌كه‌ش ته‌ئسیری له‌سه‌ر ئه‌عسابم كردووه‌و زۆر هۆی تریش كه‌په‌یوه‌ندی به‌كاره‌ حزبییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌هه‌موو بواره‌كانی.... وه‌له‌م ره‌وه‌شه‌وه‌ یاداشتێك راو پێشنیارم وه‌ك كادرێك ئه‌خه‌مه‌ پێش چاوی به‌ڕێزتان بۆیه‌ تكام وایه‌ ئه‌مر بفه‌رموون به‌دیاریكردنی هه‌ڤاڵێك بۆ لق و یان یه‌كێك له‌كارگێڕه‌كان دیاری بكرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی لق و منیش مۆڵه‌ت بدرێم، وه‌به‌ڕاستی و راشكاوی عه‌رزتان ده‌كه‌م كه‌توانای كاركردنم نییه‌و بۆم ناكرێت و ناشمه‌وێت تووشی عه‌یبه‌ ببم لای به‌ڕێزتان.. .
له‌نامه‌كه‌یدا محێدین ره‌حیم (5) خاڵی وه‌ك داواكاری پێشكه‌شكردووه‌و داوا ده‌كات بۆی جێبه‌جێبكه‌ن مه‌منوون ده‌بێت، ئه‌و خاڵانه‌ش بریتین له‌(دامه‌زراندنی (30) پاسه‌وانی له‌سه‌ر ده‌زگایه‌كی حزب، سكرتێرو به‌رپرسی پاسه‌ونه‌كانم (عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی و هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د كه‌مال) بچن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چونكه‌ به‌هۆی منه‌وه‌ تووشی نه‌هامه‌تی زۆر بوون و چه‌ند جه‌لال رقی له‌منه‌ ئه‌وه‌نده‌ش له‌وان، كادیرانی لقی (12) بۆ (5) خوله‌ك جه‌نابت ببینن ئه‌گه‌ر مه‌جال هه‌بوو، ئه‌گه‌ر نه‌كرا بیانبینن و هاوكاری بكرێن چونكه‌ موسته‌حه‌قن، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌ كه‌ له‌سنوری حكومه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ری ناساغیان نییه‌ (فازڵ به‌شاره‌تی، نه‌سره‌دین هه‌ورامی كارگێڕانی لق، محه‌مه‌د گرێزه‌یی، ساڵح مسته‌فا ئه‌ندامانی لق، كچی هه‌ڤاڵ مسته‌فا ئه‌مین ئه‌ندامی كارگێڕی ناوچه‌ی پێنجوێن).
ئه‌م نامه‌یه‌ پاش ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی مه‌سعود بارزانی و نێچیره‌ڤان بارزانی كراوه‌ وێنه‌یه‌كیشی ئاڕاسته‌ی عارف ته‌یفور لێپرسراوی مه‌كته‌بی سیاسی كردووه‌.
ئه‌م نامه‌یه‌ پاشكۆیه‌كی هه‌یه‌ كه‌ محێدین ره‌حیم به‌ڕوونی و راشكاوی ته‌واوی ره‌خنه‌كانی خۆی ئاڕاسته‌ی پارتی دیموكرات ده‌كات وه‌ك تێیدا نوسیویه‌تی (لێره‌دا ده‌مه‌وێت فه‌رموده‌یه‌كی ساڵی (1975)ی به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی بیربخه‌مه‌وه‌ كه‌فه‌رمووی (به‌رنامه‌مان دانابوو بۆ ته‌سفییه‌كردنی خه‌ڵكی خراپ له‌ناو شۆڕشی ئه‌یلول، به‌ڵام مه‌خابن فریا نه‌كه‌وتین... ئێستا له‌میانه‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌ی كاك مه‌سعوده‌وه‌ ده‌ڵێم بائیتر ئێمه‌ هه‌موومان له‌مه‌ زیاتر كات و وه‌خت له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، داواكارم جه‌نابی سه‌رۆك و كاك نێچیره‌ڤان و هه‌ڤاڵانی تری سه‌ركردایه‌تی به‌وپه‌ڕی بوێرییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی بوده‌ڵه‌و بێتوانان له‌مه‌سئولییه‌ت، رووتیان بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ هه‌ندێك كه‌س بونه‌ته‌ سه‌رباری ئه‌م حزبه‌و هیچیان پێناكرێت و شوێنیان گرتووه‌و داگیریان كردووه‌، تكایه‌ ته‌سفییه‌ بكه‌ن، تكایه‌ پێداچوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ له‌وه‌زعی عامی حزبدا بكه‌ن، قه‌ت خه‌ڵكی پارتی و رێبوارانی رێبازی نه‌مر بیریان له‌دزی و ته‌عداو تاڵانی و داگیركردنی ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان نه‌كردۆته‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ناكه‌ن له‌پارتی كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا روویدا، ئه‌وانه‌ی كه‌به‌بیانوی دژایه‌تی جه‌لالییه‌ته‌وه‌ ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامدا، ته‌ڕوو وشكیان پێكه‌وه‌ سوتاند، بوونه‌ هۆی له‌كه‌دار كردنی ره‌نجی چه‌ندین ساڵه‌ی پارتی! بۆیه‌ پێویسته‌ زۆر به‌په‌له‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و وه‌زعه‌ بدۆزنه‌وه‌).
ئه‌مه‌ پاشكۆی ئه‌و نامه‌یه‌ بوو كه‌ناوبراو ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك و مه‌كته‌ب سیاسی پارتی كردبوو، محێدین ره‌حیم له‌كاتێكدا خاوه‌نی (50) پاسه‌وان بوو، پاش ئه‌وه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتبوو داوای مۆڵه‌تی كردبوو به‌نادیاری كوژرا، به‌بێ ئه‌وه‌ی دۆسێی ئه‌م كوشتنانه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ تاكو ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كرابێت یاخود ره‌وانه‌ی دادگا كرابێت.


ئه‌م ڕاپۆرته‌ له‌ ژماره‌ (5)ی گۆڤاری رێگا مه‌گه‌زین دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ 20-11-2009 ده‌رچووه‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە