واباشە كورد ئەمجارە لەهاوپەیمانێتى پەلەنەكات
Friday, 26/03/2010, 12:00
هەموومان دەبینین تائێستا ئەنجامى كۆتایى هەڵبژاردنەكى 7/3 رانەگەیەندراوە و هەرلیستە و بۆخۆى لەلایەكەوە لەهەندێكى سەرچاوەى نارەسمى لەكۆمسیۆن زانیارى و داتا وەردەگرن و زرۆخێرا بڵاوى دەكەنەوە و لەكۆتاییدا دەبینین هاوكێشەكە بەجۆرێكى ترە نەك ئەوەى لیستەكان رایانگەیاندوە ، ماوەیەكە دەبینین كەسانى نێو لیستەكانى عەرەبى زۆر بەگەرم و گورى سەردانى كوردستان دەكەن و بەتایبەت لەگەڵ سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى كۆمار كۆدەبنەوە بەمەبەستى گفتوكردن لەسەرمەسەلەى هاوپەیمانێتى وپێكهێنانى حكومەتى داهاتووى عێراق ، هەرچەندە تائێستا روون نیە كەلەو دانیشتنانە لەنێوان كورد و لیستە عەرەبیەكان باسى چیدەكرێت و باسى چى كراوە بەڵام زۆر روونە مەسەلەكە پشتگیرى و هاوپەیمانێتیە بۆپێكهێنانى حكومەتى داهاتوو ، بەڵام هەر جۆرە باسكردنێك و گفت دانێك لەلایەن كوردەوە بەلیست و كەسایەتیەعەرەبەكان بۆهاوپەیمانێتى هێشتا كاتى نەهاتووە و زووە ، ئەگەر باش بروانینە ئەم دۆخەى دواى 7/3 و بەتایبەت ئەم چەند رۆژەى ئێستا كەوانزیك دەبینەوە لەراگەیاندنى ئەنجامەكان ئەوا دەبینین هێرشكردنە سەر یەكتر لەلایەن لیستەكانەوە زیاتر پەرە دەسێنێت كەزۆر ئاڵۆترە لەودۆخەى كەپێش هەڵبژاردن هاتبووە كایەوە ، هەندێك كەسایەتى لیست هەن داواى دووبارە جیاكردنەوەى دەنگەكان دەكەن و هەندێكى تریش یەكترى بەتەزویرو خروقات ئەنجامدان تاوانباردەكەن بۆیە ئەگەر بروانینە ئەم دۆخەى ئێستا ئەوا رەنگە هاوپەیمانێتى و قبوڵ كردنى دەرەنجامەكانى هەڵبژاردن و ئاڵوگۆركردنى دەسەڵات بەشێوەى دیموكراسى و ئاشتیانە رەنگە بەزەحمەت كەشێكى گونجاوى بۆ بێتەكایەوە ، رۆژبەرۆژ ناكۆكیەكانى نێو لیستە عەرەبیەكان لەزیادبوندایە و زیاتر پەرەدەسێنێت بۆیە لەم دۆخەى ئێستادا بۆكورد واباشە لەهەموو مەسەلەكانى وەكو باسكردن لەهاوپەیمانێتى و پێكهێنانى حكومەت و قبوڵ كردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكان یاخود قبوڵنەكردنى و كێشە و گرفتەكانى نێو لیستە عەرەبیەكان خۆى بەدوور بگرێت و چاوەرێى دەرەنجامى كۆتایى هەڵبژاردنەكان بكات و لەدواى راگەیاندنى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنیش بۆكورد واباشە چاوەرێى ئەو تانانەبكات كەلەئەنجامەكان دەدرێت و كام لیست گرفت دروست دەكات و كام لیست قەبوڵى دەرەنجامەكان دەكات لەبەرئەوەى هەرلەئێستاوە لیستى عێراقیە رازییە بەئەنجامەكان و لیستى دەوڵەتى یاسا ش دەڵێت هەمووجۆرە ئەنجامێك رەتدەكەینەوە تائەوكاتەى دەنگەكان جارێككیتر بەدەست جیادەكرێتەوە ، چاوەرێكردن بۆ هەموو دەرەنجامەكان و هەموو ئەگەرەكان رەنگە قازانجێكى زیاتر بەكورد بگەیەنێت لەوەى كەلەئێستاوە دانیشتن و گفتوگۆكردن بكات لەسەر پرسەكانى تایبەت بەدواى هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتى و حكومەت دروستكردن ، بەپێى ئاماژەى شارەزایان رەنگە پێكهێنانى حكومەتى داهاتووى عێراق نزیكەى شەش مانگ بخایەنێت بۆیە هەر بەسەرنج دان لەوئاماژەیە رەنگە هاوپەیمانێتیەكانیش كاتێكى زۆر بخایەنێت بەهۆى زۆرى مەرجى لیستەكان لەسەریەكترى ، لەكاتێكیشدا دەبینین لەنێو كورددا ئەمجارە چوار لیستى براوە هەن و تائێستاش ئەم چوار لیستە لەگەڵ یەكترى دواپێشهاتەكانى دواى هەڵبژاردن و پرسى هاوپەیمانێتیان لەگەڵ كام لیستى عەرەبى تاوتوێنەكردووە ، بۆیە هەرچى زووە بۆكوردیش واباشە هەرچوارلیستەكە لەئێستادا لەبرى گفتووگۆكردن لەگەڵ لیستەعەرەبیەكان خەریكى گفتووگۆكردن بن لەگەڵ یەكترى و نێوماڵى كورد هەڵوێست و داواكارى و هێڵەسوورەكانى كورد دیاریبكەن بۆئەوەى هەموویان لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان هێڵە سوورەكانى كورد بەرامبەر لیستە عەرەبەكان و لەبەغدا بەیەك ئاواز بخوێنن و پرسى هاوپەیمانێتى لەگەڵ لیستە عەرەبەكانیش بۆدواى سەرجەم پێش هات و چاوەروانیەكان هەڵبگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست