کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوێنێ خەتاى ئۆپۆزسیۆن بوو ، ئەى ئەمرۆ ؟

Monday, 22/03/2010, 12:00


ئەمساڵ بینیمان بەهۆى بوونى ئۆپۆزسیۆنێكى كارا لەنێو پەرلەمانى كوردستان بودجەى ئەمساڵى هەرێم وەكو ساڵانى رابردوو بەشێوەى رۆتین تاوتوێ نەكراو بەئاسانى بەرێ بكرێت ، بەڵكو بگرە كفتوگۆى چروپر لەپرۆژەبودجەى ئەمساڵى هەرێم كرا و هەموو كون و كەلەبەرەكانى نێو بودجە روون كرایەوەو باسى لێكراو رەخنە و پێشنیارى ئەندامانى پەرلەمان ئاراستەى خاڵ بەخاڵى پرۆژەبودجەكە كرا و زیاد و كەمى بۆكراو پرۆژە حزبیەكانیان لێدەرهێنا و ئەولەویەتیان دایە ئەو پرۆژانەى كەخەڵكى كوردستان لەرێگەى داواكارییەوە پێشكەشى ئەندامانى پەرلەمانیان كردبوو ، پرۆژە بودجەى ئەمساڵى هەرێم لەبەرئەوەى وەكو ساڵانى رابردوو كون و كەلەبەر و پرۆژەى وەهمى و پرۆژەى دووبارە و شتى ناپێویستى زۆرى تێدابوو و ئۆپۆزسیۆنیش نەیهێشت پرۆژەبودجە بەم هەموو كەم و كورییەوە وەكو ساڵانى رابردوو تێبپەرێنرێت بۆیە گفتووگۆكانى بودجە زۆرى هەڵگرت و دواى چەندین دانیشتنى نائاسایى پرۆژەكە پەسەندنەكرا بەهۆى ئەوەى كەهێشتا كەموكوڕى تێداماوەو ئۆپۆزسیۆنیش پێى وایە دەبێت هێشتا كەموكرییەكانى نێوبودجەى ئەمساڵ چاكبكرێت و باشتریش وایە پرۆژەكە بۆحكومەت بگەرێندرێتەوە ، بەڵام لەهەمووى سەیرتر ئەوەیە بینیمان زۆربەى خەڵكى كوردستان دەستخۆشیان لەكوتلەئۆپۆزسیۆنەكانى نێوپەرلەمانى كوردستان كرد بەهۆى ئو بەگریكردنە جددیەى كەلەبودجەى ئەمساڵ كردیان بەڵام لیستەكانى دەسەڵات كەوتنە تانە دان لەلیستە ئۆپۆزسیۆنەكان و لەنێو خەڵكیان وابڵاوكردەوە كەگوایە دواكەوتنى بودجە و دواكەوتن و جێبەجێنەكردنى سەرجەم پرۆژەكان و سەرفكردنى زیادەى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان خەتاى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكانە ! سەیرە داكۆكیكردن لەبودجە و قوت و مافى میللەت و رێگرتن لەبەهەدەردانى سامانى میللەت لەلایەن لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان بەخەتا وەسف بكرێت لەلایەن لیستى دەسەڵات !!! تائێرە ئاساییە چونكە میللەت باش دەزانێت ئەمەبەرگریكردنە لەسامانى میللەت یان خەتایە لەئەستۆ و ئۆباڵ و گەردنى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان ؟ من ئەو بەرگریكردنەى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان لەبودجەى ئەمساڵ بەخەبات و تێكۆشانێكى گرنگ وەسف دەكەم و جێگاى دەستخۆشیە بەڵام ئەگەر بێین باس لەلیستى دەسەڵات بكەین كەخۆى لەومەسەلەیە بەبێ خەتا دەزانێت و هەموو خەتایەكەى دەخاتە ئەستۆى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەى بۆ لیستى دەسەڵات باس لەئێستا و چەند رۆژێكیش پێش نەورۆز ناكرێت كەهەمو لایەك دەزانین پشووى پەرلەمان كۆتایى پێهاتووە و بەڵام تائێستا گفتوگۆكانى پرۆژەى بودجەى ئەمساڵ دەستى پێنەكردۆتەوە كە ئەمەیان خەتاكەى دەگەرێتەوە بۆلیستى دەسەڵات و بەبیانووى ئەوەى كەسەرۆكى پەرلەمانى كوردستان لەدەرەوەى ووڵاتە بۆیە دانیشتەكانى پەرلەمان بەرێوەناچێت ، سەیرە ئەگەر سەرۆكى پەرلەمان لەدەرەوەى ووڵاتە خۆجێكرەكەى لەكوردستانە و بەپێى یاساش لەكاتى ئامادەنەبوونى سەرۆكى پەرلەمان ئەوا جێگرەكەى سەرجەم دەسەڵاتەكانى دەگرێتە ئەستۆ و بەوپێیەش جێگرى سەرۆكى پەرلەمان دەتوانێت دانیشتنەكانى پەرلەمان لەئێستادا بۆ گفتووگۆكردن لەسەر پرۆژە بودجەى ئەمساڵ بەرێوەببات بەڵام بۆنایكات و دانیشتنەكان بەرێوەنابات سەیرە و وەڵامەكەى روون نیە ، خۆئەمەشیان خەتاى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان نییە ؟ بودجە گرنگترین شتە و ژیانى خەڵكى پێوە بەندە و سەرجەم پرۆژەكان چاوەرێى بودجە دەكەن ، بەڵام بەپێى ئەو دەنگۆیەى كەلەنێو خەڵكى و لەنێو هەندێك لەئەندامانى پەرلەمانى كوردستانیش هەیە باس لەوە دەكرێت كەگرفت لەوە نییە كەسەرۆكى پەرلەمان لەدەرەوەى ووڵاتە و جێگرەكەى دەتوانێت دانیشتنەكان بەرێوەببات بەڵام دەنگۆى ئەوە هەیە كەگرفت لەنێوان یەكێتى و پارتى هەیە لەسەر بودجەى ئەمساڵ بۆیە دانیشتنەكانى گفتووگۆكردنى بودجە دەست پێناكاتەوە بەوپێیەش لەهەردوو ئەگەردا خەتا و ئۆباڵى دواكەوتنى پەسەندكردنى بودجەى ئەمساڵ ئێستا لەئەستۆى لیستى دەسەڵاتە نەك ئۆپۆزسیۆن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە