با گوێمان چیتر مسی تێدا نەبێت
Thursday, 13/05/2010, 12:00
با گوێمان چیتر مسی تێدا نەبێت
خوێنەری بەڕێز من نە نوسەرم و نە خۆشم بە یەکێک لە کۆلکە ڕۆشنبیرەکان دەزانم، تەنها کوردێکم ئازارم لەگەڵ ئازاری میللەتەکەمدایە، نووسینیش قسەکردنێکە بە دەنگی بەرز بەڵام نازانم ووشەکان ئەگەنە شوێنی مەبەست ...!
چونکە میللەتی ئێمە هەتا خۆێن نەیگرێت دەنگی لێوە نایەت و کاردانەوەی نابێت،مەگەر وانیە؟!...خۆ شەهید سەردەشتە پاکژەکەمان نامەی بۆ ناردین، هاواری بۆ ئێمە هێنا بەڵام ئێمە لە کوێ بووین؟ هەر لێرە بووین و دوورنەکەوتبووین بەڵام دیارە گوێمان مسی تێدابوو. بەڕێزم شەرم دامدەگرێت لە فرمێسکی گەرمی دایکت...شەرم دامدەگرێت لە بینینی نامەکەت دوای رۆحکێشانت، تەنانەت شەرم دام دەگرێت لەنووسینی ئەم چەند دێڕەش.
كەلە شەوێکی ڕەشدا ڕۆحی سۆرانی مامە حەمە لە ناکاو ڕفێنرا، ئێمە چیمان کرد؟ وامان دانا ئەوە کێشەی لڤینە جارێ هی ئێمە نیە! ئەی خۆ تۆ نامەت بۆ ناردین، باسی پیلانی تۆ کوژیت بۆکردین، ئەی ئێمەی کورد لە کوێ بووین؟! زویر مەبە لێمان ئێمەی کورد فێرکراوین بەداخەوە ئەبێ خوێن بمان گرێت ئینجا کاردانەوەمان ئەبێت.
ئەو چینەی کە هەمیشە سوتەمەنی گۆڕانکاریەکانی قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی میللەتەکەمانن کەس خەمخۆری ڕاستەقینەیان نیە، تەنها خەمەکانیان کە ژیانیان هەڵدەقرچێنێت ئەبێتە بابەتی کۆمەڵێك کۆلکە نوسەر و ڕۆشنبیری سەردەم.
ئەم کوردە ئەوەندە ئاشبەتاڵی فکری وسیاسی بە خۆیەوە دیوە ،زۆر جار گومان لە بوونی خۆشمان دەکەین، گوومان وامان لێدەکات بڵێین خوێنی ئەم مرۆڤە بەرزانە بۆ بڕژێت بۆ کێ؟ بمبوورە کاکە سەردەشت خۆ بەرهەمەکەی هەر مووشەخۆر وکاسەلێسەکانی ئەمڕۆ بۆ سبەینێمان ئەکەن بە پاڵەوان، ئەی خۆ ئێمە کە تەرمی گوللەباران کراوەکانمان بە تاریکە شەو دەگوێزایەوە، بە بێدەنگی ماتەمینیمان دەگرت و پارەی فیشەکەکانیشمان لێدەسەنرا لەلایەن بەعسەوە بۆ ئەم ڕۆژە نەبوو! ئەمجارەش بمبوورە لە ڕەشبینیەکەم بەڵام چۆن ڕەشبین نەبم کە ڕاگر و بەرپرسی ئاسایشی ناوخۆ دەڵێن زێڕەڤانی هەر هەقی بەسەر ناو زانکۆ هەیە نەک سەر شەقامی دەرەوە! کە ژنە مەسئوول بەکەوای پولەکەوە خەڵاتی خوێناوی سۆرانی مامەحەمە وەردەگرێت، چۆن ڕەشبین نەبم کە کەناڵی ئۆپۆزسێون دەڵێت بە ڕۆژنامەنوسێک هەوڵی تیرۆر کردنت بڵاو ناکەین چونکە هاوپەیمانیمان هەیە؟ لەگەڵ کێ هاوپەیمانن؟ ئەی هاوپەیمانیتان نەبوو بۆ دەرنەخستنی ڕیکلام بە نواندنی دەرکراوەکانی لای هاوپەیمانەکانتان خۆ ئەوانە لەسەر بێنرخی دەرکران !!!
گەشبینی لە کوێ بێنم کە سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان نەهات باسی خوێنی سۆران و سەردەشتەکانمان بۆبکات کە خوێنیان زۆر گرانە... زۆر گرانە، خۆ ئەوە خوێنی ئەوانە بە دەماری گۆڕاندا دەڕوات نەک خزم و کەس وکارەکەی چوار دەورت بەڕیزم، نازانم گۆڕان هەتا ٧/ ٢٥ بڕیکرد. گەشبینی لەکوێبێنم کە لەتکە ووڵاتەکەم بیری پارەی تورکەکانە کە دەدرێت بە گوللە ودەنرێت بە سەری منداڵی کوردی دەستگێڕ و بۆیاغچی پێڵاوی شقامەکانی ئەستەمبوڵەوە، ئەی سەرۆک بەش وڕاگرە لاواز و کارتۆنیەکانی زانکۆ بێهەناسەکانمان بۆ زمانیان کوللە خواردویەتی؟، چی بڵێم پێتان !!!
سەردەشتی پاک تۆ شارێکت بە جێ نەهێشت بەڵام مرۆڤمان هەیە کتێبێک دەنوسێت...خەڵاتی دەستەڵات وەردەگرێت...(ئیقامەی) ووڵاتیکی بێگانەی پێوەردەگرێت و بەبازێکیش ئەبێت بە پاڵەوانی ئۆپۆزسێۆن ئیتر گەشبینی لە کوێ بێنم، پاڵەوانە دۆکیشۆتیەکانمان زۆرن بەڵام تۆ پاڵەوانی راستەقینەی چیرۆکی میللەتێکی بێ دڵسۆزیت. لێم ببوورە کە پێت بڵێم خۆزگە ئەو شارەت بەجێهێشتایە، دەبا تۆ و سۆرانەکان زیندوبونایە...خۆزگە ئەم ووشانە نەنوسرانایە ئاخر وا بۆ سەدەیەک دەچێت مرۆڤە خاوەن بیروباوەڕە پاک و خۆنەفرۆشەکانمان وەکو تۆ بەڵام بە سیناریۆی جیاواز ڕۆێشتن هەر بۆیە خڵتەی مرۆڤەکان بوون بە ڕێبەری بە ناو شۆڕسەکانمان و دەستەڵاتی ئەمڕۆمان.
پێغەمبەر ئەیووب بابێت وسەبر لە دایکە جگەر سووتاوەکانمانوە فێرببێت.
دوا جار ئەم شارە ...یان ئەم کوردستانە (کۆشکی باڵندە غەمگینەکان)ە* ئێمەش یەک لە دوای یەک وەکو باڵندەکان خەفەتی خوێنی بە ناهەق ڕژاوی (کامەرانی سەلما)*کان دەمان کوژێت بادەستەڵاتیش سەرکردەی سەرقەبرانێکبن.
*کۆشکی باڵندە غەمگینەکان رۆمانێکی بەختیار عەلیە و کامەرانی سەلماش یەکێ لە پاڵەوەنەکانە.
نسار قادر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست