ئەرێ دەوڵەتى عێراق و حكومەتى هەرێمى كوردستان بوونیان هەیە؟
Tuesday, 29/06/2010, 12:00
ئەوەتا ماوەى زیاتر لە 3 هەفتەیە هەردوو دەوڵەتى داگیركارى بەناو دیموكراسى و ئیسلامى توركیا و ئێران كەوتونەتە تۆپبارانكردنى گوندنشینەكانى سەرسنورى هەردوو وڵات لەگەڵ هەرێمى كوردستانى عێراق. بە بیانوى بوونى بارەگاكانى پژاك و پەكەكە لەو گوندانەدا و داڵدەدانیان لەلایەن گوندنشیانانەوە و وەك وەڵامێكى تۆڵەسەندنەوەش لەبەرامبەر كار و چالاكى و كارە پارتیزان و شۆڕشگێڕانەكانى پژاك و پەكەكە دژ بەدام و دەزگاكانى سوپا و بەسیج و پاسداران و جەندرمەكانى توركیا و ئێران.
بەو هیوایەى توانا و كارو چالاكى پژاك و پەكەكە لاواز بكەن و ورەى پۆڵاینى گەریلا چاونەترسەكانیان بڕوخێنن و پێگە و بارەگاكانیان پێ چۆڵ بكەن. نازانن كە لەبەرامبەر هەر گولە تۆپ و هاوەن و تۆپبارانكردنێكى فڕۆكەكانیاندا زیاتر ورەى پۆڵاین ئاسایان بەهێز و پتەوتر دەبێت و پشتگیرى و لایەنگیرى جەماوەرى هەر چوار پارچەى كوردستانیشیان بۆ زیاتر دەبێت. ئەمە سەرەڕاى هاوكارى و پشتیوانى دەوڵەتانى ئەوروپا و دیموكراسیخوازى دونیاش.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە. ئەرێ دەوڵەتى ناوەندى عێراق و حكومەتى هەرێمى كوردستان چ بونێكیان هەیە؟ ئایا بۆ وەڵامى ئەم تۆپبارانكردن و شكاندنى سیادەى عێراقیە نادەنەوە و خۆیان كڕكردوە؟ ئەرێ ئەم بێ دەنگیە لە بێدەسەڵاتیانەوەیە یان لە ڕازیبونیانە لەسەر ئەم پێشێلكاریە نێودەوڵەتیە؟
ئاشكرایە دەوڵەتى ناوەندى عێراق لەدواى ڕوخانى ڕژێمى بەعسى ێدامیەوە لەساڵى 2003 وە دەوڵەتێكى خاوەن سیادە نەماوە و بڕیارى جەنگ و ئاشتى لەدەست خۆیدا نیە . چونكە لەلایەن ئەمریكاوە داگیركراوە و لەڕووى هێز و تواناى سەربازیشەوە عێراق و سوپاى سەردەمى ێدام نەماوە كە نە ئێران و نەتوركیا هیچ كاتێك نەیاتوانیوە بچوكترین دەستدرێژى بكەنە سەر سنوور و سیادەى عێراقى.هەربۆیە لە ئێستادا ئەو دوو وڵاتە لاوازى و بێهێزى و نەبوونى حكومەتێكى خاوەن سوپا و تواناى سەربازى گەورە لە بەغداد بەهەل دەزانن و تەراتێنى ئازادانە دەكەن لە پێشێلكردنى سەروەرى سنوور و سیادەى عێراقیدا.
هەرچى حكومەتى هەرێمیشە لەدەوڵەتى ناوەندى لاوازتر و بێدەسەڵاتتر و بێ سوپا و بێهێز و تواناى بەرچاوى سەربازیە كە بتوانێت وەڵامى ئەو دەستدرێژیانە بداتەوە. ڕاستە پاراستن و وەڵامدانەوەى ئەو دەستدرێژیانە ئەركى سوپا و دەوڵەتى ناوەندى فیدڕاڵیە. بەڵام ئەمە ڕێگر نیە لەوەى حكومەتى هەرێمى كوردستان خۆى بكاتە خاوەن هێزێكى سەربازى بەتوانا و تۆكمە و پۆشتە و پەرداخ لە ڕووى چەك و تەقەمەنى و مەشق و ڕاهێنان و تەكنیكى سەربازیەوە.
حكومەتى هەرێم تا ئێستا جگە لە سازش و نەرمى نواندن و دەركردنى بەیاننامەى شەرمنانەى سەركۆنەكردنى ئەو پێشێلكاریانە و داواكردنى ڕاگرتنیان هیچ هەڵوێستێكى توندى نەتەوەییانەى نەنواندوە. بۆ پشتگیرى پژاك و پەكەكە بەڵكو بە پێچەوانەوە زیاتر سەركۆنەى پژاك و پەكەكە و چالاكیەكانیان دەكات و داواى ڕاگرتنیان دەكات و مافى تۆڵەسەندنەوەش دەداتە توركیا و ئێران.
دەسەڵاتدارانى هەرێم دوور لە هەموو داب و نەریتێكى دیپلۆماسى و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و ڕێزگرتن لە یەكترى و دراوسێیەتى باش و پاراستنى بەرژەوەندیەكانى یەكترى. بێ ئابڕوانە و زۆر بێ شەرمانە لەكاتى ئەو تۆپبارانكردنانەدا سەردانى ئەو وڵاتانە دەكەن و لەژێر ئاڵا خوێناویەكانیاندا ڕادەوستن و سەر دادەنەوێنن و پێشوازیش لەوەفدە بەناو باڵاكانیان دەكەن لەكوردستان.و خۆیان كەڕكردوە و ئەو پەڕى دووڕووى و نیفاقى سیاسى پیادە دەكەن لەبەرامبەر ئەو وڵاتانە و گەلەكەشماندا و تەنانەت ڕێز لە داماوى و مەزڵومیەتى ئەو هەزاران گوندنشیانە ناگرن كە زەرەروزیانى ماڵى زۆریان پێگەیشتوە لەو تۆپبارانكردنانە كە ئەركى سەرەكى حكومەتى هەرێمە پاراستن و دابینكردنى جێگە و پێداویستى بۆیان.
ئاشكرایە ئەم بێدەنگیەى حكومەتى ناوەند و هەولێریش لەلایەك لە بێتوانایى و بێ دەسەڵاتى و لاوازیانەوەیە و لەلایەكى تریشەوە بەجۆرێك لە جۆرەكان ڕازیبون و ملشۆڕكردن و دڵڕاگرتنى ئەو دوو وڵاتەیە. هەریەكە بەبۆنەیەكەوە هەرچى ئێرانە هەژموونى سیاسى و ئابورى و سەربازى بەسەر شیعە باڵادەستەكانەوە هەیە لە بەغداد و دەسەڵاتدارانى كوردستانیشەوە و هەرچى توركیاشە بەهەمان شێوە هەژموون و فشارى سیاسى و ئابورى لەسەر كوردستان هەیە.بەتایبەتیش هەردوو بنەماڵە.
بۆیە هەریەكە لە دەوڵەتى عێراق و حكومەتى هەرێمیش بون و نەبونیان وەك یەك وایە.چونكە ناتوانن بچوكترین پەرچەكردار دژى ئەو دوو وڵاتە بنوێنن.تەنانەت ناشتوانن وەكو پێویست هاوكارى مادى و مەعنەوى لێقەواماوانیش بكەن.
بۆیە ئەم بێهەڵوێستی و بێدەنگیەى هەردوو حكومەتى ناوەند و بەتایبەتیش هەولێر بۆتە مایەى زیاتر شەرمەزاربونیان و ئاشكرابوونى دەستەكان و پیلانەكانیان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا لەبەردەم جەماوەرى گەلەكەمان. تەنانەت ناشتوانن وەكو هەڵوێستى جەماوەرى شارەكانى بەسرە وموێڵى عەرەبیش بەهاوبەشى لەگەڵ كوردەكاندا بچنە بەردەم بارەگاى كونسوڵیەتى ئەو وڵاتانە و ناڕەزایى و خۆپیشاندان بكەن و جەماوەر و لایەنگرەكانى خۆشیان خەساندوە و بێهەست و سۆزى نەتەوەییان كردوون. هەردوو حكومەتى ناوەند و هەولێر بەپێچەوانەى هەڵوێستى جەماوەرەوە كەوتونەتە هەمائاهەنگى و جاسوسى كردن بۆ توركیا و ئێران دژى گەریلا نەبەزەكانى پژاك و پەكەكە و گەرەكیانە لە شاخە سەركەش و بڵندەكانى قەندیل هەڵیان بكەنن وئەو دوو هێزە شۆڕشگێڕە ڕەسەنەى كوردایەتى بێهێز و لاواز بكەن و ڕایانبكێشنە گۆڕەپانى سازشكردن و ملشۆڕكردنەوە وەكو خۆیان تاپیلانە گڵاوەكانى تورك و فارسەكان سەربگرێت.
بەڵام ئەو ڕۆژگارى فسەفسكردن و پیلانداڕشستنانەى ژێربەژێر لەدواى دەرگا داخراوەكانەوە بەسەرچوە و جەماوەرى گەلەكەمان زۆر لە دەسەڵاتدارە خەسیوەكان هۆشیارترن و ڕۆژ بەڕۆژیش دەسەڵاتدارانى عەرەبى عێراقى و كوردیش لەكوردستان لە بەردەم جەماوەرى عێراقى و كوردستانیشدا ڕسواتر دەبن لەسەر ئەو بێهەڵویستیە نا نیشتیمانى و نا نەتەوایەتیایەیان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست