بەڵێ كوردستان لەتونس و میسر ناچێت بەڵكو لە لیبیا وسوریا و یەمەن دەچێت!!
Monday, 11/04/2011, 12:00
ئاشكرایە هەردوو حیزب و هەردوو سەركردەى تاكڕەو و خۆسەپێنى تونس و میسر هەریەكە بۆ ماوەى 23-30 ساڵ حوكمى وڵاتانى تونس و میسریان كرد.لەسایەى یاساى تەوارى و بەكارهێنانى زەبر و زەنگ و ترس و تۆقاندنەوە. كەئەمەش بوە هۆى توڕەبونى جەماوەر و گەلەكانیان و لەدوا ترۆپكى توڕەبونیاندا هەموان پێكەوە ڕژانە سەر شەقامەكان و هەموو ترس و لەمپەڕ و ڕێگریەكانى دەسەڵاتیان تێك شكاند و بڕیارى كۆتایى خۆیاندا بە ڕوخاندن و وەردەرنانى سیستەمى حوكمى تاكڕەوى و بنەماڵەیى و تاك حیزبى بن عەلى و موبارەك لە وڵات . و ئەوەبوو ئەو دوو دیكتاتۆرە لەماوەى كەمتر لە مانگێكدا 18-28 ڕۆژ خۆیان ڕانەگرت و لە ژێر فشارى جەماوەردا وازیان لە دەسەڵات هێنا و لە ئێستادا چاوەڕوانى ڕۆژانى كۆتاییان دەكەن لە ژیاندا و لە ژێر ڕەحمەتى دادگایكردندان.
ئیدى ئەم دوو شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەریە ئاشتیخوازانەیەى تونس و میسر بوە مۆدێلێك لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا بۆ ڕووخاندنى بتەكانى سەدەى بیست و یەكەم و ئاسودە بوون بە ئاشتى و ئازادى و دیموكراسى.
ئەوەبوو جەماوەرى لیبیاو سوریا و یەمەن و بەحرەین و ئێران و عێراق و كوردستانیش بەهەمان شێوە دەستیان دایە خۆپیشاندان و ناڕەزایى بە شێوەیەكى هێمنانە و ئاشتیانە. بەڵام ئەوەتا ماوەى نزیكەى 2 مانگە لە هیچ كام لەو وڵاتانەى دواییدا جەماوەر نەیتوانیوە بە ئامانجەكانى بگات و بتوانێت ڕژێمە دیكتاتۆرەكان و خۆسەپێنەكانى وڵاتەكانیان بەهەمان شێوەى تونس و میسر بەرەو زبڵدانى مێژوو توڕ هەڵبدەن.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە.. ئەرێ چ جیاوازیەك هەیە لە نێوان ڕژێمەكانى تونس و میسر لەگەڵ كوردستاندا؟ئەى چ هاوشێوەییەك هەیە لە نێوان ڕژێمەكان لیبیا و سوریا و یەمەن لەگەڵ كوردستاندا؟ئەى دەسەڵاتى كوردستان بۆ هەمیشە دەڵێت كوردستان میسر و تونس نیە؟
وەڵامى هەموو ئەو پرسیارانە ئەوەیەكە. بەڵێ دەسەڵاتى كوردى ڕاست دەكات كە كوردستان تونس و میسر نیە چونكە دوو دیكتاتۆرەكەى تونس و میسر زۆر ئاقڵانە و حەكیمانە مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەكان و خۆپیشاندەراندا و داواكاریەكانیاندا كرد.و هەر زوو تێگەیشتن كەوا ئەو جەماوەرە ناڕازیە لەسەر هەقن و ئیدى كاتى كۆتایى دەسەڵاتەكانیانە و ژیرانە و بە ئاشتیانە كورسى حوكمیان بەجێهێشت و لەساتەكانى كۆتایى حوكمیاندا بونە ڕێگر لە خوێنڕشتن و نانەوەى فیتنەیەكى گەورەى شەڕى ناوخۆیى كە ئەو وڵاتانەى خەڵتانى خوێن دەكرد.و هەربۆیە درێژەیان بە خۆسەپاندن و ملهوڕى و دەسگرتن بەكورسیەوە نەدا.بەكەمترین زەرەر و زیان شۆِڕشەكانى ئەو دوو وڵاتە سەركەوتن و بەهەمان شێوە ئەو دەسەڵاتانە جەماوەرى گەلەكەى خۆیان بە ئاژاوەگێڕى و پیاوى بێگانە ناوزەدنەكرد.
بەڵام دەسەڵاتدارانى كوردستان بە پێچەوانەوە هەر لەسەرەتاوە خۆپیشاندەرانیان بە ئاژەوەگێڕ ودەستى دەرەكى و لە ئێستاشدا لەلاى دوژمنانى كورد بە تورك و فارس و عەرەبەوە جۆرەها ناوناتۆرەیان لێدەنێن و لەلاى ئەمریكا و ئەوروپیەكانیش تۆمەتى ئیسلامیبوون و قاعیدە و سەربەئێرانیان پاڵدەدەن..
دواتر ئەم دەسەڵاتە كە ماوەى 20 ساڵە بە جۆرەها بڕوبیانوو دەسەڵاتى خۆیان سەپاندوە و گەرەكیانە درێژەى پێبدەن و سەروەت و سامانى میلەت بەتاڵانبەرن و هەرزان فرۆشى بكەن و تەنها بۆ كەمایەتیەكى زۆر كەمى بنەماڵە و حیزب و گروپى تر بەكارى بێنن و زۆرینەى زۆرى جەماوەریشى لێبێبەش بكەن.
ئەمە سەرەڕاى ئەوەى كە نزیكەى 2 مانگە خۆپیشاندان و بارى نائارامى باڵى كێشاوە بەسەر كوردستاندا. تائێستا دەسەڵات بڕیارێكى یەكلاكەرەوەى نەداوە بۆ وەڵامدانەوەى خۆپیشاندەران و چێكردنى چاكسازى.
بەهەمان شێوە لەسەرە ڕۆییەكى تر و ملهوڕییەكى زیاتریاندا بێگوێدانە خوێنڕشتن و نانەوەى فیتنە و چاوبڕین لە ئایندە لە وەڵامى داخوازیە ئاشتیخوازانەكانى جەماوەردا دەسەڵات بە گولە و توندوتیژى و گرتن و ڕاوەدوونان وەڵام دەداتەوە.
دوا هەڵوێستیشیان ڕەتكردنەوەى هەموو جۆرێكى هەڵوەشاندنەوەى حكومەتێكى ئیفلیج و بێ بەرهەمە كە جەماوەر لێى ناڕازیە كە لەئێستادا بۆتە مەتڵەبێكى سەرتاسەرى جەماوەرى كوردستان. هەربۆیە منیش لەگەڵ دەسەڵاتم كە دەڵێت كوردستان تونس و میسر نیە. چونكە دەسەڵاتەكەى كوردستان لەوان عاقڵتر و حەكیمتر و ئاشتیخوازتر و دیموكراسیتر نیە و نەوەك ئەوانیش زوو دەست بەردارى كورسى حوكم بون و نەوەك ئەوانیش دانیان بەهەڵە و كەموكوڕى و گەندەڵى خۆیاندا ناوەوە و ڕەواییان داوە بە داواكارى خۆپیشاندەران.
هەربۆیەش دەسەڵاتى كوردى مۆدێلى ڕژێمە سەركوتەكەرەكان بەڵام عاقڵەكان و ئاشتیخوازانەكانى بن عەلى و موبارەكیان بەدڵ نیە . بەڵكو لەبەرامبەردا هەڵسوكەوت و مامەڵە و پیلان و ئامڕازە دواكەوتوەكانى ڕژێمە خوێنڕێژ و دیكتاتۆر و سەرچڵەكانى موعەمەر قەزافى دۆستیان و بەشار ئەسەدى دیكتاتۆرى بەچكە دیكتاتۆر و عەلى عەبدوڵا ێاڵحى شێتۆكەیان لاپەسەندە.
و گەرەكیانە ئەزموونى ئەوان دووبارە بكەنەوە و لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا.هەربۆیە هاوشێوەییەك و لێكچوونێكى زۆر هەیە لە نێوان عەقڵ و بیركردنەوە و مامەڵە و و گوتە و كردارى دەسەڵاتدارانى كوردستان و ئەو سێ ڕژێمە تیرۆریستیانەى لیبیا و سوریا و یەمەندا.
*بەڵام پێویستە دەسەڵاتى كوردى عاقڵانەتر و حەكیمانەتر بیر لە كۆتایپێهێنانى خۆپیشاندانەكان بكاتەوە بەشێوەیەكى شارستانیانە و لێپرسراوانە و لەڕێگەى ئاشتى و دیالۆگەوە. نەك پەنا بردنە بەر سیاسەتى پەرتكە و زاڵبە بۆ ئۆپۆزسیۆن و نەك سیاسەتى توندوتیژى و تیرۆر و تۆقاندن و گرتن و ڕاوەدوونان بۆ جەماوەر.و نەك سیاسەتى خۆگێلكردن و بەسووك سەیركردنى خۆپیشاندەران. ونەك سیاسەتى هێنانەوەى بڕوبیانوى بێ بناغە بۆ مانەوەیان لە حوكمدا.
سەرۆكى حكومەت و حكومەتەكەشى. بۆیان شانازیترە و سەروەریترە كە دەستلەكاربكێشنەوە نەك ملهوڕیكردنیان و سووربونیان لەسەر مانەوەیان. حكومەتێك كە بێئیڕادە و بێ دەسەڵات بێت مانەوە یان نەمانەوەى وەك یەكە.حكومەتێك كە پاشكەوتەى حیزب و بڕیارى سەركردەكانى حیزب بێت چیدى مانەوە و نەمانەوەى زەرور نیە.ئەبێ دەسەڵاتى كوردى و بەتایبەتیش دوو سەركردەى حیزبەكە ئەو ڕاستیە باش بزانن بە لاچوون و نەمانیان لە حوكمدا, ئایندەى حیزبەكانیشیان و بە هەزاران كادرى بەتواناشیان بەرەو نەمان و لەناوچوون دەبەن.هەروەكو دوو حیزبەكەى بن عەلى و موبارەك.
بۆیە تاكات ماوە و بۆ پاراستنى ئەوەى دەكرێت بپارێزرێت لە مێژوو و سەروەرى و قوربانیدان و دەسكەوتەكانیان. بۆیان باشترە گوێ لە داواكارى و پێشنیاز و ڕەخنەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و خۆپیشاندەران بگرن. كە بەم كارەشیان كوردستان ڕزگاردەكەن لە بارودۆخێكى نەخوازراو و ئۆباڵى مێژووشیان لە ئەستۆدا نابێت. بەڵام بە پێچەوانەوە تەنها دەسەڵات بەرپرسیار ى یەكەم دەبێت لە تێكچوونى زیاترى ئەم ئەزمونى حوكمڕانیە كوردیە خۆماڵیەدا كى هیچ كەس و لایەنێكى پەرۆشى كوردایەتى ئاوات ناخوازن كە بەرەو نەمان و بچوكبونەوە بچێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست