کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


میسرى دواى موبارەك بەرەو كوێ ؟

Monday, 14/02/2011, 12:00


میسر گەورەترین وڵاتى عەرەبیە لەڕووى ژمارەى دانیشتوان و نفوز و مێژوەوە و پێگەیەكى جیۆسیاسى ئێجگار گرنگیشى داگیركردوە بەوەى كەوتۆتە سەر سێ ڕێیانى هەرسێ كیشوەرى ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا و كەوتوشەتە ناوەڕاست و چەقى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە و بە دایكى دونیاش دەناسرێت بەوەى كە یەكەمین لانكەى مێژووى مرۆڤایەتیشە.
میسر یەكێكە لەو چوار وڵاتە گەورە و گرنگ و كاریگەرانەى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین كە هەوڵدەدەن ڕۆڵى ڕابەرایەتیكردنى ناوچەكە بگرنە دەست لەپاڵ توركیا و ئێران و ئیسڕائیلدا.
میسر لەساڵى 1952وە ڕژێمى پاشایاتى كۆتایى پێهێناوە و لە جێگەیدا ڕژێمێكى كۆمارى تیادا دامەزراندوە و لەوكاتەوە تاكو ئێستا كە 60 ساڵ زیاترە تەنها 3 سەرۆك كۆمارى گۆڕیوە كە ئەوانیش((جمال عبدالناێر و انورسادات و حوسنى موبارەك)) بوە و تەمەنى حوكمى هەریەكێكیان لەتەمەنى حوكمى پاشاكان كەمتر نەبوە.
میسر قورسایى و سەنگى خۆى هەیە لە دونیاى عەرەبى و ئیسلامى و ناوچەكە و دونیاشدا و هەر ڕووداوو گۆڕنكاریەك تیایدا بە باش یان بەخراپ كاریگەرى بۆ سەرهەموانیان دەبێت.
میسر لەسەرەتاى سییەكانى سەدەى ڕابوردووەوە بوە یەكەمین مەنزڵگا و زاینگەى كۆمەڵەى ئیخوان موسلیمین كە ڕێكخراوێكى ئیسلامى سەلەفى و توندڕەو بوو كە لەسەر دەستى حەسەن بەنادا دامەزرا و لەوكاتەوە میسر بۆتەجێگەى ململانێ لەلایەك هێزە عیلمانى و نەتەوایەتى و ماركسیەكان و لەولاشەوە ئیسلامیەكان و لەسەردەمى پاشایەتى و كۆماریشدا كۆمەڵەى ئیخوان موسلیمین كارى سیاسى ئاشكراى لێقەدەغەكراوە و بە سیاسەتى ئاگر و ئاسن مامەڵەى لەگەڵدا كراوە تەنها چەند كات و ساتێكى كەم نەبێت ئەویش وەكو تاكتیكێكى سیاسى لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگەى پێدراوە بە ئاشكرا كار بكات. و سەركردەكانى وەك حەسن بەنا و سەید قوتب تیرۆر و لەسێدرە دراون.
سیستەمى میسر لەساتى دامەزراندنى ڕژێمى كۆماریەوە گیرۆدەى حیزبى دەسەڵاتدار و ڕابەرى نەمر بوە و هەرچەندە لە ئێستادا 24 حیزبى سیاسى یاسایى هەن و 11 حیزب و ڕێكخراوى سیاسى تریش هەن كە لەلایەن دەوڵەوە كارى سیاسیان لێقەدەغەكراوە و دانیان پێدانەنراوە هەر بەناو دیموكراسیەت و ئازادیەكانى تێدا بوە ئەگینا هەمیشە لەژێر حوكمى سەربازى و یاساى تەواریدا تەمەنى كۆمارى بەڕێكردوە.
سیستەمى سیاسى تاڕادەیەكى زۆر تاك ڕەو و توتالیتارى بوە و ئەنجامیش ئابوریەكى لاواز و هەژار و بارى كۆمەڵایەتیەكى لێكهەڵوەشاوى لێكەوتۆتەوە و ئەمانەش بونەتە هۆى بڵاوبونەوەى هەژارى و بێكارى و نەخۆشى و نەخوێندەوارى و ...هتد.
میسر لەزەمەنى كۆماریدا تووشى گەلێك شەڕى گەورە و گەمارۆى سیاسى و سەربازى بۆتەوە هەرلەساڵى 1948 و1956 و1967 و1973 و...هتد.ئەنجامیش بوە یەكەم دەوڵەتى عەرەبى كە ڕێككەوتننامەى ئاشتى لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئیمزاكرد لەسەردەمى ساداتدا لەساڵى 1978 و بەتیرۆركردنى ساداتیش كۆتایى هات لەساڵى 1981دا بەدەستى خالد ئیسلامبولى.
بەم شێوەیە و لەساڵى 1981وە تا ساڵى 2011 محمەد حوسنى موبارەك بوە سەرۆك كۆمار و ماوەى 30 ساڵى ڕێك لەژێر سایەى یاساى تەواریدا وڵاتێكى 80 ملیۆن كەسى بەڕێوەدەبردو لە ماوەى ئەو 30 ساڵەدا دیاردە دزێوەكانى گەندەلێً و هەژارى و بێكارى و نەخۆشى و ناعەدالەتى و نەبوونى دیموكراسیەت و ئازادیەكان زۆر گەشەیان كردو كۆمەڵگاى میسرى ببوە كۆمەڵگایەكى داخراو و زیندانێكى گەورە. بەمەش گەل بێزار و توڕە بوو لە یەك سەرۆك و یەك حیزب و یەك مۆدێلى حوكمڕانى. هەربۆیە دواى 30 ساڵ و لەدواى ئەزمون و شۆڕشى یاسەمینى تونسیەكان لە 14/1/2011دا . جەماوەرى گەنجانى میسریش دەستیان كردە بەرپاكردنى شۆڕشێكى سپى هاوشێوەى تونسیەكان لە 25/1/2011دا و دواى تەنها 18 ڕۆژ توانیان كۆتایى بەحوكمى 30 ساڵەى حوسنى موبارەك بهێنن و حكومەت و حیزبەكەشى بڕوخێنن و بەمەش هەیبەتى فیرعەونەكان لەسەدەى بیست و یەكدا تێكشكاند و گەلى میسر بە ئازادى و دیموكراسى و ژیانێكى نوێ شادبوەوە لە شەوى 11/2/2011دا.
وازهێنانى حوسنى موبارەك بوە مایەى خۆشحاڵى هەموو گەلانى ناوچەكە و عەرەبى لە كەنداوەوە بۆ زەریا. ئەم باهۆزى گۆڕانكاریە لەناكاو و كتوپڕەدا لەسەرەتاى ساڵى 2011وە بۆتە مۆدێلێكى نوێى گۆڕانكارى هاوشێوەى گۆڕانكاریەكانى ساڵى 1991ى سۆڤیەتى جاران و ئەوروپاى ڕۆژهەڵات كە تیایدا گەلێك لە حیزب و سەركردە و حكومەتەكانى بلۆكى سۆسیالیستى و دیكتاتۆرى بەرەو زبڵدانى مێژوو توڕهەڵدا و لەئێستاشدا هەموو هێز و حكومەت و تاكڕەوەكانى ناوچەكە ترسیان لێنیشتوە و لەپێشیشەوەیان جەزائیر و یەمەن و سوریاو ...هتد سەرەیان گرتوە بۆ گۆڕانكارى.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە. كەئایا دواى نەمانى حوسنى موبارەك سیستەمى سیاسى میسر بەرەو كوێ و بە چ ئاڕالستەیەك هەنگاو دەنێ؟ ئیسلامى یان عیلمانى؟ دیموكراسیى یان توندڕەوى و تاكڕەوەى؟ چ حیزب و لایەنێكى سیاسى دەتوانێت بەرى ڕەنجى ئەم شۆڕشەى گەنجان بۆ خۆى كۆبكاتەوە و سوار شەپۆلى داواكارى و ناڕەزایەتیەكەیان ببێت و ببێتە سەركردە و ڕابەرى ئایندە؟ئایا عەقڵ و سیاسەت و زانست سەركەوتوو دەبن یان عەسكەر و كۆنەپارێز و جەهل؟ و دەیان پرسیارى تریش.
ئاشكرایە گەلى میسر گەلێكى هۆشیار و بە ئەزموونە و چۆن توانى بەهێز و تواناى خۆماڵى گەنجەكانى شۆڕشێكى سپى بەرپا بكات و فیرعەونى سەردەم وەدەرنێت لە حوكم و لە وڵاتیش, ئاوهاش دەتوانێت چارەسەرى گونجاو و ڕێگاى ڕاست و دروستى ئایندەشى بكێشێت و هەڵببژێرێت. بەدڵنیایى لە ئایندەدا ململانێى سیاسى لە نێوان هێزە سیاسیە تەقلیدى و نوێكاندا لەناوخۆیاندا ڕوودەدات و هەریەكە بۆ وەدەستهێنانى زۆرینەى پەڕلەمانى ئایندە و سەرۆك كۆمار هەوڵدەدەن. حیزب و كۆمەڵە تەقلیدیەكان ڕابووردوویەكى گەش و دەسكەوتى گەورەیان نەبەخشیوە بەگەلى میسر تا شانازى پێوە بكەن و بتوانن جەماوەر لە خۆیان كۆبكەنەوە چونكە بەدرێژایى حوكمى كۆمارى میسر نەیانتوانیوە تەوقى دیكتاتۆریەت و عەسكەرتاریەت بشكێنن و ئازادى و دیموكراسى فەراهەم بكەن بەعیلمانى و ئیسلامیەكانیشەوە. هەربۆیە ڕێگەى تێناچێت كە ئایندەیان بۆ مسۆگەر بكرێت و تەنها هێندەى جەماوەر و قەوارە تەقلیدیەكانى خۆیان دەنگ دەهێنن.چونكە هەموانیان كەسانى سەردەمى شەست و حەفتاكانى سەدەى ڕابوردون و خاوەن عەقڵ و بیركردنەوەى نوێ نین و تەنها لەسەر خەرمانى ڕابووردوویان ماونەتەوە.
هەربۆیە بەدڵنیایى ڕەوتى نوێى گەنجان و ڕابەرایەتى ئەم شۆڕشە نوێیە هەلى سەركەوتن و وەدەستهێنانى زۆرترین متمانەى گەلیان لەبەردەمدایە. بەمەرجێك دەستورێكى شارستانى و پێشكەوتنخواز و سەردەمیانە دابڕێژرێت و ڕێگە بە هەموو توانا و لێهاتوویەكان بدات بۆ بەشداریكردن و ڕێگە بەحیزبى سیاسى ئیسلامى و مەزهەبى توندڕەو نەدات لەپێناو چەسپاندنى سیستەمى سیاسى نوێ و بونیاتنانەوەى میسرى نوێ لەژێر سایەى دیمكوراسى و ئازادیەكاندا.
بەدڵنیایش ململانێ لەنێوان هێزە عیلمانى و نەتەوەیى و نیشتیمانى و ئیسلامیەكاندا توند دەبێت. و ئیسلامیەكانیش هەموو هەوڵیان بۆ گرتنە دەستى دەسەڵاتى سیاسیە و گەرەكیانە سەردەمانى سەرەتاى حەسەن بەنا و سەید قوتب ببوژێننەوە و هاوشێوەى كۆمارى ئیسلامى ئێران دەوڵەتێكى ئیسلامى لە میسردا چێ بكەن.
بەڵام لەبەر زۆر هۆكارى زاتى و مەوزوعى میسر و ناوچەكە و دونیاش هیچ هێزێكى ئیسلامى توندڕەو كە بیەوێت دەوڵەت و حوكم و كۆمەڵگا بكاتە كۆمەڵگا و دەوڵەتێكى ئیسلامى بۆى ناچێتە سەر و زۆرینەى گەلى لەگەڵد نابێت. چونكە نمونەى ئێرانى ئەحمەدى نەژاد و ڕێكخراوى سەلەفى ئەلقاعیدە و دەوڵەى تاڵیبانى ئەفغانستان لە زهن و بیرى مرۆڤایەتیدا چەسپیوە و كارەساتى 11ى سێپتەمبەریش لەبیر نەچۆتەوە.كە چەندە مەترسیان لەسەر ئاشتى جیهان داناوە.بەڵام گەر بتوانن خۆیان و كۆمەڵەكەشیان مۆدێرن بكەن و بەسەر چەمك و تێگەیشتنەكانیاندا بچنەوە و هەوڵبدەن هاوشێوەى پارتى داد و گەشەپێدانى توركیا خۆیان ڕێكبخەنەوە ئەوا زۆر نزیكە كە بگەنە دەسەڵات و ببنە خاوەن جەماوەرێكى پان وپۆڕى ئیسلامى میانڕەو.
هەربۆیە گەلێك سیناریۆ و خوێندنەوەى جیاواز هەیە بۆ ئایندەى سیاسى میسر كە بەتەنها میسریەكان خۆیان بەشدار نابن لە داڕشتنەوەیدا و بەڵكو لەبەر گرنگى و گەورەیى و نفوزى میسر لەناوچەكە و دونیاشدا هەموولایەنەكان بە عەرەبى و ئیسلامى و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشەوە بەشدارى جدى دەكەن لەو پێناوەدا و لە میسرى دواى موبارەكدا و هەر لایەكیش گەرەكێتى بەخواست و ویست و بەرژەوەندیەكانى خۆى میسر بونیاتبنێتەوە و وێنا بكات. هەربۆیەش لە ئێستادا هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت ئایندەى میسرى دوا موبارەك بنەخشێنێت و خوێندنەوەى ڕاست و دروستى بۆ بكات و تەنها زەمەن و ڕۆژگارى ئایندە زامنى ئایندەیەكى گەشتر و دیمكوراسیتر و پڕ لە ئازادیەكانە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە