مقاوەمەتى شۆڕشگێڕى یان دانوسانى سەرشۆڕى ؟؟؟
Thursday, 08/07/2010, 12:00
سەرەتا بەندە هیچ كاتێك لەگەڵ توندوتیژى و بەكارهێنانى چەك وهێز و تۆقاندن و تیرۆردا نیم. بەڵام لەمەسەلەى بەرگریكردن لەماف و داخوازى و مەسەلەیەكى ڕەوادا پشتگیرى هەموو هۆكار و ڕێگاچارەیەك دەكەم بۆ وەرگرتن و سەندنەوەى. بەتایبەتیش مەسەلەیەكى گەورە و گرنگ و كاریگەرى وەك مەسەلەى ژێر دەستەیى زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەى نەتەوایەتى وەك مەسەلەى كورد. لەو وڵاتانەى كە دابەشكراوەتە سەریان لە توركیا وئێران و عێراق و سوریادا.
هەربۆیە لە ئێستادا ڕەوایەتى و شەرعیەت دەدەمە هەموو كاروچالاكیەكانى گەریلا نەبەزەكانى پژاك و پەكەكە كە دژى هەردوو زلهێزى ناوچەیى توركیا و ئێران ئەنجامى دەدەن.چونكە ئەو دوو ڕژێمە تەنها لە زمانى چەك و هێز و تۆقاندن تێدەگەن نەك گفتوگۆ و ئاشتى و پێكەوە ژیان و وەكیەكى لەگەڵ گەلانى تردا و بەتایبەتیش كورد.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە, ئایا بەم چالاكیە كەم و بچوكانە پژاك و پەكەكە چییان دەست دەكەوێت؟ دەتوانن ئەو ڕژێمانە بڕوخێنن یان ناچارى داننیان بكەن بەمافەكانى گەلى كورددا؟ئایا ئەو دوو ڕژێمە لەبەرنامە و ستراتیژیاندا هەیە كە مافى كوردان بدەن بە ئاشتى و لەڕێگەى گفتوگۆوە؟ئەى پژاك و پەكەكە تاكەى ئامادەیى جەنگى بەرەنگارى و مقاوەمەتى شۆڕشگێڕین؟ئایا ئەوەى لە مقاوەمەتەوە وەدەستى دێنن ناتوانن لەڕێگەى گفتوگۆو دانوسان و ئاشتى و دیپلۆماسیەوە وەریبگرن؟ و دەیان پرسیارى تریش...
سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستیە لەبیر نەكەین كە ڕژێمەكانى تورك و فارس و عەرەب داگیركارى خاك و نەتەوەى كوردن و دەستپێشخەرى زوڵم و چەوساندنەوە و لەناوبردن و قاتوقڕكردنى نەتەوەى كوردن.
هەربۆیەش بەناچارى كورد پەناى بردۆتە بەر مقاوەمەت و شۆڕش و خەباتى چەكدارى. چونكە ئەو ڕژێمانە لە غرور و باڵادەستى و دەسەڵاتیانەوە هیچ كاتێك حسابیان بۆ كورد و مەسەلەكەى نەكردووە تا بەئاشتیانە چارەسەریان بكەن.ئەوان بۆ گەلانى خۆشیان بڕوایان بەدیموكراسیەت و حوكمى زۆرینەى شەعب نیە جا چجاى بۆ كورد.
بۆیە كورد لەگەڵ ئەو ڕژێمە سیاسیانەدا ئەزمونێكى دوورودرێژو تاڵى هەیە و بۆى دەركەوتوە كە تەنها لە ڕێگەى شۆڕش و خەباتەوە دەتوانێت ناچاریان بكات بۆ ئاشتى و گفتوگۆكردن.بۆیە بەردەوامبوون لەسەر كار و چالاكى و مقاوەمەتى شۆڕششگێڕى تاكە هۆكارێكە بۆ ملكەچپێكردنى ئەو ڕژێمانە. هەرچەندە بچوك و كەم كاریگەریش بن.
كورد خەبات و شۆڕشیان بۆ وەدەستهێنانى ئازادى و سەربەخۆییانە لەسەر خاكى خۆیان نەك بۆ ڕووخاندنى ئەو ڕژێمانە بێت لەتاران و ئەنكەرە و بەغداد و دیمەشق.چونكە كورد تەنها داواى مافى خۆى دەكات وەكو گەل و نەتەوەیەك لەسەر خاكى خۆى . بۆیە زۆربەى شۆڕشەكانى كورد داواى سەربەخۆیى یان خودموختارى یان فیدڕاڵیان كردوە بەپێى قۆناغەكانى خەبات , نەك داواى ڕووخاندنى ئەو ڕژێمانە.
بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ كام لەو ڕژێمانە بیریان لە چارەسەرى ئاشتیانەى مەسەلەى كورد نەكردۆتەوە و هەمیشە پەنایان بۆ بەكارهێنانى زەبروزەنگ و سەركوتكردن و كیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید و سوتماككردنى گەل و خاكى كوردستان كردۆتەوە. بۆیە گەر ناچار نەكرێن هیچ كاتێك ئامادەنین لەسەر مێزى گفتوگۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ كوردا دابنیشن بۆ داننان بە مافەكانیدا.
هەربۆیە پژاك و پەكەكە كە لە ئێستادا بونەتە سیمبولى مقاوەمەتى شۆڕشگێڕانەى ڕەسەنى كوردایەتى بەناچارى درێژە بەخەبات و مقاوەمەت دەدەن و تابۆیان بكرێت درێژە بەخەبات دەدەن تا گەیشتن بە ئامانجەكانیان.
پژاك و پەكەكە و لە پێشتریش خەباتى كوردانى باشوور هەمیشە لە قۆناغى شاخ و شۆڕشدا گەلێك دەسكەوتى گەورە و گرنگیان وەدەستهێناوە و لە زۆر قۆناغدا ئەو ڕژێمانەیان ناچارى گفتوگۆكردن كردوە. و كورد هەمیشە لە شۆڕش و خەباتدا زۆر دەسكەوتى وەدەست هێناوە. بەڵام لەسەر مێزى گفتوگۆ لەدەستى داون. نزیكترین نمونەش كەمبونەوە و كاڵبونەوە و بچوكبونەوەى دەسكەوت و هەژمونى كوردە لە بەغداد لەسایەى هەردوو پارتى دەسەڵاتدارى كوردستانەوە. هەربۆیە كورد یان زۆر نەزانە و هیچ فێر نابێت لە فێڵ و گەمەى سیاسى و دیپلۆماسیدا یان دوژمنەكانى زۆر زیرەكترن.هەربۆیە هەمیشە خاڵى لاوازى سەرانى كورد ئەوە بوە كە نەیانتوانیوە لەسەر مێزى گفتوگۆ و بە ئاشتیانە مافەكانى خۆیان بسەنن جگە لەشەڕ و مقاوەمەتكردن.
پێدەچێت نەبوونى ئەزمونى حوكم و دەسەڵات و بەڕێوەبردن لەلایەك و بەردەوام سەرقاڵبوونى كوردان بە شۆڕش و بەرەنگاریەوە لە مافەكانى واى لێكردبێت تەنها هونەرى جەنگ و شۆڕش فێربوبێت نەك هونەرى سیاسەت و دیپلۆماسیەت. هەربۆیە لەیەكمیاندا سەركەوتوو لەدووەمیشیاندا لە پاشەكشێدا بووە.
ئەى چارەسەر چییە؟ كورد هەر لەسەنگەرى خەبات و مقاوەمەتى شۆڕشگێڕیدا بێت؟ یان هەنگاو بەرەو سەنگەرى دانوسانى سەرشۆڕانە بەرێت؟
ئاشكرایە ئەم قۆناغ و سەردەمى سەدساڵى بیست ویەكەمە گەلێك جیاوازە لە سەدساڵى بیستەمى ڕابووردوو كە سەردەمى ئازادى گەلان و شۆڕش و خەبات و مقاوەمەت بوو. سەرەڕاى گۆڕانى نەزمى جیهانى و بچوكبونەوەى دونیا بەهۆى پێشكەوتنە سەرسوڕهێنەكانى تەكنەلۆژیا لەبوارى پەیوەندیكردندا واى كردوەكە مرۆڤ بەسەر هەموو كار وكردار و بەرنامە و گوتارى خۆیدا بچێتەوە و هەوڵى خۆگونجاندن بدات لەگەڵ پێشهات و گۆڕانكاریە ناوچەیى و دونیاییەكانیشدا.
ئەم سەردەمە هێندەى ئابورى و بازاڕ و بازرگانى و كۆمپانیا گەورە فرە نەتەوەییەكان سیاسەت ئاڕاستە دەكەن و بەڕێوەشى دەبەن. نیوهێندە سیاسەت فشار و كاریگەرى نیە لەسەر گۆڕانكاریەكان و لەلایەكى تریشەوە تێكەڵ بوون و پێكەوە ژیانى شارستانیەت و گەلانى دونیاش پێكەوە هێندەى دى ئەم قۆناغەى جیاوازكردوە لە ڕابووردوو.
بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو گۆڕانكاریانەشدا, شۆڕش و خەبات و مقاوەمەت پێگەى خۆیان وون نەكردووە. ئێستاش ڕۆڵ و كاریگەرییان بە زیندوویى ماوەتەوە.ئەوەتا سوپاسالارى توركیا
((باشبوغ)) دان بەوەدا دەنێت كە تابەیانى خەوى لێناكەوێت لەبەر چالاكى گەریلاكانى پەكەكە و لەئێرانیش لەبەرامبەر چالاكیە بچوكەكانى پژاك بەڵام كاریگەرەكانیان ماوەى زیاتر لە مانگێكە كەوتۆتە تۆپبارانكردنى سنورەكانى هەرێمى كوردستان وەك تۆڵە سەندنەوەیەك.
كەواتە شۆڕش و مقاوەمەت لە ئێستاشدا بۆ كورد زۆر پێویستە تا ئەو كاتەى ڕژێمە داگیركارەكان مل دەنێن بۆ ڕاستیە مێژوویەكان كە كوردیش نەتەوەیەكە و مافى ئازادى و سەربەخۆیى و دەوڵەتى خۆى هەیە.
گەلێك كەس و لایەن لەناوچەكە و دونیاش و بەتایبەتیش دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان پێیان وایە كە ئەم كارو چالاكیانەى پژاك و پەكەكە زیانیان زیاترە لە قازانجیان و زۆرترین زیانیش بەم ئەزمون و دەسەڵاتەى كورد دەگەیەنن لە باشوور. هەربۆیە پێویستە واز بهێنن لەو كارانە و ڕووبكەنە خەباتى سیاسى و جەماوەرى و پەڕلەمانى و دانوسانكردن لەگەڵ ئەو ڕژێمانەدا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە, ئایا كاتێ پژاك و پەكەكە كە چەندین جار شەڕیان ڕاگرت, ئەو ڕژێمانە ((توركیا و ئێران)) چ هەڵوێستێكى نەرمیان نواند؟ ئایا ئامادەبون دان بنێن بە مافى كورداندا لە ئازادى و دیموكراسى و ئاشتى و پێكەوە ژیان و یەكسانى و خودموختارى وفیدڕاڵیدا؟
ئایا توندڕەوە تورك و فارسەكان لێگەڕان كوردان تەنانەت خەباتى سیاسى و جەماوەرى و پەڕلەمانى و یاسایى خۆیان بكەن لەو وڵاتانەدا؟. ئایا هەمیشە چاوسوركردنەوە و تۆقاندن و ترساندنى هێزە سیاسیە ڕێپَدراوەكان و ئەندام پەڕلەمان و سەرۆك حیزبەكانیان نەگرتۆتە بەر؟ ئایا چەندین حیزبى سیاسى و یاساییان دانەخستوە و سەرانى ئەو حیزبە كوردانەیان ڕاپێچى زیندانەكانیان نەكردوە؟ ئایا سوپا و عەسكەریەكانى ئەو ڕژێمانە هیچ مەودایەكى ئاشتى و سیاسیان هێشتۆتەوە بۆ كارى سیاسى و دیپلۆماسى و جەماوەریانە؟
كەواتە ئەوە كورد نیە كە نەیویستوە دانوسان بكات و نەیەتە سەرمێزى گفتوگۆ. بەڵكو ئەوە توندڕەوە عەسكەرى و سیاسیەكانى ئەو ڕژێمانەیە كە قبوڵى ئەو كارە ناكەن.
هەربۆیە پێم وایە درێژەدان بە خەباتى چەكدارى و مقاوەمەتى شۆڕشگێڕنەى خاوەن شەرعیەتى جەماوەرى لانى كەم تاكە ڕێگایە لەبەردەم كورداندا بۆ وەرگرتنەوەى سەندنى مافەكانیان. نەك هەنگاونان بەرەو دانوسانى سەرشۆڕانە و وازهێنان لەماف و داخوازیە ڕەواكانى گەلى كورد لەبەرامبەر توندڕەوى و ملهوڕى و شۆڤێنى و غروریەتى ئەم ڕژێمانەى ئێستاى توركیا و ئێراندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست