کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەلى تونس و سەركردەكەى پەندێك بۆ دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان

Sunday, 16/01/2011, 12:00


وەك ئاشكرایە وڵاتى تونس و گەلى تونسیش بەڕابەرایەتیكردنى شۆڕشگێڕى سەردەمى ڕزگارى نیشتیمانى تونس ((حەبیب بۆرقێبە)) توانى سەركەوتن وەدەست بهێنێت و دەوڵەتێكى سەوزى جوان لەسەر كەنار دەریاى ناوەڕاست و باكورى ئەفریقیا بۆ خۆیان پێكەوە بنێن لەساڵى 1956 وە كاتێك توانى سەربەخۆیى خۆى وەدەستبهێنێت لەدواى ڕزگاربوونى لە ژێر دەسەڵاتى داگیركارى ئەو كاتەى فەڕەنساوە لەسەدەى بیستى ڕابوردودا. ئیدى لەوساتەوە تاكو ئێستا تەنها دوو سەرۆك كۆمارى بەخۆیەوە بینیوە. كە یەكەمیان حبیب بۆرقێبە یە كە لەڕێگەى شۆڕشەوە هاتە سەر حوكم لەساڵى 1957 وە بۆ ساڵى 1987 وماوەى 30 ساڵ سەرۆك كۆمار بوو دووەمیشیان زەینەل عابدین بن عەلى بوو كە بەكودەتایەكى سپى بەسەر یەكەمدا هاتە سەر حوكم لەساڵى 1987 د ا و تا 14/1/2011 كە دەكاتە نزیكەى 23 ساڵ لەسەر حوكم مایەوە و ئەنجام یەكەم سەرۆك كۆمار بەشانازى و سەروەریەوە و لەناو خاك و گەلى خۆیدا سەرى نایەوە . بەڵام دووەمیان وڵات بەدەریان كردو لە ئەنجامى ڕاپەڕینێكى 1مانگەى جەماوەریەوە كۆتاییان بەدەسەڵاتى تاكە كەسى و تاكە بنەماڵە و تاكە حیزب هێنا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە. كە ئایا وڵاتێك لە مێژووى 50 ساڵەى خۆیدا بتوانێت تەنها دوو سەرۆك كۆمار بەخۆیەوە ببینێت . دەبێت چ جۆرە دەسەڵات و حوكمێك بوبێت. دەبێت چ مانایەك بۆ ڕاى گەل و دیموكراسیەت و ئازادیەكان مابێتەوە؟ ئەى ئایا دەبێت پڕنسیپەكانى مافەكانى مرۆڤ و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و شەفافیەت و یەكسانى و سەروەرى یاسا بە چ ئەندازەیەك بوبن؟
بەئاشكرا دیار بوو كە دەسەڵات لەلایەن تاكە كەس و تاكە بنەماڵە و تاكە حیزبەوە ((حزب التجمع الدستورى الدیموقراگى)) كە میراتگرى ((حیزب الحر الدستورى)) دەسەڵاتدار بوو كە بۆ ماوەى 25 ساڵ تەنها حیزبى سیاسى بوو كە ڕێگەپێدراو بوو بۆ كارى سیاسى بەڕێوە دەبراو لە سایەى حوكمێكى پۆلیسى و تۆقێنەر و خۆسەپێنەوە بەڕێوە دەبرا و پۆستى سەرۆك كۆمارى بۆ هەتاهەتایى و تا مردن بوە. ئیدى بەم شێوەیە وڵاتێكى بەقەبارە بچوكى خاك كە ڕووبەرى 162610 كیلۆمەتر چوارگۆشە و گەلى تونس كە ژمارەیان 10326600 كەسە بەپێى ئامارى ساڵى 2008 و ببوە دروستكەر و لانكەى گەورەبون و سەرهەڵدانى دیكتاتۆریەت و لەسایەشیدا دیموكراسیەت و ئازادیەكان پێچرابونەوە و مانایەكیان بۆ نەمابۆوە و یاسا و سەروەریەكەشى لەوڵات وەدەرنرابون و تاك و كۆمەڵ و گروپ و پارت و ڕێكخراوە سیاسیەكانیش قاونرابوون و یاساغ كرابوون و عەدالەت و ماف پەروەرى بێ ناوەڕۆك و شەفافیەتیش زۆر تەڵخ و تاریك لەكەدار ببون.
لەبەرامبەریشدا چەسپاندنى دەسەڵاتى تاكڕەوى و دزینى سەروەت و سامان و قۆرخكردنى بازاڕو بازرگانى و ئابورى لەلایەن بنەماڵەى دەسەڵاتدارەوە و بەهەدەردانى توانا مادى و مرۆییەكانى گەلى تونسەوە و سامانە سروشتیەكانى و بڵاوبونەوەى گەندەڵى و پێشێلكردنى مافەكانى مرۆڤ و بێكارى و برسێتى و ناعەدالەتى ژیانى تاك و كۆمەڵگاى تونسى خستبوە بەر هەڕەشەى مان و نەمانەوە.سەرەڕاى هەندێ دەسكەوتى بچوك لە چوارچێوەى وڵات و پەیوەندیە دەرەكیەكانیدا و هەرچەندە تاڕادەیەك داهاتى تاكى تونسى گەیشتبوە 500 دۆلار بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەرى و عەرەبى تردا بەرزتر بوو جگە لە وڵاتانى كەنداو, بەڵام گوێنەگرتنى دەسەڵات لە ڕەخنە و ڕاجیاوازە سیاسیەكان و بەدەنگەوە نەهاتنى چین و توێژە جیاوازە كەم دەرامەت و هەژار و بێكارەكان وایكرد كە تەنها بەهۆى سووتاندنى عەرەبانەیەكى هەژارێكەوە و دواتر خۆسوتاندنى لە ولایەتى بوزید و لێدانى زلەیەكى یاساوڵەكانى دەسەڵاتەوە لە هاوڵاتیەك بزیسكەى ڕاپەڕینێكى سەرتاسەرى جەماوەرى داگیرساو سەرتاسەرى وڵاتى گرتەوە وئەنجامیش سەركەوتن بۆ گەل و هەڵهاتنى سەركردە بەزیوەكەى لێكەوتەوە.
ئەم ئەزمونەى گەلى تونس و دەسەڵات و سەركردە ڕاكردوەكەى بەڕاستى جێگەى تێڕامان و ووردبونەوە و تێفكرین و بەسەرداچوونەوەى هەموو حساباتەكانى گەرەكە لەلایەك لەلایەن جەماوەرەوە و لەلایەكى تریشەوە لەلایەن سەركردە و دەسەڵاتە تاكڕەو و خۆسەپێنەكانەوە.
لەلایەن جەماوەرەوە هەقە چیدى هێز و تواناو گەورەیى و هەیبەتى گەل پشتگوێ نەخرێت و ملكەچى و سەردانەواندن نەكەنە پیشە و چەپڵەلێدان و دەنگدانى زۆرەملێ ڕەتبكەنەوە چونكە هەر گەلە سەرچاوەى هەموو دەسەڵاتەكان و متمانەپێدان و شەرعیەتپێدانیان .
لەولاى تریشەوە هەقە سەركردە و دیكتاتۆرەكانیش باش لەو ڕاستیە مێژوویە تێبگەن كە چارەونوسیان تەنها بەدەستى گەلەكانى خۆیانە بەباش یان خراپ بۆیە هەقە هیچ كات بیر لە تاك ڕەوى و هێز بەكارهێنان و دوورە پەرێزى و كەنارخستنى هیچ هێز و لایەنێكى جەماوەرى و سیاسى نەكەنەوە و سیاسەتى ملهوڕانە و لوتبەرزانە پیادە نەكەن و هیچ كاتێك تووشى غرورو و بەدەمەستى دەسەڵات نەبن . دیكتاتۆرەكان هیچ كات نەیانتوانیوە بۆ ماوەیەكى دوورودرێژ لەبەردەم ڕق و تۆڵە و كینەى گەلدا خۆیان ڕابگرن و هەر هێندەیان پێكراوە بۆ ماوەتەوە لەساتە كۆتاییەكاندا دان بەهەڵە و كەموكوڕیەكانیاندا بنێن و بكەونە كۆكردنەوەى سەروەت و سامان و دەست وپێوەندەكانیان و ڕاكردنیان لەوڵات. نمونە نزیك و زیندوەكانیش دیكتاتۆرى ڕۆمانیا شاوشیسكۆ و شاى ئێران و ێدامى بەعس و بن عەلى تونسە و لە داهاتووشدا بەدڵنیایى نمونەكان زیاتر دەبن.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە. كە ئایا دەسەڵاتى كوردى و گەلى كورد لەكوێى ئەم بەراوردە دایە لەگەڵ گەل و سەركردە بەزیوەكەى تونسدا؟
ئاشكرایە دەسەڵاتى كوردیش وا بۆ نزیكەى 20 ساڵ دەچێت كە بەشێوەیەكى تاڕادەیەكى زۆر خۆسەپێن و تاك ڕەو و لەسەر بنەماى بنەماڵەچێتى و عەشرەتچێتى وتاكە حیزبى حوكمڕانى دەكات و كەم تازۆر حەز بە پیادەكردنى دەسەڵاتێكى ڕەها و دیكتاتۆریانە دەكات كە دیموكراسیەت و ئازادیەكانى تیادا بەرقەرار نەبێت و گۆڕەپانى سیاسى و ئابورى تەنها بۆ سەركردە و بنەماڵە و حیزبەكى خۆیان پاوان كرابێت و عەدالەت و مافەكان و ئازادیەكانیش تەنها بە پرس و ڕا و دەسەڵاتى ئەوان و لەبەرژەوەندى ئەواندا بێت و ڕەخنە و كارى سیاسى قۆرخ كرابێت و بازاڕ و بازرگانیش هەر بۆخۆیان و كۆمپانیا و بنەماڵەكانیان بێت و یاسا و سەروەریەكەشى لە ژێر ڕەحمەتى خۆیاندا بێت . كە هەموو ئەمانەش پایە و پڕەنسیپە گرنگەكانى دیكتاتۆریەتن و ئەنجامیش هەژارى و بێكارى و نەخۆشى و دواكەوتویى لێدەكەوێتەوە و زۆرینەش بێبەش و كەمینەش باڵادەست دەبن و كۆتایش خوێناوى دەبێت لە ئەنجامى ناڕەزایى و توڕەبوون و خۆپیشاندان و دواتریش ڕاپەڕینى سەرتاسەرى و جەماوەرى لێ سەوز دەبێت و بەم شێوەیەش كۆتایى بەدەسەڵاتە تاك ڕەوەكەى كوردستانیش دێت.
لە ئێستادا تاك و گروپ و پارت و ڕێكخراوە سیاسیەكانى كوردستانیش ناڕازین , توڕەن , بێزارن , خۆپیشاندان دەكەن نەك تەنها لەناو كوردستان بەڵكو لەئەوروپاو دونیاى دەرەوەشدا. ئەمەش لە ئەنجامى ملهوڕى و غرورو و نەگەڕانەوەى دەسەڵاتە بۆ لاى داواكاریەكانى جەماوەر. چونكە جەماوەر ناڕازین لە كپكردنەوەى ئازادیەكان و میدیاكان و بەرتەسكردنەوەى دیموكراسیەت و دزینى نەوت و گاز و سەروەتى میلەت و موچەى فەرمانبەران و پۆلیس و پێشمەرگەكانى خۆشیان و ناڕازین لە پاوانكردنى بازاڕ و ئابورى و پێشێلكردنى مافەكان و تیرۆرو تۆقاندن.
جابەم شێوەیە ئەگەر دەسەڵاتەكەى كوردستانیش زیاترى نەكردبێت لە دەسەڵاتەكەى بن عەلى لە تونس ئەوا كەمترى نەكردوە . لەبەرامبەریشدا گەلى كوردیش هیچى كەمتر نیە لە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانى گەلى تونس. هەربۆیە چیدى گەلى كوردیش هەق نیە ڕێگە بەدەسەڵات بدات كە بەدەم داواكارى و مافە ڕەوەكانیەوە نەیەت و درێژە بەملهوڕى و پاوانخوازى و خۆسەپاندن بدات. هەربۆیەش گەر بارودۆخى تونس و كوردستان بەراورد بكرێت ئەوا بەدڵنیایى كاتى ڕاپەڕینێكى جەماوەرى هاتووە دژى ئەم دەسەڵاتە بۆ ڕِاستكردنەوەى ئاڕاستەى كوردایەتى ڕەسەن ودەرخستنەوەى ڕووى گەش و پاكى و تێگەیشتن لە چەمك و میتۆدو پایەكانى دەسەڵات بەبەرژەوەندى زۆرینەى گەل . هەروەك شاعیرى نەمرى تونسیش ((ئەبولقاسمى شابى)) لە مێژە وتویەتى :
اژا شعبا يوم اراد الحياه‌
فلاَ بد ان يستجيب القدر
ولابد للليلى ان ينجلى
ولابد للقيد ان ينكسر


Nawzad_mohandis@ yahoo.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە