کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


باهەمووانمان تابۆ حیزبیەكان تێپەڕبكەین !

Thursday, 13/03/2014, 12:00





 بەداخەوە لاى ئێمەى ڕۆژهەڵاتى حیزب بۆتە چاوگى ژیان و گوزەران و خۆدەوڵەمەندكردن، هەربۆیەشە بۆتە كاڵایەكى پیرۆز و هەموانمان بەڕێزەوە لێیدەڕوانین و هەوڵیشى بۆ دەدەین كە بەشدارى تیادا بكەین و چمكێكى بگرین، بەداخیشەوە نەك بۆ مەبەستى خزمەتكردنى گەل و وڵاتەكەمان بەڵكو بۆ وەدەستخستنى كۆمەڵ گەلێك دەسكەوتى كەسى و پەیداكردنى قوتى خۆمان و منداڵەكانمان و بۆ خۆدەوڵەمەندكردن، چونكە حیزب لێرە هێندە پیرۆزە كە یاساش ناتوانێت لێیبپێچێتەوە و سزا و دادوەرى بەسەردا بسەپێنێت ، حیزب وایلێهاتوە كە بۆ زۆر كەس نیە باسى لێوەبكات و تەنها بۆ نوخبەیەكى دەستڕۆیشتوە كە چۆنیان بوێت ئاوها وبۆ بەرژەوەندى و قازانجى خۆیان و بنەماڵەكانیان و دەورەوبەرەكانیان هەڵیدەسوڕێنن و ئیدى كەسانى بێ پشت و پەنا لە ڕووى ئاین و مەزهەب و ناوچە و خانەوادە و سەروەت و سامان و عەشرەتەوە هیچیان بۆ نامێنێتەوە و ناتوانن بەهێزى بیر و بازوى خۆیان پێبگەن و پێشبكەون.. حیزب هێندە پیرۆز بووە كە هێڵێكى سوورى بەدەوردا كێشراوە كە قەدەغەیە تێپەڕ بكرێت و ببەزێنرێت.
كەسانێك هەن لە ڕابووردوو ئێستاشدا حیزبەكانیان هێندە لاپیرۆزە كە ناتوانن دان بەهەقیقەتەكاندا بنێن گەرچى حیزب و سەركردەكانیشیان بە ڕۆژى نیوەڕۆ و لەبەرچاوى هەمو گەلدا جاسوسى بۆ دوژمنان دەكەن و خیانەتى نیشتیمانى دەكەن و قوتى هەژاران دەدزن و سەروەت و سامانى میلەت تاڵانفرۆش دەكەن، كەچى هەر حیزب و سەركردەكانیان لا پیرۆزە و ناتوانن تابۆكانى تێپەڕ بكەن.
ئەو كەسانە هێندە مێشكیان پڕكراوە بەخورافاتى مێژوو و ڕابووردوو و شانازى سەركردە و حیزبەكانیان لایان بۆتە دەقە پیرۆزە ئاسمانیەكان و لادان لێیان پێیان وایە كوفرە و ڕەتكردنەوەى فەرمانى خوداى گەورەیە.كەسانێكى ئاوها چ ڕۆڵێكى پۆزەتیفیان لەناو كۆمەڵگادا نیە جگە لە ژمارەیەك و دەنگێكى كوێرانە نەبێت بۆ حیزب و سەركردەكانیان.
هەربۆیە حیزب و سەركردە لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتى و كوردستانى خۆشمان بە تایبەتى بونەتە جمكێكى لێكدانەبڕاو و یەكێك لە پیرۆزترین پیرۆزییەكان و ئیتاعەكردنیشیان بۆتە فەرزێكى عەین لەسەر هەموان بەچاك و خراپیانەوە.
حیزبایەتى هێندەى بۆ مەرامى سیاسى و دەسكەوتى تاك و سەركردە و بنەماڵەیە ، نیوهێندە بۆ خزمەتكردن نیە، هێندەى وەكوو میراتى باوباپیران لێیدەڕوانرێت نیو هێندە وەكو ئەرك و وەزیفەیەك لێیناڕوانرێت ، هێندەى بۆ خۆ سەپاندن و قۆرخكاریە نیوهێندە بۆ خزمەتكردن نیە.
حیزب ولایەنگرەكانى شەلم كوێرم بازدەدەن بەسەر هەموو بەها پیرۆزەكانى گەل و نیشتیماندا لە پێناو پۆست و پلە و دەسكەوتى حیزبایەتى خۆیاندا و هێندەى بیر لە ساختەكارى لەدەنگدان و ناو ێندوقەكانى هەڵبژارندا دەكەنەوە بۆ زیاتر بەردەوامبونیان لە دەسەڵاتدا نیوهێندە بیر لە دانان و داڕشتنى پلان و سیاسەتێك ناكەنەوە كە لە بەرژەوەندى گەل و میلەتدا بێت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، ئەرێ حیزبایەتى ڕاستەقینە ئاوهایە؟ ئایا دەكرێت چیدى بەو تێگەیشتنە هەڵە و كۆنەوە لە حیزب و سەركردە بڕوانین ؟ ئەرێ بۆچى نابێت تەنها لەسەر بەرنامە و پلان و سیاسەت و ڕاستگۆیى و متمانە و لێهاتووى لایەنگرى و دەنكدانمان بۆ حیزبەكان پیادە بكەین؟ ئەى كاتى ئەوە نەهاتوە كە تابۆ حیزبیەكان ببەزێنین و جیا لە حیزب و سەركردە و بەرنامەكانیان بەرنامە و كەسایەتى و كاندیدى حیزبێكى تر هەڵببژێرین ؟ دەیان پرسیارى تریش..
وەڵامى كورت و كرمانجى ئەوەیە كە حیزب و حیزبایەتى جگە لە كۆمەڵگەلێك پڕەنسیپ و دیسپلین كە هەموانیان بۆ زیاتر ڕێكخستنى ژیان و گوزەرانى تاكەكانى كۆمەڵگایە و هۆكارێكیشە بۆ ئاڕاستەكردن و هوشیاركردنەوە و خزمەتكردن چیدى تر نیە، هەربۆیە حیزبایەتى ڕاستەقینە بریتیە لە بەرنامە و زانست و واقعبینى و وەزیفە بۆ خزمەتكردن و وەدیهێنانى خواست و ئامانجەكانى كۆمەڵگا، بۆیە لێرەوە دەكرێت و كارێكى زۆر گونجاویشە كە ئەگەر ئەندامێك یان كادرێكى حیزبێكى دیاریكراو لە كاتى هەڵبژاردنەكاندا دواى هەڵسەنگاندنى بەرنامەى كارى حیزب و كاندیدێكى تر بتوانێت دەنگى خۆى پێبدات بەو هیوایەى كە ئەو كاندی و حیزبەى تر بەرنامە سیاسى و ئابورى و كۆمەڵایەتیەكانى لە خزمەتى گەلدا بن، باچیدى كوێرانە و بە چاویلكەى تەسكى حیزبیانەوە بیر نەكەینەوە و دەمارگیرى كوێرانە پیادەنەكەین لە هەڵبژاردنەكانى كاندیەكاندا بۆ ئەنجومەنى پارێزگاكان و پەڕلەمان و ...هتد.باهەموانمان لەناو ئەو چەپكە گوڵەى كاندیدە جیاوازەكاندا با باشترین و لێهاتووترین وبوێرترینیان هەڵببژێرین ئەگەر لە حیزبەكانى خۆشمان نەبن.
دڵنیام هەر كاتێك وشیارى تاكى كورد گەیشتە ئەو ئاستەى كە لە سەر بنەماى بەرنامە و لێهاتووى و بێلایەنى و كوردایەتى نەك حیزبایەتى دەنگ بدات بە هەر كاندیدى حیزبێك جگە لە حیزبەكەى خۆى ، ئەوا تەواوى سیستەمى سیاسى كوردستان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت ودەچنە خزمەتى گەل و نیشتمانەوە و مافەكانمان دێنە دى و گۆڕانكارى و چاكسازیەكانیش باشتر چێ دەبن و دەخەمڵێن و كامڵیش دەبن وڵاتیش لە قەیران و تەنگژەى سیاسى دەرباز دەبێت و باشتریش بنەماكانى دیموكراسى و ئازادیەكان و سەروەرى یاسا و مافەكانى مرۆڤ و ئاشتى و پێشكەوتنى كۆمەڵگاى كوردەوارى دەچەسپێن و دێنە دى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە