یەكێتى نیشتیمانى كوردستان لەدواى 18/4 وە بەرەو كوێ ؟
Friday, 22/04/2011, 12:00
سەرەتا كارێكى دروست دەبێت كە دان بنێین بەهەندێ ڕاستى مێژوویدا كە یەكێتى لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە لە دواى ئاشبەتاڵى ساڵى 1975ى پارتیەوە و بە تێپەڕبوون بە قۆناغەكانى دامەزراندن و هەستانەوە و گەشەكردنى كوردایەتى لە دەیەكانى حەفتاو هەشتاى سەدەى ڕابووردودا و دواتر وەك هێزێكى كاریگەر و گەورەى سەر گۆڕەپانى سیاسى و چەكدارى كوردستان و خاوەن بیرۆكە و ئەندازیارى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى 1991ى گەلەكەمان و هەتا دواى قۆناغى شەڕى ناوخۆى كوردستان لە نێوان هەموو هێزە سیاسیەكان و بەتایبەتیش پارتى و یەكێتى بۆ ماوەى 4 ساڵ لە 1994 -1998. یەكێتى ڕۆڵێكى بەرچاو و ئاكتیڤ و كاریگەرى هەبوە لە پارێزگاریكردن لە مێژوو و ئایندەى كوردایەتیدا بەمانا گەورەو فراوانەكەى. لەسەر ئاستى حیزبى و حكومی و جەماوەریشدا ببوە خاوەن هێز و دەسەڵات و نفوزێكى بەربڵاو و هەتا ئەوكاتەش خۆشەویستیەكەى لاى جەماوەر لە ترۆپكیدا بوو و توانیشى گەلێك دەسكەوتى گەورە وەدەست بهێنێت كەناكرێت چاوى لێبپۆشرێت و سفر بكرێتەوە..
بەڵام دواتر و بەتایبەتیش دواى ڕوخانى ڕژێمى بەعسى سهدامى لەساڵى 2003دا كە جوگرافیاى دەسەڵات و نفوز و ئیمتیازات و پلە و پۆستەكان و جەماوەریش گەورە و فراوان بوون بەشێوەیەك كە سەركردایەتى یەكێتى بیریشى لێنەكردبۆوە.هەربۆیە تووشى ململانێیەكى توند بوەوە لەناو خۆى یەكێتیدا. هەرچەندە مێژووى سەرهەڵدانى ململانێكانى ناو یەكێتى لەساتى لەدایكبونیەوە سەرى هەڵداوە هەر لەساڵى 1975وە و درێژە و بەردەوامى هەبووە بەدرێژایى 34 ساڵەى تەمەنى یەكێتى .. هەندێ جار خاو و زۆرجارانیش توند.
بەڵام جاران ململانێكان شەریفانە و دروستكەربوون و ئامانج لێیان گەشەكردن و بەهێزبوونى یەكێتى بوو لە ناو جەماوەر و گۆڕەپانى سیاسى و سەربازى ئەو سەردەمەدا. بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و مشەخۆرى و ناعەدالەتى لەلایەك و لەولاى تریشەوە بۆ وەدەستهێنانى پلەو پۆست و ئیمتیازات و كۆكردنەوەى زیاترى سەروەت و سامانە..
ململانێكان لەنێوان دووبەرەى دژ بەیەكدایە . بەرەیەك لایەنگرى كۆنترۆِڵكردنى سەرتاپاى یەكێتیە و حەزى بە پاوانخوازى و قۆرخكردنى دەسەڵاتە لەلایەن سكرتێر و بنەماڵە و گروپێكى بچوكەوە و لەم پێناوەشدا گەندەڵى و مشەخۆرى و ناعەدالەتى بەشێوەیەكى فراوان سەرتاپاى جومگەكانى حیزب و حكومەتى یەكێتى گرتۆتەوە. بەرەى دووەمیش لایەنگرى ئازادى و دیموكراسى و جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان و پرس و ڕاوێژكردنە و خوێندنەوەى جەماوەر و نەهێشتنى گەندەڵى و بەرقەراكردنى عەدالەتى و چاكسازى و گۆڕانكارى بەردەوامە.
بەرەى یەكەم گەرەكێتى كە یەكێتى بەرەو ئاقارى تاكڕەوى دیكتاتۆرى و عەسكەرتاریەت ببات . بەرەى دووەمیش دەیویست كە یەكێتى بەردەوام بێت لەسەر بەگەشاوەیى هێشتنەوەى مێژوەكەى و بەردەوام بوونى لە خاكێتى و نزیكى لەجەماوەر و دووركەوتنەوەى لە قۆرخكردنى دەسەڵات و وەك حیزبێكى خاوەن دیسپلین و مۆڕاڵى مامەڵە بكات و گەشە بە بنەماكانى ئازادى و دیموكراسى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و یەكسانى بدات.
هەربۆیەش لە ئەنجامى ئەو ململانێیەدا نەتوانرا سەركردایەتى و ئۆرگان و مەكتەب و مەڵبەند و كۆمیتەو تەنانەت جەماوەرەكەشى بە یەكگرتوویى بمێنێتەوە و ئەوەبوو لە دواى ساڵى 2004 وە باڵى ڕیفۆرمخواز و دواتریش گۆڕانخوازان بە ئاشكرا لە هەڵبژاردنى 25/7/2009 دا خۆیان لە یەكێتى جیاكردەوە و چیتر نەتوانرا لە ژێر چەترى یەكگرتویى یەكێتیدا بمێننەوە.كە بڕوایان بە ئازادى و یەكسانى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و چاكسازى و گۆڕانكارى نەبوو.ئەم جیابونەوەیە گورزێكى كەمەرشكێن بوو بۆ یەكێتى و بوە هۆى لاوازى و بێهێزى لەڕووى حیزبى و سیاسى و جەماوەریشیەوە لەبەرامبەر ڕكابەرە سەرسەخت و دوژمنە كۆن و نوێیەكەى كە پارتى دیموكراتى كوردستانە. لەزۆر هەڵبژاردن و ناوچەدا و بەتایبەتیش لە دەڤەرى سلێمانى و گەرمیاندا كە یەكێتى بە قەڵاى سیاسى و جەماوەرى خۆى دادەنا و هەرواش بوو. یەكێتى بووە دووەم و سێیەم هێز.
لە ئێستاشدا و دواى 2 مانگ ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و مانگرتنى هێمنانە و ئاشتیانەى جەماوەر لەناوچەى سلێمانى و گەرمیان و شارەزوور و پشدەر و كۆیە و پێنجوێندا.. جارێكى تر سەنگ و قورسایى و جەماوەرى بوون و دەسەڵات و دروشمەكانى یەكێتى كەوتەوە بەر سەنگى مەحەك.
بەڵام بەداخەوە لەدواى 18/4/2011 وە و ڕۆژانى دواتریش سەركردایەتى یەكێتى بەگشتى و بەتایبەتیش باڵى عەسكەرتاریەتەكەى كە شەڕەنگێزن و لەئێستادا زاڵن لە بڕیارداندا لەناو یەكێتیدا بەسەركردایەتى سكرتێرى گشتیەوە مێژوو و ئێستا و ئایندەى یەكێتیان ڕەشكردەوە و هێندەى دى یەكێتیان بەرەو بچوكبونەوە و قێزەونكردن برد نەك لەبەردەم دۆست و نەیارەكانیدا بەڵكو لەبەردەم دڵسۆزان و ئەندام ولایەنگران و جەماوەرەكەى خۆشیدا.
یەكێتى هەمیشە بەوە ناسرابوو یان وەكو خۆى ئیدیعاى دەكرد و شانازى پێوە دەكرد:
كە پەرۆشى دابینكردنى ژیانێكى پڕ ڕەفا و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و یەكسانى و ئازادى و دیمكوراسى و ئاشتی و دژ بە تیرۆر و تۆقاندن و جەنگ و ناكۆكیە كە بنەماى حیزبێكى سۆسیال دیموكراتە.
كە پەرۆشى دابینكردنى نان و ئازادیە بۆ نوسەران و هونەرمەندان و ڕووناكبیران.
كە پەرۆشى سەروەرى یاسا و پاراستنى مافەكانى ژنان و مرۆڤە.
كە پەرۆشى سەربەخۆیى زانكۆ و خوێندن و ڕێزگرتنى مامۆستایان و زانایان و ئاینى ئیسلامە.
كەپەرۆشى بەئاشتیانەى ئاڵوگۆڕى دەسەڵات و لایەنگرى حیوار و تەوافوقى نیشتیمانى و نەتەوایەتیە.
كە پەرۆشى خزمەتكردنى سەرجەم چین و توێژەكان و بەتایبەتیش هەژاران و خانوە قوڕەكان و گوند و جوتیارانە.
بەڵام بە داخەوە لە ڕۆژى 18/4دا هەموو ئەم دروشم و ئیدیعا و گوتارە بێ ناوەڕۆكانەى وەكو بڵقى سەر ئاوكەوتوو تەقین و ڕووى ڕاستەقینەى سەركردایەتیە عەسكەرتاریەتەكەى یەكێتیان بۆ هەمووان دەرخست.
كاتێك سەكۆى ئازادیان لەبەردەركى سەرادا سووتاند بەزەبرى هێز و تەقەكردن و توندوتیژى و سەراكەیان داگیركرد لە جەماوەرى ئاشتیخوازى خۆپیشاندەر, چ مانایەكیان بۆ ئازادى و دیموكراسى هێشتەوە.
كاتێك ڕەشبەگیریان ڕاگەیاند و زیندانەكانى ئاسایشى گشتى و فەرماندەیى و زیندانە نهێنیەكانى تریان پڕكرد لە گەنج و لاو لەسەرجەم چین و توێژەكان. ئیدى چ مانایەكیان بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانى مرۆڤ و ژنان و سەروەرى یاساش هێشتەوە.
كاتێك خوێندكارانى كچ و كوڕ و مامۆستایانى زانكۆ و زانایانى ئاینیان ئەشكەنجەدا و گرت و ئەنفالیان كردن و تێر جنێوى ساردو سوكیان بەسەردا بەخشینەوە. ئیدى چ مانایەك بۆ سەربەخۆیى زانكۆ و ڕێزگرتنى زانست و زانایان و ئاینى پیرۆزى ئیسلام هێشتەوە.
كاتێك كوڕ و كچى گەنجى هەژار و ماڵە قوڕەكانیان شەهید و بریندار كرد. چ مانایەكیان بۆ خزمەتكردن و پەرۆشى هەژاران و جەماوەرەكەى خۆشیان هێشتەوە.
كاتێك نوسەر و ڕوناكبیر و چالاكوانى كۆمەڵگاى مەندەنیان زیندان و ئەشكەنجەدا چ مانایەكیان بۆ دروشمى نان و ئازادیەكەى خۆیان هێشتەوە.
بەم شێوەیە یەكێتى لەدواى 18/4 وە پێى نایە قۆناغێكى نوێوە كە زۆر جیاوازە لە قۆناغى پێشووتر. لەڕووى كردار و گوتار و بەرنامە و دیسپلینە حیزبیەكانیشیەوە. كە ناكرێت چاوەڕوانى كار و كردەوە و خزمەتكردنى جوان و باشى لێبكرێت و ناكرێت چاوەڕوانى فراوانبونى زیاترى پانتایى ئازادیەكان و دیموكراسی لێبكرێت لەسایەى ئەم باڵە زاڵەى ناو سەركردایەتیەكەیدا.
18/4/2011 لێرەوە بوە خاڵێكى وەرچەرخانى ڕەش و تاریك لە مێژووى یەكێتیدا و بوە خاڵى جیاكەرەوە بۆ دوو قۆناغى خەباتى یەكێتى.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە. كە یەكێتى بۆ ئەم ڕێباز و ئاڕاستە توندوتیژەى هەڵبژارد؟ كێ پاڵنەر و بزوێنەر و بڕیاردەرى ئەم گۆڕانكاری و وەرچەرخانە بوو لە دەرەوە و ناوەوەى یەكێتیدا ؟ئەى لەكۆتاییدا یەكێتى چى دەچنێتەوە لە ئەنجامى ئەم گۆڕانكاریە مەترسیدارەدا لە كردار و هەڵسوكەوتكردنیدا بەرامبەر بە جەماوەر ؟
وەڵامەكان زۆر ڕوون و ئاشكران .. یەكێتى و سەركردایەتیە عەسكەرتاریەتەكەى بە پیلان و بەرنامە ئەم ئاڕاستە توندوتیژ و هێز بەكارهێنانەیان هەڵبژارد نەك لە بێئاگایى و نەزانین و كەوتنە هەڵەوە تێی كەوتبن. چونكە لەهەڵبژاردنى سەركردایەتى نوێوە لە كۆنگرەى سێى یەكێتیەوە ئایندەى یەكێتى ڕوونبۆوە.لەگەڵ ئەمەشدا باش دەزانن بە ئاشتى وەڵامدانەوەى جەماوەر و بە ئاشتى دووركەوتنەوە لە دەسەڵات و وازهێنان لە كورسى حوكم و ئیمتیازات و پلە و پۆستەكانیان, ماناى نەمانى خۆیان و حیزبەكەیانە و ماناى دادگایكردن و ڕووڕەش بوون و توڕهەڵدانیانە بەرەو زبڵدانى مێژوو وەك دیكتاتۆرەكانى دوور و نزیكیان لە شاهەنشاى ئێران وچاوچیسكۆى ڕۆمانیا و ێدامى بەعسى و بن عەلى تونس و و موبارەكى میسر. هەربۆیەش تابۆیان دەكرێت بەهەموو شێواز و ئامڕازێك بەرگرى لەدەسەڵات و هێز و مانەوەیان دەكەن بێگوێدانە دۆڕاندنى ناو و ناوبانگ و مێژوو سەروەرى و دەسكەوتەكانیان وەك دیكتاتۆرەكانى قەزافى و ئەسەد و عەلى عەبدوڵا ساڵح. بەم كارەشیان سەلماندیان كە هیچ بڕوایەكیان نە بەدیموكراسى هەیە و نە بەئازادى و بەئاشتیانەى ئاڵوگۆڕى دەسەڵات هەیە و ئەوان بەم كارەیان نەك تەنها بوونە لایەنگرى تاكڕەوى و زوڵم وزاڵمى و چەوسێنەر و دیكتاتۆر بەڵكو بۆ خۆیان بەپلەى ئیمتیاز بوونە دیكتاتۆر و پاوانخواز و بەندەى كورسى و دەسەڵات.
ئاشكراشە پاڵنەرى ئەم كارەى یەكێتى. دوژمنە سەرسەختەكەیەتى كە پارتیە و پارتیش گەرەكێتى یەكێتیش وەكو خۆى بكاتە پارتێكى تاكڕەو و خۆسەپێن و بنەماڵەیى و پاوانخواز و نادیموكراسى و دوژمنى ئازادى و یەكسانى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و بەندەى دوژمنانى كورد و كوردستان و بەمەش هیچ جیاوازیەك نامێنێت لە نێوانیاندا و چیدى یەكێتیش خاوەن هیچ سەروەریەك نامێنێت كە خۆى پێوە بابدات بەسەر پارتیدا. ئەمەش لەسایەى ڕێكەوتنى ستراتیژى نێوان شەخێى بارزانى و تاڵەبانیدایە كە زۆربەى مەكتەب سیاسیەكانیشیان ئاگادارى بەند و بڕگە نهێنیەكانى نین. بزوێنەرى سەرەكیش و تاك و تەنها لەناو یەكێتیدا بۆ ئەم ئاڕاستەیە تەنها كەسى سكرتێرى گشتیە و هەر ئەو لێپرسراوە لە بچوكبونەوە و لاوازكردن و بەرەو نەمان چوونى یەكێتى. هەر ئەویش لێپرسراوە لە قێزەونكردن و دووركەوتنەوەى یەكێتى لە جەماوەر. هەر ئەویش لێپرسراوە لەڕشتنى هەموو خوێنێك و پێشێلكردنى یاسا و ڕێزنەگرتن لەخەبات و سەروەریەكانى یەكێتى.لە ئێستادا سكرتێرى یەكێتى بۆخۆى بۆتە مەترسیەكى گەورە بۆ ئێستا و ئایندەى یەكێتى كە هەقە سەركردایەتیەكەى چیدى ڕێگەى پێنەدەن یەكێتى زەلیل و ڕسواتر بكات.و لەو ڕاستیە باش تێبگەن كە هەمیشە یەكێتى گەورەتر و باڵاتر و پیرۆزترە لە سكرتێرەكەى.
ئەنجامیش زۆر ڕوونە كە یەكێتى تەنها بچوكبونەوە و نەمان و بێهێزى و لاوازى زیاتر دەچنێتەوە لەبەرامبەر پارتیدا و لەدەستدانى سەنگ و قورسایى و مێژووە گەشەكەشى دەدۆڕێنێت لەبەردەم دۆست و نەیارانى و جەماوەرەكەشى و مێژوویەكى ڕەش و قێزەونیش بۆ خۆى تۆمار دەكات.هەربۆیە لە ئێستادا كارێكى هەنوكەیى لەبەردەم یەكێتیدا ئەوەیە كە بەڕێزەوە بڕوانێتە داواكارى جەماوەرى خۆپیشاندەر و شەقام و ئۆپۆزسیۆنى گەلەكەمان و دووربكەوێتەوە لەملهوڕى و هێزبەكارهێنان بۆ ئەوەى تا كات ماوە بتوانرێت یەكێتى ڕزگار بكات لە نەمان و بچوكبونەوەى زیاتر...
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست