کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانى سەرۆكى گۆڕان، لە عێراقێكى نوێدا پارتى بزووتنەوەى گۆڕانى بەرەو چ ئاراستەیەك برد

Sunday, 04/04/2010, 12:00


دواى ئەوەى لیستە براوەكان لەگەڵ مەسعود بارزانى كۆبوونەوە، لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا لە سەرۆكى هەرێم، ئاشكرایكرد كە هەموو لیستەكان بە گۆڕانیشەوە، پابەندن بەوەى كە مام جەلال تاڵەبانى وەك هەڵبژێردراوێكى لیستە كوردییەكان، ببێتە سەرۆكی داهاتووى عێراق، ئەمەو دواى كۆبوونەوەكەى سەرۆكى هەرێم و لیستەكان، هەندێك لە سەركردە دیارەكانى بزووتنەوەى گۆڕانیش جەختیان لەسەر ئەوەكردەوە كە "بەرٍێز تاڵەبانی"ان، دەستنیشانكردووە، بۆ سەرۆكى خوولى داهاتووى عێراق، ئەگەر حیزبە كوردیەكانى بەشدار بوو، لە هەڵبژاردنى عێراقدا، ئەو پۆستەیان بەر بكەوێت.
گۆرٍان ئۆپۆزسیۆنى یەكێتى نیشتمانى
لە پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان، وامانزانى گۆڕان بە هەقیقەت ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە تا ئێستاش بەدەوروخوولى پارتیدا دەهات و دەچێت لە جیاتى ئەوەى ئۆپۆزسیۆنێكى هەقیقی بێت، كەچى دەركەوت وا دەرنەچوو، هەمیشە گوتارى ئاراستەى بەرٍووى پارتى دیموكراتدا، بە شێوەیەكى نەرمى بووە، كە ئەمەش بەپێچەوانەى رٍووى یەكێتى نیشتمانى بووە، چونكە هەڵوێستى گۆڕان بەرٍووى یەكێتیدا هەمیشە هەڵوێستێكى رەخنە گرانە بووە.
بەڵام بۆ پارتى بەوشێوەیە نەبووە، كە درك بەوەبكرێت. ئەم بزووتنەوەیە كە خۆى بە ئۆپۆزسیۆن ناوزەد دەكات، بەرٍوونى دژایەتییەكى سەرسەختى دەسەڵاتى پارتیش بكات، كە ساڵانێكە هاوشێوەى حیزبەكەى بەرٍێز تاڵەبانى، دەسەڵاتى ئیدارى و سیاسی و فەرهەنگى هەولێر و دهۆكیان لە ژێر چەترى رەحمەتى خۆیاندا بۆخۆیان قۆرغكردووە و بەمەش بێ كەموكوڕى و نەبوونى ناعەداڵەتى و كێشەى گەندەڵى لێی بێبەش نەبووە.
لە رۆژى لەدایك بوونى لیستى گۆڕان بەناو ئۆپۆزسیۆنە، كە زۆربەى تاكەكانى كۆمەڵگە دڵیان پێخۆشبوو، سەریر لەوەدایە تا هەنووكەش هیچ هەڵوێستێكى واى بەرانبەر پارتى و ئیدارەكەى نیشان نەداوە كە بگوترێت ئەمە هەنگاوێكە بۆ بوونى بزووتنەوەیەكى سەرتاسەرى نەك ئۆپۆزسیۆنێك تەنیا بۆ دژایەتى یەكێتى نیشتمانى دروستبووبێت. بەكورتییەكەى ئەوەى دەركەوتووە لەم بزووتنەوەیە، ماناى وایە گۆڕان بۆ دژایەتى یەكێتى نیشتمانى دروستبوو، نەك پەیامێكى نوێخوازى و هەڵگرى شوناسێكى بەدیل بەرامبەر بە دەسەڵاتى ئێستا لە هەرێمى كوردستان.
موجامەلەكانى گۆڕان بۆ پارتى
وەك گوتمان بزووتنەوەى گۆڕان هەر لەسەرەتاوە ئاراستەى ئیشكردن و ئەداى بەرٍووى پارتیدا زۆر نەرم نیانى بووە، نەك هەندێ جار بەڵكو زۆرجاریش لە زارى سەركردەكانیانەوە، پارتیان پێ باش بووە تا یەكێتى، مەبەست لەم نموونەیە ئەوە نییە با گۆرٍان دژایەتى پارتى بكات، نەخێر بەڵام دەبوایە گۆڕان پەیامێكى رەخنەگرانەشى ئاراستەى پارتى بكردبایە وەك چۆن بە یەكێتى نیشتمانى نیشان دەدا، بۆ ئەوەى پەیامەكەیان بۆ خەڵك روون ببوایەتەوە كە ئەوان ئامانجیان گۆڕانێكى ریشەییە و تەنیا یەكێتى نیشتمانیان بەلاوە گرنگ نییە لە بەدیلى حكومرٍانى كوردستاندا.
ئەم موجامەلەكردنەى گۆڕان بۆ پارتى، هەلێكى بۆ پارتى و سەركردەكانى رەخساند كە ئەوانیش چۆن بتوانن گۆڕان بەو ئاراستە بەرن، كە خۆیان ئاسا، تەجروبەیەكى باشیان هەیە لە ژیانى سیاسیاندا بۆ هەڵوەشاندنەوە و بچووكردنەوەى حیزبە و رێكخراوە و دەنگى خەڵك، گۆڕانیشیان بەهەمان دەرد برد، كە ئەوەیە ئێستا لە جیاتى چەند ئیمتیازێكدا، كە قابیلى ئەوە نییە بەراوردى بكەیت، لە بەرامبەر دەنگدان بە تاڵەبانى، پاشكشە بە گوتارەكانى گۆرٍان بكرێت، تا ئەوانیش دەنگ بە كاندیدكردنەوەى تاڵەبانى بدەن، لە عێراقێكى نوێدا.
ئەم پاشەكشەى گۆڕانە لەپایی چی بوو بەرپرسانى پارتى و بنەماڵەى بارزانى، بە گۆڕانیان كرد، مەسعود بارزانى وەك سەرۆكى هەڵبژێردراوى هەرێمى كوردستان، كە ئەمە قسەى خۆی بوو دەیگوت "من سەرۆكى ئەوانەم دەنگینیان پێداوم، هەروەها هی ئەوانەشم كە دەنگیان پێنەداوم" ئەو لە هەموو بەڵێنەكانى خۆى ئاسا دژى نان بڕین و سزاى سیاسی بووە.
باشە ئەگەر لە كوردستان، دژایەتى سزا دانى سیاسى و نان بڕینى خەڵك هەبێت، ئیتر بۆچى چارەسەركردنى بكرێتە كارتێك بۆ دەنگدان بەتاڵەبانى. ئەمە مانایى وایە سەرۆكى هەرێم نەیتوانیوە بێلایەنانە كار بكات، بەڵكو وەك پارتییەك مامەڵەى كردووە، ژیانێكى ئەفسوناوی و سەمەرەیە لەم وڵاتە چارەسەركردنى ژیان خەڵك و ئینسانەكان دەكرێتە، كارتێك بۆ چارەسەركردنى پرسە حیزبیەكان.
بەداخەوە نەدەبوایە بزووتنەوەى گۆڕان بەو مەرجە قایل بوایە كە ئەمرٍۆ پێیانكرد، پێویستیشى دەكرد ئەوان لەو خاڵە نهێنییە ورد ببونایەتەوە كە ئەوە بۆ ساڵێك دەچێت نانى خەڵك براوە، لەسەر بیرورٍایى جیاواز كەچى ئەمڕۆ لەبەرانبەر دەنگدان بەتاڵەبانى وەك كارتێك بەرٍوویاندا بەكاریان هێنا گۆرانیش رۆیشتەوە ژێر باڵى یەكێتى و پارتى. ئەو هەموو گوتار و پەشخان و هەڵبەستەیان خۆیان نەبێت كەس نازانێت لە پایی چی بوو!!!
[email protected]
هەولێر:
4/4/2010



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە