کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌مامكداره‌كان له‌ نێوان سه‌ربه‌خۆی و هه‌ڵوێستی ئیسلامیانه‌دا!

Tuesday, 06/07/2010, 12:00



كه‌سی سه‌ربه‌خۆ ته‌نیا ئۆپۆزسیۆنی پارتی و یه‌كێـتی نییه‌!
له‌ ئێستادا زۆركه‌س به‌ناوی به‌سه‌ربه‌خۆ بوونه‌وه‌ ته‌نها قسه‌ له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ن، پێموایه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر كار و پرۆژه‌ و هه‌ر ره‌فتارێكی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حكومی پارتی یان یه‌كێتی كفر نییه‌ و زیاتر هه‌ڵده‌گرێت كه‌ ره‌خنه‌یان لێبگرێت، بۆ ئامانجێك كه‌ ئه‌ویش له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی چینی به‌شه‌خواری كۆمه‌ڵگاو هه‌ر كه‌مو كوڕییه‌كی تری ژیانی مرۆڤه‌كانی بێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ تائه‌و راده‌یه‌ به‌بێ سنوور كه‌سه‌كانی وڵاتی ئێمه‌ به‌شێكی زۆریان خۆیان به‌ ئازاد و سه‌ربه‌ست یان سه‌ربه‌خۆ نمایش بكه‌ن و زۆرجار له‌ گوتار و بۆچون و بیركردنه‌وه‌كانیاندا بێ سنوور زمانێكی دایلۆكی سه‌ربه‌خۆیانه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م زمان و ده‌ربڕین و گوزارشتكردنه‌ تاقه‌راخ ئه‌و بیركردنه‌وه‌ و ئاخافتنه‌دێت، كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی و پارتی بكرێت، ئیدی كاتێك هه‌ڵوێست له‌سه‌ر لایه‌نێكی دیی له‌ ده‌ره‌وه‌ی (پ د ك و ی ن ك) وه‌رده‌گرێت ئه‌م كه‌سانه‌ زۆرێكیان پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر خۆیان به‌ناوی سه‌ربه‌خۆوه‌ نمایش ده‌كه‌ن ئه‌وا پێویسته‌ لای خه‌ڵكی تێگه‌یشتوو نه‌ك كه‌سانێك كه‌ كۆیله‌ی حیزب و توانای بیركرنه‌وه‌یان لاوازبێت، ئه‌وانیان لا فریاد ره‌س بێت و به‌ قسه‌ی مرۆڤه‌ ناخ ئیسلامی و سیما سه‌ربه‌خۆكان باوه‌ڕ بكه‌ن.

رێگا چاره‌ خۆ یه‌كلای كردنه‌وه‌یه‌!
ده‌مێكه‌ بۆخۆم باوه‌رم پێیه‌تی و كاریشم له‌سه‌ری كردووه‌ ئیشی من نییه‌ به‌راست و به‌خراپ قسه‌ له‌سه‌ر ئیسلامی سیاسی و فه‌رهه‌نگ و بیركردنه‌وه‌كانیشیان بكه‌م تائه‌و راده‌ی باوه‌ڕم پێیه‌تی وازهێنان و خۆدورخستنه‌وه‌ له‌ ئیسلامی سیاسی و فیكر و كارنامه‌ و بیری چه‌قبه‌ستوویان به‌كاری خۆمم زانیوه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ گیرۆده‌یی ده‌ستی فه‌رهه‌نگێكی دواكه‌وتووی هاورده‌یه‌ و پێویستی به‌لێك جیاكردنه‌وه‌ی دینه‌كه‌یه‌تی نه‌ك تێكه‌ڵ كردنی به‌و مانایه‌ی كه‌ ئیسلامییه‌ دواكه‌وتووه‌كانی ئه‌مڕۆ مێشكی سه‌دان گه‌نجی خێر له‌خۆ نه‌دیوی ئه‌م وڵاته‌یان پڕ كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت، ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ دواكه‌تووه‌ ئیدامه‌ پێبده‌ن، كه‌ له‌ پره‌نسیپه‌كانیادا پڕه‌ له‌ جیاكاری ره‌گه‌زی و نوسینه‌وه‌ و هۆنینه‌وه‌ی چیرۆكه‌ خورافییه‌كان!

باسكردن له‌ ئیسلامی سیاسی پێویسته‌ بایكۆت بكرێت؟
به‌بۆچوونی من باسكردنێك یان وروژاندنی هه‌ر بابه‌تێك به‌ناوی ئیسلامی سیاسی یان هه‌ر جۆره‌ لێدوانێك له‌سه‌ر مه‌سائیلی سیاسیانه‌ی ئه‌و گروپانه‌ به‌ ئیدامه‌دان و زیندوكردنه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی رابردوودێت، چونكه‌ ئیسلامییه‌كان عه‌یامێكه‌ شه‌ڕ له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی نابه‌رانبه‌ری و ده‌ستكه‌وتنی نا یه‌كسانیانه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌ده‌ن.
بۆیه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ ئیشی ئێمه‌ ئه‌وه‌نه‌بێت كه‌ چیتر قسه‌ له‌سه‌ر ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌تی ئیسلامی یان خێڵگه‌ری بكه‌ین. وه‌ك چۆن لینین باوه‌ڕی وابوو له‌ خیتابه‌كانیشی ئاماژه‌ی به‌وه‌ ده‌دات بۆ هاورێكانی ده‌یگوت ئیشی ئێمه‌ ئه‌وه‌نییه‌ باسی ئاین بكه‌ین، به‌ڵكو كاری ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ سۆسیالیزم سه‌ربخه‌ین چونكه‌ ئه‌وه‌ی سۆسیالیزم بێت خۆی له‌ره‌هه‌نده‌كانی دین خاڵی كردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی به‌پره‌نسیپه‌كانی كۆمۆنیست بێت دینی هێنده‌ به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ شه‌ڕی كه‌لاوه‌ به‌كه‌لاوه‌و كۆڵانه‌ قورینه‌كانی بۆ بپێویت، چاكتر وایه‌ ئێمه‌ ژین و ژیان و كاته‌كانمان بۆ په‌ره‌پێدان و پێشخستن و سه‌ركه‌وتنی كۆمۆنیست سه‌ربخه‌ین". كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش خۆمان بۆ داهاتوویه‌كی پرشنگدار ئاماده‌كردووه‌ ده‌بێت بایكۆتی هه‌ر جۆره‌ باسكردنێكی سیاسه‌تی ئیسلامیانه‌ بكه‌ین چونكه‌ هه‌موومان ده‌بێت له‌و راستیه‌وه‌ بروانین ئه‌وان دژ به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆی خودی مرۆڤه‌كانن ئیدی بواره‌كانی تری ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ و ئینسانه‌كانی ئه‌وه‌ خراپی خراپتره‌.

كاتی تێگه‌یشتن له‌ ده‌مامكداره‌كان هاتووه‌!
وه‌كو باسمانكرد پێویسته‌ هه‌موو كه‌سه‌كان خۆیان یه‌كلای بكه‌نه‌وه‌ شه‌رم و عه‌یب نییه‌ له‌وه‌ی لایه‌نگیی چ حیزب و گروپ و پارتێك بی و به‌ئاشكرا هاواری خۆت بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ ئاشكرا بكه‌یت، به‌ڵام جێگای ترسنۆكی و شه‌رمیشه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی تۆی رۆژنامه‌نووس یان وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تا ئیستا له‌ رۆژنامه‌ نه‌گه‌یشتوون پێت ده‌ڵێن رۆژنامه‌نووس له‌ ناخه‌وه‌ ئیسلامییه‌كی سه‌رسه‌ختی كۆنه‌په‌ره‌ست بی و له‌ده‌ره‌وه‌ و به‌رووكه‌شیش خۆت به‌ ئازاد یان سه‌ربه‌خۆ نمایش بكه‌ت.
ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجه‌كانی نێو رۆژنامه‌ خۆیان به‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌زانن، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ روئیایه‌كی خۆشباوه‌ڕییان هه‌یه‌ وا له‌م كه‌سانه‌ گه‌یشتوون ئه‌وان سه‌ربه‌خۆن و خۆیان و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانیان وانیشانی ده‌ده‌ن، كه‌ بێخه‌ش و دوو دڵی ئه‌وان سه‌ربه‌خۆن.
زۆر راسته‌ تائه‌وكاته‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانه‌ كه‌ناویان ناهێنن بۆ ئه‌وه‌ی قوشقی و بای نه‌بن له‌ خۆیان ئه‌وان سه‌ربه‌خۆن، سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌شیان تا ئه‌و ئاسته‌یه‌ كه‌ ئه‌وان قسه‌ له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی ده‌كرێت به‌ڵام كار بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی قسه‌ له‌سه‌ر هێز و لایه‌نێكی تر به‌تایبه‌تی ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان ئه‌وان پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن!
ئێمه‌ ده‌مێكه‌ بۆمان روونبۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رووكه‌ش ئیسلامین، كه‌ پرن له‌ جه‌هاله‌ت و خاڵین له‌ دیالۆك كه‌مته‌رخه‌من له‌ بیركردنه‌وه‌ و بۆچوونی به‌رامبه‌ر به‌هه‌ند وه‌رگرتن، ئه‌وان ته‌نیا ئۆپۆزسیۆنی پارتی و یه‌كێتین، به‌ڵام كاتێك دێته‌ قسه‌ له‌سه‌ر لایه‌نێكی تر هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن ده‌رۆنه‌وه‌ ئه‌و چوارچێوه‌ و قاڵبه‌ی لیێوه‌ هاتوون یان ئامۆژگاریان وه‌رگرتووه‌.
لێره‌دا پێویسته‌ و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان خوێنه‌ر و بینه‌ر بیزانێت كه‌ هه‌ندێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی ئیسلامی سیاسی كه‌ عه‌لی باپیر به‌ پیرۆز ده‌زانن ناتوانن هه‌ڵویست به‌روویدا وه‌ربگرن و هه‌ر كاردانه‌وه‌كیش به‌رامبه‌ر به‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی یان ئیسلامییه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كانی دی وه‌ربیگرێت ئیدی به‌كوفری ده‌زانن. بۆیه‌ هه‌ڵوێست وه‌رناگرن به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان بیردێنیته‌وه‌ كه‌ هه‌موومان ئه‌وه‌باش بزانین ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ كه‌ خۆیان به‌ رۆژنامه‌نووس نمایش ده‌كه‌ن، نه‌ك ته‌نیا سه‌ربه‌خۆنین به‌ڵكو هه‌ڵوسارو لایه‌نگری ئه‌حزابێكی ئیسلامیشن!

ترس له‌ مرۆڤی ده‌مامكدار
وه‌ك چۆن ده‌گوترێت یان به‌ئاشكرا و نهێنیش كاره‌كانیان دیاره‌ له‌به‌ر ژه‌وه‌ندی حیزبه‌ باڵاده ست و له‌به‌ر ژه‌وه‌ندی پارتی یان یه‌كێتی كارێك ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ خۆی به‌سه‌ر به‌خۆ بزانێت كاره‌ساته‌ بۆ سه‌ربه‌خۆی ده‌ربرین و گوزارشتكردنێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان و گه‌رانه‌وه‌ی داخوازییه‌كانیان كه‌ ئیستا له‌ ئه‌نجامی بوونی ده‌سه‌ڵاتی بێپلانی كه‌سانێك به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن به‌ روونی و ئاشكراش ناعه‌داله‌تی و بێمافی مرۆڤه‌كان دیاره‌.
به‌ڵام دووروی و بیری دوفاقییه‌ی مرۆڤه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئێستای ئێمه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، چونكه‌ كه‌سی ده‌مامكدار و گوماناوی له‌ ژێر په‌رده‌ی بیری هه‌ر پارت و حیزب و لایه‌نێكدابێ و كه‌چی خۆی به‌ سه‌ربه‌خۆ بزانی و هه‌وڵه‌كانی بۆ فریودانی خه‌ڵكی تربێت له‌ پێناو ئه‌جێندایه‌كی تاریك ئه‌ویش پرۆژه‌ حیزبییه‌كانی ئیسلامی سیاسییه‌ به‌راستی ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌! خراپتر ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك فریو ده‌ده‌ن، زۆرێك له‌ ئیمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سانه‌مان لا ئاشكرانه‌بێت ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌كه‌وینه‌وه‌ فریودانی ئه‌وانه‌وه‌ و دواجار له‌خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ویستێكی ئیسلامییانه‌ی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ دا كار ده‌كه‌ین!
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە