بەیاننامەى دەستەى داكۆكى لە مافى زیندانییە سیاسییەكانى كوردستان

Monday, 21/02/2011, 12:00


دەستەى داكۆكى لە مافى زیندانییە سیاسییەكانى كوردستان

جەماوەرى خۆڕاگرى گەلەكەمان

وا خۆپیشاندانەكان پێ دەنێتە چوارەمین ڕۆژیەوە , مخابن لە برى گوێگرتن لە داواكانى جەماوەر كەشێكى سەربازى نەخوازراو خەریكە باڵ بەسەر تەواوى هەرێمەكەماندا دەكێشێت , و سات لە دواى سات هێزى پێشمەرگە و زێڕەڤانى پۆلیس و ئاساییش كوچە و كۆڵان و شەقامەكان دەتەنن و لە ئاكامى ڕەفتارى نامۆى هەندێك بەرپرسى نادڵسۆز لە بەڕەنگاربوونەوەى جەماوەر بە چەك , ژمارەى قوربانییانى ڕۆڵەكانى گەلەكەمان زێدەتر دەبێت و تەواوى چین و توێژەكانى گەلەكەمانیشى خستۆتە دڵەڕاوكێەكى بێئامانەوە و ڕەوشى ئارامیانى خستۆتە گومانەوە .
ڕۆڵە غەمخۆرەكانى گەل و نیشتمان
وێڕاى پشتیوانى تەواو لە ماف و داخوازییە ڕەواكانمان , داوا دەكەین :
1 بە وریاییەوە بەردەوامیى بە ناڕەزایەتییەكان بدرێت و نەهێڵین كەلێن دروست بێت و دەستى نەناسراوى ئەم و ئەو حیزب و لایەن دزە بكاتە ناومانەوە و ڕەوتى پیرۆزى خۆپیشاندانەكان بە ئاقارى مەرام و بەرژەوەندى خۆیاندا ببەن و ئاراستەكەى بگۆڕن .
2 ئەگەر دەسەلات بى وەلام ما یەوە هەوڵ بدرێت , شوێنێكى جێگیر و دیارى كراو دەست نیشان بكرێت وەك ئەمنە سورەكە و مانگرتنى فراوانى سەربەخۆى جەماوەرى دوور لە دەستتێوەردانى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ڕابگەیەنرێت و دەسبەردارى شێوازى ڕێپێوانى گەڕۆك ببین .
3 ڕێگە نەدرێت پاشاگەردانى ڕوومان تێ بكات و هەرچى زووترە كۆمیتەیەكى هەڵبژێردراوى بێلایەن نوێنەرایەتى ناڕەزاییەتەكەمان بكات و لە چوار چێوەى مافە ڕەواكانماندا نوێنەرایەتیمان بكەن .
4 پێداگیریى لە سەر نەهێڵانى دیاردە هەنوكەییەكان بكرێت لە سەربازاوى كردنى شەقام و شارەكان و ئازاد كردنى زیندانییانى سیاسى دەركردنى بارەگا حیزبییەكان لە شاردا و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەى شار .
5 دەبێت ئاستى باڵاى سەرۆكایەتییەكانى هەرێم و پەرلەمان و حكومەت بێن بە دەنگى داخوازییەكانمانەوە بۆ كردنەوەى كەناڵى گفتوگۆ و وتووێژ لە سەر خواستە جەماوەرییەكان بە تا یبە تى .ئەوانەى كە چەند جار بە مەبەستى بە دیهینانى داخوازیە كانیان ریپیوان و مان گرتنیان ئەنجام داوە
6 هەرچى زووە ئەوانەى بە چەك بەرەو ڕووى جەماوەر وەستاونەتەوە و خوێنیان ڕشتووە بدرێنە دادگایەكى سەربەخۆى بێلایەن .
7 پێویستە بە دوور بین لە پەلاماردان و پەلاماردەرانى سەرمان ڕیسوا بكەین و لە بەرامبەر گوللە بە گوڵ وەڵامى هێزە چەكدارەكان بدەینەوە و ڕێگە نەدەین بە خوێنى ئێمە ئاگردانى شەڕى ناوخۆ گەرم بكرێت .
8 ڕێگرى بكەین لە دەستدرێژیى تاڵانچى و پیاوخراپ بۆ سەر پیرۆزییەكانى تاكەكانى كۆمەڵگاكەمان و ئاشكرا و ڕیسوایان بكەین و پاراستنى ماڵ و سەر و سامانى هاوڵاتیان بە ئەركى خۆمان بزانین .
9 بوغز و شەڕى كۆنەقین و ململانێى حیزبى شەرمەزار بكەین و نەهێڵین بۆ یەكلایى كردنەوەى كێشەكانیان ئێمە بكەن بە پرد و مەرامە پەنهانەكانیان تێكەڵ بە سەروەرى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانمان بكەن .
10 داوا بنەڕەتییەكانمان لە قەڵاچۆ كردنى گەندەڵى و لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران , دامەزراندنى دەزگاى نەزاهەى ناحیزبى , ئاشكرا كردنى بودجە و داهات , دادپەروەرى كۆمەڵایەتى , ڕێكخستنى بازاڕ , باشتر كردنى گوزەرانى هاوڵاتییان , جیاكردنەوەى حیزب لە حكومەت , سەربەخۆیى دەزگا دادوەرییەكان , دیارى كردنى دوو خول بۆ سەرۆكایەتى كردنى هەرێم , كارا كردنى پەرلەمان , ڕوونكردنەوە لە بە قاچاغ بردنى نەوت , پەرەدانى زیاتر بە كەرتى خزمەتگوزاریى گشتى , چاككردنەوەى بارى ئێستاى كارەبا , كەمكردنەوەى بێكارى , ڕێكردنەوە بۆ بازرگانان بە گشتى و بە یەكسان بۆ بوژاندنەوەى بازاڕ و ڕێگرتن لە قۆرخكارى و دەست بە سەردا گرتنى لە لایەن حیزبەوە , دامەزراندنى دەرچووانى زانكۆ و پەیمانگاكان و دەركردنى یاسا یەكى خانەنشینى ئەوتۆ كە ژیانى خانەنشینان فەراهەم بكات بۆ ئەوەى ڕێگە بكرێتەوە بۆ بە تەكنۆكرات كردنى دامودەزگا حكومى و ئیدارییەكان , هەموار كردنى یاساى خۆپیشاندان و ڕۆژنامەوانى و هەموو ئەو یاسا یانەى كە كۆمەڵگاكەمان بەرەو شارستانیەت ئەبەن , وێڕاى ئەمانەو گەلێكى تریش , پێویستە بە هەموو شێوەیەك تەزكیەى حیزبى و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت بنبڕ بكرێت , بۆیە ئەبێت بوار نەڕەخسێنین ئەم داوا ڕەوایانەمان گومناو بكەن و لە جوغزى سوتاندن و تێكدانى بارەگایەكى حیزبیدا كۆ بكرێنەوە و پاساو بۆ ڕەفتارى سەركوتكارانەى دەسەڵاتیش خۆش بكرێت .
هێز و حیزب و لایەنە سیاسییەكانى كوردستان
داوامان وایە بە ئەرك و ڕۆڵى خۆتان هەستن و بێ بیر كردنەوە لە بەرژەوەندى تەسكى حیزبایەتى هەوڵ بدەن :
1 هێزە سەربازییەكان بچنە دەرەوى شار و سیماى كوشتارگە بە ڕوخسارى ئاوەدانییەكاندا نەمێنێتەوە .
2 حیزبە دەسەڵاتدارەكان گوێڕایەڵى داواى جەماوەرى بەشمەینەتى گەلەكەمان بن .
3 دەرگاى گفتوگۆ لە نێوان خۆپیشاندەران و دەسەڵات بخرێتە سەر پشت .
4 ناسنامەى كەمتەرخەم و كەمبا یەخان بەو بارودۆخە لە هەر لایەك بن ئاشكرا بكرێن .
5 دەزگاكانى ڕاگەیاندن بۆ هێوورى بارگرژییەكان بخرێنە كار .
ئەى ڕۆڵە بە ئەمەكەكانى هێزە چەكدارەكانى حیزب و حكومەت
كاتى ئەوە هاتووە چەكەكانتان نەفرەت لێ بكەن و لوولەكانى ڕوو لە زەوى بكەن و دەرفەت نەدەن برادەرەكانتان گوللە ئاراستەى سنگى خوشك و براكانتان بكەن , ئێوە ڕۆڵەى ئەم میللەتەن میللەتیش بە هیواى پشتیوانیتانە , هەوڵ بدەن پارێزگارى لە خۆپیشاندانەكان بكەن و ڕیزەكانى تۆكمەتر بكەن و چاو لە سوپاى میسڕ بكەن .
لە كۆتاییدا دوپاتى ئەكەینەوە كە تەواوى تواناكانمان بۆ بەدیهێنانى ئامانجەكانى جەماوەر و پاراستنى ئاساییشى هەرێمەكەمان و ئۆقرەیى هاوڵاتییان ئەخەینە گەڕ و هەموو كردەیەكى سەركوت و بەگژداچوونەوەى سەربازى لە بەرامبەر جەماوەر لە ژێر هەر پاساوێكدا بێت پرۆتیستۆ ئەكەین .

سەرى ڕێز لە ئاستى گلكۆى شەهیدانى خوێن بە ناهەق ڕژاوى خۆپیشاندەران دائەنوێنین و هیواى زوو چاكبوونەوەش بۆ زامداران ئەخوازین ,

سەركەوتن لە یەكگرتندایە

دەستەى داكۆكى لە مافى زیندانییە سیاسییەكانى كوردستان



 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە