کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌رزش کردنیش به‌ پێی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان ئاساییه‌!!!

Friday, 03/07/2009, 12:00


ئه‌و ده‌ستووره‌ سه‌قه‌ت و کرچ و کاڵه‌ی که‌ چایخانه‌ کۆنه‌که‌ی کاک عه‌دنان ،به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ و وه‌ به‌ زۆری زۆرداری له‌ دوای واده‌ی به‌سه‌ر چوونی په‌رله‌مان به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌م هه‌رێمه‌ دا سه‌پێنرا، له‌ دوایشدا سه‌رۆکی هه‌رێم و مه‌کته‌بی مقاولاتی هه‌ردوو حیزب بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن که‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وته‌ که‌ کابینه‌ی پێنجه‌م به‌ده‌ستی هێناوه‌،،،وه‌ خۆڵیش ده‌که‌نه‌ چاوی خه‌ڵک که‌ زۆر گرنگه‌ کوردستانیش له‌ چوار چێوه‌ی عێراقی فیدڕالدا ده‌ستووری هه‌بێت ،که‌چی ماوه‌ی 18 ساڵه‌ خۆیان لێی له‌ گێلی داوه‌ و که‌س ناچێت به‌لایه‌وه‌،،وه‌ درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌که‌ش ته‌نها ئامانج په‌سه‌ند کردنی ئه‌م به‌ناو ده‌ستووره‌ بوو ،چونکه‌ ده‌یانزانی 1/7 /2009 پشووی فه‌رمی په‌رله‌مانه‌،،له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، ساڵانی ڕابردووش لێژنه‌ی ئاماده‌کاری ده‌ستوور له‌ دوای 2 ساڵ ، له‌ کاتی پشووی هاوینه‌ی په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه‌ی خۆی به‌ست و بووه‌ هۆی ناڕه‌زاییه‌کی زۆر له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی چایخانه‌که‌ی کاک عه‌دنان، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت وه‌کو هاوڵاتیه‌کی ئه‌م هه‌رێمه‌ باسی بکه‌م ئه‌وه‌یه‌ ،ئه‌و ده‌ستووره‌ هیچ شتێکی باشی بۆ هاووڵاتیانی کوردستان تێدا نیه‌، چۆن ده‌نگ به‌ ده‌ستوورێک ده‌ده‌م که‌ ئێستا ده‌یه‌وێت هه‌موو بواره‌کانی ژیانم بۆ ته‌نها کۆمه‌ڵه‌یه‌کی بچووک قۆرخ بکات،، شتی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی تێدایه‌، له‌وانه‌:
* - له‌ ما‌دده‌ی 19 ،،،که‌رامه‌ت و ژیان و ئازادی دا له‌ بڕگه‌ی 14 دا ده‌ڵێت :
وه‌رزش کردن مافی هه‌موو هاووڵاتیه‌که‌ و ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ هانی بۆ بدا وداموده‌زگای تایبه‌تی بۆ دامه‌زرێنێ و پێداویستیه‌کانی بۆ ئاماده‌ بکات.
که‌واته‌ ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌ستووریان نووسیوه‌ته‌وه‌ ،مه‌به‌ستم ئه‌و ده‌ستووره‌ی په‌سه‌ند کراوه‌ ، هیچ کات نه‌چووینه‌ته‌ ناو خه‌ڵک ، چونکه‌ کاری ده‌ستوور ئه‌وه‌ نیه‌ وه‌رزش بۆ من به‌ پێی یاسا و ده‌ستوور بکه‌م، 18 ساڵه‌ به‌ ئازادی خه‌ڵک وه‌رزش ده‌کات و ئێستاش پێویستی به‌ یاسا نیه‌، یاخود هیچ نه‌مابوو مادده‌کانی پێ پڕ بکه‌نه‌وه‌ تا نیشانی خه‌ڵکی بده‌ن، ؟!
وه‌ له‌ یه‌کێک له‌ مادده‌کانی تر که‌ مادده‌ی 51 ده‌ڵێ:
سه‌رۆکی په‌رله‌مان و جێگره‌که‌ی و سکرتێری گشتی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان شایانی چه‌ند ماف و ئیمتیازاتێکن که‌ سه‌ربه‌خۆیی وڕوشێکی ژیانی گونجاویان بۆ دابین بکه‌ن،ئه‌مه‌ش به‌ یاسا دیارده‌کرێن و ڕێکده‌خرێن.
له‌م مادده‌یه‌دا ئه‌ندام په‌رله‌مان وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ هه‌موو کاتی خۆی بۆ خزمه‌تکردنی خه‌ڵک دابین ده‌کات،! که‌ ئه‌وانی تر هاووڵاتیان مافی ژیانی خۆش و شیاویان نه‌بێ؟! که‌سێک ده‌رچووی زانکۆیه‌ 450 هه‌زار وه‌ربگرێت و بچێته‌ سه‌ر سنوور ، به‌ڵام ئه‌ندامی په‌رله‌مان جگه‌ له‌ مووچه‌ زۆره‌که‌ی که‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ 15 ده‌رچووی زانکۆ، کارتی مۆبایل و هاتووچۆی خۆی و خێزانه‌کانیان،، گه‌شته‌ بێ ماناکانی ده‌ره‌وه‌یان،، ،،هتد. ئه‌وه‌ ته‌نها ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌ و وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ وه‌رزشی به‌یانیان بکات ده‌ستیان به‌رزده‌که‌نه‌وه‌و دایده‌به‌زێنن.
بۆیه‌ ده‌نگ به‌و ده‌ستووره‌ مه‌ده‌ن ،ئه‌وه‌یه‌ ئیمتیازاتی ئه‌ندامی په‌رله‌مان ،که‌ له‌ مه‌ریخ هاتووه‌، قسه‌ی زۆرێک له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌ له‌ کاتی هه‌ندێک کێشه‌و گرفت ده‌ڵێن: ئێمه‌ش وه‌کو ئێوه‌ هاووڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ین و خۆ له‌ مه‌ریخ نه‌هاتووینه‌ سه‌ر زه‌وی،، به‌ڵام له‌ ئیمتیازات له‌ مه‌ریخ هاتوونه‌ بۆیه‌ وایه‌.
له‌ مادده‌ی 68 بڕگه‌ی یه‌که‌م ده‌ڵێ:
له‌ حاڵه‌تی ده‌ست له‌ کار کێشانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم،یان مردنی،یان په‌ککه‌وتنی به‌ جۆرێک که‌ نه‌توانێ ئه‌رکه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجام بدا جێنشینێکی له‌ ماوه‌ی 60 ڕۆژدا بۆ هه‌ڵده‌بژێردرێ بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ.
لێره‌دا مافی جێگره‌که‌یه‌تی که‌ سه‌رۆکایه‌تی بگرێته‌ ده‌ست ئه‌گینا ده‌بێته‌ کارتۆنی .
له‌ مادده‌ی 114 ده‌ڵێت:
سه‌رۆکی هه‌رێـمی کوردستان و جێگره‌که‌ی و سه‌رۆکی په‌رله‌مان ه‌ جێگره‌که‌ی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌کانی و وه‌زیره‌کان و ئه‌وانه‌ی پله‌ی تاییبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ دادوه‌ره‌کان و داواکاری گشتیه‌کان و جێگرانیان ئه‌وانه‌ی له‌ پله‌ی ئه‌واندان،شتێک له‌ سامانه‌ گشتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان-عێراق بکڕن یان به‌کرێ بگرن یان شتێک له‌ موڵکی خۆیان به‌ داموده‌زگاکانی هه‌رێم بفرۆشن یان به‌ کرێ بده‌ن یان گرێبه‌ستێک مۆر بکه‌ن به‌ ناوی ملتزم (پابه‌ند) یا هاوردکار،یان به‌ڵێنده‌ر،راسته‌وخۆ یان به‌ هۆی که‌سێکی تره‌وه‌.
ئێستا چ کاربه‌ده‌ستێکی ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌یه‌ که‌ چه‌نده‌ها کۆمپانیا و پرۆژه‌ی زه‌به‌لاح و گه‌وره‌یان نه‌بێت ،، فازیل میرانی،، زه‌عیم عه‌لی ،، د.رۆژ نوری شاوه‌یس،، نه‌وزاد هادی،،سه‌عدی پیره‌،،عومه‌ر فه‌تاح،،د.به‌رهه‌م ساڵح،،،هتد.
وه‌ هه‌ریه‌کێکیش له‌ وانه‌ چه‌نده‌ها خانوویان داوه‌ به‌ حکومه‌ت به‌ کرێ و یان خانوویان گرتووه‌،،،وه‌ هه‌ریه‌کێکیش له‌ مانه‌ ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی مۆدێلی تازه‌ی ئۆتۆمبێله‌کانی کۆمپانیاکانی خۆیان،، چه‌نده‌ها سه‌یاره‌ بۆ خۆیان و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان ده‌کڕن.
وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌ستووره‌ی که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و چه‌ڵکاو خۆره‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌پڵی بۆ ده‌کووتن و ده‌یانه‌وێ به‌ زۆر بیسه‌پێنن به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌م هه‌رێمه‌دا،،بۆیه‌ داواکارم له‌ خه‌ڵکی کوردستان که‌ ده‌نگ نه‌ده‌ن به‌م ده‌ستووره‌.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستووره‌ فه‌رموو ئه‌م لینکه‌ ببینه‌.
http://www.peyamner.com/filesbank/pdf/230609063053.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە