کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاگری نەورۆز بۆ چی؟!

Wednesday, 16/03/2011, 12:00


نوری
" نەورۆز" وشەیەكی فارسییە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ھیندێك حەول لە 100 ساڵی ڕابردوو لە ئێران دا، بۆ دروستكردنی مەجمووعەیەك ئەفسانە و چیرۆكی تەزویر. ئەو شتە تەزویرانە و كۆمەڵێك مێژووی بێ بنەمای دیكە كران بە ھەوێن بۆ خۆبەزلزانیی قەومی فارس و دانانی پاڵپشت بۆ دەوڵەتی مۆدێڕنی ڕەزاشا لە سەرەتای قەڕنی بیستەم دا. نێوەرۆكی چیرۆكەكەش حیكایەت لە ڕووخانی زحاك بە دەست فەرەیدون دەكا كە زحاك دەبێ ھەر ئاستیاك ی ئاخیر پادشای ماد بێ، بە حیسابی ئەو مێژووەی لە سەر كاغەز ھەیە. ھەڵپەڕینی كوردان بۆ ڕووخانی ئاخیر پادشای ماد بە دەست ھەوەڵ پادشای فارس لە مێژوو دا شتێكی سەیروسەمەرەیە.

دروستكردنی دوو مار لە سەر شانی ئاستیاك واتە زوحاك و فەخر و سەربەرزیش بۆ بەرامبەرەكەی و كوتك وەشاندنی كاوە و ئاگرەكەی نەورۆز و ئەو باسانە درۆن. با خەڵكی خۆمان لەوانە ئاگادار كەینەوە و شەففافیەت نەك ھەر لە ئیدارە و سەرفی بودجە و سیاسەت دا بكەین، بەڵكوو لە كلتوور و مێژووش دا چاوكراوە بین. بە ئێرانی و فارسی ناساندنی نەورۆز لە لایەن یوو ئێن ـەوە دەرفەتی چاكە بۆ ئەوەی درۆیەكی زەبەلاح بە ناوی نەورۆز لە قاو بدەین و ئەو شتە ڕاست بكەینەوە. دووكەڵ ساز كردن و ئاوركردنەوە و تسوونامییەك لە درۆ لە سەر مێدیا كوردییەكان سەبارەت بە مێژووی نەورۆز لە چەند ڕۆژی داھاتوو دا دەست پێ دەكا و پیاوی جاڕز دەكا. تێفكرین و لێكدانەوەیەكی ناوەكان لە چیرۆكەكە دا حەقیقەتی باسەكە دەردەخا و نەورۆز شەففاف دەكاتەوە. ناوی زحاك یان سحاك لە اسحاق ـەوە وەرگیراوە. نەوروز (نەك نەورۆز) ھەر گۆڕدراوی نەورود یان نەمرود ـ ـە و كاوەی كوتك وەشێن لە كەسایەتیی حەزرەتی ئیبڕاھیم خەلیل كۆپی كراوە لە دەیان خاڵی وێكچوون دا. كاتێك لێی دەكۆڵیەوە، لە نزیك بە 20 خاڵ دا ھەرچی لە باسی ئیبڕاھیم ی خەلیل دا دەیبینی كۆپییەكەی لە كەسایەتیی " كاوە" ش دا دەدۆزییەوە، وەك: كوتكی كاوە وا تەوری ئیبڕاھیم، ئاوری نەوروز و ئاوری نەورود (نەمرود) ، سەربڕانی كوڕی كاوە و كوڕی ئیبڕاھیم، تەمەنی پیریی كاوە و پیریی ئیبڕاھیم و بەرانەكە كە لە باتی كوڕی ھەردووكیان سەر دەبڕدرێ لە ھەر دوو چیرۆك دا. تەنانەت ناوی ئەو كەسەی بەرانەكە بۆ ئیبڕاھیم دێنێ لە گەڵ ناوی ئەو كەسەی بە سەربڕینی مەڕ و دەرخوارددانی مێشكەكەی بە مارانی زوحاك كوڕانی مەتبەخی زوحاك لە سەربڕان نەجات دەدا وێك دەچن. لە چیرۆكی ئەسلی دا ناوی جوبڕائیل و ئیسماعیل ھەیە، لە كۆپییەكە دا (كە نەوروزە) دوو كەس بە ناوەكانی ئەرمایل و گەرمایل لە مەتبەخەكەی زوحاك بۆ نەجاتی كوڕی خەڵك مەڕ سەر دەبڕن و مێشكەكەی دەدەن بە مارەكان و... ھتد. ھەروەھا كاتی ڕاپەڕینی كاوە لە گەڵ كاتی ڕاپەڕینی ئیبڕاھیم وێك دەچن لەوە دا كە ھەر دووكیان لە غیابی دەستەڵات دا زەبری خۆیان دەوەشێنن، كاوە بە كوتكەوە لە كاتی بە سەفەرچوونی زحاك دا خەڵك وەدوای خۆی دەدا و كۆشكەكە دەگرێ، ئیبڕاھیم ـ یش لە كاتی چوونە دەری خەڵك بۆ سەیران زەفەر بە بتەكان دەبا و بە تەورەكەی وەردەگەڕێتە سەر و سەكوتیان. ئیبڕاھیم دوای ئەوە دەخرێتە مەنجەنیق و ئاگری بۆ دەكرێتەوە و كاوەش دوای ئەوە ئاگر دەكاتەوە. ئاگرەكە بۆ ئیبڕاھیم سەركەوتنی بە دوا دادێ و بۆ كاوە ڕەمزی سەركەوتنە.

خەڵكە خۆماڵییەكە كە من لێیان دەپرسم دەڵێن پێشتر گوتوومانە نەورۆز ھی عەجەمانە. لە كوردەواری دا لە ساڵی 1948 داوا لە مامۆستا پیرەمێرد دەكرێ كە بۆ ئەو بۆنەیە شێعر دابنێ و ئەو دەڵێ: جێژنێكی قەومی كوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە. دواتر خوالێخۆشبوو حەسەن زیرەك لە ڕادیۆی كرماشانەوە سروودەكە بە جەعلكراوی دەڵێتەوە. لە ئیزگەی كرماشان كە لە ژێر ئیدارەی دەوڵەتی شا دابوو شیعرەكە تێكھەڵكێش بە وەسفی شای ئێران دەكرێ و لە جێی "جێژنێكی قەومی كوردە"، زیرەك دەڵێ جێژنێكی كۆنی كوردە. ئەم كۆن بوونە لەو ڕێگایەوە بە سەر كلتووری ئێمە دابڕاوە، بە غەیری ئەوە نەوروز كۆن نیە و تەنیا ھەڵگێڕدراوە و كۆپی كراوی چیرۆكەكەی نمرودە لە سەدەیەك لەمەو پێشەوە.

وام پێ باشە بە پیر نوێ بوونەوەی تەبیعەت و فەسڵی بەھارەوە بڕۆین و بە جێی تیكرار كردنەوەی چیرۆكی ئاڵۆز و پڕ لە درۆی مار و ئاور و زحاك و كاوە، لەو ڕۆژە دا كە یەكەم ڕۆژی بەھارە لە بیری ژینگە و خاوێن ڕاگرتنی دابین و لە جیاتی ژینگە پیس كردن و ئاور كردنەوە و چڕە دووكەڵ و جەو خراپكردن، دار بچەقێنین با سال لە گەڵ ساڵ گەورە بێ و كوردستان سەوز بكاتەوە.

بە خێر بێ وەرزی بەھار و ئاوەدان بێ كوردستان
بە ھیوای سەربەرزی ھەموو ھاووڵاتیان

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە