کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ووتارى ((ناوەندى قەڵادزێ بۆ داكۆكى كردن لە زیانلێكەوتووانى دەڤەرى پشدەر)) لە مەراسیمى یاد كردنەوەى 36 ساڵەى قوربانیانى كارەساتى بۆردوومانى ق

Saturday, 24/04/2010, 12:00


یادى 24 \ 4 بەرز ڕادەگرین
خەڵكى ستەمدیدە و خۆڕاگرى دەڤەرى پشدەر
جەماوەرى بەئەمەكى كوردستان
ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان
سى و شەش ساڵ بەر لە ئێستا لە 24 \ 4 \ 1974 دا كە دانیشتوانى لانكەى شۆڕش و بەرخودان , قەڵادزێى مەڵبەندى قارەمانێتى و بەڕەنگاربوونەوە بە خۆشنوودییەوە لە وەرزى زەماوەندى گوڵ و پەپولەدا سەرقاڵى بەسەر بردنى ژیانى ئاسایى خۆیان بوون , فاشیستەكانى بەعس فڕۆكەكانیان بە مەرگ ئاوس كرد و لە ئاسمانى قەڵادزێ دا ژانى پڕ تاوانى خۆیان كردە ناپاڵم و چەكى كۆكوژى یاساغى نێودەوڵەتی و بەسەر سەرى خەڵكى بێتاوانى ئەو دەڤەرەدا دایانباراند .
لە ماوەى حوكمى بەعسی خوێنمژدا , قەڵادزێ هەمیشە لە نێو قەڕەووڵى بەعسییەكان دا بوو بۆ ئەوەى ماناكانى ژیانى تێدا بسڕنەوە , خەڵكەكەشى بەردەوام وانەى خۆڕاگرییان ئاراستەى ویژدانى مردووى نێودەوڵەتى و دامودەزگاكانى ئەكرد و جار لە دواى جار جوامێرانەتر پلانە نەگریسەكانى دوژمنانیان لەبەر یەك هەڵئەوەشاندەوە , و مەرگ و ماڵوێرانى زەڕەیەك لە وورەى لە بننەهاتوویانى كەم نەدەكردەوە و ببوونە سیمبولى مقاوەمەت و ئازایەتى .
لەم یادە شكۆمەندانە پڕ لە ئازارەدا وێڕاى دانەواندنى سەرى ڕێزمان بۆ هەموو زیانلێكەوتووانى مادى و مەعنەوى و كڕنوش بردنمان بۆ گلكۆ و مەزارى شەهیدان , ڕایدەگەیەنین و داوا دەكەین كە دەبێت هەوڵ و تواناكانى خۆمان یەك بخەین و دەستە جەمعى كار بۆ بە سزا گەیاندنى توندى ئەنجامدەرانى تاوانەكانەكان بكەین و كەیسى كارەساتەكانى قەڵادزێ لە دادگاى باڵاى تاوانەكان دا بە بایەخەوە قسەى لەسەر بكرێت و بە مكوڕییەوە پێ لەسەر وەدەست هێنانى مافەكانمان بكرێت و جگە لە سزاى تاوانباران دەبێت حكومەتى ناوەندیى بەغا بە فەڕمى داواى لێبووردن لە خەڵكى ناوچەكە بكات و بەڵێنى قەرەبوو كردنەوەى هەموو ئەو نەهامەتییانە بدات كە بە سۆنگەى تاوانە یەك لە دواى یەكەكانى بەعسییەكانەوە دووچارمان هاتووە , لە هەمان كات دا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ ساڕێژ كردنەوەى برینەكان و سووك كردنى قەرزەكانى سەرشانى لە بەرامبەر دانیشتوانى شۆڕشگێڕى ناوچەكە , ئاستى خزمەتگوزارى و بە پیرەوە چوونى خواستى خەڵكى دەڤەرەكە بە بایەخەوە تەماشا بكات و هەنگاوى باشترى بۆ بنێت و ئاسەوارى تاوانى دڕندانەى بەعس لە ناوچەكەدا بسڕێتەوە و پشتیوانى تەواوى بەرەو پێشبردنى كەیسەكەمان بێت لە دادگاى باڵاى تاوانەكانى عێراق دا بۆ ئەوەى شەهیدانمان ئاسوودە و زیانلێكەوتووانیش شادمان بن .

نەمرى بۆ شەهیدان
سەرشۆڕى زیاتر بۆ دوژمنان


ناوەندى قەڵادزێ بۆ داكۆكى كردن لە زیانلێكەوتووانى دەڤەرى پشدەر
24 \ 4 \ 2010



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە