کێ خوا دەناسێت !
Sunday, 14/04/2013, 12:00
خوا و قودرەت و دەسەڵات ئاوێتەی یەکن ، خوا ووشەیەکە کە ئەوانەی مەستی دەسەڵاتن بەکاریان هێناوە بۆ چاوترساندنی خەڵکی و بەرقەرار کردنی دەسەڵاتی خۆیان ، خوا ئەگەر بوونی هەبێت چۆن ڕێگا بەو کەسان و کەسانە ئەدات بەناوی ئەوەوە ئەم کارە بکەن ، هەموو دینەکان باس لە قودرەتی موتڵەقی خودا ئەکەن ، بەڵام هەموویان زوڵمیان کردووە و خەڵکیان چەوسانۆتەوە ، ئەی خوا چی کردووە ؟ ، خوایەک ئەگەر خاوەنی ئەو قودرەتی کول فەیەکون بێت چۆن ڕێگا ئەدات ئەم هەموو کارەساتە بەناوی ئەوە بکرێت ، ئەی ناڵێن خوا ئاگەداری هەموو شتێکە ، کەواتە خوا یان ئەم زوڵمەی کە بەناوی ئەوەوە کراوە پێ ڕازییە یان شەریکە بەشە یان هەر ووجودی نییە ، من لە ڕوانگەی خۆمەوە بڕواناکەم خوایەک هەبێت هەموو ئەمانەی لەبەر چاو بێت و بێ دەنگ بێت ، عبدوللە ئۆج ئالان لەبارەی خوداوە دەڵێت (
ئەم منداڵە بچکۆلەیەی خوداوەند کە بەنهێنی لە راڕەوەکانی مێژودا گەورەبوو ، درەوشایەوە و بوو بە پارە ، لەسەردەمی سەرمایەداریدا لەناو کۆمەڵگا ئاشکرا بوو و هاتە مەیدانەوە . بە جۆریك خۆی شیرین کرد و پەسەند کرا ، تەواوی خوداوەندەکانی چاخەکانی پێشووتر لەناوچوون . پادشاکان لەسەر زەوی بەکێس کران . لە کەللەیان درا . خوێناویترین سەردەمی بەسەر مرۆڤایەتیدا سەپاند . تا مۆخی ئێسقان چەوسانەوەی بەڕێوەبرد . ژێر زەمین و سەرزەمینی پیسکرد ، تێکەڵی کرد . لەڕاستیدا مرۆڤ و زیندەوەرەکانی دیکەی قڕ کرد) کەواتە ئەوە خوداوەندە کە ئۆج ئالان باسی کردووە و ئەم ئەنفالە بەسەری کورد هاتووە نەتیجەی خۆشەویستی ئەو خودایەیە کە سەرمایەداری بانگەشەی بۆ ئەکات لەگەڵ قورعانەکەیدا ، ئەی باشە خوداوەند ئەوەندە عادل بێت وەک ئیسلام و دینەکانی تر باسی دەکەن ئەم ئەنفالە چۆن ئەکات ، ئەم ئەنفالە دژی فەلسەفە و ڕێساکانی خودا خۆیەتی ، باشە ئێمە یەخەی گێبگرین ؟ ، خودا یان ئیسلام ؟ ، عەرەب یان مەلاکان ؟ ، چۆن دادگایەک پێکبهێنین ؟ ، دەستمان ناگاتە خودا ، چونکە ناوە ، ئەم ناوەش تاجێکی ڕەشە و کراوەتە سەر دڵ و سەر دەماغی هەموومان کەهیچیشمان نایبینین ، ئەم ئەنفالە مۆرێکی ڕەشە بە ناوچەوانی خوداو و دین و مرۆڤایەتی کە بێدەنگ بوونە لێی بەتایبەتی ئیسلام ، هەمیشە کورد ڕوبەرووی کوشتاری بونەتەوە هەرجارەیەکیان بەناوێک تاکو ئێستا کورد کۆمەڵێک لە تاوەنبارانی داوەتە دادگا بەڵام ئەنفال نادرێتە دادگا مەگەر وەک ئیسلام ئەڵێت ئەبێت خۆمان هەڵگرین بۆ قیامەت و لەوێدا یەخەی خوا بگرین ، من دڵنیام لەو ڕۆژەشدا خودا بیانویەک ئەهێنێتەوە و کوردی دڵ سافیش عافوی ئەکات ، بەڵام من لەبەر ئەوەی باوەڕم پێی نییە خۆم هەڵناگرم بۆ ئەو ڕۆژە هەرئێستا دادگایەک پێک ئەهێنم و خۆم و خوا ئەچینە دادگای ویژدان یەخەی ئەگرم تاکو پێمان بڵێت ئەم ئەنفالە چۆن کرا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست