کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


موسعود بارزانی 31 ی ئابی قه‌بوڵ کرد

Tuesday, 31/08/2010, 12:00


14ساڵه‌ نه‌ برینی ئه‌م گه‌له‌ سارێژ بووه‌ و نه‌ خوێنی جه‌رگی دایکانی شه‌هیدانی 31 ئاب ڕاوه‌ستاوه‌ و نه‌ منداڵه‌ بێ باوک کراوه‌کانی 31 ی ئابه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی ئه‌م ڕۆژه‌ شومه‌یان له‌ یاد چووه‌ ، مێژووی هه‌موو میلله‌تێک بێ گومان بێ نه‌هامه‌تی و دوور له‌ خیانه‌ت نه‌بووه‌ ، به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ مێژوو نوسێک یان لێکۆڵه‌وه‌رێک بتوانێت ئه‌و خیانه‌ته‌ی مه‌سعود بارزانی له‌ 31 ئابدا له‌ کوردی کرد له‌ دووتۆی په‌رتوکی مێژووی میلله‌تێکی تردا به‌دیبکات ، له‌ سیاسه‌تدا پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ هه‌نگاوه‌کانی سیاسه‌ت له‌ وانه‌یه‌ گونجاو بێت ، له‌ سیاسه‌تدا و له‌ شه‌ڕیشدا ئاداب و نه‌ریتێکی تایبه‌ت هه‌یه‌ که‌ هه‌رگیز که‌سانی خاوه‌ن که‌رامه‌ت ده‌ست به‌رداری نه‌بوونه‌ ، له‌ زۆر کاره‌ساتی مێژووی شه‌ڕی کۆن یان مۆدرێندا که‌ دوو هێز ڕوبه‌ڕوی یه‌کتر بونه‌ته‌وه‌ ڕێزیان له‌ قاره‌مانه‌کان گرتووه‌ و زۆرجاریش به‌خشبه‌ر بوونه‌ ، پێیان له‌نگ بووه‌ که‌ که‌سانی جوامێر بکوژن یان ڕاده‌ستیان بکه‌ن ، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی قانونی هه‌موو ڕێیاساکانی شکاند و ته‌ڕ و ووشک و جوامێر و نا جوامێری کرده‌ قوربانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆی .
په‌ندێکی پێشینانی کورد هه‌یه‌ له‌ باره‌ی ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌وه‌ که‌ بێ شه‌رمن و بێ ئابڕو و گوێنه‌دانه‌ که‌سایه‌تی و ده‌وروبه‌ری و گوێنه‌دانه‌ به‌ها مرۆیه‌کان .. په‌نده‌که‌ ده‌ڵێت { ئه‌و ئیتر گوێناداته‌ هیچ شتێک چونکه‌ ئاره‌قه‌ی ناوچه‌وانی تکاوه‌ } ، هه‌ڵبه‌ت وه‌ک نوسه‌رێک نه‌ده‌بوایه‌ وا بڵێم به‌ڵام مه‌سعود بارزانی ڕێگا چاره‌یه‌کی تری له‌ به‌رده‌ماندا نه‌هێشتۆته‌وه‌ ، ئێمه‌ هه‌رگیز 36 شه‌هیده‌که‌ی بنکه‌ کولتورێکه‌ی هه‌ولێر که‌ باکوری بوون له‌ بیر ناکه‌ین هه‌روه‌ها هه‌رگیز .. هه‌رگیز 31 ی ئابیش ، ئه‌م 2 کوشتاره‌ به‌ ئیمزای خودی مه‌سعود بارزانی ئه‌نجام دراوه‌ ، هه‌ردوکیشی دژ به‌ کورد ، 31 ئاب مێژوویه‌کی پڕ شه‌رمه‌زاری و سه‌ر شۆڕی خودی مه‌سعود بارزانییه‌ ، سه‌دامی جانه‌وه‌ر بۆ مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ چه‌کی خۆی و به‌ پیاوه‌کانی خۆی دوژمنه‌کانی له‌ ناوده‌دا ، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی نه‌ک به‌ چه‌ک و پیاوه‌کانی خۆی به‌ڵکو هێزی دوژمنی بۆ کوشتنی کورد به‌کارهێناوه‌ ، مێژوو شاهیده‌ که‌ میتی تورک له‌ شه‌ڕی کوشتارێتی هه‌ڤاڵانی pkk له‌ هه‌ولێر شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌کانی مه‌سعود بارزانی به‌شدار بوونه‌ ، له‌ 31 ی ئابیش توانی به‌ ئاشکرا و به‌ ڕۆژی ڕووناک به‌بێ سڵمینه‌وه‌ له‌ مێژوو .. له‌ کورد .. له‌ که‌رامه‌تی مرۆیی و جه‌نگاوه‌ریش هێزی سه‌ربازی سه‌دامی هێنایه‌ هه‌ولێر تاکو کوردی پێ بکوژێت ، نێچیر و موسعود و مه‌سرور هه‌رچه‌نێک بکه‌ن له‌ هه‌ولێر گوندی نوێ دروست بکه‌ن .. ئاپارتمانی نوێ هه‌ڵبچنن .. سوپه‌رمارکێتی مۆدرێن بکه‌نه‌وه‌ خه‌ڵکی هه‌ولێر و گه‌لی کورد به‌ گشتی ده‌بابه‌کانی سه‌دمایان له‌ یاد ناچێت له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی هه‌ولێردا .
له‌ به‌رنامه‌کانی کوردستان tv زۆرجار به‌رنامه‌ی دێکۆمۆنتاری له‌باره‌ی مه‌لا مستافاوه‌ نمایش کراوه‌ ، که‌ ناوی لێده‌نێت خه‌باتی پڕ سه‌روه‌ری و مێژووی پڕ سه‌خت و ڕاستی ، ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی و خودی ئه‌ندامانی پارتیش ئه‌وه‌نده‌ باوه‌ڕیان به‌ مێژوو هه‌بوایه‌ ده‌بێت مێژووی ده‌سته‌ سووره‌کانی مه‌سعود بارزانی بکه‌نه‌ به‌رنامه‌ی دێکۆمانتاری ، ئه‌گه‌ر مێژوویه‌کی پڕ سه‌روه‌ری و سه‌ختی ڕۆژگار له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ بوونی هه‌بێت که‌ له‌لایه‌ن منه‌وه‌ جێی بڕوا نییه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ش بزانن که‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌شه‌وه‌ مێژووی پڕ خیانه‌ت و نه‌هامه‌ت و ماڵی وێرانی کورد هه‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن خودی مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ نوسراوه‌ته‌وه‌ .
سه‌دامی دیکتاتۆر له‌سه‌ره‌ مه‌رگدا له‌به‌رده‌م په‌تی سێداره‌دا قسه‌کانی شیعه‌کانی پێ هه‌زم نه‌کرا ، توانی وه‌ڵامیان بداته‌وه‌ و پێیانی گووت ئه‌و کاره‌ی ده‌یکه‌ن پیاوه‌تی نییه‌ ، هه‌ربۆیه‌ چاوه‌ڕێم ڕۆژێک موسعود بارزانی ئه‌م قسانه‌ی ئێمه‌ی پێ هه‌زم نه‌کرێت و وه‌ڵامی ڕاستیمان بداته‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی سه‌دام ئاسا ئه‌م قسانه‌ی ئێمه‌ی پێ هه‌زم ناکرێت ده‌بێت مه‌ردانه‌ بێته‌ وه‌ڵام و وه‌ک سه‌دام ئاسا بێته‌ قسه‌و بڵێت من ئه‌م کاره‌م کردووه‌ و ئاماده‌ی هه‌موو سزایه‌کم به‌ڵام توخوا ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ی ناشرینم پێمه‌ڵین .
ئه‌ی مه‌سعود بارزانی ئه‌گه‌ر ئازای وه‌ره‌ دادگا و مه‌ردانه‌ سه‌دام ئاسا به‌ره‌و په‌تی سێداره‌ هه‌نگاو بنێ .
هیوادارم ئه‌و ڕۆژه‌ ببینین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە