کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پێشمەرگە میلیشیایە

Thursday, 22/11/2012, 12:00






لەم ساتە وەختەدا هەڵبژاردنی سەردێڕێکی بەم شێوەیە بۆ نوسینێک دەبێتە هۆی هەڵچوون و رەخنە و گازەندەی کۆمەڵە کەسانێک ، ئەمە چاوەڕوان کراوە ، بەڵام با لەخۆمان بپرسین هێزی میلیشیا چییە و کێ پێشمەرگەی کردووە بە هێزێکی میلیشیا گەرایی ؟ ، وەک پێناسە بۆ ووشەی میلیشیا بەو هێزە دەوترێت کە نیزامی نین ، بەواتایەک هێزێکی سەربەخۆن ئەگەر چی گرێدراوی حزبن و یان ڕێکخراوێکی لامەرکەزی ، بۆ پێناسەی ئەوەش کێ پێشمەرگەی کردووە بە میلیشیا هەڵبەت خودی کورد خۆی ، ئەمەش سەلماندنی ئەوێت منیش لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم لە ڕوانگەی خۆمەوە بۆتان بسەلمێنم .

لەم سەروبەندەی ئاڵۆزی نێوان هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و پێشمەرگەدا بەڕای من هێزی دیجلە داشی سوارترە ، بۆچی چونکە کە کێشەکە لە دووزخورماتو روویدا کاک مەحمود سەنگاوی بە خۆی و ٧٥ جێکەیەوە و کۆمەڵێک پێشمەرگە گەیشتنە ئەوێ لەکاتێکدا بۆ ئەوەی ئێمەی کورد خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین کاک مەحمود ئەندامی ینک و بەرپرسە نەک باڵادەستێک بێت لەناو وەزارەتی پێشمەرگە ، ئێمەی کورد با لە خۆمان بپرسین بۆ سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە تەداخولی ئەم مەسەلەیەی نەکرد چونکە سەربەخۆ نییە سەرەتا ئەبێت ئیعازی سیاسی لە حکومەتی هەرێم وەرگرێت ئینجا دەتوانێت هەڵوێست وەرگرێت لە شوێنی خۆی جوڵە بە هێزەکانی بکات ، کەواتە لێرەدا هێزەکەی کاک مەحمود میلیشیان چونکە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕەوانەی ناوچەکە نەکراوە ، هێزەکەی کاکە حەمەش بەخۆی و پێشمەرگەکانێوەی چونیان بۆ هەرێمەکە هەڵوێستێکی کوردانەیە بەڵام چونکە ئەو هێزە ناچێتە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە ئەویش بە هەمان شێوە ملیشیایە ، چوونی هێزی زرێڤانی بۆ ناوچەکە ملیشیایە چونکە کاک مەحمود و کاکە حەمەو زرێڤانیش نێردراوی حزبن نەک وەزارەتی پێشمەرگە ، کەواتە دەتوانین بە ڕاشکاوی بڵێین ئەو هێزەی نا نیزامی بوو میلیشیایە ، بەڵام هێزی دجلە میلیشیا نییە چونکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە ، ئێمەی کورد لە باشوری کوردستان بە هەموو ئەو حزبانەی هێزی چەکداریان هەیە ئەگەر دڵسۆز و خەمخۆری ئەم نیشتیمانە بونایە دەبوایە هەر لە مێژەوە هێزەکانیان بەڕاستی لەژێر سێبەری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆبکردایەتەوە بەڵام مەخابن دەر ئەکەوێت ئەسپی بەرژەوەندی تەسکی حزبیان لەپێش ئەسپی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا تاوئەدەن ، ئەگەر حزبەکان و بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە ئەوەندە دڵسۆز و خەمخۆری سنورە دابڕاوەکان ببونایە دەبوایە وەک ئەرێکی نیشتیمانی هەر لە مێژدا بنەو بارەگای خۆیان لەوێدا دروست بکرادایە نەک لەکاتی تەنگانە و دەست درێژی نەزانن پێشمەرگە لەکوێ جێگیر بێت و چۆن خواردن و جێگا و ژیانیان مسۆگەر بکەن ، ئەم تابلۆیە ترسناک ترین و کەمتەرخەمی هێزە کوردیەکانە بە حکومەتیشەوە ، ئەگەر ئێمەی کورد باوەڕمان بە عێراقێتی خۆمان هەبێت و داوای بوچە لە بەغداد بکەین و شەریکە بەش بین مالیکیش حەقی خۆیەتی بڵێت منیش وەک تورکیا لە خاکی کوردستاندا سەرباز جێگیر ئەکەم ، ئەو قۆزانە و هەلانە و دەم درێژییەی مالکی ئەمڕۆ وەک کارت بەرامبەر بە کورد بەکاری دەهێنێت لەنەزانی سەرکردەکانی کوردەوەیە ، چونکە هیچ هیزێکی سیاسی کە حوکومڕانبێت و شەریکە بەشی حکومەت بێت و لە ئاستی جیهاندا سیاسەت بکات نابێت هێزی سەربازی تایبەت بەخۆی هەبێت ، دەبێت بۆ بەرگری لە سەروەری و سامان و کەرامەت و سنورەکان هێزێکی میللی لەژێر ئاڵای وەزارەتی پێشمەرگەدا پێکبهێنێت ، بەڵام ئەو هێزە پێشمەرگەیەی حزبەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێکیان هێناوە لە ملیشیا زیاتر هیچی تر نییە .

کەی ئێمەی کورد لە باشوری کوردستان هۆشیار ئەبین ؟ ئەوکاتەی هێزی میلیشیای حزبەکانمان قەبوڵ نەکرد .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە