کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گیانبازانی دێرسیم

Monday, 27/09/2010, 12:00


نووسینی : باوه‌ڕ دێرسیمی { شیار }
گروپه‌که‌مان له‌ دارستانی { هۆزانی کاهپه‌ری } جێگیر ببون ، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ی بێته‌له‌که‌ی پێ بوو که‌له‌ دوورم ڕاوه‌ستا بوو له‌ناکاو هاواری لێ به‌رز بۆوه‌ و گووتی هه‌ڤاڵ .. هه‌ڤاڵ .. هه‌ڤاڵ باوه‌ڕ به‌ده‌م ئه‌م هاوار کردنه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووم به‌خێرایی ده‌هات ، که‌ گه‌یشته‌ ئاستم پێم گووت که‌ دانیشێت ، دوای پشویه‌ک پێی گووتم { ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی که‌ نوێ له‌ شاری دێرسیمه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ ناو شۆڕش هێشتا بێ چه‌کن و ده‌بێت به‌ زوو ترین کات چه‌کداریان بکه‌ین } ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ڤاڵ ده‌یزانی واتای ئه‌م قسه‌یه‌ چییه‌ هه‌ربۆیه‌ به‌ خێرایی کۆبونه‌وه‌م به‌ گروپه‌که‌مان کرد ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویستیمان به‌ چه‌ک بوو هه‌ربۆیه‌ بڕیارماندا که‌ ده‌ست له‌ دوژمن بوه‌شێنین تاکو چه‌ک بۆ هه‌ڤاڵان دابین بکه‌ین ، بۆ ئه‌مه‌ش پێویست بوو دوژمن بیزانیایه‌ که‌ ئێمه‌ له‌و شوێنه‌داین تاکو له‌ناکاو ده‌ستیان لێ بوه‌شێنین ، له‌ ئاکامدا چوینه‌ ناو گوندێکه‌وه‌ و کۆبونه‌وه‌مان به‌ گوندنشینه‌کان کرد .
به‌م شێوه‌یه‌ ڕێمان بۆ دوژمن خۆشکرد که‌ بێنه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ ئێمه‌ی لێبوین چونکه‌ ده‌مزانی دوای ئه‌م چونه‌ ناو گونده‌ و کۆبونه‌وه‌یه‌ و جوڵانه‌وه‌مان هێزی دوژمن هه‌ست به‌ بوونی ئێمه‌ ده‌کات ، هه‌ربۆیه‌ لوغمان له‌و شوێنانه‌ ڕشت که‌ هێزی دوژمن لێی جێگیر ده‌بێت ، ئێمه‌ به‌ ناوچه‌که‌ بڵاوبوینه‌وه‌ و بۆ سبه‌ی هێزی دوژمن ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ست پێکرد ، سبه‌ی زوو کۆپته‌ری بارهه‌ڵگر له‌سه‌ر گرده‌کان و له‌ سه‌نگه‌ره‌کاندا سه‌ربازیان داده‌گرت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆپته‌ری کۆبرا هاوکاریانی ده‌کرد نه‌مان ده‌توانی ده‌ست له‌ کۆپته‌ره‌ بارهه‌ڵگره‌کان بوه‌شێنین ، ئێمه‌ به‌باشی شوێنی خۆمان قایم کردبوو ، تا کاتی نیوه‌ڕۆ هێزی دوژمن هه‌ر خه‌ریکی سه‌رباز داگرتن بوون ، هێزی دوژمن ده‌یانزانی که‌ ئێمه‌ له‌ ناوچه‌که‌ین هه‌ربۆیه‌ پێیان وابوو که‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان پاشه‌کشێ ده‌که‌ین هه‌ربۆیه‌ زۆر سانایی ده‌جوڵانه‌وه‌ .
کاتژمێر 17:00 ده‌مه‌و ئێواره‌ ده‌ستمان به‌ ئه‌نجامدانی چالاکی ده‌کرد ، هێزی دوژمن له‌سه‌ر هه‌موو گردێک 4-5 سه‌نگه‌ریان لێدا بوو ، گه‌ربمان ویستایه‌ هه‌موو سه‌نگه‌ره‌کانمان ده‌خسته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆمانه‌وه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مان ویست شه‌هید بده‌ین ئه‌م کاره‌مان نه‌کرد ، کتێبێکی { ماهۆ } م خوێندبۆوه‌ ده‌ڵێت { له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی 10 په‌نجه‌ی دوژمن بریندار بکه‌یت په‌نجه‌یه‌کی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ببڕیت باشتره‌ } ئه‌م شێوازه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌گونجا ، لوغم ڕێژی زۆر شوێنمان کردبوو ، 3 هه‌ڤاڵمان هێرش به‌ربوون ، گروپی په‌لاماریمان له‌ 6 هه‌ڤاڵ پێکهاتبوو ، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی لوغمدا 3 هه‌ڤاڵه‌که‌مان هێرشیان ئه‌نجامدا ، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی دوژمن نزیک ببوینه‌وه‌ که‌ ده‌مانتوانی رومانه‌ی ده‌ستیان تێبگرین ، هه‌ڤاڵ { تیراژ } پیمی رومانه‌که‌ی ده‌رهێنا و هاویشتیه‌ سه‌نگه‌ره‌کانی دوژمن له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌یدا ئێمه‌ش رومانه‌کانی خۆمانمان گرته‌ هه‌موو سه‌نگه‌ره‌کانی دوژمن ، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی ڕومانه‌کاندا سه‌ربازێکی دوژمن که‌ سه‌ری لێشێوابوو خۆی فڕێدایه‌ خواره‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک فیشه‌ک بته‌قێنێت سه‌نگه‌ره‌که‌مان گرت ، هێزی دوژمن سه‌ریان لیشێوابوو له‌ 2 قۆڵه‌وه‌ هێرشیان کرابۆ سه‌ر ، چونکه‌ ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک چاوه‌ڕێی ئێمه‌ نه‌بوون ، من و هه‌ڤاڵ تیراژ چوینه‌ سه‌نگه‌ره‌وه‌ ، هه‌ڤاڵانی ترمان له‌ پشته‌وه‌ ئێمه‌یان ده‌پاراست ، ده‌ستمان گرت به‌سه‌ر چه‌که‌کانیان که‌ پێک هاتبوو له‌ کڵاشینکۆف .. بیکه‌یسی .. ئاربێجی .
به‌ هه‌ڤاڵانم گووت که‌ تاکو ئه‌م چه‌کانه‌ دائه‌گرینه‌ خواره‌وه‌ بمان پارێزن ، به‌بێته‌ل به‌ هه‌ڤاڵانی ترم گووت که‌ هێزی هێرشبه‌ر ‌ پاشه‌کشێ بکه‌ن ، پێێان گووتم که‌ سه‌نگه‌رێکیان گرتووه‌ و له‌ سه‌نگه‌ره‌کانی تره‌وه‌ ده‌ست ڕێژێکی زۆریان له‌سه‌ره‌ ، به‌ هه‌ڤاڵانم گووت که‌ چه‌که‌کان بهێنن و بێنه‌ سه‌نگه‌ره‌که‌ی هه‌ڤاڵ { تیراژ } ، کاتێک من ته‌قه‌م له‌ دوژمن ده‌کرد هه‌ر 60 مه‌ترێک له‌ولامه‌وه‌ سه‌ربازی دوژمنم بینی که‌ ته‌قه‌مان لێده‌که‌ن ، هه‌ڤاڵ { تیراژ } توانی سه‌رکه‌وتوانه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌که‌ ده‌ربچێت ، هاواری لێکردم که‌ بچم بۆلای ، که‌ ویستم ده‌رچم بیکه‌یسی به‌بێ وه‌ستان ته‌قه‌ی لێده‌کردین ، سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو ته‌قه‌یه‌ ده‌بوایه‌ له‌ شوێنه‌که‌ی خۆم ده‌ربچومایه‌ ، ئه‌وه‌ی ته‌قه‌ی لێده‌کردین پێی وابوو که‌ من به‌ شێوه‌یه‌کی ساده‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌که‌ ده‌رده‌چم بۆیه‌ ته‌قه‌ی له‌ زه‌وێکه‌ی به‌رده‌مم ده‌کرد به‌ڵام من توانیم ته‌قڵه‌یه‌ک لێبده‌م و خۆم بخه‌مه‌ ئه‌ودیو سه‌نگه‌ره‌که‌وه‌ ، چومه‌ خواره‌وه‌ بۆ زێکه‌ ، هه‌ڤاڵان له‌وێدا چاوه‌ڕێی ئێمه‌یان ده‌کرد ، بڕیارماندا بوو دوای چالاکێکه‌ بچینه‌ { ده‌ربه‌ندی عه‌لی } کاتێک خۆمان ئاماده‌ کرد بۆ ده‌رچوون گوێمان له‌ ده‌نگی کۆپته‌ری کۆبرا بوو ، ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ بۆی ده‌چوین به‌ پێ ماوه‌ی 2 کاتژمێرێکی ده‌خایاند ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زۆر چوبوینه‌ خواره‌وه‌ ئه‌و ته‌قانه‌ی ده‌کران کاریگه‌ری نه‌ده‌کرده‌ سه‌رمان ، کاتێک گه‌یشتینه‌ شوێنی خۆمان هه‌ڤاڵانی ترمان چاوه‌ڕێی ئێمه‌ بوون ، هه‌روه‌کو هه‌موو جارێک کتری چایه‌که‌ له‌سه‌ر ئاگر بوو ، دوای ئاخافتن گروپی هێرش به‌ره‌که‌ی ترمان شه‌هیدێکیان دابوو ، کاتێک چه‌که‌کانمان ده‌دا به‌ ده‌ستی هه‌ڤاڵه‌ تازه‌کانه‌وه‌ کاتێک چه‌کی شه‌هید { وه‌ڵات } دایه‌ ده‌ستی هه‌ڤاڵێکه‌وه‌ له‌ دڵی خۆمدا گووتم { هه‌ڤاڵ وه‌ڵات به‌ ئارامی بنوو له‌و شوێنه‌ی چه‌که‌که‌تی لێکه‌وتبوو هه‌ڵمان گرته‌وه‌ } .
هێشتا گروپه‌که‌مان له‌ ماندووبوونی چالاکێکه‌ نه‌بوبونه‌وه‌ فه‌رمانده‌ی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی هه‌رێمه‌که‌مان که‌ { شه‌مۆ .. شه‌مدین سه‌قق } بوو به‌ بێته‌ل پێی ڕاگه‌یاندین که‌ ڕه‌بایه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ چیای { زێل } ده‌بێت ده‌ستیان لێبوه‌شێنین چونکه‌ ئه‌م ڕه‌بایه‌یه‌ ڕێگا له‌ هاتوو چۆی هه‌ڤاڵان ده‌گرێت ، کات هێشتا زوو بوو به‌ڵام فه‌رمان بوو ده‌بوایه‌ جێ به‌جێی بکه‌ین ، هێزه‌که‌مان کۆکرده‌وه‌ ،‌ هێزه‌که‌ی ئێمه‌ پێکهاتبوو له‌ 24 هه‌ڤاڵ پێیانم گووت که‌ ده‌بێت 8 هه‌ڤاڵ به‌شداری ئه‌م چالاکییه‌ بکات ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی خواستی خۆیانه‌ ، له‌سه‌ر خواستی خۆمان من .. تیرژا .. وه‌ڵات .. مه‌زلوم هه‌روه‌ها 2 هه‌ڤاڵی تریش ئاماده‌یی خۆیان هێنایه‌ زمان ، به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌م چالاکییه‌مان ئه‌نجام ده‌دا ، چوینه‌ شوێنی مه‌به‌ست و به‌ بناره‌که‌دا هه‌ڵگژاین ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرده‌که‌ زۆر قوت بوو ناڕه‌حه‌تیه‌کی زۆرمان چێشت ، کاتێک نزیک بوینه‌وه‌ له‌ لوتکه‌ی گرده‌که‌ به‌ هه‌ڤاڵانم گووت که‌ له‌ 3 قۆڵه‌وه‌ هێرش ده‌که‌ین ، گروپه‌که‌مان که‌ لێمان جیا ببونه‌وه‌ دورکه‌وتبونه‌وه‌ ، به‌م شێوه‌یه‌ هیچ هۆکارێک نه‌بوو بۆ ئه‌نجام نه‌دانی چالاکییکه‌ ، کاتێک خاریکی ده‌ست کردنه‌وه‌ بوین سه‌ربازه‌کانی ڕه‌بایه‌که‌ ده‌ستیان لێکردینه‌وه‌ ، له‌وه‌ ده‌چوو جوڵه‌یه‌کی زۆرمان کردبێت هه‌ر بۆیه‌ هه‌ستیان به‌ بوونی ئێمه‌ کردبوو به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرده‌که‌ به‌رده‌ڵانێکی زۆر بوو فیشه‌که‌کان زۆر کاریگه‌ریان نه‌ده‌کرده‌ سه‌رمان ، هه‌رچۆنێک بوو چوینه‌ سه‌ر و ڕومانه‌مان تێگرتن ، توانیمان له‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ک بچینه‌ ناو ڕه‌بایه‌که‌وه‌ و سه‌ربازه‌کان له‌ناو بده‌ین ، له‌م سه‌رکه‌وتنه‌ هه‌ندێ له‌ هه‌ڤاڵان ته‌قه‌ی سه‌رکه‌وتنیان ده‌کرد ، توانیمان له‌ ڕه‌بایه‌که‌دا 6 تفه‌نگ و بیکه‌یسی یه‌ک و دوو ئاربێجی بگرین به‌ڵام به‌هۆی ڕومانه‌کانه‌وه‌ ئاربێجێکان تێکشکابوون ، ئه‌م ڕه‌بایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ باره‌گای سه‌ربازیه‌وه‌ نزیک بوو هێزی دوژمن ده‌یانتوانی به‌ زووترین کات بگه‌نه‌ سه‌رمان ، گوێمان له‌ ده‌نگی کۆپته‌ره‌کانی کۆبر‌ا بوو ، به‌ره‌و ئێمه‌ ده‌هاتن له‌ خواروی گرده‌که‌ 2 هه‌ڤاڵم دانا ئه‌گه‌ر سه‌رباز بێن ئه‌و 2 هه‌ڤاڵه‌ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌کردن ، سه‌رباز گه‌یشته‌ سه‌رمان ماوه‌ی 5 خوله‌کێک له‌گه‌ڵیاندا که‌وتینه‌ شه‌ڕه‌وه‌ هه‌روه‌ها کۆپته‌ر گه‌یشت و بۆمبای تێده‌گرتین ، له‌ ناو چڕی دوکه‌ڵ و باروتدا بووین له‌و شوێنه‌ ماوه‌ی 30 کاتژمێر خۆڕاگریمان کرد ، دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و 30 کاتژمێره‌ ڕه‌وشه‌که‌ هه‌ندێک هێور بۆوه‌ ، چاوم بۆ هه‌ڤاڵان گێڕا جگه‌ له‌ بوونی بریندارێکمان هه‌ڤاڵ { مه‌زڵوم } شه‌هید بوو ، هه‌ر له‌ نزیک شوێنه‌که‌مانه‌وه‌ ده‌ستمان کرد به‌ چاڵ هه‌ڵکه‌نین و هه‌ڤاڵ مه‌زڵومان له‌وێ به‌ خاک سپارد ، به‌ڵێ به‌م شێوه‌یه‌ پارچه‌یه‌کی دڵی خۆمان له‌ بناری چیای { زه‌ل } به‌ خاک سپارد .
دوای ئه‌م به‌ خاک سپاردنه‌ ملی ڕێگامان گرته‌ به‌ر ، هه‌ڵبه‌ت هێزی دوژمنیش ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانه‌نیشتبوون ، چوارده‌وری ئێمه‌یان گرتبوو ، هه‌ربۆیه‌ ده‌بوایه‌ بچوینایه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ زێیه‌که‌ ، هه‌ڵبه‌ت ده‌مانزانی که‌ کۆپته‌ره‌ کۆبراکان وازمان لێناهێنن ، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک چوینه‌ خواره‌وه‌ ، هێزی دوژمن له‌ خواره‌وه‌ش سه‌نگه‌ریان گرتبوو ، که‌ سه‌ربازی دوژمنم بینی له‌ سه‌نگه‌ره‌کان به‌ هه‌ڤاڵانم گووت که‌ سه‌نگه‌ر بگرن ، ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دار و په‌ڵاش و گژوگیای زۆر بوو دوژمن ئێمه‌یان نه‌بینی ، نێوان ئێمه‌ و هێزی دوژمن هه‌ر 40 .. 45 مه‌ترێک بوو ، که‌ بینیانم له‌ نزیکه‌وه‌ له‌ دڵی خۆمدا گووتم ئێستا کاتی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌ هه‌ربۆیه‌ زامنم کرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ته‌قاندنی یه‌که‌م فیشه‌کم سه‌ربازێک به‌لادا هات ، هێزی دوژمن دوای ئه‌م ده‌ست کردنه‌وه‌مان زۆر شڵه‌ژان ، ته‌قه‌یه‌کی زۆریان لێ کردین ، ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قورسایی خۆمان دابووه‌ سه‌ر شوێنێک هه‌ربۆیه‌ توانیمان ڕێیه‌ک بۆخۆمان بکه‌ینه‌وه‌ و له‌ناو ئه‌و دۆزه‌خه‌دا ده‌ربچین ، هه‌ڵبه‌ت ده‌ستێکی زۆر باشمان له‌ هێزی دوژمن وه‌شاند به‌ڵام مه‌خابن ژماره‌ی زه‌ره‌ری گیانی و مادیمان نه‌ ده‌زانی ، بیرمان له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت له‌و شوێنه‌ی لێی بوین دوربکه‌وتینایه‌ته‌وه‌ چونکه‌ ده‌مانزانی کۆپته‌ر ده‌گاته‌ سه‌رمان ، ته‌نها ڕێگا چاره‌ ئه‌وه‌بوو که‌ ده‌بوایه‌ خۆمان بده‌ینه‌ ده‌م ئاوی { مونزور } وه‌ ، دوای ڕێکردنمان له‌ناو ئاوه‌که‌ که‌ پێم وایه‌ 45 خوله‌ک له‌ناو ئاوه‌که‌ ڕێمان کرد ، دوای توانیمان بچینه‌ سه‌ر ووشکایی ، له‌ناو دۆخه‌که‌ ده‌رچوبوین ، ڕێگامان دوور بوو هه‌روه‌ها زۆرمان برسی بوو بۆیه‌ بڕیارماندا بۆ خواردن په‌یداکردن بچینه‌ گوندێکه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نانێکمان نه‌خواردایه‌ نه‌مان ده‌توانی ئه‌و ڕێگا دووره‌ ببڕین ، له‌ نزیک گوندێک سه‌نگه‌رمان گرت ، دوای چاودێرکردنی گونده‌که‌ بۆ ماوه‌ی نیو کاتژمێرێک بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ گونده‌که‌ ئارامه‌ هه‌ربۆیه‌ چوینه‌ به‌رده‌م ماڵێکی په‌ڕی گونده‌که‌ و له‌ ده‌رگاماندا ، ده‌رگای ماڵه‌که‌ له‌لایه‌ن کوڕێکی گه‌نجه‌وه‌ کرایه‌وه‌ ، فه‌رموی لێکردین بۆ ژوره‌وه‌ و پرسیاری ئه‌وه‌م لێکرد که‌ جگه‌ له‌و که‌سی تر له‌ ماڵه‌ یان نا گووتی نه‌خێر ، له‌سه‌ر سینییه‌ک هه‌ندێ خواردنی هێناو ده‌ستمان کرد به‌ نان خواردن ، کاتێک ئێمه‌ خه‌ریکی نان خواردن بووین هه‌ستم کرد که‌ چاوی بڕیوه‌ته‌ چه‌که‌کانمان ، کاتێک منیش له‌ ته‌مه‌نی ئه‌و بووم که‌ گه‌ریلا ده‌هاتنه‌ ماڵمان زۆر تامه‌زرۆی ئه‌وه‌بووم که‌ ده‌ست له‌ چه‌که‌کانیان بده‌م ، به‌ڵام هیچ کاتێک بۆم نه‌لوا ، هه‌ربۆیه‌ له‌ هه‌ستی ئه‌و گه‌نجه‌ باش حاڵی ده‌بووم ، پرسیاری ناویم لێکرد گووتی ناوم { باوه‌ڕه‌ } پرسیاری ئه‌وه‌م لێکرد که‌ حه‌ز ده‌که‌یت چه‌که‌که‌م بگریته‌ ده‌ست زۆر خۆشحاڵ بوو به‌م پرسیاره‌ ، به‌بێ یه‌ک دوو گووتی به‌ڵێ کاتێک ئێمه‌ خه‌ریکی نان خواردن بووین ئه‌و سه‌رقاڵی چه‌که‌که‌م بوو ، دوای ته‌واو بوونی نان خواردنمان هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڤاڵ { تیراژ } هه‌وڵیدا سفره‌که‌ کۆکاته‌وه‌ به‌ڵام باوه‌ڕ ڕێگای پێنه‌داو خۆی کاره‌که‌ی ئه‌نجامدا ، کاتێک پێم گووت که‌ پێویسته‌ ئێمه‌ بڕۆین داوای 2 خوله‌کی کرد که‌ له‌ سه‌ری ڕابوه‌ستین ، دوای 2 خوله‌ک که‌ له‌ ژووره‌که‌ی تر هاته‌وه‌ بینیمان خۆی گۆڕیه‌وه‌ و جانتایه‌کی له‌ شانکردووه‌ و به‌رامبه‌رمان قیت ڕاوه‌ستا ، به‌ڵێ له‌ به‌رده‌ممان قیتبۆوه‌ و پێی ڕاگه‌یاندین که‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بێت ببێت به‌ گه‌ریلا ، که‌ گوێمان له‌م قسه‌یه‌ بوو هه‌موومان خه‌نده‌ دایگرتین ، منیش حاڵیم کرد که‌ ته‌مه‌نی بچوکه‌ به‌ڵام ده‌توانێت له‌ گوند به‌ شێوازی جیاواز یارمه‌تیمان بکات ، به‌ڵێ له‌ ماڵه‌که‌ به‌بێ { بڕوا } هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕێیه‌کی دوور و درێژمان بڕی .
دوای ئه‌م بڕینی ڕێیه‌ درێژه‌ گه‌یشتینه‌ شوێنی یه‌ک گرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان ، هه‌ڤاڵی چاودێری گروپه‌که‌مان هه‌ستی گه‌یشتینی ئێمه‌ی کردبوو ، دوای ئه‌وه‌ی چاومان به‌یه‌ک که‌وت پێی ڕاگه‌یاندم که‌ { شه‌مۆ } شه‌مدین سه‌قق ده‌یه‌وێت ئێمه‌ ببینێت ، دوای ئه‌وه‌ی ته‌وقه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڤاڵاندا کرد { شه‌مۆ } له‌به‌ر ئه‌و چالاکییه‌ سه‌رکه‌وتووه‌ پیرۆزبایی و ده‌ست خۆشی له‌ هه‌موومان کرد ، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ دڵخۆش نه‌بووین به‌م پیرۆزباییه‌ و ده‌ست خۆشی لێکردنه‌ چونکه‌ ئێمه‌ پارچه‌یه‌کی دڵی خۆمان له‌ چیای { زه‌ل } به‌جێ هێشتبوو .
چه‌ند ڕۆژێک ئارامی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا کێشا ، ئێمه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا بووین هیچ له‌ گۆڕێدا نییه‌ ئاگرێکمان کرده‌وه‌ و هه‌ڤاڵ کاوه‌ و فه‌رهاد بۆ ئاو هێنان ڕێیان گرته‌ به‌ر ، پێم وابێت ماوه‌ی گه‌یشتن به‌ ئاوه‌که‌ هه‌ر 20 خوله‌کێک ده‌بوو تاکو ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئاگرێکی باشمان کردبۆوه‌ ، ئێمه‌ له‌ 20 هه‌ڤاڵ پێکهاتبووین که‌ گروپی گه‌ڕۆک بووین ، که‌ هه‌ڤاڵان چاویان که‌وت به‌ ئاگره‌که‌ گه‌یشتنه‌ لامان ، جگه‌ له‌ هاڤاڵانی چاودێر 15 هه‌ڤاڵ به‌دیار ئاگره‌که‌وه‌ دانیشتبووین ، له‌ناو خۆماندا باسی چالاکێکانمان ده‌کرد ، پێمان سه‌یر بوو که‌ هێزی دوژمن بێ ده‌نگن و ڕوبه‌ڕویان نه‌بوینه‌ته‌وه‌ ، کاتێک ئێمه‌ سه‌رقاڵی ئه‌م قسه‌و باسانه‌ بووین له‌و ئاراسته‌یه‌ی 2 هه‌ڤاڵه‌که‌مان چوبون بۆ ئاو هێنان ده‌نگی ته‌قه‌ به‌رز بۆوه‌ ، بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌و 2 هه‌ڤاڵه‌مان که‌وتونه‌ته‌ بۆسه‌وه‌ ، بۆیه‌ بڕیاری پاشه‌کشێماندا ، هه‌ڵبه‌ت دڵیشمان له‌لای هه‌ڤاڵه‌کانمان بوو ، بڕیارماندا به‌ منه‌وه‌ 5 هه‌ڤاڵ له‌ تاریکی شه‌ودا بچینه‌ ئه‌و شوێنه‌ی 2 هه‌ڤاڵه‌که‌مانی لێکه‌وتبووه‌ بۆسه‌وه‌ ، به‌ڵام مانه‌وه‌ی گروپه‌که‌مان له‌و ناوچه‌یه‌ مه‌ترسی دروست ده‌کرد بۆیه‌ هه‌ڤاڵانی ترم نارد بۆ ناوچه‌ی { ئۆڤه‌جک } دوای ناردنمان و چاودێرکردنی ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌که‌مان له‌ ناوچه‌ی { پولومور } یه‌کمان ده‌گرته‌وه‌ ، تا ده‌مه‌و تاریکی بوون چه‌ند چاودێرێکمان ده‌رخسته‌ ناوچه‌که‌ و 2 هه‌ڤاڵیشمان بۆ ئه‌و ده‌پۆیه‌ نارد که‌ ئه‌رزاقمان تێدا شاردبۆوه‌ ، که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ پێیان گوتین که‌ ناوچه‌که‌ ئارامه‌ هه‌ربۆیه‌ که‌وتینه‌ نان دروست کردن ، یه‌که‌م کولێره‌ برژاوم گرته‌ ده‌ست وام ده‌زانی خۆشترین خواردنی دونیام پێ یه‌ ، کولێره‌که‌م چه‌ور کردوو به‌ چایه‌که‌وه‌ که‌وتمه‌ خواردنی هه‌ڤاڵانیش یه‌ک له‌ دوا هه‌ریه‌که‌ و کولێره‌ی خۆیان پێ بوو بۆ چای خواردنه‌وه‌ به‌دیار ئاگره‌که‌وه‌ دانیشتن ، به‌ڵام سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ش دڵمان له‌لای ئه‌و 2 هه‌ڤاڵه‌ بوو من به‌ نیاز بووم که‌ دوای چای خواردنه‌وه‌ ده‌چووم بۆلای ئه‌و 2 هه‌ڤاڵه‌ی که‌ چاودێرمان بوون ، له‌م کاته‌دا له‌ بێته‌له‌که‌مانه‌وه‌ ده‌نگێک به‌رز بۆوه‌ ده‌نگی یه‌کێ له‌و 2 هه‌ڤاڵه‌ بوو که‌ چاودێر بوون داوای لێکردم که‌ بچم بۆلایان به‌ڕاکردن خۆمم پێ گه‌یاندن و پێیان گووتم که‌ له‌ نزیک مانه‌وه‌ گروپێک هه‌یه‌ ، له‌ 2 هه‌ڤاڵه‌که‌ جیابومه‌وه‌ و به‌ره‌و گرده‌که‌ ملم نا ، ماوه‌ی 20 خوله‌کێک ڕێم کرد له‌ناکاو ده‌نگێک هات { کێی زه‌لام } له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگه‌که‌ خۆم دایه‌ زه‌وی و سه‌نگه‌رم گرت ، ده‌نگه‌که‌ دووباره‌ بۆوه‌ ، حاڵی بووم که‌ هه‌ڤاڵانی خۆمانن ، منیش گووتم هه‌ڤاڵ ، هه‌ستامه‌ سه‌رپێ و خۆم پێناساند که‌ له‌یه‌ک نزیک بوینه‌وه‌ یه‌کترمان ناسی ، دوای ئه‌حواڵ پرسینی یه‌کتری چوین بۆلای هه‌ڤاڵانی تر ، که‌ نزیک بومه‌وه‌ لێیان هه‌ڤاڵان سه‌رقاڵی په‌روه‌رده‌ی سیاسی بوون ، منیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌روه‌رده‌که‌ دایان نه‌بڕم خۆم په‌راوێز گرت ، به‌ڵام که‌ منیان بینی ده‌ستیان له‌ په‌روه‌رده‌ هه‌ڵگرت و هاتنه‌ لای من ، دوای ئه‌حواڵ پرسین که‌ ئه‌و ته‌قانه‌ لای ئێمه‌وه‌ بووه‌ چی ڕوویداوه‌ ؟ ، کاتێک باسی 2 هه‌ڤاڵه‌که‌م بۆکردن فه‌رمانده‌که‌یان هه‌ڤاڵ { کارکه‌ر } که‌وته‌ قسه‌ و گووتی ئاخۆ ئه‌و کۆپته‌ره‌ی هات ته‌رمی ئه‌و 2 هه‌ڤاڵه‌ی هه‌ڵگرتۆته‌وه‌ ، که‌ هه‌ڤاڵ کارکه‌ر وایگووت وه‌ک ئه‌وه‌ وابوو خنجه‌رێک له‌ دڵم بده‌ن وابوو ، پێم وابێت شه‌هید بوونی هه‌ڤاڵان کاوه‌ و فه‌رهاد ڕاست بووه‌ چونکه‌ ته‌قه‌ له‌یه‌ک لاوه‌ ده‌کرا ، دیاره‌ هه‌ڤاڵان فریای ده‌ست که‌وتنه‌وه‌ نه‌که‌وتوون ، ده‌مویست قسه‌ بکه‌م به‌ڵام ئه‌وکاته‌ زمانم ڵاڵ ببوو ، دوای دانیشتن هه‌ڤاڵان چایان بۆ هێنام پێم نه‌خورایه‌وه‌ ماوه‌ی 10 خوله‌کێک سه‌رسام مابووم ، ته‌نها بیرم له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ ده‌کرد ، به‌بێ ته‌ل داوام له‌ گروپه‌که‌ی خۆمان کرد که‌ بێنه‌ لام دوای ماوه‌ی 20 خوله‌کێک هه‌ڤاڵان گه‌یشتن ئه‌وانیش له‌ بێ ده‌نگی و غه‌مباری من هه‌ستیان به‌ شه‌هید بوونی ئه‌و 2 هه‌ڤاڵه‌مان کرد ، هه‌رچۆنێک بوو خۆم کۆکرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گروپه‌که‌ی تر هه‌ڤاڵ { کارکه‌ر } که‌وتینه‌ ناو قسه‌ و باسه‌وه‌ ، هه‌ردوکمان ڕێککه‌وتین به‌ هاوبه‌شی چالاکییه‌ک ئه‌نجام بده‌ین ، به‌ڵام چۆن و له‌ کوێ ، گروپی ئێمه‌ 20 و ئه‌وانیش 12 که‌واته‌ هه‌موومان 32 هه‌ڤاڵ بووین ، دوای گه‌نگه‌شه‌یه‌کی زۆر بڕیارماندا له‌و کاروانه‌ بده‌ین که‌ له‌ سه‌ر ڕێی { پولومور } گوزه‌ر ده‌که‌ن ، له‌و ناوچه‌یه‌ی لێی بووین ده‌پۆی چه‌کمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ 3 هه‌ڤاڵم چوین تاکو ته‌قه‌مه‌نێکان له‌ ژێر زه‌وی ده‌ر بهێنین ، له‌ ئه‌نجامدا ته‌قه‌مه‌نێکانمان هێنا ، له‌ ده‌پۆکه‌دا نیو فه‌رده‌ فیشه‌کی کلاشینکۆف و نیو فه‌رده‌ش فیشه‌کی بیکه‌سی و لوغمی دژه‌ زریپۆشمان هێنا ، دوای نیو کاتژمێرێک گه‌یشتینه‌وه‌ لای هه‌ڤاڵان ، به‌ هه‌ڤاڵانم گووت که‌ فیشه‌که‌کان له‌ نێوان خۆیاندا دابه‌ش بکه‌ن و خۆئاماده‌ بکه‌ن چونکه‌ له‌گه‌ڵ که‌وتنی تاریکی به‌ڕێده‌که‌وتین ، ده‌بوایه‌ باره‌گای فه‌رمانده‌یی گشتیمان له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی چالاکێکه‌وه‌ ئاگه‌دار بکردایه‌ هه‌ربۆیه‌ من و هه‌ڤاڵ { کارکه‌ر } که‌ به‌رپرسی گروپه‌که‌ی تر بوو چوینه‌ ئه‌و شوێنه‌ی که‌ جیهازی ڕاکاڵی لێ بوو ، هه‌ڵبه‌ت شوێنی جیهازی ڕاکاڵه‌که‌ ئه‌شکه‌وتێک بوو ، دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان کرد و ڕه‌وشه‌که‌مان حاڵی کرد و دوای ئیزنی ئه‌نجامدانی چالاکێکه‌مان کرد ، له‌ وه‌ڵامدا ئیزینیمان داین که‌ چالاکێکه‌ ئه‌نجام بده‌ین ، گه‌ڕاینه‌وه‌ لای هه‌ڤاڵان ، به‌ هه‌ڤاڵانم گووت من و 4 هه‌ڤاڵی تر له‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ڕۆین ده‌بێت ئه‌وانیش دوای 15 خوله‌ک دوامان بکه‌ون ، هه‌ڤاڵ { ده‌رسیم } له‌ پێشمنه‌وه‌ ڕێی ده‌کرد ، هه‌روه‌ک بڵێی بفڕێ وابوو ، له‌ نزیک باره‌گای سه‌ربازی دوژمنه‌وه‌ تێده‌په‌ڕاین ، گه‌یشتینه‌ شوێنی مه‌به‌ست و چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی هه‌ڤاڵانمان ده‌کرد ، کاتژمێر نزیکه‌ی 11 ی شه‌و بوو هه‌ڤاڵان گه‌یشتن و دڵنیایان کردم که‌ هه‌موو شتێک له‌ باشیدایه‌ ، دوایش ئه‌و شوێنه‌م پێ گووتن که‌ دوای چالاکێکه‌ یه‌کتری لێده‌بینینه‌وه‌ ، کاتژمێر 3،30 شه‌و گه‌یشتینه‌ گوندی { ئالاجک } که‌ له‌ ساڵی 1994 وه‌ چۆڵکرا بوو ، له‌ناو گونده‌که‌ هه‌ڤاڵانم له‌ناو مه‌کته‌بی گونده‌که‌ جێگیر کرد به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌بایه‌مان لێوه‌ نزیک بوو پێیانم گووت که‌ ده‌بێت زۆر ووریا بن ، کاتژمێرێک لێره‌ ماینه‌وه‌ و نانمان خوارد و دوایش که‌وتینه‌ ڕێ ، که‌ گه‌یشتینه‌ نزیک جاده‌که‌ دونیا ڕووناک ببۆوه‌ ، به‌ 2 هه‌ڤاڵم گووت که‌ خێرا ماینه‌کان بچێنن ، 8 هه‌ڤاڵیشم ڕه‌وانه‌ی ئه‌وبه‌ری جاده‌که‌ کرد ، ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌ربازێک له‌کاتی ده‌ست کردنه‌وه‌مان چونه‌ ئه‌وبه‌ره‌وه‌ تاکو ئه‌و هه‌ڤاڵان‌ ده‌ستیان لێبوه‌شێنن ، ئێمه‌ش که‌وتینه‌ سه‌نگه‌رلێدان و کاتژمێر 11،30 خوله‌ک هه‌موو ئاماده‌ باشییه‌ک کۆتایی پێهات ، چاوه‌ڕێی هاتنی هێزی دوژمنمان ده‌کرد ، کاتژمێر 3 نیوه‌ڕۆ گوێمان له‌ ده‌نگی ماشێنی سه‌ربازی بوو ، زۆربه‌ی هه‌ڤاڵانمان له‌ به‌شی دیوێکی زێیه‌که‌ جێگر ببوون ، ئه‌وان مه‌ترسیه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر نه‌بوو ، من هه‌ڤاڵ { تیراژ } 40 مه‌ترێک دوور له‌ جاده‌که‌ سه‌نگه‌رمان گرتبوو ، ئه‌رکی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ هێرش بکه‌ین و کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ک و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئێمه‌ تیه‌نتێکانمان نه‌ته‌قایه‌وه‌ ئه‌وا من ده‌م ته‌قانده‌وه‌ ، یه‌ک و دووه‌م ماشێن تێپه‌ڕین له‌ 3 یه‌م ماشێندا تیه‌نتێکانم ته‌قانده‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی تیه‌نتێکه‌ له‌ هه‌موو لاوه‌ هه‌ڤاڵان ته‌قه‌یان له‌ هێزی دوژمن کرد ، گوێم له‌ هاواری هه‌ڤاڵ تیژدار بوو ده‌یگووت هاوار ، بۆلای چووم سه‌ربازێکی بریندارم بینی به‌ خشکه‌ ده‌یویست خۆی بگاته‌ ئاوه‌که‌وه‌ ، سه‌ربازه‌که‌م له‌وێدا کوشت و چووم بۆلای هه‌ڤاڵ تیژدار ، هه‌ڤاڵ تیژدار درێژ ببوو ڕوو له‌ ئاسمان که‌ ته‌ماشام کرد خه‌نده‌یه‌کی بۆ کردم ، نه‌م ده‌زانی کوێی بریندار بووه‌ ، بینیم خوێنی لێ ده‌ڕوات خستمه‌ لا پشت و بینیم لێدراوه‌ ، هه‌ڤاڵ تیژدا خۆشه‌ویستی تایبه‌تی له‌لای من هه‌بوو ، هه‌ردوکمان له‌یه‌ک ڕۆژدا به‌شداری ناو شۆڕش ببوین ، هه‌ڤاڵ تیژدا له‌ ته‌مه‌نی 27 ساڵیدا چووه‌ ناو کاروانی شه‌هیدانی کوردستانه‌وه‌ ، به‌ هه‌ڤاڵانم ڕاگه‌یاند که‌ بکێشنه‌وه‌ هه‌روه‌ها ته‌رمی شه‌هید تیژداشمان له‌گه‌ڵ خۆدا برد ، گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رماندا له‌ هێزی دوژمن له‌به‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م چالاکییه‌ سه‌رۆک بانگێشی کردین بۆلای خۆی و یه‌ک .. به‌ یه‌ک ده‌ست خۆشی لێکردین ، هه‌ڵبه‌ت سه‌رۆکیش هه‌ستی به‌ گه‌وره‌یی زه‌ره‌رمانی ده‌کرد که‌ شه‌هیدێکمان دابوو .
له‌ تورکییه‌وه‌ وه‌ریگێڕاوه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە