تەلار هیرانى .,, هەموو شتێك لە پێناو وروژاندندا
Monday, 25/07/2011, 12:00
رەخنەى شانۆیى
ئەكتەرەكان ئاستى داهێنان و شكستییان لە بەرهەمێكەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمێكى تر , بۆیە ناكرێت تۆ هەڵسەنگاندنت بۆ ئەكتەر لە سەر كەسایەتى ئەكتەرێك بێت كەبە ئەكتەرێكى سەركەوتوو ناوزەد كراوە یا ئەكتەرێكى تر بە فاشیل , بەڵكو دەبێت لە سەر بەرهەم بێت چونكە هەر بەرهەمەو كێش و سەنگى خۆى هەیە , رەنگە لە هەلو مەرجێكى دیارى كراودا كۆمەڵێ فاكتەرى یاریدەدەر هەبن بۆ سەركەوتنى بەرهەمێك , كە ئەو فاكتەرانە لە بەرهەمێكى دیكەدا نەبن , وەك نواندن لە سەر دەستى دەرهێنەرێكى بە توانا , یا تێكستێكى سەركەوتوو كە ئاوێتەى دەرهاوێشتەكانى سەردەم و كۆمەڵگا بێت , یا كەشو هەواو بارى دەروونى ئەكتەر , یا هەر هۆكارێكى دیكە كە زۆر جاران بە رێكەوت دروست دەبن و رەنگە كەم رێ كەوێت جارێكى دیكە بڕەخسێتەوە , زۆر جاران هەندێ بەرهەمى سەركەوتوو دەبنە مۆرك و ناونیشانى ئەكتەرێك كە رەنگە بە ئاسانى لە هزرو خەیاڵى بینەردا كاڵ نەبنەوە , هەتا داهێنانێكى گەورەتر لەوەى یەكەمیان بە دەست نەهێنێ , بۆیە ئەو خاڵى داهێنانە لە بەرهەمێكى سەركەوتوودا دەبێتە پێوەرو لە هەر بەرهەمێكى دیكەدا ئەو ئەكتەرە ببینێ ئەو خاڵى داهێنانەى بە بیردا دێتەوەو بەراوردى پێ دەكات , وەك بەراوردى شانۆیى (مەرگ و كچ) لە گەڵ ژنەكەى ئەو ماڵە كە .. بێگومان مەبەستم لە قەد گرتن نیە بە ستایلێكى دیارى كراو , یا پەیوەست بوون بە دەرهێنەرێك , چونكە گۆڕینى ستایل و شێوە و دەرهێنەر كارى ئەكتەرى سەركەوتووە , بەڵكو مەبەستم لە دەسەڵاتى ئەكتەرو تێپەڕاندنى توانایەتى ..
تەلار لەو میلۆدرامایەدا پاڵەوانێكى لیبۆكە زێتر لەوەى ئەكتەرێكى شانۆیى بێت , ئەگەرچى لیبۆكەكانیش ئەكتەرى كۆمیدین , بەڵام بە شێوازێكى تایبەت كە ئامانجى سەرەكییان دروست كردنى كۆمێدیایە , چ لە نواندن دا چ لە شێوەو جلو بەرگدا , دیارە كە جیاوازییەكى زۆریش هەیە لە نێوان كۆمیدیاى شانۆیى و كۆمیدیاى لیبۆكەكان , لە رووى بزووتنەوەو ئەداو دەنگ و دیالۆگدا , بۆیە زۆر جاران كە هەموو ئامانجەكان لە شانۆدا دەڕژێنە نێو فەلسەفەى تەنها بە پێكەنین هێنانى سواو دەڵێن ئەم ئەكتەرە ئەكتەرى كۆمێدیا نیە بەڵكو لیبۆكە .. من واى دەبینم كە چەند ئەوەندەى بۆ لیبۆكێك سەخت بێت ببێت ئەكتەرێكى شانۆیى دروست , لە هەمان كاتیشدا بۆ ئەكتەرێكى شانۆییش سەخت و دژوار بێت ببێت بە لیبۆك , مەبەستم ئەوەیە خۆ لێدانى تەلار لە بوونە لیبۆك رەنگە ئەزموونێكى ئاسان نەبووبێت , چونكە ئەو ستایل و ئەزموونە لە شانۆى ئێمەدا كەم پیادە كراوە . لە هەموو حاڵەتێكا دەبێت ئەو ئەزموونەى تەلار وەك خۆى تەماشا بكەین كە هەیە و بپرسین ئایا تەلار توانى ببێت بە لیبوكێكى سەركەوتوو ؟
بەر لە وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە هەندێ ئامانج هەبوون لە پاڵ هەڵبژاردنى ئەو تێكستە , یاخود شێلانى تێكستەكە بۆ دروست كردنى ئەو فۆرمە خوازراوەى ئێمە بینیمان لەوانە :
1. ختۆكە دانى بینەر بە بە كارهێنانى هەندێ دەستەواژەو دیالۆگى سێكسى بە ئاماجى وروژاندن , كە رەنگە بۆ بینەرێك كە كەپتى سێكسى هەبێت , بە شێوازێك لە شێوازەكان ببێتە هۆكار بۆ وروژاندن و بەجێ هێشتنى كاریگەرى دەروونى .
2. خۆ رووتكرنەوەى هەندێ ئەندامى جەستەی ئەكتەر بە دروست كردنى هەندێ دیمەنى سێكسى و لە پێناو هەمان ئامانج دیسان سەرچاوەیەكى دیكە بوون بۆ وروژاندن ,
3. هەوڵدان بۆ شەرم شكاندنى بینەر بەرامبەر بەو شەختە كۆمەڵایەتیانەى كە رووى راستى ئارەزووەكانى دەشارنەوە و گەڕانەوە بۆ هەقیقەتە مرۆییەكان , لە رێكەى وروژاندنى پرسیارى راستەخۆ لە بینەرو بە قسە هێنانى ...
4. بە پێكەنین هێنانى بینەر بە شێوەو دیالۆگ و مكیاج .
5. هەوڵدان بۆ بەشدارى پێكردنى بینەرو ئاوێتە بوونى بە شانۆ وەك ئەكتەرێكى شانۆیى و دروست كردنى پرسیارێك كەوا لە بینەر بكات ببێ بەشێك لە شانۆگەرییەكە ,
بەڵام تا چەند ئەو ئامانجانە كە تەلار كارى بۆیان كرد چوونە نێو چوارچیوەیەكى هونەرى ؟ چەندیش چێژێكى رۆحییان بە بینەر بەخشى ؟ بە شێوەیەك كە لە هۆڵەكەدا هاتە دەرەوە یا كاتلێ شەو سەرى خستە سەر سەرینەكەى كام لە دیمەنەكانى بە مێشكدا رابووردنەوە ؟ رەنگە ئێستاش دواى تێپەڕ بوونى چەند ساڵێك مەستى مەرگ و كچ بەرى نەدابم .. بەڵام هەر ئەوەندە دیمەن و چێژى نمایشى ژنەكەى ئەو ماڵە لە مێشمدا مابوو تا لە دەرگاى دەرەوەى هۆڵەكە چوومە دەرەوە ...
ئەو پرسیانەى تەلاربە شێوەیەك بینەرى دووچارى تەنگەتاوى دەكرد , كە كرۆكى شانۆگەرییەكەو چێژى شانۆیى لە بیر بچێتەوە , یا كارێك بكات ریتمى شانۆگەرییەكە لە هزرى بینەردا دابەزێنێ و جڵەوى خەیاڵى خۆى و جەمالیەتى شانۆگەرییەكەى لە خەیاڵدا بسڕێتەوە , من پێم وایە زۆر قسە هەبوون دەبوا بە زمانى ئەداى شانۆیى و هێماى شانۆیى بەرجەستە كرابوونایە , ئەوەندەى تەلار پەناى بۆ دیالۆگى وروژێنەر دەبرد , ئەوەندە پەناى بۆ ئەداو بەرجەستەى جەستەیى نەبرد , ئەو كەمتەر توانى زمانى جەستە بەكار بێنێ , بە قەد ئەوەندەى ویستى كەبتى سێكسى بینەر قۆرخ بكات , بەڵام ئایا ئەگەر ئەو دیالۆگ و نمایشە لە لایەن ئەكتەرێكى پیاوەوە بكرابوایە هەمان ئاستى دەبوو؟ ,ئێمەى بینەر بۆیە هاتبووینە شانۆگەرییەكە تا نواندنێكى هونەرى ببینین , لە برى ختۆكە دانى بینەر .
تەلار وەك نواندن بە كەرەستە هونەرى و جەستەییەكانى خۆیەوە كەمتر دەسەڵاتى ئەوەى هەبوو جیاوازى لە نێوان لیبۆكەكەو ژنەكەدا دروست بكات , هەموو پەنا بردنێكى تەنها بە لووتە سوورەكەوە بوو , كە نەیدەتوانى ببێتە فاكتەرێكى جوداكارى لە نێوان ئەو دوو كەسایەتییەوە .. بۆیە بینەر كەمتر دەیتوانى ئەو دوو كەسایەتیە لێكتر جودا بكاتەوە , وێڕاى لاوازى لە دەنگ و بەجێ نەهێشتنى مەوداى بێدەنگى و چێژ وەرگرتن لە كشو ماتى ..لەو بەینەدا دەسەڵات پێ شكانى ئەكتەرو زاڵ بوونى بە سەر توانستەكانى دەردەكەوێت ,ئەگەر ئەكتەرێكى بە توانا بێت , من لە گەشتەكەى حەسەندا زۆر سەرسام بووم بە كامەران رەئووف كە لە شانۆگەرییەكداو لە یەك كاتدا دەسەڵاتى ئەوەى هەبوو پێنج كەسایەتى بە یەكەوە نمایش بكات و بۆ هەر كەسایەتیەكیش رەسمى خۆى بكێشێ و هەر یەكێكیشیان جیاواز لەوى تریان , بەڵام بێ ئەوەى هەموو ئەو كەسایەتیە جیاوازانە ئاستى نواندنى كامەران وەك ئەكتەر دابەزێنن ..
تەلار وەك ئەكتەر توانستى خۆى هەیە , بەڵام گرنگ ئەوەیە دەرهێنەر چۆن دەوتوانێت تەوزیفى ئەو توانست و جەستەیە بكات كە ئەكتەر هەیەتى , ئەو لە لاى دەرهێنەرێكى وەك د. فازڵ لە مەرگ و كچ دا ئەكتەرێكى تر بوو , لە ژنى ئەو ماڵەش شتێكى ترە , مەبەستیشم لە گۆڕینى كەسایەتى و ستایل و شێوازى شانۆگەرییەكە نیە , بەڵكو مەبەستم لە توانست و ئەداى ئەكتەریى ئەوە , كە تێیدا دووچارى جۆرێك لە دابەزین هات بە پێچەوانەى چاوەڕوانى زۆرێك لەو بینەرانەى هێشتا كاریگەرییەكانى شانۆگەرى مەرگ و كچیان لە مێشكدا هەر مابوو ..
خۆ ئەگەرچى ناوێكى زلى دەرهێنان (كارین باریستراند) بە شانۆگەرییەكەوە نووساوە , كە جۆرێك لە رێكلامى شانۆیى دەنوێنێ , ئەگەرنا لە رووى دەرهێنانەوە شانۆگەرییەكە سادەیى و رووكەشییەكى زۆرى پێوە دیارە و دەرهێنەر نەیتوانییووە وەك پێویست تواناو وزە هونەرییەكانى تەلار قۆرخ بكات , كە زۆر لەوەندە زێترە كە بینیمان , كەواتە من واى بۆ دەچم كە ئەو دەرهێنەرە زێدەكارییەكى نەخستۆتە سەر هونەرى تەلار بە قەد ئەوەندەى كەمى كردۆتەوە .
نەك هەر لە رووى دەرهێنانەوە بگرە لە رووى تێكستسیشەوە تەلار پرسێكى گشتى هەڵبژاردووە (خیانەتى هاوسەران) لە كاتێكا ئەو جۆرە كێشە كۆمەڵایەتیە شتێكى باوو سواوەو لە هەموو كۆمەڵگاكانى دنیادا هەیە و پانتاییەكى ئێجگار فرەوان لە ژیانى كۆمەڵگاكاندا داگیر دەكات , ئەوەى كە هونەرە ئەوەیە كە ئێمە چى لە ناو ئەو هەزاران كوێرە گرێیانەى ناو خیانەتدا هەڵبژێرین كە دوور بێت لە خیتابیەت و بە زمانى هونەر بەرجەستە بكرێت , دوورلە زمانى هونەریش هێز زمانێكى دیكە ئەو كاریگەرییەى لە شانۆدا نابێت بۆ گەیاندنى پرسێك , ئەوەتا لەو بەینەدا پرسیارێك روو بە رووى بە رووى بینەر دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە ئایا دوور لە لایەنە هونەرییەكان پرسى خیانەت هیچ كاریگەرییەكى جێ هێشت لە هزرو دەروونى بینەردا , یاخود هەر تەنها پرسێكى راگوزارو كاتى بوون و هیچ شوێنەوارێكى دەروونییان بە جێ نەهێشت لاى بینەر؟ بۆیە من پێم وایە پرسە سێكسیەكە پرسە بنەڕەتیەكەشى شاردبۆوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست