کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لینین‌، شۆڕش‌و هیومانیزم - بۆ ٨٩هەمین سالێادی مەرگی ڕابەرێکی جیهانی

Monday, 21/01/2013, 12:00








ئەمڕۆ ساڵیادی مەرگی فلادیمیر ئیلیچ لینین(١٨٧٠-١٩٢٤)، ڕابەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنی ڕوسیایە. ئەمڕۆ ٨٩ ساڵ بەسەر مەرگی لینیندا تێئەپەڕێت. لینین بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک ڕەمزی شۆڕشی کرێکاران‌و چەوساوەکانی جیهانە. لینین یەکێکە لە بێوێنەترین هیومانیستەکانی تائێستای مێژووی مرۆڤایەتی. لینین مارکسیستێکی پڕشۆڕو پەیگیرو شۆڕشگێڕو ڕابەرو چاوتیژو سەمیمیی مرۆڤایەتییە. لینین مرۆڤێکی پڕاوپڕ شایستە بوو بۆ ژیاندۆستی، لێوانلێو بوو لە خۆشەویستیی بۆ نەوعدۆستی، ڕابەرێکی سیاسی دووربین‌و سەد دەر سەد بڕوادار بوو بە یەکخستنی هێزی ئیرادەی ئینسان لەڕاستای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باشترو شایستەترو ئازادترو یەکسانتردا. زۆر سادە تەنیا بەو دەلیلەی ڕابەرو ڕێکخەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن بوو. شۆڕشێک کە بەنێو جەرگی تەنوورەی جەنگێکی جیهانی وێرانکەردا، کە سەرمایەداران بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی سەرمایەداری بەرپایانکردبوو، کەوتەڕێ‌و مرۆڤایەتیی لە دڵڕەقی‌و نابوودبوون ڕەهاکردو لەجێگای ئەودا ئاشتی‌و سەقامگیریی‌و شۆڕشی کۆمۆنیستیی پێشنیار کرد بۆ مرۆڤایەتی. شۆڕشی ئۆکتۆبەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی لە مەترسی جەنگ‌و قات‌وقڕی‌و کوشتاری بەکۆمەڵ‌و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان ووڵاتان‌و گەلان‌و میللەتانی جیهاندا قوتارکرد، وە مێژووی گۆڕانکاریی خستە سەر ڕێچکەی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان، مۆدێرن، هاوچەرخ‌و شایستەی مرۆڤ بەبێ هیچ جیاوازییەک.

ئەمڕۆش، دوای ٨٩ ساڵ بەسەر مەرگی لینینی مەزندا، سەقامگیریی جیهان‌و ئارامی‌و ئاساییشی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی سەدان‌و هەزاران کەڕەت زیاتر لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەر پێویستیان بە لینینێکی ترو بە ئۆکتۆبەرێکی تر هەیە!! جەنگ‌وبرسێتیی‌و هەڵاواردن‌و نەژادپەرستی‌ لە گشت سوچ‌و گۆشەیەکی جیهاندا هەڕەشە لە مرۆڤایەتی ئەکات، قەیرانی ئابووری‌و قازانجپەرستیی چینی بۆرژوازی بەپانتایی جیهان سایەی تاریکی هاویشتۆتە سەر ژیان‌و هەست‌و نیستی ملیاردها ئینسانی ڕووی زەوی، ناکۆکییەکانی ڕژێمی سەرمایەداری مرۆڤایەتیی لەبەردەم ئاییندەیەکی نادیارو تەنانەت ترسناکیشدا ڕاگرتوە، جیاکاری نەژادی‌و ڕەگەزی‌و جیاوازی چینایەتی‌و ناکۆکیەکانی سیستەمی سەرمایەداری ملیۆن ملیۆن ئینسانی بە پانتایی جیهان لەبەردەم هەڕەشەی جددیی سوکایەتیپێکردن‌و توندوتیژی جۆراوجۆرو مەرگی شێنەیی‌و ئەکیددا دەسەوسان کردووە. ئەم جیهانە پێویستە بگەڕێتەوە ژێردەستی خاوەنانی ئەسڵیی خۆی، واتە بۆ ژێر حوکمڕانیی دەستە داهێنەرەکانی کرێکاران‌و خوڵقێنەرانی نازو نیعمەتی جیهان. ئەم کارەش مەحاڵە بەبێ شۆڕشێکی چەشنی ئۆکتۆبەرو بەبێ ڕابەرێکی چەشنی لینین‌و بەبێ حزبێکی چەشنی بەلشەفیزم!

ئەمڕۆ چینی کرێکارو مرۆڤایەتی لەپێناو ئاییندەیەکی گەش‌و سەرفرازو ئازادو یەکساندا پێویستیان بە تێفکرینەو چاویان بڕیوەتە چاوە تیژەکانی لینین‌و پێویستیان بە تیوریەکانی مارکسیزم هەیە بۆ بنیاتنانی ئەو ئاییندەیە! لینین ڕەمزی جیهانێکی هەزار کەڕەت ئازادترو یەکسانترو شایستەتر لەمەی ئێستایە! ئیمە مرۆڤایەتی بەپێچەوانەی ڕیاکاریی چینی بۆرژوایی جیهانییەوە، کە ترسی خۆیان لە شۆڕشی کۆمۆنیستی لە دوژمنایەتی کوێرانەیاندا لەگەڵ لینینی ڕابەرو شۆڕشگێڕدا بەرجەستە ئەکەن، پێویستمان بە لینین‌و بە وانەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەیە! ناکۆکیەکانی ڕژێمی ئێستا خۆی ئەم وانەیە فێری نەوەکانی خۆی ئەکا.

بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی ناکەوێتە سەر ڕێچکەی ئۆقرەیی‌و سەقامگیریی سیاسی‌و ئابوری، هەتا کاتێک چینی کرێکارو مرۆڤایەتی ئەمڕۆ تەبلیغاتی بۆرژوایی دژی لینین‌و چەواشەکارییەکانیان بەرامبەر بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر تێنەپەڕێنن‌و باوەشی گەرمیان بۆ هیومانیزمەکەی لینین‌و بۆ ژیاندۆستییەکەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر واڵانەکەنەوە! ئەمە هەنگاوێکی زۆر گەورە نییە، بەڵام هەنگاوێکی چارەنووسسازەو بە دڵنیایی ئەبێتە بنەماو سەرەتای گۆڕانکاریی ڕیشەیی‌و شۆڕشگێڕانە لە بەرژەوەندی‌و قازانجی چینە ستەمدیدەو زەحمەتکێشەکانی جیهان. لینین سیمبۆلی شۆڕشی کرێکاری‌و سۆشیالیزمە. سۆشیالیزمیش جووڵانەوەی هیومانیزمێکی تەواو عەیارەو سەنتەری یەکانگیریی ئیرادەی نەوعدۆستی‌و ژیاندۆستییە. ژیاندۆستییەک هەتا ئاستی سەرکەوتن بەسەر کێبەرکێی قەومی‌و ئایینی‌و نەژادی‌و کیشوەری‌و جۆراوجۆردا کە بۆرژوازی بە پانتایی جیهان ڕۆژانە بەرپایانئەکات.

[email protected]
٢١جێنیوەری٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە