ڕۆژی بڕیاری گەورە ئێستایە! بەرزکردنەوەی خواستی سەربەخۆیی وەڵامی خەڵکی کوردستانە بە هێرشی جمهوری ئیسلامی ئێران
Sunday, 24/07/2011, 12:00
کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سێ هەفتە ئەچێت هێزەکانی سوپای پاسدارانی بۆ هێرشو پەلاماری سەربازی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لەسەر تەواوی سنوورەکانی لەگەڵ (هەرێمی کوردستان)دا کۆکردۆتەوە.
لە هەنگاوی یەکەمدا بە بیانووی ڕاوەدوونانی چەکدارەکانی (پژاک)ەوە، سنوورەکانی کوردستانی بە خەستی تۆپباران کردووەو ئەکات، کە بەهۆیەوە چەندین دێهاتو دەیان ماڵە ڕەوەند زەرەرو زیانی گیانیو ماڵیی زۆریان پێگەیشتووەو ناچاربوون شوێنو ماڵی خۆیان جێبێڵنو ژیانی ئاوارەیی ببێتە نسیبیان.
درێژەو بەردەوامی ئەم هێرشو پێکدادانانە لە هەنگاوێکی تریدا ژیانی هاوڵاتیانی گوندو دێهاتەکانی سەر سنوورەکان ئەخاتە مەترسیەوەو ئاوارەو دەربەدەریان ئەکات، وە هێمایەکی ڕوونو ئاشکراشە بۆ ملهووڕی نواندنی جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران بەسەر خەڵکی کوردستانی عێراقو ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی ئەم کۆمەڵگایە کە لە دوای ١٧ شوباتەوە ناوچەکانی سلێمانی گرتەوە.
شایەد هۆکاری سەرەکی ئیمزاکردنی ڕێکەوتن بۆ ڕاونانی هێزەکانی پژاک لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەم نیگەرانیەی هەردوو لایان بێت لە بەرامبەر بە شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانو خەڵکی قینلەدڵو سەرنگونی خوازی جمهوری ئیسلامی ئێران! لە ڕۆژانی دواییشدا بەهۆی پێکدادانی ئەو هێزانە لەگەڵ چەکدارانی پژاک سوپای پاسداران سنوورەکانی لە زۆر لاوە بەزاندووەو ئێستا بە شێوەیەکی عەمەلی شەڕو پێکدادانەکان لەنێو خاکی کوردستانو لە ناوچەکانی چیای قەندیلو دەوروبەری بەردەوامە.
کوژراو و برینداری زۆر لە هەردوولا هەیەو تارمایی شوومی جەنگ باڵی کێشاوە بەسەر ناوچەکەدا.
ئەم پێشێلکاریەی ڕژێمی ئێران بە کردەوە ترسو دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی خەڵکی کوردستانەوە.
لە ئاستی کاردانەوەی سیاسیشدا ئاماژەکان زۆرتر هێما بۆ بوونی جۆرێک ڕێکەوتن ئەکەن لە نێوانی ڕژێمی ئێرانو حکومەتی عێراقو تەنانەت حکومەتی هەرێمیش بۆ ملدان بەم دەستدرێژیە پاوانخوازیەی جمهوری ئیسلامی ئێران.
لەگەڵ ئەوەی کە دەنگۆی ڕێکەوتنی ژێربەژێر لە ئاستی میدیاو ڕاگەیانی فەرمیو نافەرمی بڵاوە لەنێوان ڕژێمی ئیسلامی ئێرانو حکومەتی عێراقو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێگەپێدان بە سنووربەزاندن بەبیانووی لێدان لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لەلایەک، وە نادیاریو تەمومژی زۆر لەسەر هەڵوێستی حکومەتی هەرێمو دووفاقیی کاردانەوەو هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانیو پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە، لە لایەکی ترەوە، هێرشی جمهوری ئیسلامی وەکو پیلانێکی چەند فاقی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیشی تێوە گلاوە تەماشادەکرێ، کە ئامانجی درووستکردنی فەزای جەنگیو نانەوەی جەوی ترسو دڵەراوکێو تۆقاندنە، ئەویش بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی شەپۆلی جووڵانەوە شۆڕشگێڕانەکان کە ناوچەی ووڵاتانی ڕۆژەڵاتی ناوەڕاستو ووڵاتانی عەرەبی گرتۆتەوە.
سەرەڕای هەر کاریگەریو ڕەنگدانەوەیەکی دیکەی ئەم هێرشو پەلامارە سەربازیانە لە ئاستی سیاسیو کۆمەڵایەتیدا، بەڵام ئێستا بە کردەوە ترسو دڵەڕاوکێی جەماوەری کوردستانی بۆ سەرەوە بردووەو نیگەرانی زۆری لای هاوڵاتیان پێشهێناوە سەبارەت بە چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان.
نیگەرانیەک کە بەرهەقەو زۆرتریش هەڵوێستی ژێربەژێری هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردی ئەکێشێتە ژێر گوشاری ناڕەزایەتی گشتیو ڕەخنەی کاریگەری سیاسیو جەماوەریەوە.
نیگەرانی خەڵک لەو ڕووەوە جێگای سەرنجو تێڕامانە کە چی شتێک وادەکات کەوا کۆمەڵگای کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ٢٠ بیست ساڵەی جووڵانەوەی کوردایەتیدا بەم شێوازە بێدەربەستانەو بێمنەتانەیە بکرێتە بابەتی ساتو سەوداو مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت لەپێناو مەرامی سیاسی هەردوو حزبدا.
چۆن ئەکرێت کۆمەڵگایەک لەناوکۆی تونپێچێکی سیاسی کاریگەر لە ڕۆژەڵاتی ناوەندو لەسەر لێواری گۆڕانکاری جددیو شۆڕشگێڕانە تێیدا، سووکو ئاسان بکرێتە مەیدانی تەراتێنی ڕژێمێکی تیرۆریستو نەگریسی چەشنی جمهوری ئیسلامی ئێران، تا بتوانێت بە بەرپاکردنی ئەم جەنگو ئاشوبو لەشکرکێشیەی سابەڵکو بەر بگرێت بە مەترسی پەڕینەوەی شەپۆلی شۆڕشگێڕانە بۆ ناوخۆی ئێرانو بە بیانووی پژاکەوە هەر لە ئەوەڵیەوە ئەو شەپۆلو ڕۆحیەتە شۆڕشگێڕانەیە لە ناوخۆی ئێراندا لەجێی خۆیدا سەرکوتو کوێربکاتەوە! تا ئەم ساتانەش کە هێرشی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران سنوورەکانی کوردستانی عێراقی لەناوچەکانی دەوروبەری چیای قەندیلو سەختگاکانی دەوروپشتی بەزاندووە، بە بیانووی ڕاوەدوونانی چەکدارانی (پژاک)ەوە، "سیاسەتو سیاسەتمەدارانی کوردی" بە شێوەیەکی گشتی هێشتا دیواری بازنەی ئەو ستراتیژە کوردیە دەردناکەی "گفتوگۆ، شەڕ، گفتوگۆ"ی سەردەمی بەر لە ئازاری ٩٩١ی بەجێ نەهێشتووە! ئەو سیرکڵچە ڕەشە سیاسیەی کە جەوری ڕۆژگارو ئاستی نزمی چاوەڕوانیی جووڵانەوەی کوردایەتیو دڵڕەقیو سیاسەتی فاشیستی خاوەن بڕیاری ناوەندی دەسەڵاتە مەرکەزیەکانی ووڵاتانی عێراق، ئێرانو تورکیاو ملهوڕیو ستراتیژی کۆنەپەرستانەی زلهێزەکانی جیهان، بە درێژایی مێژوو لە چوارچێوەی هاوکێشە سیاسیەکانی جیهاندا، چارەنووسو چاوەڕوانیو ئاییندەی خەڵکی کوردزمانی ئەم کیشوەرانەی تیادا لە قاڵب درابوو.
لە قاڵبدانێک کە زۆرتر بۆ ئەوە بوو ئەو وێنایەمان نیشان بدا کە خواستی سەربەخۆییو ئارەزووی ئازادانەی بنیاتنانی پێکهاتێکی (کیان) دەوڵەتیو کیشوەری بۆ هاوڵاتیانی کوردی ئەم ناوچەیە لە قورقوشم گیرابێو بۆ هەمیشە مێژوو دەرگای ئەم چاوەڕوانیەی بەڕوویاندا کڵۆم کردبێو تا ئەبەد دەستی نابێت بە ڕوویانەوە! ئەڵێی لە ناو هەناوی مێژوودا تەنانەت باسکردنی جیابوونەوەو سەربەخۆیی کوردستان بڤەیەو بۆ هەتا هەتایە تابو کراوە، چی بگات بە بەرزکردنەوەی دروشمی پێکهێنانی دەوڵەتو ڕێوشوێنەکانی دامەزراندنی کیشوەرێکی خاوەن سەروەریو مافو چاوەڕوانیە مرۆییەکان بۆ خەڵکی کوردزمانی ئەم جوگرافیا سیاسیە ستراتیژیە لەنێو ژیۆپۆلیتیکی ناوچەکەو جیهانیشدا.
ئەگەر چی چەندین نەوەی ئەم خەڵکە ستەمدیدەیە بۆ سەد ساڵ ئەچێت لەپای ئەم سیاسەتە تەسلیم خوازیەی جووڵانەوەی کوردایەتیدا جەورو ستەم ئەکێشن، قوربانی ئەدەن، هیواو ئارەزووەکانیان ئەبەنە ژێر گڵ، چاوەڕوانیەکانیان ئەکرێتە زوخاو و ئەکرێت بە گەروویاندا، بەڵام نەوەکانی ئەمڕۆی ئەم خەڵکە هەر ئێستاو هەر ئەمڕۆ بەچاوی خۆیان ئەبینن چۆن ئەو پەنجەرەیە کە ڕاپەڕینی ئازاری ٩٩١ بەڕوویاندا واڵای کردبوو بۆ مومارەسەکردنی چاوەڕوانیو ئارەزووە مرۆییەکانیان لەنێو مێنتاڵیتی هەمان سیاسەتی کۆنو شوومی ناسیونالیستی کوردی (گفتوگۆ،شەڕ،گفتوگۆ)دا بەهەدەر ئەدرێو بۆ دەیان ساڵی تریش هیواو ئومێدی ملیۆن ملیۆن ئینسانی تامەزرۆی ئازادیو سەرفرازی کوردستانی عێراق ئەخرێتە چاڵەوە.
بیست ساڵ دەرفەتێکی زۆرو کافی بوو بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی کوردستانی عێراق ئەو سیرکڵچە شوومەی ستراتیژی کوردایەتی تێپەڕێننو بڕیاری شایستەو مەزن سەبارەت بە ئاییندەو چاوەڕوانیەکانیان وەرگرن! کام کۆسپو تەگەرە لەسەر ڕێگای تەحقیقی ئەم چاوەڕوانیە باڵاو واڵا ئینسانیەی خەڵکی کوردستان دانراوە؟ کامانەن ئەو هێزانەی بەرژەوەندیان لەوەدایە کوردستانی عێراق زۆنێکی بێ سەروەریو بێ خاوەنو دوورە دەست وێنا بکرێت؟ بۆچی بەر لە هێزە دەرەکیەکان، حزبەکانو سیاسەتمەدارانی باڵای جووڵانەوەی کوردایەتی خۆیان جیابوونەوە بە مەحاڵو سەربەخۆیی بە خەونی شاعیرانە وێنائەکەن؟ من وای بۆ ئەچم لە ئاستی گشتیدا خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەم پرسیارانەیان لایەو زۆر چاک دەزانن کە چۆن پارتیو یەکێتیو جووڵانەوەی کوردایەتی خۆیان بەر لە هەر هێزو دەوڵەتێک خۆیان مۆریان لە بێ کیانیو بێ دەوڵەتیو پاشکۆیی کوردستانو خەڵکەکەیان داوە.
چونکە بەرژەوەندی سیاسی ڕۆژگاری ئەوان ئەوە ئەخوازێت.
سەرباری ئەوانەش، نەک هەر وێناکردن، بەڵکە بەتوندی لە دژی هەر خواستێکو ئیرادەیەکی سەرڕاست بۆ بەرزکردنەوەی دروشمی جیابوونەوەو سەربەخۆیی ئەوەستنەوە، سەرکوتگەری ئەکەنو خوێنی ئەو ئینسانانە، ئەو کۆمۆنیستانە لەناو جەرگەی شاردا ئەڕێژن کە بە دەنگێکی زوڵاڵ بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان جاڕئەدەن، هوشیاری سەبارەت بە بنیاتنانی کیانو چوارچێوەیەکی ووڵاتی خاوەن سەروەری یاساو موقەدەرات بڵاوئەکەنەوە هەتا جەماوەری زوڵملێکراوی کوردستان ئیرادەیان یەکگرتوو و ڕێکخراو بکەن، تا لەپێناو ئاییندەیەکی سەربەرزو سەرفراز بۆ خۆیانو نەوەکانی داهاتوویاندا بڕیاری گەورەی سەرتاسەری خۆیان وەرگرنو بەپانتایی کوردستان بڕژێنە سەرشەقامەکانو خوازیاری جیابوونەوەی کوردستانو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بن! بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەم بیست ساڵەیان وەکو ئەزموونێکی گرنگو پڕبایەخ نیشانداوەو منەتیش بەسەر هاوڵاتیاندا ئەکەن کە گوایا هەنگاوی گەورەیان هاویشتووە بۆ پێشەوە، کەچی ئەبینین لە پشتی ڕای گشتیەوەو لە ژوورە داخراوەکاندا وەکو ڕابردوویان ئەبنەوە دەسکەلای دەوڵەتانی ناوچەکەو ئیمزا لەسەر سیاسەتی داگیرکاریو سەرکوتگەرانەی ڕژێمی ئینسان کوژی جمهوری ئیسلامی ئێران ئەکات بۆ بەزاندنی سنوور لەژێر ناوی لێدان لە چەکدارانی (پژاک)دا.
من پێموایە، سیاسەتی کوردی بە گشتی، سیاسەتمەدارانی کورد سەرتاپا، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو جەوری ڕۆژگارەیان قبوڵکردووەو لە هیچ لایەکەوە ئێمە نابینین لە ئاستی ناوەندی بڕیاری سەرجەمی باڵو جیناحەکانی جووڵانەوەی ناسیونالیستی کوردیدا، خواستی جیابوونەوەو دروشمی سەربەخۆیی کوردستان بکرێ یان کرابێتە مەشخەڵی پێشڕەویو هەڵسووڕانی سیاسیان.
(پدک)و (ینک)و (بزووتنەوەی گۆڕان)یش لە کوردستانی عێراق، (حدکا)و باڵە پەرتەوازەکانی تری ناسیونالیزمی کوردی لە کوردستانی ئێران، (پکک)و لقو پۆپەکانی لە "کوردستانی گەورەو باکوور"، هەر هەموویان تەپڵو زوڕنای دیموکراسیو سووڕانەوە لەنێو هەمان سیرکڵچەی "گفتوگۆ،شەڕ،گفتوگۆ" بەگەرمی سازئەکەنو تاوی ئەدەن.
لەلایەن هیچ سەرکردەو ناوەندێکی بڕیاری جووڵانەوەی کوردایەتیەوە ئێمە شاهیدی بانگەشەی ئاشکراو سەرڕاست نین بۆ مافی بەرهەقی جیابوونەوە لە هیچ کام لەو سێ ووڵاتەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، نە لەمێژوودا، لە سەردەمی شێخ مەحمودو مەلامستەفای بەرزانیدا، نە ئێستاو نە لەلایەن هیچ کام لە هێزەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستیەوە لە هەرسێ ووڵاتی عێراق، ئێرانو تورکیاشدا.
ئەمە ڕاستیەکە پێویستە هەموو هاوڵاتیەکی کوردی دانیشتووی ئەم سێ ووڵاتە خۆی نەخەڵەتێنێو دانی دەبێ پێدابنێت.
هیچ شێرو ڕێویەکی چەشنی ئەوەی تاڵەبانیو بارزانیو تەنانەت ڕۆشنبیرانی پرۆ- پۆستمۆدێرنیستی دوورە ووڵاتیش، تا بگات بە لێدوانە فیلتەرکراوەکانی عەبدوڵڵا ئۆچ ئالان لە زیندانی ئیمڕاڵیەوە بۆ پیاهەڵدان بەباڵای دیموکراسیو خەباتی جێ ڕەزامەندی پێنتاگۆنو سیاو میتی تورکی، دەربارەی خواستی زلهێزەکانو تەنگو چەڵەمەی زۆری بەردەم جیابوونەوەو سەربەخۆییو پێکهێنانی دەوڵەت، زەڕەیەک ئازایەتیو جورئەتی ویژدانی مرۆی کوردو هاوڵاتیانی خۆیان عەکس ناکەنەوە سەبارەت بە ئارەزووی قووڵی خەڵکی کوردستان بۆ خواستی جیابوونەوەو تامەزرۆییان بۆ هەنگاونانی بەکردەوە لەپێناو بنیاتنانی ووڵاتێکی سەربەخۆو خاوەن سەروەریو ئیرادەی نێودەوڵەتی! بۆچی؟ چونکە لە ڕیفراندۆمە نافەرمیکەی ساڵی ٢٠٠٥دا ٩٨% نەودو هەشت دەرسەدی دەنگەکان بۆ جیابوونەوەو سەربەخۆیی مۆرکرابوون، نەک بۆ سەلماندنی لێدوانو شێرو ڕێویەکانی سەرانی جووڵانەوەی کوردایەتی! بەمپێیە ڕوون ئەبێتەوە بۆ هەموو لایەک، بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش تا بگا بە هەموو حزبو هێزە کوردیە ڕەنگاوڕەنگەکانیشیان، وە بۆ هەموو ئەو خەڵکە ئازادی خوازو ڕزگاری خوازەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥دا دەنگیان دا بە سەربەخۆیی کوردستان، بۆ تەواوی ڕۆشنبیرانو هێزە عەلمانیو سکۆلارەکانیش، کە هەڵوێستی سەرڕاستو نەگۆڕی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەبارەت بە مەسەلەی جیابوونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردستانی عێراق، تەنها هەر دروشمێکی بریقەدار نەبووە، بەڵکو کتو مت سیاسەتێکی ڕۆشنو بەرجەستەو بوێرانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو بۆ کۆتایی هێنان بە مەسەلەی کوردو بڕانەوەی یەکجاری ئەو کێشەیە بەباری بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆو سکۆلاردا.
سیاسەتێکە لەپێناو شکاندنی دیواری ئەو بازنە شوومەی جووڵانەوەی ناسیونالیستی کوردی دەیان ساڵە مافی ڕەواو بەرهەقی خەڵکی کوردستان بۆ ڕزگاریو جیابوونەوەو دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی تیادا یان لەبار ئەبات یان ساتو سەودای پێوە دەکات.
ئێستا، ئەم ساتانەی هارترینو کۆنەپەرست ترین ڕژێمی ناوچەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی خۆماڵی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستانو خەڵکەکەی پێدراوە، هاتوەو ملهوڕی خۆی بەسەر ئازادیخوازترین خەڵکی ناوچەکەدا دەسپێکردووە، ئێستا، کاتێکە کە تیایدا حزبەکانی دەسەڵاتداری کوردیو جووڵانەوەی ناسیونالیستی کوردی بەرژەوەندیان بە جیا لە خەڵکی ستەم دیدەو سەربەخۆیی خوازی کوردستان، لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی ئێران،و "دوژمنانی کورد!" نزیکە، بەڵام بەرامبەرەو دژە لەگەڵ جەماوەرو هاوڵاتیانی کوردستاندا.
بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لەوێدایە کە ئەمڕۆ بکاتە ڕۆژی وەرگرتنی بڕیاری گەورەی خۆی سەبارەت بە چارەنووسی سیاسی خۆیانو کۆمەڵگاکەیان.
ئێستا ڕۆژی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان یەک دەستو یەک دەنگ وەڵامی شایستەو یەکاڵاکەرەوە بدەن، ڕۆژی وەرگرتنی بڕیاری گەورەیە، ڕۆژی ڕاگەیاندنی بانگی سەربەخۆیی کودرستانە.
هەموو تاقیکردنەوەکان نیشانیان داوە کە ڕێگای تر لەبەر دەم خەڵکی کوردستان لە قورقوشم گیراوە بۆیان بە ڕابەرایەتی ناسیونالیستە کوردەکان بۆ ڕزگاریو سەربەخۆیی.
ئەو بڕیارە دەبێ وە پێویستە خەڵک خۆیان وەری بگرن.
ئەمڕۆ ڕۆژی هێنانە مەیدانی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە لە دەوری خواستی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراقو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ تیایدا.
ئەمە تاکە وەڵامی بوێرانەو شایستەیە بۆ کۆتایی ئەو سیرکڵچە ڕەشەی زیاتر لە نیو سەدەیە هیواو ئومێدی ئەم خەڵکە لەگڵ ئەنێو ئەیانکاتە قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی خۆی.
بڕیاری گەورەی جیابوونەوەی کوردستانو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەتا کوردستان ببێتە ١٩٤هەمین ووڵاتی جیهان.
سەروەریەکی بێوێنەیە ئەگەر خەڵکی لە پێناو خواستێکی گشتگیری وەکو ئەم خواستەدا بڕژێنە شەقامو سەرنجی جیهان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن.
هەر لەم ڕێگایەشەوە ملهوڕیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی خۆی وەرئەگرێتەوە.
٢٣تەمموز٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست