بکوژی ژنێک لە کوردستان جێی نابێتەوە!
Sunday, 01/04/2012, 12:00
بە گوێرەی ڕاگەیاندنێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کە بەرواری ئەمڕۆ ١نیسان٢٠١٢ی لەسەرە، تۆمەتباری بکوژی ئەو ژنەی کە ساڵی ڕابردوو لە ناحیەی شاوەیسی سەر بە پارێزگای هەولێر لە ڕۆژی ٢٨-١١-٢٠١١دا ئەو تاوانەی ئەنجام دابوو، ئەمڕۆ لە گەڕەکی وڵوبەی شاری سلێمانی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەسگیر دەکرێت. لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە: " ئهو كهسهبهتۆمهتی كوشتنی خوشكهكهی دهستگیركراوهو لهشاری ههولێرهوهههڵاتووهو هاتوهتهشاری سلێمانی و ماوهی 3 مانگهلهگهڕهكی وڵوبهنیشتهجێیهو خۆی حهشارداوه". بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکە لە ماڵپەڕی (پوک میدیا) : ئێرە کلیک بکە .
دەسگیرکردنی تاوانباری بکوژی ژنێک، بە تایبەتی کە خوشکی خۆی بووە، ئەکرێت وەکو هەنگاوێکی گرنگو پۆزەتیڤ لەڕاستای ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی فراوانی کوشتنو ئازاردانو سوکایەتیکردن بەژنانی کوردستان تەماشای بکرێت، وە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە کۆمەڵگای کوردستاندا دابنرێت. چونکە بیست ساڵە ئێمە ئازادیخوازانو کۆمۆنیستەکانو ژنانو پیاوانی یەکسانیخواز بە شێوەی چڕو پڕو بەردەوام کار لەسەر ئەوە ئەکەین، کە کوشتنی ژنان بەبیانوی ناموسو شەرەفەوە عادەتو ڕەوشتێکی قێزونەو جێگای قبوڵکردن نیەو تەنانەت جێگای شەرمەزاری کۆمەڵگاکەشمانەو ئەبێت کۆتایی بێت، بەڵام دەسەڵاتی کوردی بە پاساوی جۆراو جۆرو بێبنەما لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستو شایستە خۆی دزیوەتەوە لە ڕاستای سنووردانان بۆ ئەم ژینۆسایدە ئاشکرایەی نیوە دانیشتوانی ووڵات.
بۆ یەکەم جار ئەمڕۆ ئێمە ئەبینین پیاوێکی ناموسپەرست کە دەستی چۆتە خوێنی خوشکی خۆیو کردوویەتیە قوربانی، لە کوردستان جێگای نەبۆتەوەو پاش نزیک بە ٤ چوار مانگ خۆشبەختانە دەسگیر کراوە. ئەمە وەرچەرخانێکی باشە چونکە کۆمەڵگای کوردستان هێندە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی کوشتنی ژنان، کە بکوژو بکەری تاوانێکی وەها کە لە ناحیەی شاوەیسی لای هەولێر ئەنجامدراوە، پێشتر بە شانازیەوە بکوژان تاوانیان ئەنجام ئەدا، ئەمڕۆ زەلیلو بێپشتیوان دێنە بەرچاو، نەیتوانیوەو بۆی نەلواوە لەنێو بنەماڵەو خانەوادەو عەشیرەتەکەی خۆشیدا وەکو قارەمان خۆی نیشان بداو سمێڵی پیاوانەی دەستپێدا بهێنێت، وە دەستی یاساو دادوەری هێندە درێژو کارا بووە کە لە سلێمانیش تاوانبار نەیتوانیوە خۆی پەنهان بکاتو دەسگیر کراوە! ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پێشەوە لە ڕاستای دۆسێی توندوتیژیو تاوانکاری بەرامبەر بە ژنانی کوردستان. وە جێگای خۆشحاڵێیەو شایانی ئەوەیە کاری گەورەی لەسەر بکرێت، سیمیناری بۆ سازبکرێت، کۆڕو کۆبوونەوەی بۆ ساز بکرێت، قسەو باسی لە بارەوە بکرێتو لە میداکانەوە گەورەو گرنگ نیشان بدرێو کۆمەڵگای لێ ئاگادار بکرێتەوە. بە تایبەتی ئەم شێوازە لە شوێنگرتنو بەدواداچوونی تاوانبارانی بکوژی ژنان بەرجەستەو هەمەگیر بکرێتو دامو دەزگا پەیوەندیدارەکان بیگرن بەدەستیانەوە بۆ لێپێچینەوە لە تۆمەتبارانی بکوژانی ژنان.
زیاد لە بیست ساڵە لەژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیدا هەزاران ژنو کیژی کوردستان بەبێ هیچ تاوانێک لەلایەن کۆمەڵێک کەلەڕەقی دەمارگیری ناموسپەرستو ئەنتی ژنانەوە خەڵتانی خوێن کراون، دەیان هەزاری تریشیان بەردەوامو ڕۆژانە سوکایەتیو توندوتیژیو هەڵاواردنیان بەرامبەر ئەکرێت، وە نیوەی کۆمەڵگای کوردستان کە ژنانن لەژێر کاریگەری ئەم نەریتە چەپەڵەی لەژێر ناوی پاککردنەوە یان پارێزگاری شەرەفو کەرامەتی بنەماڵەو خێڵو عەشیرەتدا ناچارن بە ژیانکردن، وەکو مرۆڤی نەفامو لە باشترین حاڵەتدا وەکو ئینسانی پلەدوو تەماشایان ئەکرێت، وە بە شێوەیەکی سیستماتیکو هەر ڕۆژە وەکو کۆیلەی ژێر دەستی نێرینەو پیاوان مامەڵەیان لەگەڵ کراوەو دەزگاکانی دەوڵەتو دامەزراوە قەزاییو یاساییەکانیش لە باشترین ڕۆڵیاندا زیاتر تەماشاکەر بوون، یاخود هەزاران دۆسێی تاوانکاری کوشتنی ژنانیان وەکو عادەتو ڕەفتاری کۆمەڵگاو بنەماڵەو تیرەو تایەفەکان پاساوداوەتەوە بۆ بکوژانیان. هەر بۆیەش کۆمەڵگا ئەم دیاردە شەرماوەرەی قبوڵکردووەو بەجۆرێک ملی داوە بە پاساوی پووچو بێبنەمای کوشتنی ژنان بەبیانووی پارێزگاری شەرەف، وە ژنکوژان ئازادانە بە شەقامەکاندا دەستی پیاوساڵارانەیان بە سمێڵە قەویەکانیاندا ئەهێناو کەس پێیانی نەئەووت پشتی چاوتان برۆیە!
بە دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە گرنگەی ئاسایشیسلێمانیو شوێنگرتنەکانی دادوەری پارێزگای هەولێر، ئەگەر بێتو یاساو دامەزراوەی دادوەری کوردستان ئەم سەروەریە هەتا کۆتایی درێژە پێبداتو لە پرۆسێسێکی ئاشکراو دادپەروەرانەدا ئەم تۆمەتبارە بە سزای یاسایی توندی خۆی بگات، یەک هەنگاوی گرنگو پتەو ئەبێت لەڕاستای سەروەر کردنی یاساو بەرقەرارکردنی دادپەوەری کۆمەڵایەتیدا! هەروەها وەرچەرخانێکی گرنگیش ئەبێت لە ڕاستای وەڵامدانەوە بە دیاردەی کوشتنی ژنانو سنوور دانانیش بۆ توندوتیژی بەرامبەریان. هیوادارین دامەزراوەی قەزایی سەربەخۆیانە ئەم ڕۆڵە پێشەنگە بگێڕێو ڕێگا نەدات هیچ دەخالەتێکی دەرەکی چی لەلایەن کاریزماکانەوە یان حزبەکانەوە چی لەلایەن سەرۆک تیرەو عەشیرەو پیاوماقوڵانەوە دەست وەربدرێتە نێو کاروباری قەزاییو دادوەریەوە هەتا ئەم دۆسێیە وەکو یەکەمین سەرکەوتنی خواستی یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژنانو پیاوان تۆمار بکرێت. سەرکەوتوو بێت خەباتی ژنانو پیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز.
١نیسان٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست