لەکۆنگرەی١٢دا یەکێتی مامۆستایان بوویەوە بە پاشکۆی حزبەکان
Saturday, 08/10/2011, 12:00
نزیک بە ئێوارەی هەینی ٧ی ئۆکتۆبەر، دەرەنجام داستانی کۆنگرەی ١٢ دوازدەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، دوای زنجیرەیەک ململانێو دانووستانو ڕیکەوتنی ژێربەژێری حزبە کوردیەکان، بە دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، کۆتایی بە کارەکانی ٤ ڕۆژی نەپچڕاوی خۆی هێنا. ئەندامێکی پارتی بەبێ مونافس کرایە سکرتێری ڕێکخراوەکە. کۆتایی کۆنگرەو دابەشکردنی پۆستو بەرپرسیارێتیەکانی دیکەی یەکێتی مامۆستایان، هیچ دوورکەوتنەوەیەکی بەخۆوە نەبینی لە نەریتی جێکەوتووی نێو ئەم ڕێکخراوە. یانی دابڕان لە نەریتی کۆنترۆڵی دەرەکیو لە جەبەرووتی حزبو ململانێی سیاسی زاڵ بەسەر مێژووی ئەم ڕێکخراوەدا. کۆنگرەی دوازدە بۆ ساتێکیش لە چنگاڵی حزبو لە کۆتو بەندی پاوانخوازییو ململانێ حزبیەکان نەترازاو دوورنەکەوتەوە. پێشهاتەکانی نێوکۆنگرەو لێدوانی لیستە بەشداربووەکانی کۆنگرە ئەم ڕاستیانەمان بۆ ئەسەلمێنن، کە چۆن یەکێتی مامۆستایان بە سیناریۆی ژێربەژێر بوویەوە بە پاشکۆی حزبە کوردیەکان.
لە یەکەمین لێدوانیدا، مامۆستا کەمال حەمەد، تازەترین سکرتێری یەکێتی مامۆستایان بۆ ماڵپەڕی ئاوێنە، ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی کۆنگرە بەمجۆرە باسی کۆنگرە ئەکات:" هێمن مامهند،ههولێر: ئێوارهی ئهمڕۆ له گهڵ تهواوبونی چوارهم رۆژی كۆنگرهی یهكێتی مامۆستایانی كوردستان، كۆنگرهكه به ههڵبژاردنی سهرۆكو جێگرهكانیو ئهندامانی سكرتاریهتی یهكێتیهكه كۆتایی پێهات. لهم بارهیهوه سهرۆكی نوێی یهكێتی مامۆستایان كهمال حهمهد به سایتی ئاوێنهی راگهیاند" كۆنگرهكهمان له كهشو ههوایهكی زۆر ئارامدا بهڕێوهچوو، تهنها ئهوه نهبێـت لیستی مامۆستایانی پیشهیی بایكۆتیان كرد كه ئێمه ههوڵێكی زۆرمان لهگهڵدان بۆ ئهوهی ئهوانیش تا كۆتایی كۆنگرهكه بهشداربن لهگهڵمان. ناوبراو جهختی كردهوه كه یهكێتی مامۆستایان "بۆ لهمهولا یهكێتیهكی دور له حیزب دهبێـتو تهنهاله خزمهتی مامۆستایاندا ئهبێت".". لینکی هەواڵەکەی سایتی ئاوێنە لێرەدایە:
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=15359. ئەم لێدوانەی سکرتێری نوێی یەکێتی مامۆستایان کەتمانێکی بێمنەتانەی ڕووداوەکانی نێو کۆنگرەی دوازدەیەو هەڵقوڵاوی هەمان مێنتاڵێتی پارتی دیموکراتی کوردستانە بەداخەوە. کەتمانێک کە هیچ ڕێزو بایەخێک بۆ نزیک بە ٦٠٠ شەش سەد ئەندامی کۆنگرە دانانێت کە بەچاوی خۆیان ململانێ حزبیەکانو گرژیو قەیرانەکانیان بینیەوەو چەندین لێدوانی لیستە جیاجیاکانیش لە سایتو ڕۆژنامەکاندا لەبارەی پێشهاتەکانی کۆنگرەوە بڵاوکراونەتەوە!
بایکۆتی لیستی مامۆستایانی پیشەیی سەر بە حزبی شیوعی کوردستانو لێدوانی ئەندامێکی کۆنگرەکەیان گۆشەیەکی دیکەی ڕاستی دەستێوەردانی حزبی لەنێو کۆنگرەی مامۆستایان ئەخاتەڕوو: "كاوه گهرمیانی،ئاوێنه: دوای ئهوهی ئێوارهی دوێنی مامۆستایانی شیوعی و زهحمهتكێشان هۆڵی گۆنگرهی یهكێتی مامۆستایانیان جێهێشت بههۆی رێگهنهدان به گفتوگۆكردنی بهرنامهو پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتیهكه، سهرلهبهیانی ئهمڕۆ مامۆستایانی پیشهیی (شیوعی) بایكۆتی گۆنگهرهكهیانكرد".
لهم بارهیهوه ئهندامی گونگرهی یهكێتی مامۆستایانی پیشهیی كوردستان دلیر كهریم به سایتی ئاوێنهی راگهیاند:" لیستی پیشهیی مامۆستایانی كوردستان ئهمڕۆ كه كۆتا رۆژی گۆنگرهی یهكێتی مامۆستایانه بایكۆتی ههڵبژاردنهكهی كرد، له بهر ئهوهی دهسهلاتی سیاسی و پۆزسیۆن "ئهوهی كه ناوی لێنراوه لیستی هاوبهش كهله یهكگرتو گۆڕانو كۆمهڵ پێكدێن" لهپشتی پهردهوه بهرنامهیان تێپهڕاند بهبێ خوێندنهوه، یان بهبێ ئهوهی دهنگی له سهر بدرێ و كه بزانێت چێتیدایه.". بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکە هەمووی کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=15355.
بۆ بینینی ملهوڕیو دەستێوەردانەکانی لیستی دەسەڵاتو سیناریۆسازیەکانیان لە کۆنگرەی مامۆستایاندا کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
http://islamicgroup.net/Detail.aspx?id=9735&LinkID=8&AspxAutoDetectCookieSupport=1 .
بەگوێرەی هەواڵەکانی ناو هۆڵی کۆنگرە لە هەولێرەوە کە لە ماڵپەڕی سەرەکی حزبەکانی بەشدار لەو کۆنگرەیەدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە؛ هەرچەندە دوو حزبی دەسەڵاتدار پێشتر لە دانوستانی ژێربەژێری نێوانیاندا سەبارەت بە کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان ڕێکەوتوون کە هەر دوو ساڵێک پۆستی سەرۆکایەتی ئەو ڕێکخراوە ئەندامی لایەکیان بیگرێتە ئەستۆ، بە هەمان شێوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەڵام چاوچنۆکی سیاسیو بێمتمانەیی نێوان ئەو دوو حزبە بەڕادەیەکە کە ناکۆکیەکانی نێوانیانی توندتر کردەوە سەبارەت بە وەرگرتنی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی یەکێتیەکە، کە بوویە هۆی ڕاگرتنی کارەکانی کۆنگرە بۆ چەند کاژێرێک! سەرچاوەی لینکی ئەم هەواڵە لە سایتی یەکگرتووی ئیسلامیدا لێرەدا ئەخوێنیتەوە:
http://www.kurdiu.org/hawal/?pageid=87213.
ڕاگرتنی کۆنگرەش لە فەرهەنگو کەلتووری حزبیو سیاسیدا لە کوردستان واتای ئەوە ئەگەیەنێت، ئیرادەی حزب لە سەرووی ئیرادەی مامۆستایانو ئیرادەی دامەزراوەیی مەدەنیەوەیە. گرژیو قەیرانی ڕێکەوتن لەسەر سەپاندنی جەبەرووتی حزب بەسەر کۆنگرەی دوازدەو یەکێتی مامۆستایاندا بۆ ئاستێکی ترسناک بەرزبۆتەوە کە چارەسەرکردنی لە تواناو لە ئیرادەی کۆنگرەی مامۆستایاندا نیە. بۆیە ملهوڕی حزبو دەسەڵاتی ڕەهای سەرکردەکان تاسەر ناتوانرێت لەپشتی پەردەو دەرگا داخراوەکانەوە ئیعازەکانی خۆی بدات بە کاراکتەرە حزبیەکانی بۆ ڕۆڵگێڕان! پەتی ساختەو فرتو فێڵ کورتە. بۆیە ناچار بوون کۆنگرە ڕاگرنو مەرجەعەکانی حزب سەربنێن بەیەکەوەو دانوستانی فریاگوزاری ئەنجامبدەنو بڕیاری حزب ڕەوانەی هۆڵی کۆنگرەی مامۆستایان بکەن!
ئەو چەند کاژێرەی کۆنگرەی تیا ڕائەگیرێت، واتای ئەوەمان پێئەڵێت؛ کە پەیوەندی نهێنی کۆنگرە لەگەڵ سەرکردایەتی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بەرقەرار کراوەو گفتوگۆو دانوستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ناوکۆنگرە لە کاتی ڕاگرتنی کۆنگرەدا سازدراوەو پێکهاتنو ڕێکەوتن مۆرکراوەو سیاسەتی فیفتی فیفتی پێڕەوکراوە! هەواڵەکانی نێو کۆنگرەو پێشهاتەکانی ڕاستیی ناکۆکیەکە ئاشکرا ئەکەن.
پارتی بە مافی خۆی دەزانێ خولی یەکەمی سکرتێری یەکێتی مامۆستایان بۆ ئەو بێ، یەکێتیش متمانەی نیە دوای دوو ساڵ پارتی پۆستەکە ڕادەستی یەکێتی بکاتەوەو داوای گەرەنتی لە پارتی ئەکات! بەرژەوەندی حزبی بەم شێوازە هەڵئەکشێت بۆ لای سەری سەرەوەی بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتیەکان. ڕۆڵی حزب ئەگۆڕێت بۆ جەبەرووتێکی ڕەها بەسەر سەری کۆمەڵگاوەو بانگەشەو ئیدیعای مەدەنیەتو دیموکراسیو پرۆسێسی دیموکراسیانەی ڕێکخستنی دامەزراوە کۆمەڵایەتیو شارستانیەکان ئەپووکێنەوەو ئەبنە تۆزی دەم ڕەشەبا.
ئازادی کارو ڕێوشوێنی پیشەییو سەربەخۆیی دامەزراوەیی ئەم یەکێتیە، سەرەڕای بوونو بەشداری "ئۆپۆزیسیۆنی کارا" ڕۆشنایی نەبینیو لەژێر مەنگەنەی مێنتاڵێتی حزبی دەربازی نەبوو. بۆیە پێی ئەڵێم داستان، چونکە لە تێگەیشتنی چەمکی ڕاستەقینەی ڕێکخراوێکی پیشەیی سەربەخۆ، وەکو کانگای واقعی پراتیکبوونی ئیرادەی ئەندامەکانی داتەکێنراوەو کاراکتەری دەرەکی، یان باشترە بڵێین کاراکتەری حزبی کوردیو بزوێنەری بەرژەوەندی تایبەتی سیاسی لەڕێگای جەبەرووتی حزبیی ڕەهای شێوازی حوکمڕانیەوە لە کوردستان ڕۆڵی یەکێتی مامۆستایان بە شێوەیەکی فەنتاسی ئەنوێنێ لە پشتی ڕێکخراوەکەشو کۆنگرەو کۆنفرانسو هەڵبژاردنەکانیشیەوە. یەکێتی مامۆستایان لە قەیرانێکی موزمنی سەربەخۆیی ئیرادەو بڕیاردا درێژە بە ژیانی خۆی ئەدات. هەر ئەوەش سەرچەشمەی دەستێوەردانی حزبەکانە.
یەکێتی مامۆستایان وەکو تا ئێستا بینیومانەو ئەم کۆنگرەیەش نیشانی دایەوە، بەداخەوە لە چنگاڵی مێنتاڵێتی حزبی ڕزگاری نەبووەو ڕزگاریشی نابێت. چونکە لە بنەڕەتەوە خۆی ڕۆڵی دامەزراوەیەکی پیشەیی پەروەردەییو پێگەیاندن ئامانجی نەبووە. هەر بۆیەش پاشکۆی حزب بووەو لەپێناو بەرژەوەندی حزبیدا جووڵێنراوە.
یەکێتی مامۆستایان زیاتر وەکو دەمامکێکی کۆمەڵایەتیو شارستانی بۆ سەپاندنی ئیرادەی حزبی بەسەر بواری هەرە گرنگی پەروەردەو فێرکردنو پێگەیاندندا بەکارهاتووە، وە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەم سێکتۆرە حەیاتیەی کۆمەڵگا بەنێو فیلتەری مێنتاڵێتی حزبایەتیو بەرژوەندی تەسکی سیاسیدا یەکێتی مامۆستایان ژیانی خۆی بەتەنیشتو لە پاشکۆی حزبە کوردیەکانەوە درێژەپێداوە. هەمیشە کاراکتەری حزب لە ستراکتووری ئەم ڕێکخراوەدا ئامادە بووەو لەنێو قەیرانی ئیرادەو ناسەربەخۆییدا چۆتەپێشەوە. کۆنگرەو هەڵبژاردنو بوونی فیزیکی ڕێکخراوەکە خۆشی گۆڕاوە بۆ سەرچەشمەی ڕێگاخۆشکردن بۆ بەرجەستەبوونی توانایی کایەکردن لە دەرەوە بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکەوە. مەرامو بەرژەوەندی تەسکی سیاسیو حزبی جێگای بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتیو مۆدێرنی مامۆستایانو ئیرادەی پیشەییو ئامانجی درەخشانی ڕێکخراوەیەکی چارەنووسسازی وەکو یەکێتی مامۆستایان لێژکردووە. ئەمە سەرچاوەی قەیرانەکانی نێو ڕێکخراوەکەو ناو کۆنگرەی دوزدەهەمینیشە!
ئەگەر لێرەوە، لەنێو پێشهاتەکانی کۆنگرەی ١٢ دوازدەوە تەماشای ڕەوشی دامەزراوەی مەدەنیو شێوازی ڕێکخستنی ئیرادەی پیشەییو جێخستنو بەرجەستەکردنی تواناییە پیشەییەکانی جۆری سێکتۆری مامۆستایانو پەروەردەو فێربوون بکەین لەناو ئۆرگان یان ڕێکخراوێکی شارستانی پیشەییدا، ڕوون ئەبێتەوە بۆچیو لەپای چییە وا کەرتی پەروەردەو خوێندنو خوێندنی باڵاو پێگەیاندن لە کوردستان لە ئاستێکی ئێجگار دواکەوتوانەو نالەباردایەو پرۆسێسی خوێندن بۆچی وا داغانەو بۆچیش ئەو هەموو ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانو بەریەککەوتنانەی نێوان خوێندکارانو مامۆستایان، خوێندکارانو وەزارەتی پەروەردەو خوێندکارانو دەسەڵات ئەبینین، کە ئینێرژیو تواناییەکی گەلێک فراوانی مرۆییو ویژدانیو کۆمەڵایەتیو دەروونیش بەهەدەر ئەڕوات. ڕوونئەبێتەوە کە مادام سەربەخۆییو ئازادیی پراتیکبوونی ڕۆڵی کارامەی تاکەکانو ڕۆڵی پیشەیی سێکتۆرە جیاجیاکانی ووڵات لە قەیراندایەو حزب چنگاڵی گیرکردووە لە گەردنی سەرلەبەری کاناڵو کەرتو دامەزراوە کۆمەڵایەتیو مەدەنیەکان، وە لەپێناو مەرامی تەسکی حزبایەتی خۆیدا مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵی پۆزەتیڤی ئەو لایەنانەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەکات، بۆیە پرۆسەی گەشەکردنو پێشکەوتنو تەقینەوەی تواناییە شاراوەکانی خوێندکارانو هاوڵاتیان لەپێناو داهێنانو پێشخستندا زۆر سستو لاوازەو بێئومێدیو ڕەشبینییەکی زۆریشی لەنێو لاوانو گەنجاندا خستۆتەوە.
کۆمەڵگایەکی ئازاد، بەواتای فەراهەمبوونی ئازادیە فەردیو کۆمەڵایەتیو سیاسیەکانە بۆ سەرجەمی هاوڵاتیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جۆرە ئیمتیازو جیاکارییەک لەنێو هاوڵاتیاندا لەسەر بنەمای دەسکتردی ناسنامەو دەستەبەندیە حزبیو ڕەگەزیو نەژادیو هەڵاواردنە جۆراوجۆرەکانی دەرەنجامی ملهوڕیی حزبیو دەستێوەردانی حزبو لایەنەکان. کۆنگرەی مامۆستایان ئەگەر بە هەق واتای کۆنگرەیەکی سەربەخۆو ئازادانەی مامۆستایانی پێوەدیار بووایە، ئێمە ئێستا شاهیدی سکرتێرێکی دیکە غەیری ئەندامێکی پارتی دیموکرات ئەبووین بۆی. هەواڵەکانو بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانانیش بێگومان پێداگرییان لەسەر ڕۆڵی شارستانیانەو پیشەییانەی یەکێتی مامۆستایان ئەکرد لە ڕاپۆرتەکانیاندا، نەک وەشاندنی خروقاتو دەستێوەردانەکان. یانی کەسێکی شایستە سەربەخۆ لە ئینتمای سیاسییەکەی ئەکرایە سکرتێرو دەستەی سکرتاریەتیشی هەر لەسەر ئەو ڕەواڵە لە هەڵبژاردنێکی ئازادانەدا دیاری ئەکران، بۆ خزمەتی ڕاستەقینەی خوێندکارانو کۆمەڵگا، نەک بەرجەستەکردنی پاشکۆبوونی خۆشیانو یەکێتی مامۆستایانیش بۆ حزبەکان.
بەڵام بەپێچەوانەوە کۆنگرەی ١٢ی یەکێتی مامۆستایان ئێمەیان تووشی شۆک کردەوە کە جەبەرووتی پارتی لە سەری سەرەوەی ئەو ڕێکخراوەدا خۆی بینییەوەو پۆستەکانی دیکەش لەسەر بنەمای نفوزی سیاسی حزبەکان لەنێو لیستەکانیاندا دیاری کران، نەک بەگوێرەی لێهاتووییو شایستەگی مامۆستایان لە پیشەکەیاندا. لە هەمووشی جێگا سەرنجتر ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆن، کە سەری زمانیو بنی زمانی جیاکردنەوەی حزبو دەسەڵاتەکانەو پاراستنی سنووری سەربەخۆیی حزبو ڕۆڵی دامەزراوە کۆمەڵایەتیو مەدەنیەکانە، جگە لە پرتەو بۆڵەیەکی لێرەو لەوێ بەرامبەر بەو گشتە خروقاتو فرتو فێڵەی سەبارەت بە کۆنگرەی مامۆستایان کراوە، ملیان درێژکرد بۆ دیفاکتۆ(ئەمری واقع)ی ڕووداوەکانی کۆنگرەی دوازدەو نەک هەر هێندەش، بەڵکو خۆشیان بوونە بەشێک لە سەپاندنی ملهوڕیو دەسەڵاتی حزبی بەسەر کۆنگرەو یەکێتی مامۆستایان خۆشیدا!
بەڵام تۆ بڵێی ئەم ملدانەی ئۆپۆزیسیۆن بە هەمان نەریتی حزبسالاری لە کۆمەڵگای کوردستاندا، وەکو لە ناو کۆنگرەی ١٢ دوازدەی یەکێتی مامۆستایاندا بینیمان، هەنگاوێکی تری هێوڕبوونەوەی ڕەوشی ناسازگاری نێوان ئۆپۆزیسیۆنو دەسەڵات نەبێت، ئەویش دوای کۆبوونەوە دووقۆڵیەکەی نێوان مەسعود بەرزانیو نەوشیروان مستەفا!؟ وەڵام بۆ مامۆستایانو هاولاتیان جێئەهێڵم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست