کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڕیاری ئیعدامی هاشمی‌و بنبەستی پرۆسەی سیاسی عێراق

Saturday, 15/09/2012, 12:00







یەکشەممە ٩ئەیلولی ٢٠١٢، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەبەغدا، دوای تاوانبارکردنی بەچەندین تۆمەتی تیرۆریستی بەشێوەی غیابی‌و بەتایبەت لەسەر دوو دۆسێی جیاواز کە بریتین لەکوشتنی پارێزەر سهاد ئەلخەفاجی‌و کوشتنی تالب بلاسم‌و ژنەکەی، هەر یەک لەتارق هاشمی‌و بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی ئەحمەد قەحتان بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ بڕایەوە. ئەم بڕیارە له‌ئه‌نجامی به‌دواداچوونی لیژنەیه‌کی لێکۆڵینەوەدا ده‌رکراوه‌،‌ که‌تارق هاشمی‌و ژمارەیەک لەپاسەوانەکانی به‌تێوەگلان لەئەنجامدانی ١٥٠ کردەوەی تیرۆریستی، تۆمه‌تبارکردووه‌. ئه‌مه‌ش لەکاتێکدایە کە هێشتا جێگری سەرۆک کۆماری عێراقە.
لەسەروبەندی دادگایی هاشمیدا چەندین شارو شارۆچکەی عێراق بوونە مەیدانی زنجیرەی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و کردەوەی تیرۆریستی‌و خوێنڕشتن. ئەم کرده‌وانه‌ یەقینتر نیشان ئەدەن که‌چۆن ژیان‌و هەست‌و نیستی هاوڵاتیان کراوەتە مەیدانی بەلاداخستنی پێشبڕکێ سیاسییەکانی عێراق. ئەمە نەسەرەتای لیتاوەکەیەو نەکۆتایی بنبەستی سیاسی. ئێرە عێراقە، ناوجەرگەی لیتاوەکەو هیچکام لەیاریکەرە بەهێزەکانی ئێستای بچووکترین شایستەگی دەربازکردنی ووڵاتیان لەم تەنگژەو قەیرانە نیشان نەداوە. ئەوەی ئەیبینین پێشبڕکێیەکی سەختی کۆنەپەرستانەی سیاسیە بەئامانجی دەرپەڕاندنی هێزی بەرامبەر، کەهاوڵاتیان‌و کۆمەڵگاش هەم قوربانیەو هەم بارمتەش لەنێو ئەم کایە قێزەونەدا. دادگای عێراقیش ڕۆڵی باوی خۆی بەتاڵبۆتەوەو بەکێش کراوە بۆ نێو ئەم زەلکاوەی سیاسەت لەعێراقدا.
ئەگەر هاوسەنگی هێز بواری بۆ مالکی‌و لیستی دەوڵەتی یاسا لەبارکردووە هەتا دۆسێی ١٥٠ کارو کردەوەی تیرۆریستی لە دادگای باڵای تاوانەکان بۆ کەسایەتیەکی دیاری لیستی عێراقیە، یانی تارق هاشمی سازمان بدات، وە دەرەنجام لەپەیوەند بەدوو دۆسێیانەوە سزای ئیعدامی بۆ دەربکرێت، ئەوا مێژووی جەنگی تائیفی‌و پەروەندەی قێزەونی پاکسازی لەسەر ناسنامەی سوننەو شیعە، کەخودی مالکی ڕۆڵی بەرجەستەی هەبووەو هەیە لەپێناو پاشەکشە پێکردن‌و دەرپەڕاندنی نەیارە سوننەکانیدا، کەئەندازیاری دروستکردنی تیمەکانی مردن، شەخسی مالکی خۆیەتی، هیچ پاساوێک‌و هیچ شەرعییەتێک ناهێڵێتەوە بۆ سیناریۆکانی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگاییەکانی هاشمی، بەپاساوی بەرقەرارکردنی ئەمن‌و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان. بڕیاری ئیعدامی هاشمی بەهیچ جۆرێک پەیوەندی نییە بەباشبوونی ژیان‌و چاوەڕوانیەکانی هاوڵاتیانەوە، نەک هەر هێندە بگرە ڕای گشتیش لەسەر ئەو بڕوایەیە کەبڕیارەکە سیاسییەو ڕەوشەکە ئاڵۆزترو بارگرژییەکان توندتر ئەکاتەوە. ئەوەی ئەیبینین لەلایەک ڕیسوابوونی دادگاو قەزایە لەعێراقدا، لەلایەکی تریشەوە پاشکۆیەتیی دادوەریە بۆ لایەنێکی کێشمەکێشەکان. دەرەنجام لەم نێوەدا هیچ ماناو هەقانیەتێک بۆ هیچ جۆرە دادگاییەک لەئارادا نەماوەتەوە. هێندە نەبێت کەدامەزراوەی یاسایی‌و دادی عێراق بۆتە داردەستی لایەنێک لە پێکدادانەکانی نێوان لایەنەکاندا. سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەزگای دادی عێراقی لەخزمەت‌و لەژێر چنگی سەدام‌و دارودەستەکەیدا بوو لەپێناو ڕاگرتنی دیکتاتۆرییەت‌و حوکمێکی شموولی‌و شۆڤێنیدا. ئەم دامەزراوە گرنگەی داد ئێستاش هەمان ڕۆڵ ئەبینێت، بەڵام هەر جارەو ئەچێتە خزمەتی لایەنێکی ناکۆکییەکانەوە. ئەمڕۆ دادگای عێراق خزمەتی مالکی‌و سیاسەتەکانی ئەکات.
یەکەمین دانیشتنی لێکۆڵینەوە لەدۆسێی هاشمی ٥ی ئایار ڕابردوو ئەنجامدراو دادگا تیایدا گوێبیستی داواکاری سێ کەس بوون کەشکاتنامەی خۆیان لەدژی هاشمی‌و سکرتێری تایبەتی ئەو تۆمارکردبوو. ئەمە لەکاتێکدایە کەکەسە دیارەکانی لیستی عیراقیە لەچەشنی هاشمی‌و عەللاوی‌و موتڵەگ ڕایانگەیاندووە کەزانیاری‌و دۆکومێنتی بێئەندازەیان لەبەر دەستدایە سەبارەت بەڕۆڵی کەسایەتیەکانی دەوڵەتی یاسا لەکردەوە تیرۆریستیەکانی تائێستای عێراقدا. هەردوو لاشیان سەد دەر سەد سەبارەت بە نەیارەکانیان ڕاست ئەڵێن‌. ڕەوشی ناهەمواری سیاسی‌و کۆمەڵایەتی عێراق، حەقیقەتی بەرزو نزم بوونەوەی کردەوە تیرۆریستیەکان شانبەشانی ڕێکەوتن‌و بارگرژییەکانی نێوان پێکهاتە سیاسیەکانی عێراق لەسادەترین ژیری ئەگەیەنێت. ڕەوشی لەرزۆک‌و داڕماوی باری سیاسی‌و کۆمەڵایەتی عێراق لەژێر دەستی خودی ئەم نەیارانەی نێو پێکدادانەکانی عێراقدایە. ئەو شتەی ناوی پرۆسەی سیاسی لێنراوە هیچ نییە جگەلە زەلکاوێکی سیاسی، یان بنەبست‌و شکستێکی تەواو عەیاری سەرجەمی هەوڵەکانی بۆرژوازی بۆ بەرقەرارکردنی حکومەتی "نیشتمانی عێراقی". ئەو ڕۆژەی هەتاوی دادپەروەری هەڵدێت، یەکەمین کەسانێک کەپێویستە وەکو تۆمەتباری دەیان کارو کردەوەی تیرۆریستی لەنێو قەفەزی دادگا ئامادە بن، مالکی‌و عەللاوی‌و هاشمی‌و موتڵەگ‌و تاڵەبانی‌و بەرزانی‌و سەرکردەو کەسایەتیە گەورەکانی پێکهاتەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق ئەبێت!
تارق هاشمی لەژێر گوشاری دۆسێی تۆمەتبارکردنەکەیدا سەرەتا ناچاربوو پەنا بۆ لای مەسعود بەرزانی‌و پارتی دیموکرات بەرێ، بەڵام بوویە هۆی توندتربوونەوەی تەنگژەی سیاسی نێوان حکومەتی هەرێم‌و بەغدا. ئیتر هەرێم بۆ هاشمی شوێنێکی سەلامەت‌و ئاسایش نەمایەوە. بۆیە دۆسێی هاشمی لەلایەن میحوەرێکی سیاسی بەهێزی هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەوە بەئاسمانەوە قۆزرایەوەو تارق هاشمی بانگهێشتی عەرەبستانی سعودی کرا. پاشان پرۆسەی نیشتەجێکردنی ئەو بەم هەموو تۆمەتانەوە لەتورکیا لەلایەن سعودیەو دەوڵەتی تورکیاوە بەئاگاداری ئەمریکا سازماندراو ئێستا لەگەڵ دادگاییە غیابیەکەشیدا، لەگەڵ ئەوەشی کەبڕیاری موزەکەرەی تەسلیمکردنەوەی هاشمی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دراوەتە پۆلیسی ئەنتەرپۆڵ‌ بۆ ڕادەستکردنەوەی، بەڵام ئەبینین تورکیا نەک ڕادەستی ناکاتەوە بەدادگا، بەڵکو هاشمی لە تورکیاوەو لەکۆنگرەی ڕۆژنامەوانییدا، پەرچەکرداری سیاسیانەی خۆی بەپشتقایمیی پاڵپشتەکانی بێمنەتانە بڵاوئەکاتەوەو ڕایگەیاندووە کەبڕیاری لەسێدارەدانەکەی بڕیارێکی سیاسییەو نووری مالکی لەپشتییەوە ڕاوەستاوە. هەروەها هاشمی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کەدەوڵەتی تورکیاش بڕیاری ئیعدامی هاشمی بەسیاسی دائەنێت. لەلایەکی ترەوە هاشمی بڕیاری دادگاییەکەی ڕەتئەکاتەوەو ڕاشیگەیاندووە کەخۆشی‌و نووری مالکیش کە بەرپرسیاری کردووە بەکوشتنی سەدان هەزار کەس، پێویستە لەدادگای نەتەوە یەکگرتووەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێ‌و دۆسێکانیان لە دادگایەکی سەربەخۆدا بەلادابخرێن.
لەسەروبەندی دوایین دانیشتنی دادگاییکردنی غیابی تارق هاشمیدا وەک ئەڵێن؛ دۆسێی ئەمنی عێراق بەتەواوی لەپاشەکشەدایەو زنجیرەی کارە تیرۆریستیەکان‌و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو گەلێک زیادی کردووەو شارەکانی بەغداو کەرکوک‌و ناوچەکانی دەوروبەریان بوونەتە مەیدانی تەقینەوەو کوشتاری کوێرانەی هاوڵاتیان. ئەوەی جێی سەرنجە هەر کام لەلایەنەکانی کێشمەکێش دەستی تۆمەت بۆ لایەنی بەرامبەری درێژ ئەکات سەبارەت بەم کردەوە تیرۆریستیانە! لەلایەکی تریشەوە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا پاش لەشکستهێنانی هەوڵەکانی بەرزانی بۆ لادانی مالکی، تەنگژەی سیاسی عێراقی قووڵتر کردۆتەوەو پارتی یاریکەرێکی باشی هەوڵەکانی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەدی لێدەرچووەو کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەڕۆژهەڵاتەوە پاڵپشتێکی سەرەکی مالکییە بۆ مانەوەی ئەسەد. ئەم تەم‌و مژە لە ئاسمانی ساماڵەوە کۆنابێتەوەو مەترسی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا ئەگەرێکی نزیکە. لەکۆتاییدا پێویستە بووترێ؛ ئەگەر چی سزای ئیعدام ناوێکی دەوڵەتییە بۆ کوشتنی دەستئەنقەستی هاوڵاتیان. وە ئیعدام قێزەونترین شێوازی کوشتنی هاوڵاتیانە بەپێی یاسا، پێویستە بەتەواوی هەڵبوەشێتەوەو ئاسەوارەکانی بەسەر کۆمەڵگاوە بسڕێتەوە. ئیعدام نەریتی سەدەکانی ناوەڕاستەو ئەمڕۆش چینی بۆرژوایی لەبەشێکی گەورەی جیهاندا کردوویانەتە بەشێکی سەرەکی لەدەستورو دادوەری کۆمەڵگاکان، بەئامانجی تۆقاندنی هاوڵاتیان‌و ملکەچکردنی بەکۆمەڵی ئینسان بۆ دەسەڵات‌و حوکمی بۆرژوایی‌و سیستەمی چینایەتی. بەڵام ئەمڕۆ لەعێراقدا وەکو ئاماژەیەک بۆ بنبەستی پرۆسەی سیاسی، ئەبینین هێزە نەیارو دژەکان سزای ئیعدامیان خستۆتە کار بۆ دەرپەڕاندنی بەرامبەرەکانیان. جیناحی بۆرژوایی نوری مالکی ئەیەوێت بەدەرکردنی بڕیاری ئیعدام بۆ تارق هاشمی دوو نیشانە بشکێنێت، یەکەم بەپێی یاساو دادوەری خودی سزای ئیعدام بەرامبەر کەسایەتییەکی دیاری هێزە دژەکەی بەکار ئەباو حەریفەکەی ئەخاتە نێو خانەی تاوانەوە دژی هاوڵاتیانی ووڵات، دووهەم، بەم کارەو بەمشێوەیە بە بەرزکردنەوەی سزای ئیعدام پەیامێک ئەدات بەگوێی خەڵک‌و کۆمەڵگادا، پەیامی ڕاگرتنی هەڕەشەی سزای ئیعدام بەسەر سەری تاک تاکی هاوڵاتیان‌و پێکهاتەکانی ووڵاتیشەوە.واتە هاوڵاتیان یان ئەبێ تەسلیم بن بەم دەسەڵات‌و حوکمڕانییەی مالکی وەکو نوێنەرێکی بە زەبرو زەنگی چینی بۆرژوایی عێراقی، یان سزای ئیعدام لە پێشیاندایە ئەگەر پێویستی کرد!
دوای نزیک بەدە ساڵ تاقی کردنەوەو پرۆڤەی سیستەمی دیموکراسیانە لەعێراق، کەبە بەهای سەدان هەزار قوربانی خەڵکی سڤیل‌و داڕمانی بنەماکانی کۆمەڵگای شارستانی تەواو بووە، ئەگەر چی بارگرژی‌و توندوتیژی‌و کردەوە تیرۆریستیەکان هیچکات یەخەی ووڵاتی بەرنەداوەو بەردەوام ژیانی هاوڵاتیانی کردۆتە ئامانج، بەڵام تازە بەتازە ڕەوتی شیعەگەری نوری مالکی بەپشتیوانی ئێران، سەرو سیمای دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرو خوێنڕیژو دیکتاتۆری نیشانی کۆمەڵگا ئەدات بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی چینایەتی بۆرژواییانە کەسزای ئیعدام سەر لەوحەی دامەزراوەی دادوەریەکەی بێت! ئەمە ئەسڵی شکستی ئەو دیموکراسیەیە کەکۆپیەکی هێنرایە عێراقەوە، وە بنبەستی پرۆسەی سیاسی عێراقە کەلە ئەمریکاو ڕۆژئاواوە تاجووڵانەوەی کوردایەتی خەمساردانە هەندێ جار خۆیانی پێوە بائەدەن‌و منەت ئەکەن بەسەر خەڵکی عێراق‌و ناوچەکەشدا. پرۆسەکە بەجۆرێک داغان بووە لایەنە ئەسڵییەکانی نێوی سەری لێدەرناکەن. بەڵام ئەوەی بۆ خەڵکی ڕوون بۆتەوە پرۆسەی سیاسی عێراق گۆڕاوە بۆ لیتاوێک کە خودی لایەنە بۆرژواییەکان تیایدا خەریکی ملشکاندنی یەکترین.
١١ئەیلول٢٠١٢


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە