سەبارەت بە تەکنەلۆژیاو لاوەکیبوونی ڕۆڵی چینی کرێکار!
Saturday, 31/08/2013, 12:00
بە تەنیا بەو کەسە ناووترێت کرێکار کە بە چەکوشو بزمار کارئەکات، یان بۆ کارەکەی پلایسو دەڕنەفیز بەکاردێنێت، یاخود وەک لای خۆمان باوە، تەنیا کرێکاری بیناسازی کرێکار بێت!! نا هەرگیز. چینی کرێکار، بەو هێزە عەزیمە ئینسانییە ئەوترێت کە لە پرۆسێسێکی ئێجگار ئاڵۆزی کارکردندا بە پانتایی جیهان، ڕۆژانە کار ئەکات و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان ئەچەرخێنێو ژیان ئەخوڵقێنێت، تەکنەلۆژیا گەشەپێئەداو بۆپێشەوەی ئەبات، سەرتاپای سەکتەرەکانی بەرهەمهێنانو بنیاتنانی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی لەژێر هەژموونیی هێزی کاری ئەم چینەدایە، لە گواستنەوەی هەواییو ئاویو ووشکانییەوە بە هەموو جۆرەکانییەوە، چ بازرگانی چ گەشتیاری چ سیاسیو دیبلۆماسی، تا بگات بە کەرتی تەندروستیو پرۆسەی خوێندنو تا پیشەسازی قورسو سووک، هەمووی لە ڕێگای کارو ڕەنجی ئەم چینی کرێکارەوە جێبەجێ ئەکرێت، لەسەر هێزی شانو بازووی ئەو چینە هەموارو بەرجەستە ئەبێتو ئەگۆڕێت بۆ شارستانییەت، بۆ پێشکەوتنو تەکنەلۆژیاو بۆ ژیانو خۆشبەختیو .. تد. سەرلەبەری ئامڕازەکانی بەرهەمهێنانو گواستنەوەو گەیاندنو دابەشکردن، خۆیان دەرئەنجامی کاروڕەنجی دەیان ساڵەی بابو باپیرانی هەر ئەم چینە کۆمەڵایەتییە جیهانییەن. سەرباری ئەوەش هەموو ئەوانەو تەواوی هێزو تواناو کاربردی جیهانی شارستانی، بەبێ هێزی داهێنەرانەی چینی کرێکار، بێجگە لە ئۆقیانووسێک داروپەردووی بێگیان هیچی تر نین. ئەوە تەنیا شیلەی گیانی چینی کرێکاری جیهانە بە نێو جەرگەی پرۆسەی کارو بەرهەمهێناندا ئەبێتە هێزو ئینێرژیو ووزەو گیانئەکات بەبەری ئەو داروپەردووانەدا! وە ژیان هەر ڕۆژە بە پاڵپشتی لوتفی بەرهەمهێنەرانەو داهێنەرانەی چینی کرێکار، پرۆسەی ئاسایی خۆی بەرهەمو بەرهەم دێنێتەوەو ژیانی ئاسایی ڕۆژانە ئەگوزەرێت!
بیهێننە پێش چاوتان چینی کرێکاری ووڵاتێک تەنیا ڕۆژێک کار ڕابگرێو پرۆسەی کار بوەستێنێت! چی ڕووئەدات!؟ بێگومان ژیان لەو کۆمەڵگایەدا بە تەواوی ئەوەستێت! ئەم هیزە ئەگەر ڕاچڵەکێو ووشیاربێتەوەو یەکبگرێت لە دەوری بەرنامەیەکی سیاسی چەشنی ((دنیایەکی باشتر)) بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، کانسی گەورە فەراهەم ئەبێت تا ململانێی چینایەتی بە قازانجی کرێکاران بگۆڕێت، هاوکێشەی هێزەکانی جیهان گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت، وە کۆمۆنیزمو چینی کرێکار ببن بە هێز. هێزێک کە لە توانایدایە سەرچاوەی جیاوازی نێوان دەوڵەمەندو هەژار، بێکاریو برسێتی، جەنگو قاتوقڕیو نەهامەتییەکان، لە جیهاندا ووشککات. ئەو هێزو توانا عەزیمەی خۆی، کە لەم سیستەمی سەرمایەدارییەدا ئەگۆڕێت بۆ قودرەتو ئیمکاناتی دەوڵەتی بۆرژوازیو دامو دەزگاکانی، ئەبێتە هێزو توانایی بۆ بنیاتنانی سوپاو بەرهەمهێنانی چەکو چۆڵی شەڕو شۆڕو چەکی بایۆلۆژیو کۆمەڵکوژ، ببەخشێت بە کۆمۆنیزمو حزبی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار، تا لە ڕێی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیەوە ڕژێمی سەرمایە لەناوبەرێو خاوەندارێتی تایبەتیو کاری کرێگرتە هەڵوەشێنێتەوە، وە لە جێگایدا سیستەمی سۆشیالیستی، یانی خاوەندارێتی دەستەجەمعیی هەمووان بەسەر کۆمەڵگاو هۆیەکانی بەرهەمهێنانو هەموو شتێکیدا، دابمەزرێنێت. ئەوسا بۆ هەموو جیهان ڕۆشنئەبێتەوە کە هێزی کۆمۆنیزمی چینی کرێکار لە چ ئاستێکی چاوەڕواننەکراودایە! بەم کارەو بەم هەڵوێستەی چینی کرێکار، سەرلەنوێ نەخشەی سیاسیو کۆمەڵایەتیو کەلتووری جیهان ئەگۆڕێت!!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، حزبێکە لەنیو ڕەهەندی ئەم پرۆسەیەدا خەریکی کارو هەڵسوڕانی سیاسییە، وە ئامانجی دابینکردنی ڕێوشوێنەکانی دابینکردنی ڕابەرایەتییەکی سیاسیو کۆمەڵایەتییە بۆ ئەو چینە عەزیمە کۆمەڵایەتییەی مارکس هەموو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ کەشفکردنی تیوری خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕزگاربوونی لە دەستی چەوسانەوەو ڕژێمی کاری بەکرێ، کە لەگەڵ خۆیدا ئەم چینە هەموو کۆمەڵگاش لە پاشماوەکانی سیستەمی چینایەتی کۆنو تازە ڕزگارئەکات. ئەو تیوریو زانستەش کۆمۆنیزمی کرێکارییە!
٣١ئاب١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست