شەفافترین شت لە کوردستان ناشەفافیەتە!
Thursday, 26/04/2012, 12:00
وەڵام بۆ پرسیارەکانی تەوەری گۆڤاری چرەکە سەبارەت بە شەفافیەت!
ڕوونکردنەوەیەک: بەو هۆیەوە کە پرسیارەکان زۆر لە یەکەوە نزیکن، پێموابوو کە وەڵامێکی گشتی بە هەموو تەوەرەکە بدەمەوە ڕەنگە هاوکاری بکات ئامانجەکەم ڕوونتر نیشان بدەم، وە ئاسانکاریەکیش بێت بۆ خوێنەر تا شوێنی ڕوداوەکانی نێو وەڵامەکە بگرێت. بێگومان بە ئیجازەی کاک ئەمین، ڕێکخەری تەوەرەکە.
1- تاجهند ههست دهكهیت سهرجاوهى داهات و جۆنیهتى سهرف كردنى بودجه لهناو حزبه ئۆپۆزسیۆنهكان ، ناشهفافی پیوه دیاره؟
2- ئهوهى تیبینى دهكریت نهك ئهندامانى ئاسایی بهلكو بهرپسه بالاكانى ئهو حزبانهش نازانن سهرچاوهى حزبهكهیان جهنده ، ئهمه ئهوه ناگهینیت كهبودجه تهنها لهلایهن كهسی یهكهمهوه قۆرخ كراوه؟
3- زۆرجار باس لهوه دهكریت سی حزبه ئۆپۆزسیۆنهكه لهولاتانى دهرهوه پاره وهردهگرن، بهتایبهت دوو حزبه ئیسلامیهكه؟ تۆ چ بۆچونیكت ههیه؟
4- پیت وانی یه ئهو ناشهفاف نهبونى بودجهى ئۆپۆزسیۆن ماناى ئهوه دهگهینیت كهئهو حزبانه لهگهل ئهو دروشمانه راستگۆ نین كهههلیان گرتوه؟
بەڕای من ئۆپۆزیسیۆن، کە دەکاتە گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیو کۆمەڵی ئیسلامی، شتێک زیاتر لە حزبەکانی دەسەڵات ناشەفافن لە سەرچاوەی داهاتیانو لە شێوەو چۆنێتی خەرجکردنی بودجەو داراییاندا. خەڵک تەجروبەی هەیە لەگەڵ پارتیو یەکێتیداو ئەیانناسێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن گەرەکیەتی ناڕۆشنیو ناشەفافیەتی خۆی لەنێو تەجروبەی خەڵکیدا وونبکات. ناکرێت وێڵی جیاوازییەکی زۆر بین لەنێوان ئەمانو حزبەکانی دەسەڵاتدا. چونکە ڕاستیەکانمان لێ وون ئەبن. حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە مێژووی بیست ساڵی ڕابردووی کوردستان جیاناکرێنەوە. جیاوازیەک کە ئەکرێت ئێمە پێی قایل بین لە نیوان ئۆپۆزیسیۆنو دەسەڵاتدا، تەنها هێندەیە کە ئەمان ئۆپۆزیسیۆننو دەسەڵات نین، وە تاڕادەیەکیش خۆیان بە ڕەنگی دەنگی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بۆیاخ کردووەو جۆرێک لە خۆشباوەڕییشی لەنێو جەماوەری ناڕازیدا لێکەوتۆتەوە.
بۆ نموونە؛ بزووتنەوەی گۆڕان خۆی بەر لە هەر لایەنێک دەرگیری ناشەفافیەت بۆتەوە. وا بڵاوە نەوشیروان مستەفا ١٠ ملیۆن دۆلاری بە یەک سەفقە لە یەکێتی نیشتمانی وەرگرتووە، هەتا ئەم ساتەش هیچ تاکێکی کوردستان جگە لەو زاتە نازانێت، چۆن وە لە پای چی وە بۆچی یان بەگوێرەی کامە ڕێساو یاسا ئەم بڕە گەورەیەی پارەو پوولو داهاتی گشتی پێشکەشی ئەوان کراوە، وە تائێستاش ڕوون نەکراوەتەوە کە چۆنچۆنی ئەم ناشەفافیەتەو ئەم کایەکردنە بەسەر سامانی گشتیو خەڵکیەوە پەسەندکراوە لەلایەن ئەم پەرێزپاکانەی گۆڕانەوە! "ڕەنگە وەکو بارتەقای شۆڕشگێڕییەتی سەرۆکی گۆڕان لە شاخ پێشکەشی کرابێت!"
ئەمە جگە لەو شوێنە گرنگو پڕبایەخەی لە گردەکە کراوەتە بنکەو بارەگای حزبەکەیان! یان ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیان ئێستا ملیۆنێرنو هەمووان ئەتوانن پەلیان بگرنو لەڕیزی گەندەڵکاراندا دەریانبهێنن، تا ئێستا هیچ لێپێچینەوەو لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵ نەکراوە، وە ڕوون نەبۆتەوە چۆن بوونەتە ملیۆنێر!
بۆ چاوبەست گۆڕان بودجەیەکی وەهمی لەسەر پرۆگرامی ئەکسێڵ داڕشتووەو مانگانە بەنیازە وەکو شەفافیەت بە خەڵکی کوردستانی بفرۆشێتەوە. بەڵام نەریتی چینی بۆرژوازیو دەوڵەمەندان هەروا بووە کە هونەری سیاسەتو لێزانی لە کێبەرکێی سیاسیدا ببەستێتەوە بە جێگاو ڕێگای چینی دەوڵەمەندانەوەو لەپێناو نوێنەرایەتی کردنی سیاسیانەی ئەو چینەدا ئاساییە زۆربەی هەرە زۆری هاوڵاتیانی نەتەوەی خۆو هاونیشتمانیانی خۆشیان لەنێو هەژاریو بێکاریو بێئاییندەییدا بژین، تا حزبێکی وەکو گۆڕان بە شێوەی قارچک هەڵتۆقێو ببێتە هێزو پایەیەکی دەسەڵات! ئەمە داستانی گۆڕانە بەڕای من.
بەڵام چیرۆکی حزبە ئیسلامیەکان هەموویان بە بزووتنەوەی ئیسلامیشەوە، نەک هەر ناشەفافن لە سەرفکردنی بودجەو داهاتیاندا، بگرە ئەجێندای سیاسیان بەپارەو پوولو سەفقەی گەورەو گرانی شێخەکانی کەنداو یان ئێرانو تورکیاو دەوڵەتانی ناوچەکە ئەڕواتە ڕێوە! یانی پلانو پلاتفۆرمی سیاسی ژێربەژێرو نادیار بەرامبەر بە بودجەی زۆرو زەوەند ئەکەنە ستراتیژی سیاسی حزبەکانیانو لە کەناری بزووتنەوەی گۆڕاندا وەکو ئەحزابی دیموکراسیو کوتلەی کاریگەری بنیاتنانی شەفافیەتو کرانەوەو دژ بە گەندەڵی خەریکن خۆڵ ئەکەنە چاوی کۆمەڵگای کوردیەوە! من وای بۆ ئەچم سەرچاوەی بودجەو دارایی ئەم حزبە ئیسلامیانە بە هیچ جۆرێک بۆ کۆمەڵگای کوردستان دیار نیەو خەرجکردنیشی جێگای شکو گومانە. وە بوونو هەڵسوڕانی سیاسی ئەم حزبو هێزە ئیسلامیانە خۆیان هەم سەرچاوەی موجازەفەن بۆ خەڵکی کوردستان هەم سەرچاوەی مەترسی گەورەشن بۆ ئاییندەی کوردستان. ئەم حزبە ئیسلامیانە هەموو شتێکیان شاراوەو ژێربەژێرە، بەڵام لەسەر شانی وەهمی سادەی خەڵکی باوەڕدار بە ئایینی ئیسلام کارئەکەنو دوێنێ لە تەنیشت پارتیو یەکێتیدا، ئەمڕۆش لە هاوشانی گۆڕاندا ستراتیژو ئەجێندای ئیسلامیانەی خۆیانو خاوەنکارەکانیان لە سعودیەو قەتەرو ووڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا ئەبەنە پێشەوە.
لە ئاستێکی تریشدا، بە بڕوای من شەفافترین دیاردەو مەسەلەی کۆمەڵگای کوردستان، دیاردەی ناشەفافیەتو گەندەڵییە تێیدا. چونکە مناڵێکی سەرەتاییش زۆر سادەو ئاسان ئەتوانێت بیسەلمێنێت کە کێ گەندەڵە کێ ناشەفیەت پێڕەوئەکات، وە گەندەڵی پێناسە بکاتو بۆمان ڕوون بکاتەوە کە مانای گەندەڵیو ناشەفافیەت چییە! واتای ئەم ڕێوشوێنەی کۆمەڵگای ئێمەش ئەو ڕاستیو واقعیەتە بەیان ئەکات کە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بێداد ئەکات، وە کوردستان بە شیوەیەکی ڕوونو شەفاف بەسەر دوو چینی دەوڵەمەندو هەژاردا دابەش بووە. چینێکی دەوڵەمەندی ملیۆنێرو ملیاردێر کە فیرعەون ئاسا ئەژین، لەگەڵ چینێکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە هەرچی داهاتێک ڕۆژانە بە هێزی بازووی خۆی بە ڕەنجو عارەقی نێوچەوانی خۆی پەیدای نەکات نیەتی بۆ ڕۆژی دواتری! لە نێوبەینی ئەم دوو چینەشدا توێژێکی ناوەندی تاڕادەیەک فراوان هەیە کە بەپێی پێگەی ئابووریەکەی لە دەسەڵاتو دەوڵەمەندانەوە نزیکە لە ئێستادا، بەرژەوەندی خۆی لە ڕەوشی ئێستادا ئەبینێتەوەو هەر ئەو پێگەیەشی وای لێکردووە ڕاڕاو بێ هەڵوێستی پایدار سەبارەت بە گەندەڵی بمێنێتەوە. ئەم جیاوازیە چینایەتیەش یەکێک لە شەفاف ترین دیاردەکانی کوردستانی ئێمەیە.
ناشەفافیەت بە هەموو گۆشەو قوژبنێکی کۆمەڵگای کوردیەوە دیارە! هەر لە تاکێکی هاوڵاتیەوە بگرە تا پلەدارێک تا خاوەن پۆستو دەسەڵاتبەدەستو دەستڕۆییشتوویەک هەتا ئەگات بە حزبەکانو دامەزراوە دەوڵەتیەکانو حکومەت خۆشی، تا بگات بە ماڵی خوداو پیاوانی ئایینیش، چی جای حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان! بەتایبەتی لە بواری سەرچاوەی داهاتو شێوازی خەرجکردندا ناشەفافیەت وەکو دیاردەیەکی گشتگیرو کۆمەڵایەتی لە شێوەو فۆرمۆڵی تایبەتمەنددا خۆی دەرخستووە. تەنانەت لە هەندێ سەرچاوەی حزبیو حکومیەوە باسو خواسێک سەبارەت بەوەی کە "گەندەڵی بۆتە بەشێک لە کەلتووری کۆمەڵگای کوردی" سەریهەڵداوەو لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکرایەوە!
ناشەفافیەت لە هەندێ ئاستی ئاسۆییدا لەنێو هاوڵاتیاندا وەکو بێپلانیو بێنەخشەیی کەوتۆتەوەو ئەبینرێ، بەڵام لە ئاستی ڕەسمیو دەوڵەتیو پێگە بڕیاردەرەکانیدا بەشێوەی گەندەڵی فۆرمۆڵەو بەرجەستەبووەو هەموو لایەکیش بەجۆرێک دەرگیری دیاردەی گەندەڵیو ناشەفافیەتو بەهەدەردانی سەروەتو سامانی گشتیو خراپبەکاربردنی دەسەڵاتە سیاسیو حکومەتیو ئیداریو پێگەو سێکتۆرە بڕیاردەرەکان ئەبێتەوەو کاریگەری بەسەریانەوە جێئەهێڵێت. هەر بۆیەش شەپۆلێکی گەورەو فراوانی لە ناڕەزایەتی گشتی بەشوێن خۆیدا هێناوەو تا کار گەییشتوە بەوە کە لەنێو پارلەمانو حکومەتدا لیژنەی نەزاهەو دامەزراوەی تریشی بۆ پێکهاتووە. بەمپێیە کەس ناتوانێ نکوڵی بکات لە دیاردەی ناشەفافیەتو گەندەڵی لە کوردستان لە ئاستە ڕەسمیەکاندا لەسەرەوە تا خوارەوە! ئەمە گرفتو کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگای کوردستانەو بەرپرسی سەرەکیش هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستانن.
ئەلهەقی، من بە ووردی نازانم چی شتێک هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم تەورەی بەڕێزتانەو تا چی ڕادەیەک ئیمکانی ئەوە هەیە لە سنووری جێگامەبەستی بڵاوکراوەکەتان نەترازێین! ئەگەر بێتو ئامانجی ئەم تەوەرەیە ئەوە بێت وا نیشانی بدات کە مادام دیاردەی ناشەفافیەتو گەندەڵی هەموو لایەکی گرتۆتەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان پاساوێک بۆ ڕۆچوونی حزبە دەسەڵاتدارەکانو حکومەتو دامەزراوەکانی دەوڵەت بسازێنرێت کە گوایا کۆنتڕۆڵی دیاردەکە لە دەست دەرچووەو ئۆپۆزیسیۆنیش هاوبەشە تێیدا، هەتا ڕێگا خۆش بکرێت تا بە ئۆپۆزیسیۆن یان حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانو ڕێکخراوە چەپو کۆمۆنیستیەکانی دیکەو ڕێکخراوەکانی کرێکارانو ژنانو لاوانو کۆمەڵگای مەدەنی بڵێن؛ هەق نیە هێندە لۆمەی پارتیو یەکێتیو حکومەتو پارلەمان بکەن دەربارەی گەندەڵیو ناشەفافیەت، ئەوە نییە ئۆپۆزیسیۆنیش ناشەفافە لە بودجەو خەرجی داهاتیدا! ئەوە زەحمەتە چی لە زمانی منەوە بێت وە چی لە پێگەو مەودای فراوانی ڕەخنەو ناڕەزایەتی گشتی دژی ناشەفافیەتو گەندەڵیەوە بێت شەفاعەتێک بۆ دەسەڵات بەدەست بهێنرێت! لە ئاستی ڕای گشتیدا ئەو ڕاستیە جێگیر بووە کە پارتیو یەکێتی کارامەیی کۆتاهێنانیان بە گەندەڵی نیەو بەرنامە چاکسازیەکانیشی کاتکڕینە. ئۆپۆزیسیۆنیش قومار لەسەر ئاراستەکردنی ئەم بێمتمانەییە گشتیە ئەکات لە بەرژەوەندی خۆی.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئێوەشو ئێمەشو خەڵکی کوردستانو تەواوی ئاراستە سیاسیەکانیش، ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنین کە ناشەفافیەتو گەندەڵیو یاریکردن بەسەر سامانو داهاتی گشتیەوە دیاردەیەکەو سەرچاوەی لە نەریتی چینی بۆرژوازیو توێژە ملیۆنێرەکانی کوردستانەوە گرتووە. بەم پێیە نوێنەرانی چینە داراکان، چی دەسەڵاتدارەکانی یان ئۆپۆزیسیۆنەکانی، لە نزیکماوەدا شایستەگی ئەوەیان نییە بەسەریدا سەرکەون. ئەرکی کۆتایی هێنان بە دیاردەی گەندەڵی کەوتۆتە ئەستۆی چینی کرێکارو توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستانو ئازادیخوازانو کۆمۆنیستەکانو بەرەی چەپی کۆمەڵگای کوردی. لەم ڕاستایەدا خەباتێک لە پێش دەمی خەڵکی کوردستاندا قوتبۆتەوە کە دەستی کرێکارانو کۆمۆنیستەکانو چینو توێژە هەژارەکانی کوردستان ماچ ئەکات. خەبات بۆ ئازادیو دادپەروەری کۆمەڵایەتی. کۆمەڵی کوردستان ئەگەر بیەوێت دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەکردەوە تاقیبکاتەوە، پێویستە گوێ بۆ بانگەشەی بۆرژوازی نەگرێ لەدژی چەپو کۆمۆنیستەکان، وە تەلیسمی بانگەشەو تەبلیغاتی بۆرژوایی دژی کۆمۆنیزمو جووڵانەوەی کرێکاری ببڕێو پشتی کۆمۆنیزمی کرێکاری بگرێت، وە کۆمۆنیزم بیگۆڕێت بۆ هێزێکی کاریگەر لە هاوکێشەی سیاسەتی کوردستانو ناوچەکەشدا. کۆمەڵگا ئەتوانێ لەڕێگای کۆمۆنیزمەوە چارەنووسی خۆی بداتە دەستێکی ئەمین لە کەسانی شارەزاو لێهاتوو، هەتا لەم قەیرانەی جووڵانەوەی کوردایەتیو ئیسلامی سیاسی دەربازی بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست