کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


8 ی مارس‌و پیرۆزبایی‌ سەرۆکەکان!

Friday, 09/03/2012, 12:00


 
 
لە ئاستانەی ٨ی مارسدا هەموو ساڵێک جیهان لەبەردەم پرسێکی چارەنووس سازی مرۆڤایەتیدا خۆی ئەبینێتەوە. مەسەلەی ژن‌و پرسی پلەدوویی ژنان‌، توندوتیژی بێئەوپەڕ بەرامبەریان‌، کوشتنیان بە بەهانەی پاککردنەوەی شەرەف‌، پەڵەی نەنگی کۆیلایەتی ژنان‌ بەنێوچاوانی کۆمەڵگاکانەوەو شیوەی خەبات‌و تێکۆشان بۆ وەڵامدانەوە پێی، هەموو ساڵێک لە ٨ی مارسدا ئەبێتەوە بە سەنتەری سیاسەت‌و میدیای جیهانی‌و ناوخۆیی. شاشەی یەکەمین هەواڵی تەلەفزیۆنەکان‌و جیهانی ئینتەرنێت‌ دائەپۆشێ‌و لاپەڕەی سەرەکی ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان داگیرئەکات. ٨ی مارس لە ناوبەینی خەباتی ڕزگاری خوازانەی ژنان‌و ڕیاکاری‌و هەوڵی خۆدزینەوەی دەسەڵاتداران ئەبێتەوە بە چەقی ناکۆکییەکی کۆمەڵایەتی مەزن.

بەڵام زۆر بە دەگمەن بەرچاو ئەکەوێت سەرۆکی دەوڵەت‌و ووڵات‌و کۆمارو حکومەت‌و حزبە ڕەنگاو ڕەنگەکانی دنیا بە شێوازی سەرۆکەکانی دەسەڵاتی کوردی کاردانەوەیان بریتی بێت لە پیرۆزبایی کردن لە ژنان لە ڕۆژی ٨ی مارسدا! هۆیەکەی هەرچیەک بێت لە ڕۆژئاواو بەشێکی گەورەتری جیهاندا نەریتی خۆپیشاندان‌و ڕێپێوانی گەورە لەلایەن جووڵانەوەی ڕزگاری ژنان‌و ئازادیخوازانەوە بۆ ڕەتکردنەوەی کۆیلایەتی ژنان سازو بەرپائەکرێت. بەڵام لە کوردستان بەهەمان شێوەی پیرۆزبایی ناردن بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان‌و جەژنی قوربان‌و جەژنە ئایینیەکانی ترەوە، سەرۆک کۆمارو سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکی حکومەت‌و پارلەمان‌و تا خوارتریش لەڕێگای سکرتاریەتەکانیانەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە پیرۆزباییەکانیان بڵاو ئەکەنەوە، بۆ مەبەستی بچووککردنەوەی ٨ی مارس‌و جووڵانەوەی ژنان‌و ویستەکانی بەرهەڵستکاری ڕەوتی کۆمەڵایەتی لەدژی کوشتنی ژنان! تەنانەت ئەمساڵ دەسەڵاتی کوردی هەنگاوی ناوە بۆ گۆڕینی ٨ی مارس بۆ ڕۆژی پۆشینی جلی کوردی!

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی پلەدارو سیاسیە باڵاکانی کوردستان وەکو دیاردەیەک تەنانەت لە ڕۆژی ٨ی مارس‌و ١ی ئایاریشدا ئەم پیرۆزبایی نامانە ئەدەن بەگوێی گۆمەڵگادا!؟

وەڵامی ئەم پرسیارە لە پشتی ئەو فاکتەرو ستراکتوورە سیاسی‌و ئایینی‌و کۆمەڵایەتیانەدا ئەدۆزرێتەوە کە لە ماوەی ئەزموونی دەسەڵاتی کوردیدا ئۆقیانووسێک لە تاوانی بەرامبەر بە ژنانی کوردستان لێکەوتۆتەوە! لە مێنتاڵێتی ئەو سەرۆک‌و باڵادەستە سیاسیانەدا ئەبێت بۆی بگەڕێین کە ئایینی ئیسلامی کردۆتە سەرچاوەی داڕشتنی دەستووری کوردستان‌و یاسای فرەژنی لە پارلەمان پەسەند کرد. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ژنان‌و ئازادیخوازان‌و تەواوی خەڵکی کوردستان پێویستە ڕەشەکوژی ژنان تەماشاکەن، کە وەکو نەریتێکی ڕێگاپێدراو هەر پیاوێک، جا باوک بێت برا بێت مێرد بێت یان ئامۆزاو پورزاو هەر نێرینەیەکی تر، بەتەواوی بەپاڵپشتی سوننەتی نامووسپەرستانەو یاساکانی ئیسلام‌و کەلتووری دواکەوتووی قەومپەرستی، بە پشتیوانی تەنگژەو دەمارگیریی پاککردنەوەی شەرەفی خانەوادەو بنەماڵەوە لەژێر سایەی هەژموونی‌و دەسەڵاتی ئەم سەرۆک‌و دەسەڵاتدارانەدا وە بە بەرچاوی خوداو یاساو دادو پارلەمان‌و هێزەکانی ئاسایش‌و پۆلیسەوە بێمنەتانە هەر ژن‌و کیژێک چکۆلەترین بیانووی لێدەرکەوێت ئەکرێتە قوربانی فیشەکێک یان چەقۆیەک یان پتڵێک بەنزین یاخود پەتێکی خنکاندن‌و بە ساردو سڕییەکی شەرمنۆکانەوە لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە هەواڵەکانی بڵاو ئەکرێنەوە!!

پیرۆزباییەکانی ئەم بەڕێزانە لە سەرۆک‌و دەسەڵاتبەدەستەکانەوە با بۆ خۆیانی هەڵگرن‌و خەڵکی ویژدان زیندووی کوردستان نابێت ئەم تەڵەکەبازیەیان لێ قبوڵبکەن! ئەو بالادەستانە ئەگەر ڕاست ئەکەن‌و لایەنگری مافی ژنان‌و یەکسانیانن لەگەڵ پیاوان بۆچی جێبەجێی ناکەن!؟ کێ دەستی گرتوون؟؟ بۆچی بە یاسایەکی بوێرانە دەستی کۆمەڵگا واڵاناکەن کە لەجێگای ئەوەی نیوەی خەڵکی کۆمەڵگاکەمان ببێتە قوربانی پیاوسالاری‌و دەمارگیری پاککردنەوەی شەرەف، ئەو سوننەت‌و نەریتە پڕتووکاوو نامووسپەرستانە شەرمهێنەرە بکەنە قوبانی‌و شەقێکی تێهەڵدەن‌و یاسای یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان‌و پیاوان جێبەجێبکەن!

بەڵام پیرۆزبایی کردنی ئەو سەرۆکانە لە ڕۆژی هەشتی مارسدا لە ژنان، خۆی لە خۆیدا لەلایەک شانخاڵیکردنەوەی خۆیانە لەو تاوانکاریانەی لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەواندا بەرامبەر بە ژنان هەموو ڕۆژێک لە کۆمەڵدا ئەچێتەپێشەوە، لەلایەکی تریشەوە ڕەسمیەت‌و شەرعیەتدانە بەو کۆکوژی‌و ڕەشەکوژیەی بیست ساڵ زیاترە بەرامبەر بە ژنانی کوردستان چەندین هەزار ژنی کردۆتە قوربانی‌و ژنانی لەنێو کۆیلایەتی‌و ژێردەستەیی پیاواندا ڕاگرتووە. پیرۆزباییەکانی سەرۆکەکان لە ٨ی مارسدا بۆ ژنان هیچی تر نیە جگە لە ڕووکەشێکی ڕیاکارانە بۆ داپۆشینی تراژیدیایەکی بەردەوامی ژیانی ژنان‌و پەڵەیەکی نەنگی‌و شەرمەزاری بە سەروچاوی کۆمەڵگای کوردیەوە.

فەرمون لای خوارەوە پیرۆزبایی نێچیرەوان بارزانی، سەرۆکی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنج بدەن کە بەبۆنەی ٨ی مارسەوە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە:

٨-٣٢٠١٢
نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فێیسبووكدا رۆژی جیهانی ئافره‌تان له‌ ئافره‌تانی كوردستان و جیهان پیرۆز ده‌كات،ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
هاوڕێیانى ئازیز..بە بۆنەى ڕۆژى جیهانیی ئافرەتانەوە، پیرۆزباییەکى گەرم ئاراستەى ئافرەتانى کوردستان و جیهان دەکەم. من بڕوایەکى بەهێزم بە دەستەبەرکردن وداکۆکیکردن لە مافەکانى ئافرەت هەیە و هەمیشە پشتگیریم لە یەکسانى و دابینکردنى دەرفەت لە هەموو بوارەکاندا بۆ ئافرەتانى کوردستان کردووە. لەم رۆژەدا، 8ى ئادار، جارێکى تر پشتگیرى خۆم بۆ مافەکانى ئافرەت و رێکخراوەکانى داکۆکیکردن لە ئافرەتان لە کوردستان دووپات دەکەمەوە. لەگەڵ رێز و سڵاوم بۆ ئێوەى بەڕێز.
لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی خەبات وەرگیراوە
٩مارس٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە