کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دۆسێی سەردەشت عوسمان‌ هی هەموومانە!

Tuesday, 27/03/2012, 12:00







"ڕۆژی ٤-٥-٢٠١٠ له‌ به‌رده‌م کۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی زانکۆی سه‌‌ڵاحه‌دین له‌ شاری هه‌ولێر ڕۆژنامه‌نوسی لاو سه‌رده‌شت عوسمان، که‌ خوێندکاری قۆناغی چواره‌می به‌شی زمانی ئینگلیزی بوو، له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداره‌وه‌ ده‌ڕفێندر‌ێت و دوو ڕۆژ دواتر له‌ ڕۆژی 6 ی هەمان مانگدا له‌ پارێزگای موسڵ ته‌رمه‌كه‌ی‌ ئەدۆزرێتە‌وه‌‌، کە دوو فیشەک نرابوو بە ناو دەمیەوە"!

ئەم دەقە کورتە داستانی تاوانێکی ئاشکراو ڕوون‌و ڕەوانی لەخۆدا هەڵگرتووە کە لاوێکی ڕەخنەگرو چاوتیژی وەکو سەردەشت عوسمان تیایدا بوویە قوربانی، قوربانییەک کە سەرلەبەری خەڵکی کوردستان‌ نەک هەر لەگەڵی ئاشنان‌‌و بە براو کەس‌و ئازیزی خۆیانی دائەنێن، بەڵکو وەکو سیمبۆلی ئازادی‌و نەترسی‌و دەربڕینی بیروڕاو بوێری لە ووتنی ڕەخنەو ناهەقی قبووڵیان کردووە. لەگەڵی ئاشنان چونکە ڕاستەوخۆ بەشوێن بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم غەدرە گەورەیەدا لەسەر ئاستی هەموو کوردستان جووڵانەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی بۆ ڕیسواکردنی تاوانەکە هاتەمەیدان‌و یەکپارچە داواکار بوون بکوژانی سەردەشت‌و ئەوانەشی ئەندازیاری داڕشتنی پلانی تاوانەکە بوون لەدادگایەکی سەربەخۆو عادلانەدا سزای یاساییان بەسەردا بدرێت. دواتر دۆسێکەی لە ئاستی جیهاندا دەنگی دایەوەو چەندین ڕێکخراوو کەمپین‌و لیژنەی داکۆکیکار لە دۆسێی سەردەشت عوسمان پێکهات‌و تەنانەت ڕێکخراوە بەناوبانگەکانی جیهان لەسەری هاتنە دەنگ‌و تاوانەکەیان مەحکوم کرد.

بەڵام ئەمڕۆ پاش تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، دۆسێی تیرۆری سەردەشت عوسمان بەکراوەیی لەجێی خۆیدا ماوەتەوەو خەڵکی کوردستان‌و بنەماڵەی سەردەشتیش جگە لە زنجیرەیەک سیناریۆی گاڵتەجاڕو بێبنەما هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونێکی جێگا متمانەو سەربەخۆی دادو دادوەری هەرێمی کوردستانیان نەبینیەوە. نەک هەر هێندەش بگرە دەزگای دادوەری هەولێر لەجیاتی ئەوەی دەستبەجێ بەشوێن تاوانەکەدا ڕێوشوێنی یاسایی‌و دروست بگرێتەبەر بۆ بەدواداچوونی دۆسێی سەردەشت عوسمان، بینیمان بێدەسەڵاتی خۆی، وە لە ڕاستیدا پاشکۆبوونی خۆی بۆ حزبەکانی دەسەڵات دووپاتکردەوە.

دامەزراوەی قەزایی کوردستان زیاتر وەکو ئامڕازێکی دەستی حزب ڕۆڵی نواندووەو بۆتە مەیدانی تێپەڕاندنی ئەو سیناریۆیانەی لەم پەیوەندەدا چنراون‌و پلانیان بۆ داڕێژراوە بۆ دیزە بە دەرخۆنەکردنی دۆسێی سەردەشت عوسمان‌و ئەوانی تریش. لەکاتێکدا ئەبوایە دەزگای دادپەروەری خۆبەخۆو وەکو ڕەواڵی ئاسایی دامەزراوەیەکی داکۆکیکار لە ناهەقی‌و دژی تاوانکاران ڕۆڵی سروشتی خۆی ببینیایە لەپێناو سەروەری یاسادا. دەزگای دادوەری هەرێمی کوردستان هەم لە دۆسێی سۆرانی مامە حەمەو هەم لە دۆسێی سەردەشت عوسمان، وە سەرەنجام لە دۆسێی کوژراوان‌و بریندارانی ١٧ی شوبات‌و دواتریشدا بەهیچ جۆرێک نەیتوانیوە ڕۆڵی کاراو سەربەخۆی خۆی بگێڕێ‌و زیاتر وەکو دەسکەلای دەستی حزبە دەسەڵاتدارەکان هەڵس‌و کەوتی کردووە. هەر بەم مانایەشە کە ئەتوانین بڵێین؛ دامەزراوەی قەزایی‌و دادوەری هەرێمی کوردستان میسداقیەتی خۆی لەدەست داوەو خەڵکی کوردستان ناتوانن لە دۆسێ هەستیارە کۆمەڵایەتی‌و سەراپاگیرەکانیاندا وەکو مەرجەع‌و سەرچاوەی دادو دادپەروەری موعتەبەر متمانەی پێبکەن‌و بۆ بەرگری لە یاساو سەروەری یاسا‌و جێبەجێکردنی یاساکان پشتی پێببەستن. مەگەر ئەمەی کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەم پەیوەندەدا بە بەشداری راستەوخۆی خەڵکی کوردستان بهێنرێتە دی.
ئەمڕۆ دوای نزیک بە دوو ساڵ بەسەر تاوانەکەدا، بڕیار وابووە کە یەکەم دانیشتنی لێپێچینەوە لە دۆسێی تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە دادگای هەولێر بەڕێوەبچیت، بەڵام کەڵەک‌و کڵوکی سازکردنی سیناریۆکە هێندە بێبنەماو دوور لە ڕاستیەوە بووە، بۆیە دانیشتنەکە گوایا بەهۆی هەڵەیەکەوە لە پەروەندەی تۆمەتباری نێو سیناریۆکەدا دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار! ئەسڵی سیناریۆکە ئەمەیە؛ نە تۆمەتبار ئاگای لێیە کە چی ڕۆژو سەعاتێکیان بۆ داناوە لەو چیرۆکەی وا ئەو ڕۆڵی تیا ئەبینێت، وە نە عەبدولباست فەرهادی سەرۆکی دادگاش ئاگای لە چۆنێتی دەسگیرکردنی تۆمەتبارەکەو ڕۆژو کاتی ئیفادە لێوەرگرتنەکەی هەیە!! ئایا ئەم تابلۆیەی دانیشتنی یەکەمی دادگاییکردنی دۆسێی سەردەشت عوسمان بە هەر عەقڵ‌و ژیرییەک ناسەلمێنێت کە پرۆسەی دادگاییکردنی دۆسێکە ناتەندروستەو پرۆسێسێکە بۆ تێپەڕاندنی چیرۆکی نێو سیناریۆکان بە ئامانجی داپۆشینی ڕاستی پێشهاتەکان!؟

بنەماڵەی سەردەشت عوسمانی سەربەرز وەکو هەڵوێستی هەمیشەییان هەر زوو ڕایانگەیاندووە کە ئامادەی ئەم سیناریۆسازییە نابن‌و دادگاییەکە هیچ ئیعتبارێکی نیە لایان، چونکە هیچ سەربەخۆییەک بە داگاوە نابینرێت. جگەلەوەشی کە هەموو جیهان لەوە ئاگادارن کە سەردەشت عوسمان لەلایەن چەند چەکداری شارەزاوە بە ڕۆژی ڕووناک لە کردەوەیەکی تیرۆریستانەدا ڕفێنراوەو تیرۆرکراوە، کەچی لە سیناریۆکەی دادگای هەولێردا کەسێک بەناوی ڕەمەزان ئامادەکراوە کە گوایا ئەو کاتی ڕفاندنی سەردەشت بەڕێکەوت لەوێ بووەو بەچاوی خۆی بینیویەتی کە تەنها یەک کەس بووە سەردەشتی ڕفاندووەو لەماوەی ٣٠چرکەدا عەمەلیەکەی ئەنجامداوەو گوایا بۆیە کەس بەفریای سەردەشت نەگەییشتووە!

ئەگەر بێت‌و دۆخی پاوانخوازیی دەسەڵات‌و پاشکۆبوونی دادوەری بۆ حزبەکان بەم ئاستە بێت کە ئەیبینین، ئەگەر ڕەوشی سەروەری یاساو دادگاکان بەم ئاستە لەژێر چەپۆکی حزبدا بمێننەوەو لەخزمەتی چینە داراو دەوڵەمەندو لێپرسراوە ملیۆنێرەکاندا بن‌و ملکەچی فەرمانی ئەوان بن، ئێمە خەڵکی کوردستان ئەبێ چاوەڕوانی چیرۆک‌و سیناریۆی لەمەش گاڵتەجاڕ تر بین بۆ سەربەخۆبوونی دەزگای دادگاو دامەزراوەی یاسایی هەرێمی کوردستان!

چۆنێتی مامەڵەی دەسەڵات‌و دامەزراوەی دادوەری کوردستان لەگەڵ دۆسێی سەردەشت عوسمان‌و سۆرانی مامە حەمەو قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات‌و دواتر، ئەو ڕاستیەی بە هەموو لایەک سەلماند کە دادگاکانی هەرێم سەربەخۆ نین، پاوان کراون لەلایەن حزبەکانەوەو مسداقیەتیان لەدەستداوە. ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارەو هەڕەشەیەکی گەورەیە بەسەر ئاییندەی ئەم کۆمەڵگایەوە. ئازادی‌و ئاسایش‌و ماف‌و کەسایەتی تاکەکانی کوردستان هیچ گەرەنتی‌و زەمانەتێکی یاسایی‌و دەستووریان لەپشت نییەو سەرتاپای دادوەری بۆ خزمەتی هەندێ حزب‌و چینە تازە دەوڵەمەندبووەکان ڕاوەستاوە.

خەڵکی کوردستان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئازادیەکان‌و فەراهەمکردنی کەشێکی لەبار بۆ مومارەسەی ژیانی ڕۆژانەیان‌و بۆ بەرگری لە خودی یاساو خودی دادگاو خودی دامەزراوەی دادگاو دادپەروەری‌و بۆ سەروەر کردنی یاسا‌و جێبەجێکردنی بەشێوەی یەکسان بەسەر هەمواندا پێویستە بێدەنگ نەبن‌و خەباتی خۆیان بۆ بەرگری لە خۆیان‌و لە کۆمەڵگاو بۆ ژینگەیەکی تەندروستی کۆمەڵایەتی شایستەی مرۆڤی هاوچەرخ درێژە پیبدەن. هەنگاوی بناغەیی لەم پێناوەدا بەرگری فراوانی هەموو خەڵکی کوردستانە لە هەڵوێستی جوامێرانەی سەردەشت عوسمان‌و بنەماڵەی قوربانیانی تری دەستی زیادەڕۆیی حزبە دەسەڵاتدارەکان.
٢٧مارس٢٠١٢



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە