کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کەوتنی دیکتاتۆرەکان ئومێد بە شۆڕش ئەگەشێنێتەوە!

Friday, 21/10/2011, 12:00








بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دوایین ساتەکانی موعەممەر قەزافی لە شاری سرتەوە بە زەلیلی‌و لەنێو پێلەقەی دژبەرەکانیدا، کۆتایی یەقینی ڕژێمی لیبیاو دەسەڵاتی ٤٢ ساڵ لە زەبروزەنگی سیستماتیکی یەکێکی دیکە لە هارترین ڕژێمە دیتاتۆری‌و بۆرژواییەکانی جیهانی عەرەبی ڕاگەیاند.



بێگومان هەموو ئینسانێکی شەریف‌و ئازادیخواز لەسەر پانتایی جیهان، بە هەرەسهێنانی ڕژێمێکی خوێنڕێژو سەرکوتگەرو دژی ئینسانی وەکو دەسەڵاتەکەی قەزافی دڵ‌و ویژدانی ساڕێژئەبێت لە شادی‌و بەشداری قووڵی خۆی لەگەڵ ئاهەنگی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرێکی گەورەی وادا ڕائەگەیەنێت. بەڵام نیگەرانی لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ناتۆو ئەمریکا بۆ لەباربردنی شۆڕش‌و لەبەرچاوخستنی شۆڕش بە وێناکردنی لەگەڵ توندوتیژی‌و زەبر زەنگدا، ئەگەرێکەو خورپەی دڵی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازو عەدالەتخوازە! ئەم نیگەرانیە بەرهەقەو دەبێت ڕێگانەدەین جارێکی دیکە مرۆڤایەتی توشی نائومێدی‌و ڕەشبینی بکرێتەوە.



حکمەت لە کوێدابوو هەتا کڵپەی گڕی جەستەی نازداری بوعەزیزی، لاوێکی بێکاری دەرچووی زانکۆی تونسی بە خێرایی بگۆڕڕێت بۆ چەخماخەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بێبەش‌و ستەملێکراوی جیهانی عەرەبی لە دژی دەسەڵاتە سەرکوتگەرو دیکتاتۆریەکان! حکمەتێک کە زنجیرە شەپۆلەکانی شۆڕشی گشتگیری کۆمەڵگا عەرەبیەکانی هەڵایساندو تائێستاکە سێ ڕژێمی نەگریسی زەینلعابیدین‌و حوسنی موبارەک‌و تازەکیش مەوعەممەر قەزافی ڕەوانەی زبڵدانی مێژوو کردووە، عەبدوڵڵا ساڵح‌و بەشار ئەسەدو تەواوی ڕژێمە داپڵۆسێنەرو پشتبەستووەکانی ناوچەکە بە زەبروزەنگ‌و ئاگرو ئاسن بۆ ملکەچکردنی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش بۆ زوڵم‌و زۆری بۆرژوایی لە سەرەدا ڕاوەستاون‌و چاوەڕوانی هەمان چارەنووسی ئەو دیکتاتۆرانەن.



بۆ تێگەیشتن لەو حکمەتە پێویستە کەمێک بگەڕێینە دواوەو هیچ نەبێت بەدیقەتەوە تەماشای گرتە ڤیدیۆییەکانی سەردان‌و ماچ‌ومووچ‌و ڕامووستانەکانی سەرۆکە گەورەکانی جیهانی لیبڕاڵیزم‌و دیموکراسی ڕۆژئاوایی بکەین لەگەڵ قەزافی‌و موبارەک‌و عابیدین‌و سەدام‌و ئەوانی دیکەش! بێگومان لەیادی ناکەن هەر بە شوێن گرتە ڤیدیۆییەکەی شەرمەزاربوونی قەزافی‌و ئەوانی دیکەشدا، کورتە فیلمی پڕزەردەخەندەی باراک ئۆباما، تۆنی بلێر، سارکوزی‌و دانەدانەی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەوروپایی‌و ئەمریکایی بڵاوئەکرێتەوە کە بۆ هاوپەیمانی‌و پشتگیری‌و شەرعیەتپێدانی ئەو دیکتاتۆرانەی ئێستا کەوتوونەتە بەردەم ڕەحمەتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ووڵاتانی عەرەبی، زۆر پێش ئێستا نەبوو هاتبوون‌و ڕێوڕەسمی تەحمیقی جەماوەرییان لەگەڵیان سازکردبوو وە کاتی خۆی بە هەموو شێوازێک پشتیوانی‌و هاوپەیمانی خۆیانیان بۆ ئەو دیکتاتۆرانەو ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکانیشیان دووپات کردۆتەوە. ئێستا کەوتوونەتە بەردەم واقعێکی دیفاکتۆو بێشەرمانە بەنیازن بەپشتکردنیان لە ڕژێمە دەستسازەکانیان خۆیان تێکەڵ بە شەپۆلی ناڕەزایەتی‌و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی بکەن، دیارە لەپێناو لەباربردنی شۆڕشدا!



ئایا ئەکرێت مرۆڤایەتی‌و ویژدانی باگای جیهانی شارستانی هەتا هەتایە لەنێو فریوکاری‌و تاریکی‌و بەدحاڵیبووندا ڕاگیرێت!؟ ئایا درووستە مرۆڤایەتی سەرهەڵدانی ئەم دیکتاتۆرانەو ڕژێمە قینلەدڵ‌و داپڵۆسێنەرەکانیان وەکو هەڵتۆقینی قارچک لەنێو کێڵکەی ژێر پەڵەی بەهاران لەم ناوچانە تەماشا بکات‌! یانی تایینبوونی ئەم ڕژێمە هارو دڕندانە بۆ سەر کۆمەڵگا عەرەبی‌و ڕۆژهەڵاتیەکان گوایا وەکو ڕووداوێکی سروشتی‌و پەرچەکرداری سروشتیانەی دواکەوتوویی‌و نەزانیی ئەو کۆمەڵگایانە چاولێبکرێت، وە ڕۆڵی سەرەکی ئەمریکاو ڕۆژئاواو بەرژەوەندی‌و قازانجپەرستی سەرمایەو سەرامەیەداری لە تایینکردن‌و سەپاندنی ئەم ڕژێمانەدا چاوپۆشی لێبکرێت!؟ بێگومان نەخێر!



مانای ڕاستەقینەی ئەم نەخێرە لە گڕی جەستەی بوعەزیزی تونسەوە دەستپێئەکات‌و لەگەڵ هاوارو بانگەشەی دژی زەبروزەنگی کاپیتاڵیستی لە وۆڵ ستریتی نیۆیۆرک‌و پایتەختی ٨٢هەشتاو دوو ووڵاتی جیهانیدا لە ١٥ی ئەم مانگە لێکهەڵئەپێکرێت! ئەم تەمومژی فریوکاریە دەستی بە ڕەوینەوە کردووە. لە ڕاستیدا ئەوەی پێیدەوترێت بەهاری عەرەبی ڕاچڵەکینی کۆمەڵگا چەپێنراوەکانە لەژێر زەبروزەنگی بێڕەحمانەی بۆرژوایی بۆ تێکشکاندنی تەوقی دیکتاتۆریەتی بۆرژوایی‌و زەبروزەنگی سیستماتیکی سەرمایەداری لە شکڵەکانی دیکەیدا.



گەرەنتی بۆ سەرکەوتنی یەکجاری ئەم ڕاپەڕینە لەوەدا نیە جارێکی تر بۆرژوایی بەناوی ناتۆو دیموکراسی‌و لیبڕاڵیزمەوە خۆیان تێهەڵکێش بکەنەوە لەگەڵ ڕاچەنینی گشتی‌و جەماوەریدا، وە سەرکەوتن بەسەر ڕژێمە دیکتاتۆرە دەستسازەکانی خودی خۆیاندا لەلایەن خەڵکەوە وەکو ڕووهێنانی ئەو کۆمەڵگایانە بۆ دیموکراسی‌و لیبڕاڵیزمی بۆرژوایی لێکبدرێتەوە، بەڵکو گەرەنتی بۆ گەیشتنی بەهاری عەرەبی بە مەنزڵگای سەرکەوتنی یەکجاری هاتنەمەیدانی چینی کرێکاری کۆمەڵگا عەرەبیەکانەو لەویش گرنگتر دەستگرتنی چینی کرێکارو خەڵکی ڕاپەڕیوە بە کەلەپووری شۆڕش‌و شۆڕشگێڕێتی‌و مێژووی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە لەپێناو ڕابەرایەتی کردنی ڕاپەڕینی جیهانی عەرەبی‌و خەڵکی هەژارو دەستتەنگی گشت ناوچەکەو جیهانیش. گەرەنتی بنەڕەتی لەوێدایە کە باگابوونەوەی خەڵکی هەتا ئەو شوێنە تاوبدرێت کە پەی بەو حەقیقەتە ببرێت کە تەنها زەمانەت‌و گەرەنتی دەستگرتنە بە شۆڕشی کرێکاریەوە!



کرێکارو کۆمۆنیستەکان ئەرکیانە ڕۆڵی ڕاستەقینەی شۆڕش‌و کاری شۆڕشگێڕانە لە فریوکاری‌و شێواندنی فیکرو ئایدیۆلۆژیای بۆرژوایی سەربەخۆ ڕابگرن‌و لەنێو ویژدانی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵی ئینساندۆستانەو نەوعدۆستانەی شۆڕش‌و شۆڕشی کرێکاری لە تەحریفکردن‌و بەلاڕێدابردنی بۆرژوایی بپارێزن. چینی کرێکاری تونس‌و میسرو لیبیاو جیهانی عەرەبی شەرەف‌و شایستەگی سەرکەوتنیان بەسەر بۆرژواییدا بەدەستهێناوە. بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا مرۆڤایەتی لەنێو دڵی ڕژێمە دیکتۆتۆریەکانی جیهانی عەرەبیەوە لەبەر دەرگای سەرکەوتنێکی مێژوویی بێوێنەدا خۆیان ئەبیننەوە! سەرکەوتن لە جیهان‌و کۆمەڵگای چینایەتیدا هەرگیز ئاسان نیە بەسەر سیستەمی بۆرژواییدا، بەڵام ئەگەرێکی واقعیە! شۆڕشی جیهانی عەرەبی سەرنجی جیهانیان بۆلای خۆیان‌و سەرکەوتنەکانیان‌و بۆلای ڕێزو حورمەتی شۆڕش‌و شۆڕشگێڕێتی وەرچەرخاندووە. جیهانی شارساتنیش بۆ سەرخستنی ئەم شۆڕشە خەریکە پێئەنێتە مەیدانی شۆڕشەوە لە دڵی ئەمریکاو ئەوروپاوە. ئەمەش بەواتای پێشڕەویەکی گەورەی مرۆڤایەتیە لەدژی بۆرژوایی‌و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی. ئەمە دەبێت تەوژمێکی دیکە بدات بە شۆڕشی ناوچەکەو جیهانیش.



بۆرژوایی جیهانی بەدوای بنبەست‌و شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا بێڕاوەستان هەتا ئەم ساتانەش لەحزەیەک ڕانەوەستاوە لە گێژکردنی جەماوەرو بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیدا سەبارەت بە ناوەرۆکی مرۆڤدۆستانەو ئازادیخوازانەی شۆڕش بەشێوەی گشتی‌و شۆڕشی کرێکاری بەشیوەی تایبەتی. ئەگەرچی بۆرژوایی نەیتوانیوە ئومێدی شۆڕش‌و ئیرادەی شۆڕشگێڕانە لەویژدانی مرۆڤایەتیدا بەتەواوی بکوژێنێتەوە، بەڵام توانیویەتی ئێجگار دژوارو سەختی بکات! ڕاپەڕینی جیهانی عەرەبی ئەم ئومێدەی گەشاندۆتەوەو دژواریە زەینی‌و ئایدیۆلۆژیەکانیشی تاڕادەیەکی زۆر ساناکردووەو تەمومژی ئاسۆی سەرکەوتنی ڕەواندۆتەوە.



لەواقعدا ئەندازیارانی بیرو هزری بۆرژوایی بە مەبەست وێنایەکی بەوجۆرەیان لە زەین‌و خۆووشیاری ئەم کۆمەڵگایانەدا جێگیرکردووە سەبارەت بە چارەنووس‌و چاوەڕوانی‌و ئاییندەی ئەو کۆمەڵگاو ناوچانە. وە هەر لێرەشەوە مەزنخوازی‌و هەژموونی ڕۆژئاوایی بەسەر کۆمەڵگا ڕۆژەهەڵاتیەکاندا پێویستی شکڵدان بەم دەسەڵاتە دیکتاتۆری‌و سەرشێت‌و بەزەبرو زەنگانەی بۆیان هێناوەتە پێشەوە. ئەمریکاو ڕۆژئاوا خۆیان ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە لە قەبڵاندنی ئەم ڕژێمە نەگریس‌و ڕەشانەدا بەسەر ئەم کۆمەڵگایانەدا. لەپێناو ڕاگرتنی سەدان ملیۆن ئینسانی ئەم ناوچانە لەژێر ڕکێفی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆریانەدا بۆ خزمەتی سەرمایەو سەرمایەداری‌و بەدەستهێنانی سوودو قازانجی بێئەندازەدا، سەدان تیئۆریسیەن‌و ستراتیژیست‌و ئەندازیاری بەکرێگیراوی ڕۆژئاوایی لەپێناو گەوجگردنی هاوڵاتیان دەیان ساڵ کاریان کردووەو ئارەقیان ڕشتووە هەتا ملیۆن ملیۆن ئینسانی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان مل کەچ کەن بۆ ئەو دەسەڵاتە دژەئینسانیانە. ئێستا ئیتر ئەم کێوی تەوقە خورافی‌و ئەم دێوزمەی کۆتە فریوکاریە عەقیدەیی‌و ئایدیۆلۆژیە بۆرژواییە دەستی بە توانەوە کردووەو خەڵکی ئەم کۆمەڵگایانە باگائەبنەوەو بۆ گۆڕانکاری بە قازانجی خۆیان‌و ئاییندەیان دەست بۆ شۆڕش ئەبەنەوەو ئازایانە بوونەتە سەرقافڵەی گێڕانەوەی متمانە بۆ چەمکی شۆڕش‌و شۆڕشگێڕێتی‌. وە ئەوان بە شایستەگیەکی بێوێنەوە هاتوونەتە مەیدان‌و ڕێزدائەنێن بۆ خودی شۆڕش بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک‌و پاشگرو پێشگرێک. ئەمە هەنگاوێکی گەورەو ڕوولەپێشەو خۆشبەختانە لەنێو جەرگەی ڕژێمە ووردو درشتە دیکتاتۆریە دەستسازەکانی خودی ڕۆژئاواوە هاتۆتەئاراوە.



شۆڕش، بە گشتی ترین واتای خۆی دوای زیاد لە ٩٠نەوەد ساڵ بەشوێن شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەردا، کە شۆڕشێکی کرێکاری‌و کۆمۆنیستی بوو، خەریکە لەژێر مەنگەنەی وەهم‌و موزەخرەفاتی بۆرژوایی لیبڕاڵی ڕزگاری ئەبێت‌و ئەگەڕێتەوە بۆ نێو ویژدانی خاوەنە ئەسڵیەکانی خۆی. بۆ نێو زەین‌و ووشیاری خەڵکی ژێر ستەم‌و هەژاران‌و چینی کرێکارو زەحمەتکێش. قەیرانە سیاسی‌و ئابووریە یەک لەدوای یەکەکانی بۆرژوایی، کە سەر ئەکێشنە جەنگ‌و پێکدادان‌و توندوتیژی‌و خوێنڕشتن، دەیان ساڵە بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەستۆکەی ئەخرێتە پاڵ کۆمۆنیستەکان‌و کرێکارو شٶڕش بە شیوەی گشتی. ئێستا ئیتر ئەم سەردەمە خەریکە بەسەرئەچێت. بۆرژوازی‌و سەرمایەداری خەریکە لەلایەن خەڵكی دەستتەنگ‌و چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان‌و جیهانی شارستانیەوە وەڵام وەرئەگرێتەوە. ڕاپەڕینی جیهانی عەرەبی فەزای بۆ ئەم وەڵامە ئینسانیە خۆشکردووە.



 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە