کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دۆسێکان لە یاسا باڵاترن! خوێندنەوەیەکی تر بۆ درامای گیانلەدەستدانی قایمقامی سلێمانی

Monday, 16/04/2012, 12:00



 



 
ڕووداوی تۆقێنەری گیانلەدەستدانی زانا حەمە ساڵح، قایمقامی مەرکەزی سلێمانی، لە ناوبەینی خۆخنکاندن‌و خنکاندنیدا، پەیامێکی ئێجگار ترسناکەو هاوڵاتیان‌و سەرجەم کۆمەڵگای کوردستانی بەرەوڕووی پانیک‌و دڵەڕاوکێ‌و ناسەقامگیری جددی کردۆتەوە. قایمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، کە پیاوێکی پلەباڵای حکومەت بوو، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل‌و دابەشکردنی زەوی بە شێوەی نایاسایی، بە بڕیاری دادوەرو بە گوێرەی مادەی ٣٠٧ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کرابوو. ڕۆژی شەممە ٧ نیسان برایە بەردەم دادگا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی لێپێچینەوە لەگەڵی، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەو ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەس‌و کاری زانا حەمە ساڵح لە بەردەم دادگای سلێمانی دادگاییەکە بەڕێوە نەچوو، وە ڕاستەوخۆ قایمقام گوێزرایەوە بۆ ئاسایشی گشتی سلێمانی. بەڵام لە ڕووداوێکی ئێجگار تەمومژاویدا پاش حەوت ڕۆژ مانەوەی لە زیندان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٤نیسان قایمقام لەنێو زیندان گیانی لەدەستدا!! ئێستا تابلۆکە بەم ڕووداوە هەڵگەڕاوەتەوەو دۆسێی تۆمەتباربوونی قایمقام داخراوەو کەیسی چۆنێتی مردنی قایمقام جێگای گرتۆتەوە!

ئەگەرچی لێرەو لەوێ شایعەی بڵاوبوونەوەی ناوی ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی نیشتمانی هەیە کە تێوەگلاون لە دۆسێی گەندەڵی‌و کەیسی تایبەتی بەرتیل خواردن‌و بەخشینەوەی زەوی‌و زار بەڕێگای نایاسایی کە قایمقامی ناوەندی سلێمانیشی پێ تۆمەتبار کرابوو وە بەو بۆنەیەشەوە دەسبەسەرکرابوو، بەڵام ڕووداوی سەرنگومکردنی پیاوێکی گەورەی حکومەت وەکو زانا حەمە ساڵح لەنێو دەزگایەکی گەورەو ڕەسمی حکومەت خۆیدا، یانی ئاسایشی گشتی سلێمانی، مۆتیڤی گەورەترو پاڵنەرو دۆسێی گەلێک گەورەو گرانتر لە تۆمەتەکانی سەر قایمقامی سلێمانی وێنائەکات! وە گیانی سەختی دۆسێی شاراوەی گەورەو گرانی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەکرێت لەپشتی قوربانیبوونی قایمقامی سلێمانییەوە بێت!

ناڕوونی شێوازو چۆنێتی گیانلەدەستدانی قایمقامی سلێمانی، ئەویش بەو خێراییەو لەماوەی یەک هەفتەدا، بنەماکان‌و کاراکتەرەکانی پێشهاتنی پانیک‌و دڵەڕاوکێ‌و بێمتمانەبوونی هاوڵاتیانە، وە ئاماژەی جددین بۆ پاشەکشەی گەورەی شارستانیەت‌و لەرزۆکی‌و پاوانکراوی مۆڕاڵی هاوچەرخی پرۆسێسی دادو داوەری‌و تەنانەت سەرجەم بانگەشەکانی سەروەربوونی یاسا لە هەرێمی کوردستان، هەتا بگات بە شێوازی حوکمڕانی‌و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە. ئەمڕۆ بەکردەوە کۆمەڵگای کوردستان بەرەوڕووی قەیرانی متمانەو قەیرانی ئارامی‌و ناسەقامگیری سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ئەبێتەوە.

پیاوێکی گەورەی حکومەت، وەکو قایمقامی ناوەندی سلێمانی لە مابەینی یاساو دەسەڵاتی پاراستنی یاساو سەروەری یاساکاندا بەو شێوازە دراماتیکییە ژیانی لەدەستبدات، ئیتر کام بوار ئەمێنێتەوە بۆ هاوڵاتی ئاسایی کە دەسەڵاتی قەزایی‌و دادوەریەکانی هەرێم وەکو دامەزراوەی پاراستنی ئەمن‌و ئاسایش‌و ڕێزو کەرامەتی هاوڵاتیان تەماشابکەن‌، وە بە سنگی فراوانەوە بۆ لێپێچینەوە لەگەڵیان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان بە هەر تۆمەتێک بە شانازیەوە بچنە بەردەم دادگاو ئامادەی جێبەجێکردنی یاساکان بن! ١٤ نیسانی ئەمساڵ مێژووی پاشەکشەی گەورەی دەسەڵاتی یاسایەو بەکردەوە بینیمان دامەزراوەی دادوەری کوردستان چۆن لەلایەن پاتی‌و یەکێتییەوە پاوانکراوە!

کۆمەڵگای کوردستان پێویستە بەم ڕووداوە ڕاچڵەکێ‌و بیرێک لە چارەنووسی خۆی‌و نەوەکانی ئێستاو داهاتووی بکاتەوە. کۆمەڵێک بەرپرسی تازە ملیاردێرو تازە ملیۆنێر، کە لەسەر بنەمای هەژاری‌و دەیان تەنگ‌و چەڵەمەی ژیانی ڕۆژانەی ٥ملیۆن هاوڵاتی کوردستان بەم ژیانە فیرعەونییە گەییشتوون، لە شەڕو کێشەی دزین‌و بەهەدەردانی سامان‌و داهاتی ووڵات لەنێوانیان خۆیاندا، ڕووداوی گەلێک تراژیدی ترو ترسناک تریش لەمەی قایمقامی سلێمانی چاوەڕووانی قەومانە.

ئەم فیرعەونانەی کوردستان پێویستە پێش لە قەومانی کارەساتی گەورەتر متمانەیان لێوەربگیرێتەوە! چونکە ئەم بەرپرسە ملیۆنێرانە خۆیان لە سەرووی هەموو یاسایەکەوە دائەنێن‌و نایشارنەوەو بە ئاشکرا ڕایئەگەیەنن کە یاسا خۆیان ئەینووسنەوە، بەڵام خۆیان هەرگیز پابەند نابن پێیەوە. یاساکانی ئەوان بۆ سەروکوت‌و دەمکوت کردنی هاوڵاتیان‌و دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکیە. کاتێک خۆیان بەرەوڕووی یاسا ببنەوە سڵ لە پێشهێنانی کارەساتی دڕندانەتر لە ڕووداوی لەناوبردنی قایمقامی سلێمانیش ناکەنەوە! خەڵکی کوردستان ئەتوانێت ئەم مەترسی‌و بەڵایەی سەر سەریان لابەرن‌و دووری بخەنەوە. خۆشباوەڕی قەومی تووڕهەڵدەن‌و بیرێک لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەو خۆی خەڵکی بکەنەوە. تاقیبکەنەوە، ئیمکانی زۆرەو ئەکرێت ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستان، کوردستانێکی ئاوەدان‌و سەربەخۆ بنیاتبنێت کە یاسا سەروەر بێت بە یەکسانی بۆ هەمووان، وە یاساکان گەرەنتی دابین بوونی ئارامی‌و ئاسایشی ژیانی دانەدانەی هاوڵاتیان بکات، نەک خۆی ببێتە هۆکاری شۆکبوون‌و دڵەڕاوکێ‌و ناسەقامگیری!
١٦نیسان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە