چوارگۆشەکانی سەردەشت عوسمان
Sunday, 05/05/2013, 12:00
پەیامێک بۆ مەراسیمی سێیەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە شوێنی فڕاندنی لە بەردەم کۆلێژی ئاداب لە شاری هەولێر
ئەو پانتاییەی بەردەم کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین، ئەو چەند مەتر چوارگۆشەیە هی سەردەشت عوسمانە. ئێستا پاش لە تیرۆری ئەو لەپای نووسینی ڕەخنەو دەربڕینی ڕایەکانی, ئیتر مڵکی گشتییەو پانتاییەکی بە تەواوی ئازادە. هەموو ساڵێک لە ٤ی ئایاردا خەڵکی کوردستان لەو شوێنەدا کۆبوونەوەو مەراسیم سازئەکەنو سەری ڕێز بۆ چاونەترسی سەردەشت عوسمان دائەنەوێنن. لەپێناو بەرگریکردن لە ئازادی بیروڕاو ئازادی ڕەخنەگرتن تیایدا کۆئەبنەوەو ڕەخنە لە هەر سیاسەت، یان لە هەر دیاردەو هەڵوێستێکی هەر کەسو لایەنێک ئەگرن کە پێیان وایە ئەبێت ڕەخنەی لێبگیرێتو هەڵوێستی لەبارەوە وەربگیرێت. ئەمە چاوەڕوانی سەردەشت عوسمانو ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستانە. ئەمە باشترین ڕیزلێنانو وەفایە بۆ سەردەت عوسمانو تەواوی گیانبازانی ڕێگای ئازادی.
هاوڕێیانی ئازیزی ڕێکخەرو بەشداری مەراسیمی سێیەمین ساڵیادی سەردەشت عوسمان، هەزاران جار دەست و چاوتان خۆش بێت بۆ ئەم یادکردنەوەیەتان! بە تایبەتی کە لە شوێنی فڕاندنەکەی یادی سەردەشت عوسمانی چاونەترستان کردۆتەوە. ئەم یادەورییە دەبێت تا ئاشکراکردنی بکوژانی سەردەشت وەکو نەریتێک هەموو ساڵێک بە فراوانی لە شوێنی فڕاندنەکەی سازبکرێت! ئەو شوێنە، ئەو چەند مەتر چوارگۆشەیەی سەردەشتی تیادا گێنگڵدراو بەرەو مەرگ فڕێنرا، پێویستە بکرێتە چوارگۆشەکانی بەرگری لە ئازادیو ووتنی ڕاستی، لە هەمانکاتیشدا چوارگۆشەکانی ڕیسوایی دەسەڵاتی پارتی.
بۆچی پارتی؟ هەموو ئاماژەکان، هەموو هەواڵەکان، هەموو لێژنەکانی لێکۆڵینەوە، هەموو سیناریۆکانی پارتیو دەزگای دادی هەولێر، دەربارەی فڕاندنو کوشتنی سەردەشت عوسمان، ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنن کە دەسەلاتی پارتیو دەزگای پاراستنەکەی لە پشتی ئەم تاوانەوە ڕاوەستاون. سەدان هەزار چاوی چاوەڕێی دادپەروەریی لە دۆسێی سەردەشت عوسماندا تووشی شۆک هاتن بە سیناریۆکانی پارتیو دادگای هەولێر. بەتەنیشت دەیان هەزار گەرووی پڕهاواری هاوڵاتیانی کوردستانەوە، بە هەمان تەوژمی توڕەیی سەردەشت دەیان هەزار پەنجەی تاوان بۆ لای پارتیو دەزگای پاراستن ڕاکێشرا، بەڵام دادگای کوردستان بە قەد نوکە دەرزییەک نەک هەر نەیتوانی لەم گرنگترین دۆسێیەی هەرێمی کوردستاندا بچێت بەلای ڕۆڵی دادپەروەریدا، نەک میلیمەترێک نەیتوانی لە چنگی هەژموونی پارتی دوورکەوێتەوەو بۆ ناویش بێت توانایەک بۆ باسی سەربەخۆبوونی خۆی بەدەستبێنێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ وەکو ئامڕازی دەستی پارتی جوڵایەوەو ڕۆڵی پاساودانو دیزە بە دەرخۆنەکردنی دۆسێی سەردەشتی بینی. دەزگای قەزای هەرێمی کوردستان لە دۆسێیەکی گرنگو هەستیاری وەکو فڕاندنو کوشتنی سەردەشت عوسماندا نیشانیدا کە چەندە دەسەلاتی هەیەو چەندەش سەربەخۆیە. لە کاتێکدا نزیک بە هەموو خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی جۆرێک لە ڕۆڵی سەربەخۆی دادوەریی کوردستان بوون، بەڵام نائومێدبوون.
بەڕاستی کۆمەڵگای کوردستان پێویستە بۆ بەرگری لە خۆی زیاتر خۆی کۆکاتەوە! خۆ ناکرێت باشترینو شەریفترین ڕۆڵەکانی بەڕۆژی ڕووناک، لەسەر ووتنی کۆمەڵێک ڕاستی کە وەکو ڕۆژ ئاشکراو دیارن، بفڕێنرێنو ژیانیان لێبسەنرێتەوە. خۆ ناکرێت ئێمە بەردەوام بینەری تراژیدیای لەناوبردنی سەردەشت عوسمانەکان بینو هیچ ئاماژەو ئاسەوارێکیش لە دادپەروەریو بەرگری لە مافی ژیانو دەربڕینی بیروڕایان لەئارادا نەبێت!؟ ئەم دۆخە بێدادەی کۆمەڵی کوردستان پێویستە بە هیممەتی ئازادیخوازان کۆتایی پێبهێنرێت. پێویستە ئەو دامودەزگایەی ناتوانێت وەڵامی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیانی خۆی بداتەوە لەکاربخرێ. پێویستە کەسانی ئازاو ئازادو سەربەخۆو دادپەروەر جێگایان بگرنەوە. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە!
٤ ئایار٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست