کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پرسی کەرکوک یونامی و مەلا بەختیار!

Thursday, 29/09/2011, 12:00





پێش ئەوەی بچمە سەر ئامانجی ئەم بەدواچوونە خێرایەم، بە پێوسیتی ئەزانم ئەو ئیدیعا هەرزانەو ئەو بانگەشە مناڵانەیە، وە سەرەنجام ئەو موزایەدەیەی مەلا بەختیار لەبەردەم شاندی باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاندو ڕوو بە ڕای گشتی لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، لێرەدا بهێنمەوە، تا ویژدانی سیاسی باڵادەستی هەرێم‌و ڕێکخراوی بەناو موعتەبەرو مرۆڤدۆستی یونامیش بکێشرێتە ژێر ووردبینییەکی ڕەخنەگرانەو پیاچوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی‌و سیاسیەوە؛ لینکی هەواڵەکە کلیک بکە: http://www.pukmedia.com

مەلا بەختیار بەم دەربڕینە موزایەدەکەی بەسەر خەڵکی چەقیو لەنێو کارەساتی نەبڕاوەی کێشمەکێشی قەومی‌و کێبەرکێی مادەی ١٤٠دا لە ناوچەی کەرکوک‌و سنووری ژیانی پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق لەلایەک، وە لەولاشەوە بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا ئەبەخشێتەوە: " شه‌ڕی ئێمه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ركوك بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو بۆ دیموكراسی و به‌دیهێنانی مافه‌كانی ته‌واوی خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌، ده‌بێت به‌دیهێنانی مافی توركمان و عه‌ره‌به‌ ره‌سه‌نه‌كانی كه‌ركوك پێش مافه‌كانی كورد بكه‌وێت، دڵنیاشین ئه‌وه‌ ته‌نها به‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 به‌دی دێت." من هێڵم کێشاوە بۆ سەرنجدان.

ئەگەر لێگەڕێین ئەو دەربڕینە قێزەونە "عەرەبی ڕەسەن!" با هە پێشکەشی کەلتوورو فەرهەنگی ناسیونالیزمی کوردی بێت کە لێرەشدا مەلا بەختیار لە ڕێیەوە بە فیزێکەوە خۆی بەسەر عەرەب‌و تورکمان‌و تەنانەت کوردیشدا بائەدات، بەڵام با بزانین تاچەند ڕاستگۆیی‌و کارایی لەم بانگەشە پڕ هەراو هووریایەدا ئەدۆزرێتەوە! خەڵکی کەرکوک خۆی دەرگیری دەستەبەندی نەتەوەیی‌و ئیسنیکی جۆراوجۆرەو گرفتاری ئەو جیاکاریە قەومی‌و ناسیونالیستیانەیە، مەلا بەختیارو ناسیونالیزمی کوردی هێشتا بەکەمی ئەزانن‌و ڕەسەن‌و ناڕەسەنیش ئەبڕن بە باڵایاندا!

سەیر ئەوەیە لەم بانگەشەیەدا مەلا بەختیار یان خۆی نەزان ئەکات یاخود خەڵک بە نەزان دائەنێت! کاتێک ئەلێت؛ (ده‌بێت به‌دیهێنانی مافی توركمان و عه‌ره‌به‌ ره‌سه‌نه‌كانی كه‌ركوك پێش مافه‌كانی كورد بكه‌وێت!!). وەکو کوردی ستەمدیدەی شاری کەرکوک‌و دەوروبەری مافەکانی(هەر مافێک کە ئینسانی بێت!) بەدیهاتبێ‌و کەرکوک بووبێتە "شامی شەریف" بۆیان‌و مەلا بەختیار موحەمەدی مەهدی ناسیونالیستی کوردیەو دێت‌و بە عاساکەی مافەکانی عەرەب‌و تورکمان‌و ئەوانی تریش دابین‌و فەراهەم ئەکات! یان وەکو بڵێی؛ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دوورگەی ئارامیدا ئەژین‌و ئەوە حەریفەکانی یەکێتی‌و پارتی‌و ناسیونالیزمی کوردە ڕێگانادەن خەڵکی کەرکوک‌و ناوچەکانی تر بگەڕێنرێنەوە سەر ئەو دورگە فیردەوسیەی هەرێم! دوو مانگی تەواو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بەگوێرەی موزایەدەکەی مەلا بەختیار بێت، شێتبوون یان بەدحاڵی بوونی هاوڵاتیان بووە لە خۆشیاندا!!

ناسیونالیزمی کوردی وەکو چۆن هەستی کوردبوون‌و ئینتمای نەتەوەیی کوردیان وەکو ئاڵایەکی سیاسی بەدەستەوە گرتووە، بۆ یاری کردن لەسەر پەتی تایبەتمەندیە نەتەوەیی‌و نەژادی‌و کەلتووری‌و مێژوویەکانی نێوان پێکهاتە جیاجیاکان، بە ئاراستەی هەرچی توندترکردنەوەی دەمارگیریی نەتەوەیی‌و قووڵترکردنەوەی نیزاع‌و کێبەرکێی کورد وەکو نەتەوە لەگەڵ عەرەب‌و تورکمان‌و پێکهاتەکانی دیکە، هەتا لە واقعی ژیانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا ڕەسمیەت‌و شەرعیەت بۆ ناسیونالیزمی کوردی ناسراو بە جووڵانەوەی کوردایەتی بەدەست بێنن، ئێستا هاتوون پرسی کەرکوک‌و ناوچە جیناکۆکیەکانیشیان گۆڕیوە بۆ فۆرمێکی دیکەی باوەشێن کردنی هەستی کوردایەتی‌و ئینتمای کوردبوون بەرامبەر بە نەتەوەکانی دیکەی شاری کەرکوک‌و ئەو ناوچانەی مێژوویەکی درێژە پێکەوە تیایدا ئەژین. ئەم ئیدیعایانە لەوانەیە کاتێک گوێگریان بۆ پەیدا ببێت کە هەرێمی کوردستان خەڵکەکەی تیایدا ڕازی‌و ئازادو سەرفراز بن!

پرسی کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکیەکان، لەلایەن ناسیونالیزمی کوردیەوە، بە پشتیوانی ئەمریکاو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە فۆرمۆڵی مادەی ١٤٠دا کراوەتە پەرچەم‌و بابەتێکی سیاسی پڕجۆشی هەمیشەیی‌و نەبڕاوە بەناوی دەربڕینی چەشنی گەڕانەوەو نەگەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەجیاتی گرتنەپێشی ڕێگاچارەی ڕۆشن بۆ یەکاڵاکردنەوەی ڕۆڵی تێکدەرانەی ناسیونالیزم لە هەموو سەرەکانیەوە، مەبەست لە ناسیونالیزمی نەتەوە جیاوازەکانی عێراقە، یونامی خۆی هاتووە گوێ بۆ موزایەدەو بانگەشەی پووچی سەرکردەیەکی ناسیونالیستی کوردی ئەگرێت. گوێ بۆ مەلا بەختیار ڕائەگرێت تا لە کۆمەڵی کوردی‌و خەڵکی هەرێم‌و نەتەوە جیاوازەکانی کەرکوک بگەیەنێت کە پێویستە چاوەڕوانی دەستی ئەم ناسیونالیستانە بن چارەنووسیان دیاری بکەن.

ئەم پرسەو مادەی ١٤٠ سەرچەشمەی خێرێکەو ڕژاوەتە نێو لۆببی کوردی‌و پۆلیتیکی هێزو حزبە ناسیونالیستیەکان لە عێراقدا بە کوردیەوە بە عەرەبیەوە بە تورکیەوە لە چوارچێوەی فیدڕاڵیزمێکی کارتۆنیدا. هەر بۆیەش ئەبینین کە هەموو لایەنە قەومی‌و ئایینیەکانی عێراق بە حەماسەتێکی زۆرەوە باوەشیان بۆ مادەی ١٤٠ گرتۆتەوە کە بنەماو سەرچاوەیە بۆ هەڵایسانی هەر ساتە‌و هەر کاتەی جەنگ‌و دەعواو کێشمەکێشێکی سیاسی بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوڵاتیانی سفیلی نەتەوەو پێکهاتە جیاجیاکان لەنێو قوڕقوشمی خۆشباوەڕییەکی کوشندەو دەردناک بە ناسنامەی درۆیینەی نەتەوەکەی کە بۆی دەگەڕێتەوە. هەتا ویژدانی کۆمەڵایەتی بەلاڕێدا ببرێ‌و کەلێن بکرێتەوە بۆ فەسادو گەندەڵی‌و ڕاووڕووتی ئەم دارو دەستە قەومی‌و ئیسلامیانەی وا لەژێر سایەی یوئێن‌و ئەمریکادا تەوقی دەسەڵاتدارێتی خۆیان کردۆتە گەردنی خەڵکی عێراقەوە.

بەلای منەوە جێگای پرسیار نیە بۆچی وەفدی باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ بچێتە لای مەلا بەختیارو پرسی کەرکوک‌و ناوچە جێناکۆکیەکانی لەگەڵ تاووتوێ بکات! خودی یونامیش لەم جیهانەدا بەدەر نیە لە قەیرانی شوناس‌و سەربەخۆیی. ئەم ڕێکخراوە زیاتر ئامڕازی دەستی زلهێزە جیهانیەکان بووە لەپێناو هەموارکردنی ڕووپۆشێکی مرۆڤدۆستانە بۆ ستراتیژو سیاسەتە نامرۆییەکانیان. یونامی لە عێراق بۆ ئەمریکا ئەم ڕۆڵەی بینیوەو ئەبینێت. یونامی لە پرسی هەستیاری وەکو کەرکوکدا ئەچێتە بەردەم پایەدارێکی ناسیونالیسی وەکو مەلا بەختیارو پشت ئەکاتە خەڵکی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە. ئەم ڕاستیە دەبێ لە ویژدانی خەڵکی کوردستان‌و کەرکوک‌و ناوچە جیناکۆکیەکانیشدا ئەو تەم‌و مژە بڕەوێنێتەوە کە ساڵانێکە بەناوی برایەتی‌و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوکەوە ناسیونالیزمی کوردو عەرەب‌و ئەوانی تریش بەرنامەی نەتەوەپەرستانەو کۆنەپەرستانەی خۆیان تیادا ئەبەنەپێشەوە.

ئەم کۆبوونەوەیەی یونامی‌و مەلا بەختیار جارێکی تر نیشانی داینەوە کە نەک هەر یونامی، نەک هەر حزبێکی وەکو یەکێتی نیشتمانی، وە نەک شنەبای ئاشتی‌و دیموکراسیەکەی ئەمریکا، بەڵکە خودی دیموکراسی وەکو واقعیەتێکی ژیانی ئەمڕۆمان، وەکو سیستەمێکی سیاسی، وە بەشێوەی بیروباوەڕو ئایدیۆلۆژیایەکیش، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای درۆیەکی شاخدار لەژێر ناوی بەرقەرارکردنی ئاشتی‌و ئازادی‌و دیموکراسیدا، هەم هەموو جۆرەکانی جووڵانەوە ناسیونالیستیەکانیان وەکو تایبەتمەندی نەتەوەو پێکهاتەو ئیسنیکی جیاجیای ناوچەکە بەدەستەوە گرتووەو بەکاریاندێنن بۆ زاڵکردنی حزب‌و هێزو ڕەوتە نەتەوەپەرست‌و شۆڤێنی‌و ئیسلامیەکان بەسەر ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی ئەو میللەت‌و قەوم‌و نەتەوانەدا، ئەویش لەپێناوی گەیشتن بە مەرامی ستراتیژیانەی خۆیان لە ناوچەکەدا.

ئامانجی سەرەکی ئەمریکاو هاوپەیمانانی بە تایبەت دوای شکڵگرتنی شۆڕشی ووڵاتانی ناوچەکە، سەرکوتی ئەو شۆڕشانەو بەرگرتنە بە ڕادیکاڵبوونەوەیان‌و پێشگرتنە بە هاتنەمەیدانی کرێکاران‌و بزووتنەوە کۆمۆنیستیەکان. لە واقعدا سەرتاپای ستراتیژو ئامانجی سیاسی بۆرژوایی جیهانی‌و لۆکاڵی، بەلاڕێدابردنی زەین‌و خۆووشیاری چینایەتی‌و کۆمەڵایەتیەو لەقاڵبدانیانە لەچوارچێوەی مەیل‌و هەست‌و جووڵانەوە نەتەوەپەرستیەکاندا. ترس‌و دڵەڕاوکێی بۆرژوازی بە هەموو جیناحەکانیەوە، بەرامبەر بە هاتنە مەیدانی چینی کرێکارو بزووتنەوە ئازادیخوازو کۆمۆنیستیەکانە. پەروەردەکردنی ئەم هێزە کۆنەپەرست‌و دژە مرۆییانە لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە، لەسەر بنەمای هەستی نەتەوەیی‌و ئینتمای میللی جیاوازەوە، بۆ درووستکردنی بەربەستێکی گەورەیە لە بەرامبەر بە کرێکارو کۆمۆنیزم‌و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەدا. یونامی بۆ مۆرکردنی ئەم ڕۆڵەی ناچارە بچێتە خزمەتی مەلا بەختیار، بەڵام ویژدانی خەڵکی ئازادیخوازو ئێمەش زیندووەو ئەم گەمەیە ڕیسوائەکات! ڕاستیەکانی ژیانی نائارامی خەڵکی کەرکوک‌و بەرنامە دۆزەخیەکانی ناسیونالیستەکان، کۆمۆنیزمی چینی کرێکار ئەکاتە ئەڵتەرناتیڤێکی کاراو هەڵسووراو کە ئیرادەی ئازادانەی خەڵکی نەتەوە جیاجیاکان ئەگێڕێتەوە بۆیان‌و چارەنووسی خۆیان ئەداتەوە دەستی خۆیان. چارەنووسی هاوڵاتیانی نەتەوە جیاوازەکان بەدەستی ناسیونالیستەکانەوە بۆ شەڕو پێکهەڵپژانی نێوان ئەوان ئەکرێتە ئاڵایەکی سیاسی بۆ بەڕەسمیەت ناسینی هەڵاواردن لەسەر بنەمای ئینتمای نەتەوەیی جۆراوجۆر. بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر بنەمای ناسنامەی هاوڵاتی بوون ئیرادەی ئازادانەو سەربەخۆی هاوڵاتیانی نەتەوەو پێکهاتە جیاجیاکان یەکگرتوو و ڕێکخراو دەکا بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان. کۆبوونەوەی مەلا بەختیارو یونامی لە بنەڕەتەوە ئەڵقەیەکی گچکەی ئەجێندای دژوەستانەوەی ئەم هێزو ئاراستە سیاسیە کۆمۆنیستیەی هەڵگرتووە. هەر لەبەر ئەوەشە کە ناوی موزایەدەی لێ ئەنێم.


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە