بۆچی هەرێمی کوردستان بۆتە سەنتەری تەنگژەو قەیران!؟
Saturday, 27/08/2011, 12:00
تیشکێک بۆسەر هێرشو پەلاماری سەربازی ئێرانو تورکیاوا جارێکی تریش گرژیو ئاڵۆزی وەکو ئاکامی ململانێی پەیوەست بە بارودۆخی عێراقو کوردستانەوە گڕی گرتو بەکاربردنی هێزی سەربازیو لەشکرکێشیو بۆردومان کردنو زمانی زەبروزەنگ جێگای بە هاتو هاواری دیموکراسیو ڕێگاچارەی سیاسیو دیالۆگ لەق کرد. هێنانەپێشەوەی سوپاو هێزی سەربازی ئیتر لە زمانی ملهوڕی نواندن بەسەر ناوچەیەکی بێخاوەنی وەکو هەرێمی کوردستانەوە زیاتر نیە، ئەویش لەپێناو نیشاندانی بازووی سەربازی وەکو ئامڕازێک بۆ بەدەستهێنانی ڕۆڵی زیاترو بەشی زیاتر لە کێکی هاوکێشەی سیاسەتی ناوچەکەدا. ئێرانو تورکیا وەکو سوننەتێکی کۆنی داواکاری بەشی زیاتر لە دابەشکردنی بەرژەوەندیو ئامانجی جیهانی جەنگو کێبەرکێی سیاسیدا، هەرێمی کوردستانیان بە ئاسانترین پاروو وێناکردووە هەتا ملهوڕی سەربازی خۆیانی تیادا پراتیک بکەنو مانۆڕی سیاسیو سەربازی خۆیان بەسەر ئەم کۆمەڵگا بێناونیشانەدا لێبدەن. پەکەکەو پژاک جگە لە بەهانەیەکی پووچ هیچی تر نین لەم ئەجێندایەدا.
مانگێک زیاترە ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەبیانووی ڕاونانی چەکدارەکانی پژاکەوە بەردەوام تۆپبارانی ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستانی دەستپێکردووە. دوای ئەویش دەوڵەتی فاشیستی تورکی بە هەمان شێوە لەژێر ناوی دوورخستنەوەی پەکەکەدا بە فڕۆکە جەنگیەکانی بەشێوەیەکی خەست بۆردومانی ناوچە سنووریەکانی کوردستان دەکات، هێزی زەمینیشی کۆکردۆتەوە بۆ هێرشی سەربازی بۆ ناو خاکی هەرێم. بەم هۆکارانەوە جگە لە کوژرانو برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە، دەیان گوند ناچار بوون شوێنو حاڵی خۆیان بەجێبێڵنو ئاوارەی ئوردوگا هەرە سەرەتاییەکان ببن. سەرباری ئەوانەش فەزای جەنگیو ترسو دڵەڕاوکێی بۆ هاوڵاتیانی کوردستان پێشهێناوەو ئەمنو ئاسایشی ئەم کۆمەڵگایەی تێکداوە.
بەڵام هەتا کەی کوردستانی عێراق لەلایەن ئێرانو تورکیاو زلهێزەکانی جیهانەوە ئەکرێتە مەیدانی جەنگو دەعواو بەلاداخستنی ململانێکانی خۆیان!؟ چی شتێک وای کردووە خەڵکی ئەم هەرێمە چەندین ساڵە لەپای هیچدا باجی ئەجێندای فاشیستیانەی ئەو دەوڵەتانەو بەرژەوەندیە بەرتەسکە سیاسیەکانی حزبە دەسەڵاتدارە کوردیەکان بدات!؟ ئایا ڕێگای تر لەگۆڕێ نیە ئینسانی ئەم هەرێمە، ویژدانو کەرامەتی ئەم کۆمەڵگایە لەخۆیدا جێبکاتەوەو بۆ یەک جاریش بێت بیگرێتە بەرو شانسی خۆی بەجیا لە سیاسەتو ئامانجو بەرژەوەندی حزبەکانی ناسیونالیستی کوردی تاقی بکاتەوە؟ ئیرادەی سەربەخۆو ئازادانەی ئەم کۆمەڵگایە بە چی تەلیسمێک دەوری گیراوە مادامێکە دەیان ساڵە ئەبێتە سووتەمەنی سیاسەتی دومباڵەڕەوی جوڵانەوەی ناسیونالیستی کوردیو دنیایەک قوربانی لەم ڕێگایەدا داوە؟ تەپو تۆزی کام خۆشباوەڕی بەری چاوی خەڵکی کوردستانی تاریک کردوەو ناتوانن ئیرادەی سەربەخۆو ڕاستەقینەی خۆیان لەپێناو چارەنووسی کۆمەڵگاکەیاندا بهێننە مەیدان؟ ئەم چارەنووسە بۆچی دەبێت دوور لە خواستو ئیرادەی ئەو خەڵکە ببڕێت بەباڵایاندا؟
بیست ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی کوردستانی عێراقدا تێپەڕیوەو هێشتا ئاسایشو ئۆقرەیی ئاستی بانگەشەی جێنەهێشتووەو گەیشتن بە کەناری ئارامی وەکو خولیاو خەون دێتە پێش چاو. دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی بەردەوام باسی ئەزموونی سەرکەوتووی خۆی بۆ هاوڵاتیان ئەکات، بەڵام لە ڕووی واقعیو پراتیکیەوە ئەمسەرو ئەوسەری ئەو هاوکێشەیە نادیارو ناڕۆشنە کە بڕیارە ئەم هەرێمە بەنێو پرۆسێسێکی دیموکراسیانەدا بگەیەنێتە دورگەی سەقامگیری ڕاستەقینە، کە هەرگیز نایگەیەنێت! ئێمە نابینین سیاسەتو ئیرادەیەکی جددیو کاریگەر لەنێو لۆببی کوردیدا وەکار کەوتبێت بۆ ئامانجی بەدەستهێنانی شەرعیەتی کیشوەربوونو زاڵبوون بەسەر پرۆبلماتیکی بوون بە کیانێکی سەربەخۆی دانپیانراوی نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. دەسەڵاتی کوردیو ناسیونالیستی کوردی بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاشەوە دەرگیری هەمان تەنگژەو قەیرانی ئیرادەیە کە لەم بیست ساڵەدا بەدەستیەوە گرفتاربووە. هیچ کام لە حزبو هێزەکانی سەر ڕووبەری سیاسەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی مانیفێستو پلاتفۆرمێکی سەربەخۆی وەهای خۆیان نین کە بازنەی کایە مێژوویەکانی بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهانو ناوچەکەی حەرام کردبێو پشتی بەستبێت بە ئیرادەیەکەی ڕاستەقینەی جەماوەری بۆ گەیشتن بە کیانێکی سەربەخۆ. حزبو هێزە کوردیەکان سەرجەمیان وەکو بەشێک لە ئەجێندایەکی دەرەکی لە سیاسەتدا ئەکتیڤن، یاخود لەناو ستراتیژی هێزگەلی جیهانیو ناوچەییدا قەتیس ماون.
تەنها هێزێک کە لە ساڵی ٩٩٥ەوە ڕێگاچارەو تەرحی ڕۆشنی خۆی بەشێوەیەکی سیاسیو تیوری بۆ بارودۆخی هەڵواسراوی کوردستان لە چوارچێوەی هەنگاوێکی عەمەلیدا خستبێتەڕوو کۆمۆنیزمی کرێکاری بووە. خواستی جیابوونەوەی کوردستانو سازکردنی ڕیفراندۆمێکی گشتیو ئازاد لەپێناو یەکاڵاکردنەوەی چارەنووسی کوردستان لەگەڵ عێراق، ئەو تەرحو پلاتفۆرمەیە کە بە شێوەیەکی ڕوونو ڕەوان بەرزیکردۆتەوە. هەرچەندە بەهۆی گەلێک پرۆبلماتیکی سیاسیو مەیدانیو پراتیکیەوە ئەم سیاسەتە هەمەگیر نەبووە، بەڵام دەنگدانەوەیەکی باشی لەنێو ڕای گشتی کوردستاندا بەرجەستە کردووە. جددیەتو کاریگەری ئەم تەرحە لەو شوێنەوەیە کە سەربەخۆیە لە هەر ئەجێندایەکی زلهێزەکانو دەوڵەتانی ناوچەکەش.
لە ماوەی ئەم بیست ساڵەی وا کوردستانی عێراق وەکو هەرێمێکی سیاسی خۆجێیی چۆتە ناو جیوپۆلیتیکی عێراقو خۆرەڵاتی ناوینەوە، بەردەوام لەژێر چەپۆکی کوشندەی مەترسیەکی تەمومژاویدا خۆی بینیوەتەوە. هەمیشە تارمایی ترسێک هەڕەشەیەکی گەورە بووەو ئارامیو ئاسایشی خەڵکەکەیو چارەنووسی سیاسیەکەی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ڕازو نیازو هەستو نەستو خواستو ئومێدو چاوەڕوانیەکانی هاوڵاتیانی ئەم کۆمەڵگایە لەگەڵ ئەم مەترسیەدا چاویان بە ژیان هەڵێناوە. لە بنچینەوە نەوەیەکی نوێی ئەم خەڵکە لەگەڵ بۆنکردنی ژیاندا چەڕە دووکەڵی ئەم دۆخە ناسەقامگیرەو ئەم فەزا پڕ دڵەڕاوکێو ئەم هەرێمە ئاشوبداگرو جەنگزەدەیە چووە بە چاوەکانیدا. ئەو داتاو کاراکتەرانەی کە بکرێت مەترسیەکی ئاوهای پێ پێناسەو وێنا بکرێت گەلێک ئاڵۆزترو ناڕۆشنترن لەو مەترسیەی لەم بیست ساڵەداو ئێستاشی لەسەر بێت کە یەخەی ئەم هەرێمەی گرتووە. بۆ ئەوەی بە شێوازێکی شایستەتر کەسایەتیەکانی بیرۆکەی ئەم ووتارە بەرجەستە بکەم، چەند پرسیاری سادە ئەوروژێنم؛
سەرچەشمەی تارمایی ئەو ترسەی بیست ساڵە لە کۆڵی هەرێمی کوردستان نابێتەوە کامەیە؟ چەند دەرسەدی خەڵکی هەرێمی کوردستانو ناوچەکە دەزاننو لایان ڕوونە چی لە دەورو بەریان ڕووئەدات؟ وادێتە پێش چاو کە هیچ کەس جەنگو ئاشوبی خۆشناوێت، بەڵام شەڕو ئاژاوە یەخەیان بەرنادات، بۆچی؟ خەڵکی کوردستان قوربانیەکی ئێجگار زۆری داوە بۆ سەربەخۆییو تەنانەت سەد دەر سەدی هاوڵاتیان لەگەڵ جیابوونەوەی کوردستانن لە عێراقو خوازیاری پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆن، بەڵام عەمەلی نیە، بۆچی وایە؟ لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی هەرێم وەسفی پەیوەندیەکانیان ئەکەن لەگەڵ دەوڵەتانی تورکیاو ئێران، بەڵام وا پێئەچێت سەچاوەی مەترسیەکان هەر ئەو دوو دەوڵەتەبن بۆ سەر هەرێم، لەبەر چی ئەمە وایە؟ زۆرێک لە ووڵاتانی جیهان باڵوێزخانەو قونسوڵگەریان لە هەرێمی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام بەرامبەر هێرشو دەسدرێژیەکانی ئێرانو تورکیا تەنها تەماشاچین، لەپای چی؟ هێزە کوردیەکانی هەرێم دایم بە شانازیەوە باسی دۆستایەتی ئەمریکا لەگەڵ کورد ئەکەن، بەڵام چرای سەوزی ئەمریکا هەمیشە بۆ تورکیاو تازەکیش بۆ ئێران هەڵکراوە تا هێرشو پەلاماری سەربازی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، لەپای چیدا ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا بەو جۆرەیە؟ پەکەکە و پژاک دەرەنجامی مامەڵەو سیاسەتی فاشیستیانەی هەردوو دەوڵەتی ئێرانو تورکیا خۆیانن کە لە ناوخۆی خۆیاندا بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کوردزمانی دانیشتووی هەردوو ووڵات پیادەی ئەکەن، بەڵام بۆ توندکردنەوەی نیزاعو دەعوای قەومیان، جەنگی لەناوبردنی ئەو هێزانەیان ڕاگەیاندووەو لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان پەلاماریان ئەدەن، ئەم هاوکێشەیە بۆچی وایە؟ چی وا ئەکات ئێرانو تورکیا هێرشی سەربازیو بۆردومانی هەواییو زەمینیو تەنانەت لەشکرکێشیش بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان ئەنجام بدەن، جیهان تەماشا بکات؟ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی چاودێرو پارێزەری ئاسمانو زەوی هەرێمن، بەڵام فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بێمنەت بۆردومانی نێو خاکی هەرێم ئەکەن، ئەم هەڵوێستەیە چۆن ئەخەمڵێت؟ دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران ڕادەگەیەنن کە پژاک بەشێکە لە پەکەکەو درووستکراوی ئەمریکایە، بەڵام لە پشتەوە ئەمریکا هاوکاری هەواڵگریو ڕێنمایی دەوڵەتی تورکیا دەکات بۆ لێدانی ئەو حزبانە لەناو خاکی هەرێمدا، ئەچێت بە عەقڵدا ئەم هاوکێشەیە؟
کێ هەیە بتوانێت پەی بەو حەقیقەتە ببات کە بۆچی مێژووی جیهان بەبێ شەڕو ئاشوبو برسێتیو هەژاریو قاتیو قڕی هەرگیز نەچەرخاوە، ئێستاش سەرەڕای لوتکەی پێشکەوتنی شارستانیەتو تەکنۆلۆژیا، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نائارامترو ناسەقامگیرترو پڕلە گرژیو ئاڵۆزیو یەکتربڕینەوەیە! ڕژێمی سەددام وەکو سەرچەشمەی مەترسیو ئاشوبی جیهان لە سەرەتای نەوەدەکاندا وێناکرابوو، بەڵام پاش دەهەیەک تازە شۆڕشی خۆڕسکی جەماوەری چەندین قەڵاو سەرچاوەی ئاشوبو ناجێگیریی دیکەیان لەم ناوچەیە هەڵتەکاندووەو شەپۆلی شۆڕش لە خۆرەڵاتی ناوەندو جیهانی عەرەبیدا جیهانی سەرسام کردووە. بۆ ناکرێ لە ئاستی ملیۆنیدا خەڵکی جیهان پەی بە حەقیقەت بەرنو بۆیان ئاشکرا ببێت کە ناهاوسەنگی ئابووری جیهانو کۆمەڵگاکان، ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیو جیاوازی چینایەتی، ڕیشەو بناغەی سەرلەبەری تەنگژە سیاسیەکان، قەیرانە حقوقیو فەرهەنگیەکان، گرفتو دەردو میحنەتە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین؟ دێوەزمەی دەسەڵاتدارێتی ئابووری جیهان، چۆن دەتوانێ لەسەر بنەمای چەوسانەوەی چینێکی سەرمایەداری خاوەن هۆیەکانو ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان بۆ چینێکی گەورەی کارگەرو پرۆلیتاری ئازاد لە هەر خاوەنداریەتیەک بە پانتایی جیهان، دەوڵەتو سیستەمی سیاسیو بەرهەمهێنان وەکو دیاردەیەکی سەروسروشتو بەرامبەر بە خودی ئینسان شکڵپێبدات؟ شەڕو ئاژاوە لێرەوە سەرهەڵئەدات. کام شێوازی بەرهەمهێنانو کۆمەڵایەتیە وا دەکات هێزی ملیاردیی چینی کارگەرو زەحمەتکێشی جیهان ڕۆژانە بەرهەم بێنێو بەشێکی گەورەی ڕەنجو شیلەی گیانی ببێتە سوودو قازانج بۆ سەرمایەکانو لە پرۆسێسێکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەرهەمهێنانو ساغکردنەوەی کاڵاکان لە بازاڕەکاندا بگۆڕێت بۆ دێوەزمەیەکی سەروو ئیرادەی گشتی لە چەشنی دەوڵەتو سەرجەمی تاکەکانی مرۆڤایەتی لەبەردەمیدا بێدەسەڵاتو دەسەوسان بمێننەوە؟
لە هەرێمی کوردستان ئەم خەڵکە خێرنەدیوە لەپای هاتوهاواری ئەزموونی بەهەرێم بوونی کوردستان باجێکی بێوێنەیان داوە، بەڵام ڕۆژێک بێ ئاشوبو دەسدرێژیو پیلانگێڕانو هێرشی سەربازیو سنووربەزاندنی هاوسێکانی ئەم هەرێمە تێنەپەڕیوەو شەوێک بە ئارامیو بێ ترسو دڵەڕاوکێ سەریان نەخستۆتە سەر سەرین. ئێرانو تورکیاو حەریفە عێراقیەکانی جووڵانەوەی کوردایەتی کوردستانیان وەکو دەروازەیەکی بێ پاسەوان تەماشاکردووەو لێیەوە بێمنەتانە تێپەڕیونو کردوویانەتە مەیدانی ململانێی پێشبڕکێی ملهوڕی نواندن بەسەر ناوچەی خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەئاراستەی دژ بە هێرشو پەلامارە سەربازیەکان، جووڵانەوەو شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی نواندن لە ناوەوەو لە دەرەوەی کوردستان وەڕێ کەوتووە. ترسو دڵەڕاوکێی بۆردومانو تۆپبارانەکان هاودڵیەکی زۆری لەنێو جەماوەری کوردستاندا پێشهێناوە. ئەمە کارێکو هەنگاوێکی پۆزەتیڤە. بەڵام خاڵی لاوازی ئەو ناڕەزایەتیانە لەێدایە کە کاتیەو بۆ ڕاگرتنی کاتی ئەو هێرشانەیە سازکراوەو دەکرێت. جەماوەری کوردستان دەبی ئەو ڕاستیە تاڵە قەبوڵ بکەن کە تائێستا خۆیانو ئاییندەیان بۆتە قوربانی دەستی سیاسەتەکانی یەکێتیو پارتی. وە دەبێت چاو لەو ڕاستیەش نەنوقێنن کە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتیش ئەجێندانیەکی جیاوازتری لە یەکێتیو پارتی پێ نیە. خەڵکی کوردستان دەبێت بیر لە هێنانە مەیدانی ئیرادەی سەربەخۆو ئازادانەی خۆیان بکەنەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی هەرێمی کوردستان. ئیرادەی جەماوەری خەڵک دەتوانێت ڕێگای دیکە بۆ بەلاداخستنی چارەنووسی کوردستان ببینێتەوە. بۆ نمونە بەرزکردنەوەی خواستی جیاببونەوەی کوردستان لە عێراقو پێکهێنانی دەوڵەت لەڕێگای سازکردنی ڕیفراندۆمێکی ئازادەوە، عەزمو ئیرادەی سەرتاسەری یەکگرتوو دەکات وە ڕێگا دەکاتەوە بۆ هاودڵیەکی جیهانی لەپێناو بنیاتنانی کیانێکی سەربەخۆ بۆ هەرێمی کوردستان. دەنا گوشاری ئەم ناڕەزایەتیانە ئەگەر بتوانێت بۆ کاتیش بێت هێرشەکان ڕابگرێت، بەڵام لەهەر سووڕێکی دیکەی قەیرانو ململانێکاندا دەستی بۆ دەبرێتەوەو دووبارە زمانی زەبرو زەنگو هێزی سەربازی هەموو چاوەڕوانیەکان بێمایە دەکاتەوە.
٢٦ئاب٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست