جەلال تاڵەبانیو شێرو ڕێوی کوردی عاقڵ!
Saturday, 15/12/2012, 12:00
جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ٩ کانونی یەکەم ٢٠١٢ لە بەشێکی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ وەفدێکی ڕۆژنامەی (الانبا۶)ی کوێتیدا ڕایەگەیاندووە؛ "كوردی عاقڵ جیابونهوه لهعێراقو راگهیاندنی دهوڵهتی سهربهخۆی ناوێت، چونكه ئهو كاره ئهستهمه".
تاڵهبانی رونیكردۆتهوه كه بهكورده توندرهوهكانی وتووه، ئهگهر ههرێمی كوردستان سهربهخۆیی رابگهیهنێت، تەنانەت ئەگەر وڵاتانی ئێرانو توركیاو عێراق جهنگیشی لهدژ رانهگهیهنن، بهڵام تهنها سنورهكانی لێ دابخهن، ئهوا بهئاسانی دهخنكێن. لهبهرئهوه پێداویستییهكانی راگهیاندنی سهربهخۆییو ژێرخانی ئابوری بونی نییه بۆ ئهو كاره. لهدرێژهی چاوپێكهوتنهكهیدا ئاماژهی بۆ ئهوهشكردووه كه لهسهردهمی سهدام حسێندا كورد خواستی جیابونهوهی ههبوهو خاوهنی ئهنجومهنی وهزیرانو پۆلیسو پێشمهرگهش بوو، بهڵام دوای روخانی رژێمی سهدام، كوردستان گهڕایهوه بۆ بهغداو بهشداریكرد لهپێكهێنانهوهی حكومهتی ناوهندو سوپاو دامو دهزگاكانی عێراق. تاڵەبانی هەروەها ڕایگەیاندووە، کە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەدامدا تەنیا لە شاری سلێمانی ٥ پێنج ملیۆنێر هەبوون، بەڵام ئەمڕۆ نزیک بە ٣ هەزار ملیۆنێر لە ژووری بازرگانی ئەو شارە ناویان تۆمارکراوە. ئەوەش بەواتای کۆبوونەوەی سامانێکی زۆرە لەدەستی دەوڵەمەندە کوردەکاندا، وە ئەوەش پێمانئەڵێت کە پێشکەوتن ڕوویداوەو بیناسازی پەرەیسەندووە.
تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێک لە حزبە سۆسیالیسته کوردهکانی کوردستان، یان وەکو نوێنەری بەشێک لە بۆرژوازی کوردی و بەشێک لە ملیۆنێرەکانی سلێمانیش، مافی خۆیەتی چۆن بۆ سەربەخۆیی کوردستان یان پرسی جیابوونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەڕوانێت. لەڕوانگەی تاڵەبانیو ملیۆنێرەکانی کوردستانەوە، و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی چینایەتیانەوە ئاشکرایە کە فیدڕاڵیزمی قەومی بۆ عێراق عەیبی نییە و بۆرژوازی کوردی لە دوولاوە ئەم فیدڕالیزمە لە قازانجیەتی سەربگرێت. لە هەرێم دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمییان هەبێو خاوەنی بڕیاری چارەنووسساز بن لەبارەی ئێستاو ئاییندەی کوردستانەوە، لەهەمان کاتیشدا لە ناوەند سەرۆک کۆمار بن، وەزیرو گزیرو خاوەن سەڵاحیاتی زۆروزەوەند بن. بەڵام لەم فیدڕاڵیزمە قەومیەداو لەم ڕێوشوێنە سیاسیەی ئێستای کوردستاندا لەگەڵ عێراقدا بەقەد نوکەدەرزییەک خەڵکی کوردستان لە بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان نزیک نەبوونەتەوە. بگرە بەرەوڕووی کۆسپو تەنگژەو پێکدادانی زیاترو کارەساتی زیاتر کراونەتەوە. هەر ئێستا بارگرژییەکانی نێوان نوری مالکیو مەسعود بەرزانی کۆمەڵگای عێراقی هاویشتۆتە سەر لێواری جەنگێکی کۆنەپەرستانە کە خۆی ئاکامی جۆریک لە پراکتیزەبوونی فیدڕالێزمی قەومییە. فیدڕالیزمی قەومی قەڵشتی نێوان نەتەوەو پێکهاتەکان قووڵترو بەرجەستەتر ئەکاتەوە، ڕقو کینەی قەومیو نەزعەی تۆڵەسەندنەوە پەرەپێئەداتو کۆنەپەرستانەترین جۆری دوژمنایەتی کوێرانە لە نێوانیان برەوپێئەدات.
تا ئهو جێگایهى پهیوهست ئەبێتەوە به مهسهلهى كوردهوه، وەکو پرسی چارەنووسی نەتەوەیەکی ژێردەستەو ستەملێکراو، لەڕووی سیاسیو حقوقیو لۆژیکیشەوە، ئهوه خودى خهڵكى كوردستانە كه دهبێ له ریفراندومیكى ئازاددا دهربارهى جیابوونهوه یان مانهوه لهچوارچیوهى عێراقدا وهكو هاوولاتیانى خاوهن مافى یهكسان بریار بدات، نەک سەرانی حزبگەلێکی ئۆتۆنۆمیخواز لەڕوانگەی بەرژەوەندی تایبەتیو حزبییانەی خۆیانەوەو بەپێی مەرامی سیاسیو چینایەتی خۆیان مامەڵەو ساتو سەودا بەسەر چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە بکەن. سەرانی پارتیو یەکێتی چۆن ئەو مافەیان بەدەستهێناوە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان لەژێر فۆڕمو ناوی فیدڕاڵیزمی قەومیدا کوردستان بلکێننەوە بە عێراقی عەرەبیو قەیرانگرتووەوە!؟ تاڵەبانی بۆ پاساودانی ئەم سیاسەتەی خۆیان شێرو ڕێوی کوردی عاقڵ دێنێتەوە بۆمان!
ئهوه تهنها بریاری ئازادانەی خەڵکی کوردستانە لە ڕاپرسییەکی جەماوەری وادا، جا ههرچییهك بیت ئەو بڕیارە، مانەوە لەناو چوارچێوەی عێراق بێت، یاخود جیابوونەوە لێیو پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، مهبدهئییهتو شهرعییهتى ههیه. مهسهلهى كورد مهسهلهیهك نییه لهسهر شهریكه بهش بوونى یەکێتی نیشتمانیو پارتی دیموکراتو باقى حزبه خودموختارى خوازهكانی دیکە له بونیادى دهسهلاتو سپاردنى "حوكمرانیى كوردستان"، لهسهرووى ئیرادەو خواستی خهلكهوه، بهو حزبانە. ئەم مەبدەئی بڕوابوونە بە ڕای ئازادانەی خەڵکی نەتەوەیەکی ستەملێکراوە ڕەسمییەتو شەرعییەتی هەیەو پێویستە لە ڕاپرسییەکی ئازاددا پراتیکو تەحقیق بکرێتو ڕێزبگیرێت لە مێژووی پڕتراژیدیای خەڵکی کوردستان.
تا کاتێک ئەم مافەی خەڵکی کوردی عێراق لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا لەژێر چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەکاندا تەحقیقو جێبەجێنەکرابێت، بهندوبهستو گفتوگوو ساتوسهوداى حزبهكان لهسهر چارەنووسی كوردستان هیچ مهشروعییهتیكى نییه، تەنانەت بەم فیدڕالێزمە کۆنەپەرستانەیەی ئێستاشەوە. ئەم وواقعییەتەش کە وەڵامی وەرنەگرتۆتەوە، واتە بازدان بەسەر ئیرادەو ڕای ئازادانەی خەڵکی کوردستاندا لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان، سەرچەشمەی کێشمەکێشو تەنگژەو قەیرانەکانی ئێستای عێراقە. قەیرانێک کە مەسەلەی کوردی گۆڕیوە بۆ ئامڕازێکی دەستی پارتیو یەکێتی تا هەم لە کوردستان بۆ هەتاهەتایە دەسەڵاتبەدەستو خاوەن بڕیار بمێننەوە، وە لەباتی خەڵکی لە ململانێیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بڕیاری شەڕو ئاشتی، یاخود سازانو سەوداو مامەڵە دەربکەن، لە هەمانکاتدا لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان دەسەڵاتی زیاترو ئیمتیازاتی زیاتر لە حکومەتی ناوەند داوابکەن، وە زۆر جاریش بیگۆڕن بۆ کێشمەکێشو جووڵاندنی هێزی چەکدارو بانگەشەکردن بۆ بەرپاکردنی جەنگی مانو نەمان لەژێر ناوی گێڕانەوەی ناوچە ناکۆکی لەسەرکاندا.
هێزو لایەنە دەسەڵاتدارەکانی ناوەند، تەنانەت غەیری مالکیو لیستی عێراقیەو لیستی هاشمیو سوننەکان تا بگات بە تورکمانەکانی کەرکوکیش، ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە هێزو حزبە کوردیەکان زیاد پێیان ڕاکێشاوەو زیاد لە مافو ئیمتیازاتی دەستوریو یاساییان پێدراوەو خوازیارن لێیان وەربگیرێتەوە. تەنانەت بەشێکیان بە ئاشکرا داواکارن لە پارتیو یەکێتی سەربەخۆیی ڕاگەیەننو جیابوونەوە لەعێراق بکەنە واقع. ئەمانە بەڵگەی تەواون بۆ کارنامەی دژە خەڵکیی فیدڕاڵیزمی قەومی کە زیاتر لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی کوردایەتیدایەو هیچکام لە لایەنەکانی تری عێراق باوەڕیان پێی نییە.
کۆمەڵێک چەمکو ئەرگۆمێنتو فاکتۆری گرنگو چارەنووسساز دوای جەنگی دوهەمی کەنداو خزاونەتە نێو فەرهەنگی سیاسی عێراقو کوردستانەوە. دەستەواژەگەلێک کە ماناو دەلالەتی چینایەتیو جیاوازیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە. دیموکراسی، فیدڕاڵیزمی قەومی، حکومەتی تەوافوقفی، دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای ناسنامەی قەومیو تائیفیو ئیسنیکی، ژانی لەدایکبوونی دیموکراسی، فۆرمی خۆرهەڵاتیەکەیو بەشداریپێکردنی نوێنەرانی گشت پێکهاتەکان لە حکومەتی ناوکۆیی نیشتمانیو..تددا!
هێندەی پەیوەستە بە ڕۆڵو دەخالەتی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی سەرجەم پێکهاتەکانی ووڵات، ئەمڕۆ دیموکراسی لە عێراق کورتکراوەتەوە بۆ فیدڕاڵیزمێکی قەومی کۆنەپەرستانە. فیدڕاڵیزمێک کە تیایدا هیچ تاکێکی هیچکام لەو پێکهاتانەی وا باسی بەشداریپێکردنیان ئەکرێت لە دەسەڵاتدا چکۆلەترین شانسو مافی دەخالەتیان بەسەر چارەنووسی خۆیانو هاوڵاتیانیانەوە نەبووەو نییە. ئەوەی ئێمە لانیکەم بە درێژایی ٢١ ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە هاوڵاتیانی کوردی عێراق ئەیبینین، بەندو بەستو سەودای پارتیو یەکێتیو سیمبۆلو سەرۆکی ئەو حزبە کوردییانەیە بەسەر مەسەلەی کوردەوە. ئەم حزبانە کێشەی کوردیان کردۆتە فۆڕمۆڵێک بۆ شەریکەبەشبوونی خۆیان لە بونیادی دەسەڵاتو سپاردنی حوکمڕانی کوردستان لە سەرووی ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە پێیان.
بە حوکمی ئەوەی جەنگو دەخالەتی سەربازی ئەمریکا لە عێراق وەرچەرخانێکی کۆنەپەرستانەی لێکەوتەوە، کە لەژێر ناوی هاتنەئارای دیموکراسیو بەشداریپێکردنی پێکهاتە جیاوازەکان لە دەسەڵاتو حوکمڕانی تازەی عێراقدا لەسەر بنەمای ناسنامەی قەومیو ئیتنیکیو تائیفی جیاجیا حکومەتی تەوافوقیو دەسەڵاتی هاوبەشی نیشتمانی لە نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوەلکێنرا، جوڵانەوەی کوردایەتی سودمەندی سەرەکی بوون لە داسەپاندنی فیدڕاڵیزمی کۆنەپەرستانەی قەومی بەسەر کۆمەڵگای عێراقدا.
بە دروست جەلال تاڵەبانی ڕاست ئەڵێت، بزوتنەوەی کوردایەتی بە ڕابەرایەتی پارتیو یەکێتی ساڵی ٩٩٢ لەگەڵ هاتنەپێشی یەکەمین پارلەمانی کوردیدا دروشمی مافی چارەنووس یان جوداییخوازییان خستەلاوەو دروشمی فیدڕالیزمی قەومیان خستە دەستووری کاریانەوە. چونکە لەلایەک خرۆشانو ڕاپەڕینی جەماوەری بەهاری ٩٩١ لە عێراقو کوردستان دەسەڵاتی نەگریسی ڕژێمی بەعسی لەرزۆک کردبوو، لەولای تریشەوە ساڵی ٢٠٠٣ لەڕێگای هێرشو پەلاماری سەربازی ئەمریکاوە حکومەتی سەدام حسەین لەسەر کار لابراو ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ناڕازی لە پێشهاتەکانی عێراقدا خرایە کەنارەوە. ئەم ڕووداوەش بە قازانجی حزبگەلی قەومپەرستی کوردیو عەرەبیو ئایینیو تائیفی شکایەوە. ئیمتیازاتو بەرژەوەندی زیاتری بۆ بەشە جیاجیاکانی بۆرژوازی عێراقیو کوردی فەراهەم کرد.
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس ساڵی ٢٠٠٣ ئەوان فۆڕمۆڵی فیدڕاڵیزمیان گرتە دەستەوە بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراقیو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، کە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەرێمییان مسۆگەر کردبوو. لەو کاتەوە ئیتر دروشمی گوایا توندڕەوی قەومیو جوداییخوازییان خستەکەنارەوەو لەژێر چەتری فیدڕاڵیزمی قەومیدا 'عێراقچێتی"یان هەڵبژارد. ئەوسا ئەمریکا ناوچەی ئارامی پێکهێناو تاکو ٩ نیسانی ٢٠٠٣ کە لەڕێگای جەنگێکی کۆنەپەرستانەوە ڕژێمی سەدام لە دەسەڵات لادرا، ئیدارەو فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستان درایە دەستی پارتیو یەکێتی. بە دروست لەو ساوە تا بە ئەمڕۆ چینی بۆرژوازی کوردی دەوڵەمەندتر بووە. خەڵکی کوردستانیش لەو ماوەیەدا لەڕێگای خۆپیشاندانو ڕێکخستنی شێوازی مەدەنیانەی ناڕەزایەتی نواندنەوە بەردەوام یەخەی حزبە دەسەڵاتدارە کوردیەکانیان بەرنەداوەو بەمجۆرە بەشێک لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیانیان سەپاندووە بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا.
دەرەنجام ئەگەر چی پانتایی مێژووی سیاسی خۆرەڵاتی ناوین تائێستا دەرفەتی هاتنەئارای عێراقێکی سکۆلارو هاوچەرخی نەڕەخساندووە، هەتا سەرجەمی نەتەوەو پێکهاتە جیاوازەکانی وەکو هاوڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان لەچوارچێوەی عێراقێکی یەکپارچەدا لە کەناری یەکدا ژیانێکی سەرفراز بژین، ئەگەرچی مێژوی مرۆڤایەتی ڕووی لە شارستانیەتێکی مۆدێرنی وایە کە هاوڵاتیان ڕۆژبەڕۆژ ناسنامەی میللیو نەتەوەیی خۆیانیان لا کاڵترو کاڵتر ئەبێتەوەو کۆمەڵگای دەیان میللەتی بێ گرفتو سەرئێشە ژیانی ئاسایی خۆی ئەکات، بەڵام هێشتا هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی عێراق لە ناوبەینی گومانی گەورەی مانەوە لە چوارچێوەی عێراق یاخود جیابوونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆدا سەراسێ ئەکەن! خەڵکی کوردستان پێویستە خۆیان ڕێگا خۆشکەن بۆ وەرگرتنی ئەم بڕیارە چارەنووسسازە.
جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق دابڕانێکی تاڵی مێژوویی وێنائەکرێت لانیکەم لە ڕوانگەی هەستێکی نەوعدۆستانەوە، ئایا خەڵکی کوردستان هەتا کەی ئەبێت لەنێو تەوقی خۆشباوەڕی قەومی کوردیدا بمێننەوەو لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە ساتو سەودا بەسەر ژیانو چارەنووسیانەوە بکرێت؟ ئایا ٢١ ساڵ تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی کوردیو نزیک بە ١٠ دە ساڵ ژیان لە چوارچێوەی فیدڕالیزمێکی کۆنەپەرستانەدا کە جگە لە دەوڵەمەندبوونی زیاتری چینە داراکانی کوردستانو کێبەرکێو ململانێی نەبڕاوەی نێوان هەرێمو ناوەندو شەڕی تائیفی نێوان سوننەو شیعە، هیچی تری بۆ ئەوان لێنەکەوتۆتەوە، بەس نییە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی ڕاچڵەکێو چارەنوسی خۆیو نەوەکانی لەدەستی ئەم حزبە قەومپەرستە کوردیانە دەربهێنێت؟!
١٣کانونی یەکەم٢٠١٢
حەمە غەفور
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست