کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هەڵبژاردن‌و کەلتووری دەستوەشاندن

Sunday, 01/09/2013, 12:00


لە فەرهەنگی ئەحزابی کوردیدا لە کوێوە هاتووە؟
پێموایە ئەم کەلتووری دەستوەشاندنە جێگایەکی گەورەو دیاری هەیە لەنێو گوتاری سیاسی سەرجەم حزبەکانی جووڵانەوەی کوردایەتیدا. ئەگەر وادانێین دافع‌و مۆتیڤی سەردەمی شاخ‌و کێبەرکێی دوای ڕاپەڕین‌و هەڵمەتەکانی شەڕی ناوخۆ، بۆ خەڵک ڕوونەو بەشەیتانکردنی تەرەفی بەرامبەر ئامانجی ئەسڵیی بووبێت، تا دەستوەشاندن لەنێو کەلتووری بەرامبەرکێی سەربازیدا ڕێگای بۆ بکرێتەوە، یاخود دوای ڕاپەڕین‌و ئێستاشی لەسەر بێت، فەنی دەستوەشاندن گەلێک بەرجەستەیە لە ناو مێژووی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردیدا بۆ ئاودیوکردنی کاروانە شۆڤڵ‌و سەیارەی گەورەو ماشینی بیناسازی‌و محەویلەو کەرەسەی بەربەستەکانی ووڵات، لەگەڵیشیدا فەرهودو بەتاڵانبردنی تەپۆڵکەکان‌و زەویە باشەکان‌و شوێنە گشتییەکان‌و تەواوی ئیمکاناتی کوردستان، تا بگات بە سەرچاوەی نەوت‌و بودجەی ووڵات‌، وە تەنانەت هاوکاری مرۆییش کە لەڕێی ڕێکخراوە ئین جی ئۆکانەوە ئەهاتە کوردستان، هەر ئەم حزبانە دەستپێشخەر بوون‌و دەستی خۆیان وەشاندووە. نەریتێکیشیان جێهێشتووە کە کۆمەڵگاشی تاڕادەیەک پێئالوودە بووە. ئێستاش کە هەموو موقەدەراتی کوردستانیان بە زەبری ملیۆن‌و بلیۆن دۆلارەکانیان میلیشیای سەد هەزارییان ڕاگرن‌تووەو حکومەت‌و پارلەمانیان پێکەوەناوە، کە تەنیا حکومەتی ئەوانەو پارێزەری دەسەڵات‌و بەرژەوەندی ئەو حزبانەیە، دێن‌و ئەیانەوێ بەشێوازی مۆدێرن‌و دیموکراسی‌و ڕۆژئاوایی بانگەشەی هەڵبژاردن ستارت بکەن!
بەڵام چۆن دەستیانپێکرد!؟ بەمشیوەیەی کە لەم هەواڵەدا هاتووە لای خوارەوە! یەکێک لەو حزبە قەومییە کوردیانە (ینک) هەر لەگەڵ سەعاتی سفری ٢٨ئابدا تیمەکانی فەرهود، نا، تیمەکانی بانگەشەو ستارتی حەملەی هەڵبژاردنی یەکێتی دەستی خۆیان وەشاندو شوێنە ستراتیژییەکانی شاری سلێمانییان بە وێنەو لۆگۆی خۆیان داگیرکرد!! ئاففەرین تۆپە تەیارە شکێنەکان! سەد جار ئاففەرین. ئێ باشە ئێوە خاوەنی دەیان‌و سەدان کاناڵ‌و دەزگای ڕاگەیاندنی بینراو و بیسراو و خوێنراو و سێبەرو بەر هەتاویشن، ئیتر دەرو دیوارو بۆشایی شوێنە گشتییەکان بۆچی ئەبێت بکەوێتە بەر شاڵاوی دەستوەشاندنتانەوە!؟ بەڵام لەپای چیش؟ گوایا ئەڵێن؛ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاریان داوە هەر حزبێک زووتر دەستی خۆی بوەشێنێت و زۆرترین ڕیکلام بکات، ژمارەی کورسییەکانی زیادئەکات!! وائەڵێن! من نا! بەڵام سەیرو سەمەرە لەوێدایە، ئەم حزبانە لە جیاتی لانی کەم بەرنامەو کارنامەی هەڵبژاردنیان بۆ خەڵکی ڕاگەیەنن، بەڵێنەکانی جارانیان دووبارە بگرنەوە بەدەستەوە، کە ئەیگرنەوە، ئەیانەوێ داهێنان بکەن، داهێنانی ئەوەی کە بە ڕەنگکردنی شارەکان‌و شوێنی ژیان‌و کاری هاوڵاتیان، بە ڕەنگی سەوز یان زەرد یان شین یاخود ڕەشی قەترانی کە لەسەری نوسراوە (لاالەالااللە)، بە کۆمیسیۆنی باڵا بڵێن، ئەم شارە یان ئەم ناوچەیە یان ئەم گوزەرەو ئەم گەڕەکەو ئەم شارەدێیەو ئەم گوندە ئیتر مۆرکی ئێمەی لەسەرەو کورسی پارلەمانمان بۆ حساب بکەن! ململانێی دیموکراسیانەش هێواش هێواش لە تی ڤییەکانمانەوە بۆ گەوجکردن دەستپێئەکەین! ئەمەیە بەسەرهات و داستانی ئەم دەسوەشاندنە لە کوردستان! ڕاستە ئەمان هەمیشە دەستیان وەشاندووە! ئێستاش هەروایان کردووە لەم هەڵبژاردنەدا. هەرچۆنێک بێت ئەوان براوەن‌و وەکو جاران بە کەمێک جیاوازی دەنگ و کورسییەوە هەروا لەسەر دەسەڵات دائەنیسن‌و خەڵکیش لەجیی خۆی سەرقاڵی کارو ژیانی خۆیەتی‌و جگە لە سەرئێشەو تەبلیغاتی کوشندە هیچی تر بە نسیبیان نابێت! ئەوان براوەن، وە ئەم گاڵتەجاڕە بۆیە سازمانئەیەن هەتا خەڵکی لە یارییە چەواشەکارییەکەیاندا تێوەگلێنن، تا باوڕێکیان لا دروستبکەن کە بەڵی ئەوە هەڵبژاردنەو ململانێیەو دەستاو دەست کردنی دەسەڵاتە، بۆیە ئەم کارە ئەکەین! خەڵک یەک کار نەکەن هەموو ئەم گاڵتەبازاڕە پووچەڵئەبێتەوە، ئەویش بەشداری نەکردنە تیایدا بە هیچ جۆرێک. بایکۆت یانی بایکۆت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە