کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئاڵای شەفافیەتو چاکسازی داگرت!
Saturday, 24/09/2011, 12:00
نەوشیروان مستەفاو بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ کۆڵێک بانگەشەو پڕوپاگاندای بریقەدار وەکو ئاراستەیەکی سیاسی جیاواز پێیان خستە نێو ڕووبەری سیاسەتی کوردستانەوە. سەرنجڕاکێشترینیان بانگەشە بوو بۆ شەفافیەت، ئیدیعا بوو بۆ تێکۆشانی سیاسی لەپێناو جێخستنی شەفافیەت لە کوردستان. واتە هەڵکردنی ئاڵای شەفافیەتو ڕۆشنیو سەرڕاستیی گفتوگۆو بەرکەوتنە سیاسیەکانو ڕۆڵو کاراکتەری بڕیاربەدەستان لەبەردەم کۆمەڵگاو ڕای گشتیدا، بڕیار بوو گۆڕان پێشڕەو بێت تیایدا. بەڵام سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان وەکو ئەندازیاری شەفافیەت، هەم وەکو کەسێکی بێئاگا لە هەراو زەناو بانگەشەی شەفافیەت لەلایەن بزووتنەوەکەیەوە نەک هەر کۆبوونەوەی داخراوی دوور لە چاوی کامێراو میدیاکانی پەسەند کرد لەگەڵ مەسعود بەرزانیدا، بەڵکو کۆبونەوەی داخراوی دووقۆڵی نێوان بەرزانیو خۆشی گرێداو تەنانەت وەکو دەرمان زانیاریشی گەیاندۆتە ووتەبێژی ڕەسمی بزووتنەوەی گۆڕان خۆشی هەتا لێدوان بۆ ڕای گشتی بدات.
سەرنج بدەن چی شەفافیەتێکی مەحرەمانە لە زمانی ووتەبێژی گۆڕانەوە گەییشتۆتە ڕای گشتی؛ محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ووتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی سبەی ووتوویەتی : " بهبۆنهی ئهو دیدار و سهردانهیهوه، بزوتنهوهی گۆڕان ئێوارهخوانێکی بۆ مهسعود بارزانی و وهفدهیاوهرهکهی سازکرد و لهوچوارچێوهیهشدا، سهرۆکی ههرێم و رێکخهری بزوتنهوهی گۆڕان کۆبونهوهیهکی دو قۆڵیان ئهنجامدا." لینکی هەوڵەکەی سبەی لێرەدا ئەخوێنیتەوە؛
http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=39661&cat=1&title دوو ڕۆژ دواتر، واتە ئەمڕۆ شەممە سەرۆکی گۆڕان خۆی لەگەڵ ئەندامانو لایەنگرانی ڕەوتەکەی کۆئەبێتەوەو بەگوێرەی بەرژەوەندی تەبلیغاتی حزبەکەی گوایا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ ڕای گشتی ڕوون ئەکاتەوە. لە هەواڵێکی تردا کە ئەمڕۆ سایتی سبەی بڵاوی کردۆتەوە هاتووە؛ نەوشیروان مستەفا لە بنکەی سەرەکی گۆڕان لەگەڵ حزبەی کۆبۆتەوەو ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسعود بەرزانی ڕۆشن کردۆتەوە. جێگای پرسیارێکی نیشانەگەورەیە سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان، کە ئەکرێ پێشی بووترێ بزووتنەوەی شەفافیەت خواز، چۆنو لەپای چیدا دانیشتنی دوو قۆڵی داخراو ئەکاتە سەنتەری بردنەپێشی سیاسەتی خۆیو بەرنامەی سیاسی خۆی! کۆبوونەوەی دوو قۆڵی تایبەتی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ مەسعود بەرزانی دوای گرژیو ئاڵۆزیەکانی ١٧شوباتو دواتر، یان باشترە بڵێین؛ پاش خۆپیشاندانە دوو مانگیەکەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی، بۆ لۆببی سیاسی کام لایانە بەسەر ئەوی تریانەوە؟ یان بۆ ڕێکەوتنی "ستراتیژی" نێوانیانە، وە یاخود بۆ هێوڕکردنەوەی شەڕی تەبلیغاتی نێوانیانە؟ سەرەنجام ئایا چارەنووسی شەفافیەت هەم لای نەوشیروان مستەفاو هەم لای بزووتنەوەی گۆڕانو هەم لای بەرزانیو دەسەڵاتی کوردی بە گشتی چی بەسەر دێت!؟ ئەگەر داگرتنی ئاڵای شەفافیەت داوای سەرەکی سەرۆکی هەرێم بووبێت لە کۆبوونەوە داخراوەکەیاندا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، داوای سەرۆکی گۆڕان دەبێت چی بووبێت لە بەرزانی!؟
پەسەندکردنی دانیشتنی دوو قۆڵی لەگەڵ بەرزانی، خۆی لە خۆیدا ئەکرێ وەکو داگرتنی ئاڵای شەفافیەت تەماشابکرێت لەلایەن گۆڕانەوە. چونکە ئەگەر زۆر لایەنی دیکەی پیلانگێڕی لەدژی خەڵکی کوردستان وە بەتایبەتی خەڵکی ناوچەی هەولێر لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لێڵو ناشەفاف بن بۆ سەرکوتکردنی دەنگو ڕەنگی ناڕەزایەتی بۆ پەیوەست بوونی خەڵکی ئەو شارە بە خۆپیشاندانەکانی سلێمانیەوە، سەرۆکی هەرێم ئەوسا بۆ سەرکوتی خەڵکی هەولێر وەکو سەرۆکی پارتی هەموو ڕێگایەکی گرتە پێش، وە گۆڕان وەکو توندترین ڕەخنەگری پارتی خۆی ئەنواند، ئەمڕۆ ئەبینین سەرۆکی پارتی مەحرەمانە ئاڵای هێوڕکردنەوەو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لەسەر مێزی کۆبوونەوە دوو قۆڵیەکە داناوە. ئەمە بەو مانایەیە کە لاپەڕەی نوێ هەڵدراوەتەوە لەو کۆبوونەوە دوو قۆڵیەدا.
من ڕام وایە ئەگەر مەیلێکی جەماوەری فراوان بۆ شەفافیەت لە کوردستان خۆشباوەڕ بووبێت بەو ئاڵایەی گۆڕانو گۆڕانخوازان هەڵیان کردبوو، ئێستا پاش ئەم کۆبوونەوە داخراوە دوو بە دووەی بەرزانیو نەوشیروان دەبێ دەست بە ڕەوینەوە بکات. چونکە کەسی یەکەمی داهێنەری بانگەشە بۆ شەفافیەت خۆی لە ناشەفاف ترین ڕەوشی سیاسیدا ناشەفاف ترین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی داخراو سازئەکات! هیچ بیانوویەک ناتوانێت ئەو ڕاستیە چیتر بشارێتەوە کە پاش دوو ساڵ بەسەر بانگەشەی هەرزانبەها بۆ شەفافیەت، خودی بانگەشەکەر بەشداری تاریکترین کۆبوونەوەی داخراو لەگەڵ سەرۆکی پارتیدا بکات. ئەویش لەکاتێکدا کە خۆی وەکو نوێنەری خۆپیشاندانەکانی ١٧شوبات بەدواوە هەڵئەخات، وە هێشتاش وەکو کارتی گوشار وێنەو فیلمی خۆپیشاندانەکانو ئاماژەو داتاکانی وەکو قەوانێک بۆ گێژکردنی هاوڵاتیان ڕۆژانە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیەوە لێئەدەنەوە.
نەوشیروان مستەفاو سەرکردەکانی تری گۆڕان پاش ئەو کۆبوونەوە دوو قۆڵیە دەبێ بچن وەڵامی خەڵکی کوردستان بدەنەوە بۆچی شەفافیەتیان خستە ژێر پێیانەوە!؟ دەبێ وەڵامی هاوپەیمانە ئیسلامیەکانیان بدەنەوە، هەروا یەکێتی نیشتمانیش ناهەقی نیە ئەگەر بەم کۆبوونەوەیە نیگەران ببێت، هەرچەندە ڕاگەیەنراوە کە تاڵەبانی ئاگای لە ناوەرۆکی ئەم کۆبوونەوەیە هەیە. بەڵام لە نێوان یەکێتی وەکو حزبێکو مام جەلالدا جەماوەرێکی فروان لە خەڵکی ڕاوەستاوەو ئەم ڕەوشە بەچاوی خۆی ئەبینێت.
سەرۆکی هەرێم بۆی نەلوا خەڵکی سلێمانی کۆبکاتەوەو قسەیان بۆ بکات، هاتووە سەرۆکی ئاراستەیەکی وەکو گۆڕان ئەدوێنێ بۆ جێ پێ خۆشکردن بە ئاراستەی هێوڕکردنەوەی ڕەوشی کوردستان، واتە بێدەنگ ڕاگرتنی خەڵکی ناڕازیو بەرگرتن بە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندان. سەیر لەوەدایە هەم گۆڕانو هەم پارتیش وە یەکێتیش سەرباری بێت سەردانی بەرزانیان بۆ ناوچەی سلێمانی وەکو سەرۆکی هەرێم بە خەڵکو میدیاکان ناساند، لەکاتێکدا وەکو سەرۆکی پارتی بەکردەوە هەڵوێستگیری کردو جووڵایەوە، چونکە لە ئەجێندای سەردانەکەیدا نەیانتوانرابوو جێگا بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی شاری سلێمانی بکرێتەوە هەتا بەرزانی قسە بۆ خەڵکی بکات. ئەم قایلبوونەی سەرۆکی هەرێم بە سەردانی بنکەی گۆڕانو کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی گۆڕان، دانپیانان بوو بەوەی کە لە تەقسیماتی نفوزی سیاسیو کۆمەڵایەتیدا سلێمانی بە ناوچەی نفوزی گۆڕان تەماشائەکرێت. داوای ئاسایی کردنەوەو هێوڕکردنەوە جگە لەم مانایە چی واتایەکی دیکەی لێناکەوێتەوە.
ئەزموونی پارتیو یەکێتی لەم بیست ساڵەدا ڕای گشتیو ویژدانی خەڵکی کوردستانی بەو ڕاستیە گەیاندووە کە شەفافیەت جگە لە زاراوەیەکی قێزەوون شتێکی تر نەبووە لە فەرهەنگی سیاسیاندا. ئەگەر چی لەگەڵ هاتنەپێشی گۆڕاندا تاڕادەیەکی زۆر بانگەشەی شەفافیەت خۆشباوەڕیەکی زۆری بەم بزووتنەوەیە لێکەوتەوە، بەڵام تەمەنی کورت بوو. ئێستا شەفافیەت چی وەکو بانگەشە چی وەکو زاراوەیەکی نێو فەرهەنگی سیاسی کوردستان خۆی گۆڕاوە بۆ پەردەپۆشێکی باشو کاریگەر بۆ ناشەفافیەت، بۆ کاری ژێربەژێرو کۆبوونەوەی دووقۆڵیو داخراوو جێ گومان. چی شتێکی شاراوە یان کام ناواخنی جیاوازی بۆچوونو جیاوازی لە مەرامو ئاراستەی سیاسیاندا وای کردووە بەرزانیو نەوشیروان متمانەیان بە کەس نەبێو دوو بە دوو بچنە کۆبوونەوەی داخراوەوە!؟ ئایا ئەم کۆبوونەوەیە وەکو یەکەمین کۆبوونەوەی باڵای نێوان سەرۆکی هەرێمو سەرۆکی حزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی لەهەردوو لاوە ئاماژەیەکی ڕاشکاو وە یەکاڵاکەرەوە نیە بۆ خستەنە مامەڵەی بەرنامەی چاکسازیو شەفافیەت لەلایەن سەرۆکی گۆڕانەوە!؟ ئایا شەفافیەتو چاکسازی لە هەردوو جەمسەری ناسراو بە دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆندا هەمان ناوەرۆکی هاوبەشی نیە کە خۆی لە بردنی بەشی زیاتر لە دەسەڵاتدا ئەبینێتەوە!؟ ئایا ڕۆشن نابێتەوە چیتر کە چاکسازی لەم هێزانە هیچکامیان ناوەشێتەوە!؟
ئەم هێزانە هەموویان داپڵۆسێنەرنو شەفافیەتو چاکسازی تەنها بانگەشەیەکەو هیچی تر. ئەوەی وەکو ئەمری واقع ئەبینرێو هەموو لایەکیان خۆیانی پێوە بائەدەن لە چاکسازیو جۆرێک لە هەڵپەی ڕازیکردنی جەماوەری ناڕازی، یان باشترە بووترێ؛ خۆ لادان لەبەردەم پەلاماری ڕقو تووڕەییو نەفرەتی خەڵکی کوردستاندا کە نزیک بیست ساڵە پۆنگی خواردۆتەوە، بەم جۆرە لە ڕیفۆرمو چاکسازی کە دەستیان داوەتێ، جگە لە گوشاری ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانو بەتایبەتی خۆپیشاندانەکانی ١٧شوباتو دواتر هیچی تر نەبووە! بەڵام درەنگ یان زوو ڕوون ئەبێتەوە کە ئاڵای شەفافیەتو چاکسازی لەو کۆبوونەوە دوو بە دووەدا لەپای چی داگیراوەو ووردەکاریەکانی ئەکەوێتە بەرچاوی گشتی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست