کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعود بەرزانی ‌ وەڵامی جنێو ئەداتەوە!

Tuesday, 28/08/2012, 12:00






ئەمڕۆ پەیامێکی سەرنجڕاکێش‌و داخلەدڵی سەرۆکی پارتی‌و هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بەرزانی لە سایتەکان‌و بەشێک لە میدیای کوردستانەوە بڵاوکرایەوە. پەیامێک کە لەسەر پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە وەڵام بە جنێو و تەشهیری کەسانێک نووسیویەتی کە پێئەچێت بەرامبەر بە کەسایەتی شەخسی بەرزانی یان ڕەنگە بە بنەماڵەکەی یان بە پارتی دیموکراتی کوردستان ووترابێ‌و نووسرابێت. بەڵام بەرزانی بۆچی ناچاربووە وەڵامی ئەو جنێوانە بداتەوە!؟

منیش، بە ئیجازەی بەڕێز مەسعود بەرزانی موداخەلەیەکی کورت لەم مناسەبەیەدا ئەکەم، وە بیروڕای خۆم لەو بارەوەیەوە دەرئەبڕم. ئامانجیشم بەرچاوڕۆشنی زیاترە لە مەیدانی قسەی زبرو ناشیرین‌و جنێودان‌و هەوڵی ناوزڕاندن بەشێوەی گشتی، بەتایبەتی بۆ نەوەی نوێ‌و دوای ئەوانیش.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە لە پەیامەکەی بەرزانیدا کە ئێمە خەڵکی کوردستان‌و بەرزانی‌و بنەماڵەی بەرزانی‌و پارتی دیموکراتی کوردستان‌و تەنانەت ئەو جنێودەرانەش کە توانیویانە لەسەر پریکبۆردەکەی بەرزانی لە فەیسبووک جنێوەکانیان بۆ بەرزانی بنووسن، تەنیا ٢ ڕۆژمان ماوە بۆ یادەوەری ڕووداوێکی قێزەون، بۆ ڕۆژێکی شووم لە مێژووی بەرزانی‌و پارتی دیموکراتی کوردستان، یانی ٣١ ئاب ٩٩٦ کە وەکو پەڵەیەکی ڕەش‌و چڵکن لە ویژدانی سەراپا خەڵکی کوردستاندا جێگیربووە. ئەم ڕۆژە وەکو ڕۆژ دیارەو هەموو کەس ئەزانێ چی تاوانکارییەکی تێدا قەوماوە! پارتی هانای برد بۆ ڕژێمی شۆڤێنیستی بەعس‌و سەدام بۆ دەرپەڕاندنی یەکێتی لە هەولێر!

داخلەدڵییش لە پەیامەکەی بارزانیدا ئەوەیە کە، زیاد لە دوو دەهەیە پارتی لە کوردستان دەسەڵاتدارەو لە سێ خولی هەڵبژاردنی پارلەمانیدا گوایا زۆرینەی دەنگی هێناوەو لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمیشدا خودی مەسعود بەرزانی لە سەدا حەفتا٧٠%ی دەنگی خەڵکی وەرگرتووەو بۆتە سەرۆکی هەرێم‌، کەچی هێشتاش خەڵکی بێوەفا زۆرەو کەسانێک هەن جنێوی بۆ ئەنێرن‌و ڕەوشتی نزمی ناوزڕاندن ئەگرنەپێش بەرامبەر بەرزانی‌و بنەماڵەکەیان. نەوەی نوێی کوردستان هەموو ساڵێک لە نزیکی ئەو ڕۆژە شوومەدا بەشێوازی خۆیان ڕەخنەی لێئەگرن‌و ڕەتی ئەکەنەوە. نیگەرانی بەرزانی ئەوەیە بەتایبەتی لەم دەمەو ٣١ی ئابەدا هەموو ساڵێک بۆچی ئەبێت جنێوبارانیان بکەن!

جێگای خۆیەتی کە زیاتر لە ٣١ئاب٩٩٦ بگەڕێینە دواوەو سەرنجێک بدەین لە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە پەرەسەندنی ئەو شەڕە نەگریسە بووە هۆی پێشهاتی ڕۆژی ڕەشی ٣١ی ئاب، ئنجا هەموو پێکەوە بۆ ساتێک ڕامێنین‌و بیرەوەرییەک لەو زمانە "بەرزو پڕلوتف‌و ماریفەت‌و میهرەبانییە!" بێنینەوە پێش چاومان کە ئەو دوو حزبە هاوپەیمانەی ئێستا، پارتی‌و یەکێتی، ئەوسا بەرامبەر بە یەکتر بەکاریان برد! بیری خەڵکی کوردستان نەچۆتەوە چۆن حزبەکەی بەڕێز بەرزانی‌و بەڕێز مام جەلال دەستیان درێژکرد بۆ قێزەونترین‌و ناشیرینترین ناووناتۆرەو جنێوو قسەی ناشایستەو نالایەق بەرامبەر بەیەکتری لە بڵندگۆی ڕاگەیاندنەکانیانەوە. شارو دێهات‌و کتێب‌و کتێبخانەو کۆڕو کۆمەڵ‌و ووڵاتیان پڕکرد لە جنێو لە بوختان لە دڵڕەشی‌و لە بەدڕەوشتی بەرامبەر یەکتری!

بەڕێز، مەسعود بەرزانی؛ ئێوە چارەکە سووری پێش لەشکری ڕەشترین‌و ناشیرینترین هێرش‌و پەلاماری جنێوفرۆشی بوون لە شەڕی ناوخۆدا. ئێوە ئەندازیاری دروستکردنی ڕۆژگارە تاریکە مێژووییەکانی کوردایەتی بوون. مێژوو هەقتان پێنادات گلەیی لە کەسانێک یان لاوانێکی دڵگەرم بکەن کە گۆشەیەکی چکۆلەی ٣١ئابیان بەرگوێ کەوتووەو پێیان قبوڵناکرێت. نەوەکانی ئێستامان شەرم ئەیانگرێت کاتێک باس‌و خواسی ئەو شەڕی ناوزڕاندن‌و جنێوفرۆشی‌و زمانی سووککردنەی بەرامبەرو بێڕیزییە تائەوپەڕەی کە ئێوە پارتی‌و یەکێتی بەرامبەر بە خۆتان‌و بە خەڵکیش کردتان!

من پێموایە جنێودان‌و تەشهیرو مەیل‌و نەزعەی هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن گۆشەیەکی ناشیرینی سایکۆلۆژیای هەموو کۆمەڵگاکانە. مادامێک کە کۆمەڵگاکان بەسەر چین‌و توێژی کۆمەڵایەتی لەڕووی ئابوریەوە جیاوازو بەمپێیەش لەڕووی مەقام‌و پلەو پایەی کۆمەڵایەتی‌و سیاسیانەوە دژ بەیەکدا دابەشبوون، بێگومان ئیتر کاریگەری گەورەو گرنگ بەسەر جێگاوڕێگای سیاسی‌و ناوداربوون‌و ئاستی درک‌و ووشیاری تاک‌و کۆوە بەجێدێڵێ. کاریگەری بەرجەستە بەسەر خودی مۆڕاڵی کۆمەڵگاو بەسەر فەرهەنگ‌و زەین‌و ووشیاری‌و تەنانەت چاوەڕووانی‌و هیواو ئاوات‌و ئارەزووەکانی هاوڵاتیان‌و بیروڕای گشتیشەوە دائەنێ‌و مۆرکی ڕەوشت‌و نەریت‌و هەڵس‌و کەوتی چینە داراکان‌و دەسەڵاتداران‌و فەرمانڕەواکان هەڵئەگرن. نەریتی جنێودان‌و هەوڵی ناشیرینکردن مۆرکی ئەو واقعە چینایەتیە لەگەڵ خۆی هەڵئەگرێ‌و نەوە دوای نەوە بەپێی پێشڕەوی‌و هەڵچوون‌و داچوونە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵیاندا ئەگوێزرێتەوە. کوردایەتی شەڕی ناوخۆو ٣١ ئاب بەرهەمدێنێت، خۆ گاندی‌و ماندێلا لە سەرۆکایەتی جووڵانەوەی کوردایەتیدا نین هەتا مێژووی پرشنگدار تۆماربکەن!

ئێستاش لەم بۆنە ناخۆشەدا بۆ ئێوە پارتی‌و بەرزانی، وەک ئەڵێن؛ تفهەڵدان بۆ سەرەوە سەروچاوی خۆت ئەگرێتەوە! بەڕێز مەسعود بەرزانی نیگەرانیەکەت لەجێی خۆیدا نییە، چونکە ئەو نەریت‌و ڕەوشتی جنێودان‌و ناوزڕاندنە ئێوە خۆتان داتانهێناوەو گۆشەیەکی ئۆباڵەکەی بێگومان ئەمڕۆ یەخەی خۆتان‌و سەروچاوی خۆتان ئەگرێتەوە. ئەوەش ڕوون‌و ئاشکرایە کە ئێوە وەکو نوێنەری چینی بۆرژوازی کوردی لەپێناوی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندیەکانی ئەو چینەدا ئامادەن دەست بەرن بۆ هەر کارێک. دوور نەڕۆین، ئێوە لەو پێناوەدا هاتن‌و شەڕی ناوخۆتان بەراپاکردو ٣١ی ئابیش دواپەردەی ئەو شانۆییە قێزەونە بوو کە بۆرژواناسیونالیستی کوردی جێگرتوو لەنێو پارتی‌و بنەماڵەی بەرزانیدا لە ململانێی دابەشکردنی ناوچەی نفوزتان لە کوردستان بەرامبەر یەکێتی دەستتان بۆی برد. ئەو ڕەوشتی جنێودانە بەرەنجامی سایکۆلۆجیەتێکە کە ئێوە لێی بەرپرسن‌و بەرجەستەتان کردووە.

٢٨ئاب٢٠١٢

حەمە غەفور
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە