دوو دەزگای بەدناو لەپێناو چیدا یەکئەخرێن!
Sunday, 15/07/2012, 12:00
لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
ڕۆژی یەکشەممە ٨ تەمموز لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم، مەسعود بەرزانی "ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" ڕاگەیەنرا، وە مەسرور بەرزانی (کوڕی سەرۆکی هەرێم) وەکو ڕاوێژکاری ئەو ئەنجومەنەو خەسرەو گوڵ محەمەد لە سەرکردایەتی یەکێتی وەکو جێگری ئەو دەسنیشانکران!
هەر لەو ڕێوڕهسمهدا سهرۆكی ههرێمی كوردستان لهوتهیهكدا: "خۆشحاڵی خۆی دهربڕی بهدامهزراندنی ئهم ئهنجومهنهو ستایشی خۆیشی ئاراستهی سهرجهم دهزگاو دامهزراوه ئاسایش پارێزهكانی ههرێمی كوردستان كرد لهههمبهر شهونخونی و ههوڵه بهردهوامهكانیان بۆ بهرقهراركردنی ئارامی لهههرێمی كوردستاندا، ههروهها داواكاربوو كه ههوڵی زیاتر بدهن لهپێناو چهسپاندنی دڵنیایی لهنێو دڵی ههر تاكێكی ههرێمی كوردستان". (من هێڵم بەژێردا هێناون). لینکی هەواڵەکە کلیک بکە
مەسعود بەرزانی لە ڕێوڕەسمی یەکخستنی دوو دەزگای بەدناوی پاراستنی پارتیو زانیاری یەکێتیدا، کە ڕۆڵیان دیارو بەرچاوە لە تێکدانی ئاسایشو ئارامی خەڵکی کوردستاندا لەپاڵ دامەزراوە سەربازیەکانی تری ئەم دوو حزبەدا بەدرێژایی ئەزموونی بیست ساڵەیان، وە ئەمە لە کاتێکدایە هەردوو دەزگاکە تۆمەتبارن بە دەیان کارو کردەوەی ڕاونانو شوێنبزرکردنو تیرۆری دەیان کەس لە هەڵسوڕاوانی سیاسیو موخالیفانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو تەنانەت دەستوەشاندن لە چالاکوانانی ڕێکخراوە پیشەییو جەماوەریەکانی هەرێمی کوردستان کە گوێلەمستی حزبەکانیان نەبووبن، بەنیازە بە ستایشکردنی ئەمانەو دەزگاکانی تری ئەمنیو سەرکوتکردن موزایەدە بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانەوە بکاتو قەرزاربار دەریان بکات بەوەی کە گوایا ئەم دەزگایانە سەقامگیریو ئارامییان بۆ هاوڵاتیان بەرقەرارکردوە، بەو هۆیەوەیە ئێستا هاتوون یەکیان ئەخەنو ڕەسمییەتی زیاتریان پێئەدەنو بودجەی گەورەو گرانیان بۆ تەرخان ئەکەن، گوایا هەتا خزمەتی زیاتر پێشکەش بە خەڵکی بکەن.
بە تەنیشت ئەو ئارامیەی بەرزانی باسی ئەکات، ئێمە خەڵکی کوردستان باسی ڕۆڵی سەرکوتگەرانەی دەزگاکانی پاراستنو زانیاریو هێزە چەکدارەکانی تری هەردوو حزبی دەسەڵاتداری بۆ ئەکەین؛ بە بەرچاوی ئەم دەزگاو دامەزراوە "ئاسایشپارێزانە"و خودی بەرزانیو پارلەمانو حکومەتەکەشیانەوە، لە جەرگەی ئەزموونی بیست ساڵەی کوردایەتیدا، زیاد لە بیست هەزار ژنو کیژی کوردستان ئەنفال کراون، ئێستاش بەردەوام ژنان ئەکوژرێنو ناچار بەخۆکوشتن ئەکرێن، وە ڕەنگە بکوژان پلەدارو خاوەن پۆستی ناو ئەو دامو دەزگا ئاسایشپارێزانەش بن! سوکایەتی کردن بە ژنانو توندوتیژیو لێدانو هەڵاواردنیان سیمای ناسراوی هەرێمی کوردستانەو ئەم دەزگایانە خۆیان ناکەن بە خاوەنی. لەژێر سایەی ئەم دامو دەزگایانەی جێگای خۆشحاڵیو شانازی مەسعود بەرزانین، دەیان هەزار گەنجو لاوی کوردستان لە دەستی نەبوونی ئاسایشی ئابووری ئاوارەی ووڵاتان بوونو زۆریشیان یان بوونە قوربانی دەستی قاچاخچیو یان گۆشتی دەمی ماسی دەریاکان. مناڵان لەم هەرێمەدا وەکو حەشامات تەماشئەکرێنو نێچیری دەستی گەورەسالارینو تەمبێکردن بەناوی ڕەوشتی بنەماڵەو کوردەواریەوە ئەوانی لە ڕەوشێکی نامرۆڤانەدا هێشتۆتەوە. ئەم دامەزراوانە بۆ پاراستنی سەرو ماڵو سەرمایەو بەرژەوەندی چینی بۆرژوازی کوردی، ئامادە بوون دەستڕێژی چەکەکانیان ڕوو بە سنگی هاوڵاتیانی ناڕازی هەرێمی کوردستانو بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانو گردبوونەوە ناڕەزایەتیەکان ڕەها بکەنو دەیانیان لێ بکەنە قوربانی. گرتنو ڕاونانو زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسانو چالاکوانانی سیاسیو جەماوەری ئەرکی سەر شانی ئەم دەزگایانە بووە. سەرەنجام ڕاستە ئەم دەزگایانە ئارامیو ئاسایشیان بۆ حزبەکانی دەسەڵاتو ملیاردێرەکانی بنەماڵەو سەرمایەدارانی تری نێو ئەم حزبو دەسەڵاتە بەرقەرار کردوە.
بەڵام ئەم دوو دەزگایە بەردەوام ئامڕازی سەرەکی دەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بوون لەگەڵ دەزگاکانی تریاندا بۆ سەرکوت کردنو ناچارکردنی خەڵکی کوردستان بە ژیان کردن لەژێر سایەی دوو حزبی بنەماڵەییو خێڵەکیو چەکبەدەستدا، بۆ ملکەچکردنیان بە ژیانێکی ناشایستەو نایەکسان لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵو تاڵانچیدا. ئەم دەزگایانە گورزی دەستیان بووە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە سیاسیەکانیان لەگەڵ حزبو لایەنەکانی تر، بۆ سەپاندنی باڵادەستیی حزبەکانیان بەسەر چاوەڕوانیو موقەدەراتی خەڵکی کوردستاندا، وە ڕۆڵی گرنگیان دیوە لە چڕکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لەژێر چەپۆکی پارتیو یەکێتیدا، دواتریش جێگادەستیان دیارە لە سازکردنو برەودان بە بێوێنەترین جۆری دەسەڵاتداری حزبیو بنەماڵەییو گەندەڵکاری، تا بگات بە تاودانی تاڵانو بڕۆی سامانی سەرزەویو ژێرزەوی کوردستان، هەتا دەوریان لە سەرکوتکردنی خەڵکو جووڵانەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کوردستانو تەنانەت تەقەکردن لە خەڵکو خوێنڕشتنی هاوڵاتیان لەپای دەربڕینی ناڕەزایەتی بە نەبوونی ئاو و کارەباو خزمەتگوزاریەکان، لە پای ملنەدانیان بە نەبوونی ئاسایشی ئابووریو پێشێلکردنی مافو خواستەکانیان، یاخود بەرامبەر بە دەربڕینی نەفرەتی خۆیان دژی دەسەڵاتی بنەماڵەییو گەندەڵیو بەتاڵانبردنی داهاتی ووڵات!
شانازی کردن بەم دەزگا بەدناوانەوە تەنیا لە کەسانێکو ئەحزابێک ئەوەشیتەوە کە سڵیان نەکردەوە لە پەلکێشی سوپای دڕندەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر ژیانو ماڵی خەڵکی کوردستان، یاخود ڕێبەری کردنی سوپای پاسدارانی ئێرانی بە شەو بۆ لێدان لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە کۆیە، وە لەو سەرکردە جەربەزە قەومیانە ئەوەشیتەوە کە بوونە کەوا سووری پێش لەشکری سوپای ئێران بۆ سەر بیرە نەوتیەکانی کەرکوک، یان بۆ داگیرکردنی شاری هەڵەبجەو دەوروبەری تا کارەساتی ئەنفالو کیمیابارانی هەڵەبجەی بەشوێن خۆیدا هێنا!
بێگومان بەرقەرارکردنی ئارامی لە هەرێمی کوردستان، ماناو ناوەرۆکو لێکدانەوەی چینایەتیو جیاوازی لێئەکەوێتەوە. هەرێمی کوردستان بۆ مەسعود بەرزانی پانتاییو قەڵەمڕەوێکی سیاسیو کۆمەڵایەتیە کە چینی بۆرژوازیو سەرمایەدارانی کوردی، کە خودی خۆیو بنەماڵەکەی گەورەترین سەرمایەو بەرژەوەندیو قازانجیان تیایدا بەدەستهێناوە لەسەر بنەمای هەژاریو بێکاریو بێمافی خەڵکی کوردستان، دەوڵەمەندترین ملیاردێرەکان لەنێو خانەوادەی هەردوو حزبی بنەماڵەیی پارتیو یەکێتیدا گردبوونەتەوە، مەسعود بەرزانی بەنیازە دەستەواژەی هەرێمی کوردستان یان بەرقەرارکردنی ئارامیو ئاسایش بۆ هاوڵاتیان وەکو پەردەیەک بۆ داپۆشینی مەرامو ئامانجی سەرەکی خۆی، کە بریتیە لە دابینکردنو بەرقەرارکردنی سەقامگیریو ئارامی بۆ سەرمایەدارانو سەرمایەکانیان، بۆ پارێزگاری لە پرۆسەی دابینبوونی بەرژەوەندیو قازانجو بازاڕەکانی چەوسانەوە بەکار بەرێت. بەرقەرار کردنی ئارامی، بۆ بەرزانی مانای فەراهەم بوونی ئاسایشی سوڕانو کەڵەکەی سەرمایەو قازانجو بەرژەوەندیەکانی سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستانە نەک چەسپاندنی دڵنیایی لە دڵی گشت تاکێکی کوردستاندا! دڵنیایی لە دڵی هاوڵاتیاندا بە سەرکوتکردنیان ناکرێت، بەڵکو بە بەرپاکردنی ئازادیو یەکسانیو دادپەروەری کۆمەڵایەتی دێتە دی.
ئامانجی بەرزانی شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتی دوو دەزگای پڕچەکو پڕخەرجی جاسوسیو هەواڵگری پاراستنو زانیاری لەچوارچێوەی یەک دامەزراوەی یاساییدا، تا هاوشان لەگەڵ دەزگاو دامەزراوە چەکداریو سەربازیەکانی تریاندا پرۆسەی چەرخانی سوڕی سەرمایەو بردنی سودو قازانجی زۆروزەوەند لەسەر بنەمای دابینکردنی فەزای مژینی شیلەی ژیانو گیانی جەماوەری خەڵکی کوردستان دابینو مسۆگەر بکەن! بەم هەنگاوە ئەم ئەنجومەنە لێرە بەدواوە شانبەشانی پۆلیسو ئاسایشو هێزی پێشمەرگە، لەڕێی شەرعیەتی یاساییو پارلەمانیەوە ئەچێتە خزمەتی پاراستنی هەلو مەرجی ئێستاو بەرقەرارکردنی باشترین فەزای بەتاڵانبردنی داهاتی ووڵاتو وەگەڕخستنی سەرمایەو سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستاندا بۆ خاوەن سەرمایەکانو چینە داراکان، وە سەپاندنی ژیانێکی لەخوارو نامرۆڤانەو پڕ کوێرەوەری بەسەر خەڵکی کرێکارو کارمەندو زەحمەکێشانی ووڵاتدا. ئەرکی یاسایی ئەم ئەنجومەنەو دەزگاکانی دیکەش هەر ئەمەیە، واتای خۆشحاڵبوونی مەسعود بەرزانیش هەر ئەمەیە.
مەسعود بەرزانی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنەی وەکو سەرکەوتنی حزبەکانی دەسەڵاتی بەسەر ئۆپۆزیسیۆندا ڕاگەیاند. هەر بۆیەش هاتوە بە دەستی پڕەوە مژدەی بەرقەرارکردنی ئارامی ئەدات بە سەرمایەدارانو چینە داراو دەوڵەمەندەکانی کوردستان، وە دڵنیایان ئەکاتەوە کە ئەم ئەنجومەنە لەپاڵ دەزگاکانی تری پۆلیسو ئاسایشو پێشمەرگەدا سەرو سامانیان لە مەترسی ئەپارێزێت، وە فەزای چوونەپێشی پەیوەندیەکانی کارو سەرمایە دابین ئەکات. پێشیان ئەڵێ بێترس سەرمایەکانیان وەگەڕ بخەنو ئیتر لێرە بەدواوە پرۆسەی چەوسانەوەو کەڵەکەی سوودو قازانج، چی بگات بە تاڵانو بڕۆی سامانی نەوتیو قوتی خەڵکی لە کوردستان بەتەواوی پارێزراوە بۆیان بە پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی پۆلیسو ئاسایشو پێشمەرگە کە ئێستا ئەم ئەنجومەنەشی بۆ زیاد بووە وەکو دامەزراوەیەکی تۆکمەی دەستی هەردوو حزبی سەرمایە لە کوردستان.
ئەمەش واتای دۆڕاندنی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئەدات بەدەستەوە لەم کایەیەشدا بەرامبەر بە دەسەڵات کە چینی بۆرژوازی کوردی سەرو سامانی خۆی تەسلیمی پارتیو یەکێتی کردووەو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی کوردی بە شایستەی نوێنەرایەتی خۆی نازانێت نە لە پارلەمان نە لە هیچ جێگایەکی تر.
کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی بەرامبەر بەم سیاسەتەی پارتیو یەکێتی زیاتر لە ئاستی گلەییو گازەندەدایەو ڕەخنەکانیان زۆرتر حەقیقەتی ناکارابوونی خۆیانو پلاتفۆرمو ئەجێنداو بەرنامە چاکسازیەکانیان نیشان ئەدات هەتا ڕاستی بۆچوونو لێکدانەوەکانیان. چینی بۆرژوازیو سەرمایەدارانی کوردی تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێتە پێودانگ، زۆرتر لەدەوری سیاسەتو بەرنامەو پلاتفۆرمی پارتیو یەکێتی خۆیان ڕێکخستووە، وە چارەنووسی سەرمایەو پرۆسەی سودو قازانج بۆیان، لانیکەم لەم ڕەوشەی ئێستادا پێیان باشترە لەدەستی پارتیو یەکێتیدا بێت نەک گۆڕانو ئیسلامیەکان. وە ئومێدێکی زۆریان بە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی نییە بۆ داهاتووی سەرمایەکانیان. بە دوو دەلیل؛ یەکەم بزووتنەوەی گۆڕان باڵێکەو لە یەکێتی نیشتمانی جودابۆتەوەو جگە لە بانگەشەکانیان کە ڕووکەشێکی لیبڕاڵیانەی پێوە دیارەو زۆرتر سیاسەتەکانیان لاسایی کردنەوەیەکی ناشازی پرۆسەی دیموکراسیانەی ئەوروپاییە، ڕەهەندی سیاسیان جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ یەکێتیدا نیە، جگە لە هاوپەیمانێتیان لەگەڵ دارو دەستە ئیسلامیەکانو تۆڵەڕانسێکی زیادڕۆییانەیان بەرامبەر بە ئایینی ئیسلامو ئیسلامی سیاسی بە هەموو لقەکانیەوە. دووهەم، ئیسلامیەکانی کوردستان ئەجێندای دەرەکی پیادەو نوێنەرایەتی ئەکەنو بەگوێرەی لۆژیک ئەمڕۆ بۆرژوازی کوردی کەمتر مەیلی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆیو سەرمایەو پرۆسێسی بردنی قازانج بسپێرێت بە بەرەیەکی بەرهەڵستکاری بۆرژوایی کە کۆمەڵێک داردەستی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران، یان شێخەکانی عەرەبستانی سعودیەو کەنداو بەشدارو هاوکار بن تیایدا. هاوکێشەی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆن بەم شێوازەیە لەم ئاستەیدا بەبڕوای من.
ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی کە لەم ململانێ پارلەمانیەشیدا بەرامبەر بە دەسەڵات دۆڕاندویەتی، هاتو هاواری بەرپاکردووە کە حوکمی پۆلیسی دێتەئاراوەو گلەییان لەوەیە کە ئیجماعی نیشتمانی فەراهەم نەبووە لە یەکخستنی ئەم دوو دەزگایە بۆ بنیاتنانی ئەنجومەنەکە، دەنا ئەوان هیچ لارییەکیان لەوە نییە کە دامەزراوەیەکی لەوەش قایمترو کاریگەرتر بۆ پارێزگاری لە ڕەوشی کارو سەرمایە پێکبهێنرێت. ئێستاش کە دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەرچووە هەراو زەنایان سازکردووەو دەسەو دامێنی خەڵک بوونەتەوەو بەنیازن هەوڵی جووڵاندنی شەقام بدەن بەرامبەر بە دەسەڵات!
بەڵام دەستەواژەی شەقام شایستەی هاوڵاتیان نییەو دەربڕێکی سەرو چینایەتییەو پرۆتەکنۆکراتەکانی کوردستان بەنیازن هەموو چینە کۆمەڵایەتیەکان بکەنە توورەکەیەوەو ناوی لێ بنێن شەقام! ئەگەرچی ئەم کارە ڕەنگە بەدەردی ڕۆشنبیرانێکی شوێنکەوتووی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی بخواتو بانگەشەو پەرچەمی خەباتی دیموکراسیانەی خۆیانی پێ بڕازێننەوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع وە بە شێوەی دیفاکتۆ کۆمەڵگای کوردستان قەڵەمڕەوی کێشمەکێشی چینە کۆمەڵایەتیەکانە، هەم لە ئاستی سیاسیو هەم لە ئاستی ئابووریو فەرهەنگیدا. دەرەنجام ئاراستەو هێزو حزبە سیاسیەکان هەر یەکە لە گۆشەیەکەوە دەڕواننە ئەم پێکدادانە چینایەتیەو ئۆپۆزیسیۆنیش ئەمڕۆ وەزیفەی چینایەتی خۆی بەوە داناوە پەردەیەک بکێشێ بەسەر ئەم واقعە چینایەتیەی کوردستانداو لەژێر ناوی دیموکراسیو خەباتی پارلەمانیدا کرێکارانو چینو توێژە هەژارو زەحمەتکێشەکانی ووڵات لە خەباتی ڕاستەوخۆی خۆیان دژی سەرمایەو سەرمایەداری خاوبکاتەوەو لە چاوەڕوانی هاتنەبەری درەختی زڕو بێبەری دیموکراسیدا ڕایان بگرێ. لەکاتێکدا خودی سیستەمی دیموکراسی ڕێبازو تێڕوانینێکی بۆرژواییانەیە بۆ جۆرێک لە ئاشتکردنەوەی چینە کۆمەڵایەتیەکانو ئەبەدیو ئەزەلی نیشاندانی سیستەمی سەرمایەداری!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست