کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


٨ی مارس سیمبۆلی ڕزگاری ژنان

Wednesday, 07/03/2012, 12:00


وەڵامێک بۆ زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
تاقیکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ ٨ی هەشتی مارس‌و مەسەلەی ژنان‌و ئایینی ئیسلام‌و بڵنگۆی مزگەوتەکاندا ڕاستەوڕاست پێچەوانەی بۆچوون‌و ڕوانگەی ڕێکخراوی "زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانە". ئەم بەڕێزانە بەنیازن ڕاستیەک ئاوەژوو نیشانی کۆمەڵگای کوردستان بدەن. ئەو ڕاستیەی کە ئایینی ئیسلام هیچ بەهاو گرنگییەکی بۆ ژنان دانەناوەو چوار ژن‌و زیاتریشی بۆ پیاوێک بەڕەسمی ناسیوە، ژنی بە خوارتر لە پیاو داناوەو بە بێ عەقڵ‌و نەفام لە قورعاندا وەسفیان کراوە. زانایانی ئایینی گەرەکیانە ئەم حەقیقەتە شەرماوەرەی ئایینی ئیسلام وەکو گرنگیدانان‌و مافدانان بۆ ژنان بە خەڵک بفرۆشنەوە.

بڵاوکردنەوەی فەتوای جۆراوجۆر لە دژی ژنان بە گشتی‌و ژنانی سفورو ئازادە بە تایبەتی، لە بڵنگۆی هەموو مزگەوتەکانەوە گەواهی ئەو ڕاستیە ئەدات کە ئەمڕۆ لەژێر گوشاری هەیبەتی هەقخوازانەو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی ژناندایە، کە ٨ هەشتی مارس‌‌ سیمبۆلی خەباتێکی جیهانیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان‌و بۆ ڕزگاری ژنان، وا زانایانی ئایینی ئیسلامی وەخۆ کەوتوون‌و بانگەوازو بڕیار بۆ ووتاربێژانی مزگەوتەکان دەرئەکات کە ووتاری ڕۆژی هەینی داهاتو، یانی ڕۆژێک دوای ٨ی مارس، تەرخان بکەن بۆ باسی "مافی ژنان"!

زانایانی ئایینی‌و ووتاربێژانی مزگەوتەکان بە تەجروبە نیشانیانداوە کە دژی هەر ماف‌و ئازادی‌و ڕێوشوێنێکی مۆدێرن بوون بۆ ژنان‌و ئەمەشیان نەشاردۆتەوەو بە ڕاشکاوی لەو بڵنگۆیانەوە ڕایانگەیاندووە بە پشتیوانی دەسەڵاتی کوردی. دەرەنجامەکەشی ئۆقیانووسێک لە تاوان بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دراوە. خەڵک‌و کۆمەڵگای کوردستانیش بەپێچەوانەی ئەوانەوە ژنان‌و مافەکانیان‌و چاوەڕوانیەکانیان‌و ٨ی مارس‌و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنانیان لەئامێزگرتووەو لەبەرامبەر بە کۆنەپەرستی ئایینی‌و قەومیدا پاراستوویانەو پشتیوانیان لێکردووە. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە گوشاری سەر ئەو ڕێکخراوەو هەوڵدانیانە بۆ بەلاڕێدابردنی سیمبۆلی ٨ی مارس لەڕێگای ووتاری هەینییەوە.

ڕاگەیاندنی ووتەبێژی زانایانی ئایینی:" یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ ئیسلامی‌ كوردستان داواده‌كات وتاری‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ داهاتوو له‌ مزگه‌وته‌كان ته‌رخان بكرێت بۆ رۆژی‌ 8 ی‌ مارس و مافه‌كانی‌ ژنان.
له‌وباره‌یه‌وه‌ (جه‌عفه‌ر گوانی‌) وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ نه‌وا وتی‌:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ ئیسلام گرنگی‌ به‌ ژنان و مافه‌كانیان ده‌دات ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ چیتر ئه‌و هه‌ڵانه‌ی‌ به‌رانبه‌ر به‌ژنان ده‌كرێت تێكه‌ڵ به‌ ئایین نه‌كرێت، چونكه‌ كاره‌كان كاری‌ كۆمه‌ڵگان و به‌ڵام به‌ كارێكی‌ دینی‌ و خواناسی‌ سه‌یر ده‌كرێن بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵانه‌ وه‌كو یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ ئیسلامی‌ كوردستان نوسراوێكمان راگه‌یاندووه‌ به‌سه‌ر هه‌موو لقه‌كانی‌ یه‌كێتی‌زانایانی‌ ئایینی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ وتاره‌كانی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ داهاتوو له‌ مزگه‌وته‌كان ته‌رخان بكرێت بۆ رۆژی‌ 8 ی‌ مارس و مافه‌كانی‌ ژنان."(لە ماڵپەڕی ڕادی نەواوە وەرگیراوە).

ڕووقاییمییەکی ناوازەیە بۆ ڕێکخراوی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بوێری پەیدا بکەن‌و ٨ی مارس بکەنە بۆنەیەک‌و هەوڵدەن لە بڵنگۆی ئەو مزگەوتانەوە ڕووی ناشیرینی ئیسلام بەرامبەر بە ژنانی کوردستان سپیبکەنەوە کە فەتوای کوشتنی ژنان‌‌و کچانی بڵاوکردۆتەوەو زۆرترین بانگەشەی سازکردووە لە دژی ژنان بە بیانووی دەرچوون لە چوارچێوەی حوکمی ئیسلام‌و عادەتە سواوەکان. نەک هەر هێندەش بگرە لەو بڵنگۆیانەوە کە زۆرترین بیرو هزری دژەژن‌و دژ بە مافەکانی ژنان‌و دژی ئازادی ژنان‌و هەر مۆراڵ‌و ڕەواڵ‌و ڕێوشوێنێکی مۆدێرنانە بڵاوکراوەتەوە، ئێستاو لە ڕۆژی ٨ی مارسدا بڵندگۆی مزگەوت بگۆڕن بۆ باسی مافی ژنان‌و گرنگیپێدانی ئیسلام بە ژنان!

ئەو تاوانانەی ئەکرێت بەرامبەر بە ژنان، لە لێدوانی ووتەبێژی زانایانی ئایینیدا وەکو "هەڵە"ی کۆمەڵگا سەیرئەکرێن! وە هەوڵی زانایانی ئایینی ئەوەیە کە گوایا ئەو هەڵانە لەسەر ئایینی ئیسلام ئەژمار نەکرێن. لەکاتێکدا پێشهاتنی ئەو تاوانانە، وە خۆڕاگرتنی تەواوی عادەت‌و ڕەوشتە کۆن‌و عەشایەری‌و کۆنەپەرستەکان بۆ سەرکوتی ژنان‌و کۆیلەکردنیان پشکی گەورەی بەر ئایینی ئیسلام ئەکەوێت! ئەم کارەی زانایانی ئایینی بۆ بێبەری کردنی ئیسلام لە تاوانەکانی دژ بە ژنان کوتانی ئاسنی ساردە! چونکە بەشێکی هەرە گەورەی کۆمەڵگای کوردستان ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنن‌و لایەنگری ڕزگاری ژنان‌ن وە خوازیاری یەکسانی ژنانن لەگەڵ پیاوان، ئەگەر چی هێشتا قورسایی بیروباوەڕی ئایینی ئیسلام بەسەریشیانەوە کاریگەری جێهێشتووە.

بەڵام خۆشبەختانە هەموو ساڵێک لە ئاستانەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژناندا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەبەردەم ناهەقی‌و زوڵمێکی گەورە کە بەرامبەر بە ژنان ڕەوای بینیوە ڕادەوەستێ‌و عارەقی شەرمەزاری ئەسڕێ. هەموو ساڵێک لە ٨ی مارسدا وەڵامدانەوە بە مەسەلەی ژنان‌و جێگاو ڕێگای لەخوارتری نیوەی دانیشتوانی سەر زەوی لەبەرامبەر بە نیوەکەی تریدا دێتەوە پێشەوەو ئەبێتە دۆسێی سەرەکی سەر مێزی هەموو کەس‌و هەموو لایەک. پرسی ڕزگاری ژنان لە کۆیلایەتی‌و جیاکاری‌و ستەم‌و توندوتیژی بەرامبەریان سێبەری ئەخاتەوە سەر ئەنگیزەو ئەندێشەی کۆمەڵگاکان‌و سەرجەم دەوڵەت‌و دەسەڵات‌و هێزو حزب‌و ئایین‌و ئایدیۆلۆژیاکان.

بۆ جووڵانەوەی ڕزگاری بەخشی ژنان خۆشی سەد ساڵ زیاترە ٨ی هەشتی مارس دەرفەتێکە مانیفێستی داخوازینامەی خۆی لە دژی سیستەمێک تەرح بکاتەوە کە ژێردەستەیی‌و بێمافیی ژنانی لە نێو سەرتاپای مەوداکانی ژیاندا کردۆتە بنەماو شەرعیەتی پێداوە. ئەم ڕۆژە بوارێکە هەتا ملیۆنەها ئینسانی ناڕازی، ملیۆنەها خەباتکاری ڕێگای یەکسانی‌و ڕزگاری ژن لە سەرانسەری جیهاندا بە یەک دەنگ بڕژێنە مەیدانەوەو پەیمانی نوێ گرێبدەن لەپێناو باشترکردنی ڕەوشی ژیانی ژنان، بۆ لابردنی نایەکسانی نێوان ژنان‌و پیاوان‌و کۆتاییهێنان بە ژێردەستەیی ژنان.

٨ هەشتی مارس ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتیە لە ئاستی جیهانیدا بەرامبەر بە بێمافی ژنان‌و ڕۆژی خستنەڕووی زۆرترین داواکاریەکانە بۆ سڕینەوەی ئەم نایەکسانیە، ڕۆژی پیرۆزکردن‌و بەرزڕاگرتنی قارەمانێتی ژنان‌و پیاوانێکە کە لەپێناوی یەکسانی ژنان‌و پیاوان‌و بۆ ڕزگاری یەکجاریی ژنان لە خەبات‌و تێکۆشاندان. ڕۆژی بەرزڕاگرتنی جووڵانەوەیەکە کە مافەکانی ژنان‌و ڕزگاری تەواوی ژن گوتاری سەرەکیەتی‌و قسەی یەکەم‌و کۆتاییەتی. ٨ی هەشتی مارس ڕۆژی پیرۆزڕاگرتنی جووڵانەوەی ڕزگاریبەخشی ژنانەو سەنگەرێکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ پاککردنەوەی ئەم نەنگییە بەنێوچەوانی مرۆڤایەتیەوە. بۆیە دەڵێم؛ ٨ی مارس سیمبۆلی ڕزگاری ژنانە، کوا ئیتر جێگایەک هەیە بۆ مانۆڕێکی مایەپووچی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەتا لەم ڕۆژە پیرۆزەدا بتوانن پاساوێک بۆ ڕۆڵی تاوانکارانەی ئیسلام‌و بڵنگۆی مزگەوتەکان لە دژی ژنان بهێننەوە!

٧مارس٢٠١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە