خوێنەر و من وماچی یەكەم
Thursday, 20/01/2011, 12:00
زۆر جار كە لە خوێندنەوەی دەقێك بوومەتەوە، پڕ بە دڵ حەزمكردووە بە هەر رێگەیەكەوە بێ پەیوەندیەك بە نووسەرەكەیەوە بكەم و شتێك بڵێم، دەستخۆشی بێ، تێبینی بێ، هەر شتێك..دەبێ بڵێم زۆر بە دەگمەن نەبێ پەیوەندیەكە ئەنجامنەدراوە، بەڵام تا ئەو ساڵانەی دوایی هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە خوێنەرێك لە دوای خوێندنەوەی كتێبێكم پەیوەندیم پێوە بكات و شتێك بڵێ، من لە رێی تیراژ و كتێبخانەكانەوە دەزانم لەو كەسانەم كە كەمترین خوێنەرم هەیە، ئەوە بە لامەوە هێندە گرنگ نیە، ئەوەی هی باسە لە دەركردنی هەر كتێبێكم چەند خوێنەرێك پەیوەندیم پێوەدەكەن و شتی وا دەڵێن كە وەك بڵێی بە ئاگادێمەوە، یان تووشی راچلەكان دەبم، نیازمە هەموو ئەو پەیوەندیە خوێنەریانە بگێڕمەوە و راچلەكینەكانی خۆشم بنووسمەوە، جگە لە حەزی نووسینیش هیچیدی پاڵنەری گێڕانەوە و نووسینەوە نیە، حەزمكرد لە دوا كتێبی چاپكراوم(ماچی یەكەم)ەوە دەستپێبكەم و لەویشەوە لە دوا پەیوەندیی خوێنەرانەوە كە پەیوەندی بە دوا بەشی رۆمانەوكەوە، بە كۆتاییەوە هەیە:
خوێنەرێك دەڵێ: ((ئەو دەمەی (بابی ماچ) سەری هەڵگرت و (پەری)ی لە فرمێسك بەجێهێشت، من بەرگەم نەگرت، گریام و لە ماڵ دەركەوتم و بە جادە كەوتم...))
ئەو خوێنەرە بە راچلەكان منی راچلەكاند، سەرسامی دایگرتم، لە بەر ئەوە نا كە رۆمانەكە توانیویەتی كەسێك بگرێنێ و بە جادەی بێخێ، نا، سەرسامی من لەوەوە هات لە بیرمە لەو دەمەی دوا رستەی ماچی یەكەمم نووسی، دەمەو عەسران بوو، گریان قوڕگمی گرت، گریام وەك پەری گریام لەویش پتر گریام،رەنگە وەك خوێنەرەكە گریابم كە گریا، لە ماڵ هاتمە دەرێ وەك بڵێی دەمویست وەك بابی ماچ سەری خۆم هەڵبگرم، رەنگە خوێنەرەكەش وەك من سەریهەڵگرتبێت،گەڕام،گەڕام، زۆر گەڕام، سەرم بە زۆر جێ لەو جێیانەدا كرد كە گومانم لێیان هەبوو، گومانی (بابی ماچ) یان هیچ نەبێ هەوالێكی، هەر بە راستی من بە دوای بابی ماچدا دەگەڕام!! دەزانن سەر كۆنەی خۆمم دەكرد لەوەی بابی ماچ تۆراوە!! دەمگوت نەدەبوو كۆتاییەكە وا بكەوێتەوە بابی ماچ ماڵی بەجێنەهێشتبا!! بەڵام... دەزانن ئەگەرجێورێی بابی ماچم زانیبا لە (پەری)م نەدەشاردەوە، بەڵام حەیف، منیش هەر هێندەی ئێوە هەواڵی ئەو پیاوەی سەردەمانێك بە كوڕی درەخت ناسرابوو، دەزانم!.. نازانم دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ خوێنەرەكە چی لە كتێبەكە كرد و چی بە بابی ماچ گوت، بەڵام من كاتێ گەڕامەوە ماڵ و چوومەوە دیار كۆمپیوتەرەكەم لە بیرمچووبوو بیكوژێنمەوە، هەر دەستم گەیاندێ دوا رستە كە رستەی پەری بوو، وام هەستكرد بە دەنگی خۆی گوتیەوە و زۆر ئازاری دام..
خوێنەرێك دەڵێ: ((تۆ دەزانی ئەو منداڵە دارلاستیك لە دەستەی پەری داوایلێكرد شووشەی پەنجەرەی ماڵی كوِری پیاوە مەستەكە بشكێنێ، من بووم! ئا منیش جارێك كچێكی جوان داوای لێمكرد پەنجەرەی ماڵێك بشكێنم، منیش وەك منداڵەكە بە قسەیم نەكرد، بیست فلسیشی دامێ هەر نەمشكاند))
لای خۆمەوە هەر وام دەزانی من و منداڵەكەی ناو (ماچی یەكەم) تووشی هەلوێستی وا هاتووین، پەرییەك لە كۆڵانێ بانگمانبكات و فێری پەنجەرە شكاندنمان بكات، چ بزانم خوێنەرێكیش تووش بووە، رەنگە زۆر كەسیدیش..لە بیرمە منداڵ بووم رەنگە هەر لە تەمەنی ئەوسای خوێنەرەكە و منداڵەكەی ناو رۆمانەكە بووبم، دارلاستیكێكم هەبوو لە پێڵاوە تازەكەمم خۆشتر دەویست، شەوان دەمخستە بن بالیفەكەم، باپیرم پێیدەگوتم: ((ئافەرین وا بكە لە كاتی خەوێ دارلاستیكەكەت لە بیرمەكە، دنیایە ئەگەر رۆژێك هات بوویە پێشمەرگە چەكەكەت وەك دارلاستیكەكەت جوان تەقەتكە)) لە سەرە كۆڵانێك چاوم بڕیبووە دارتێلەكەی بەرانبەرم وچاوەڕێی نیشتنەوەی چۆلەكەیەكم دەكرد، دەزانن چەند حەزم لە گۆشتی چۆلەكە بوو، دیتم پەرەیەك، چ پەری، ئەگەر خاڵی لە گەردن با دەمگوت پەرەیەكەی (ماچی یەكەم)ە، هاتە تەنیشتم و بە دەنگێك هەر من گوێم لێبوو گوتی: ((كوڕیژگە، ها ئۆندە پارەت دەدەمێ، ئەو پەنجەرەیە دەبینی؟ بەو دارلاستیەكەت بیشكێنە، بەڵام راوەستە با من دوور كەومەوە ئەوجا، بە خۆشت زوو هەڵێ، باشە!)) باشەم بۆ كرد و پارەكەم وەرگرت وا بزانم پێنج شەش 10 فلسی بوو، ئێ، بەردێكی باشم خستە دارلاستیكەوەو سێرەم لە پەنجەرە گرت، تەق،تەقەیەكی گەوەرە هات، بەڵام دەنگی بەربوونەوەی شووشە نەهات، تومەز بەردی سندانكوشتی لە بەدبەختی پەرییەكە شیشەك لە شیشەكانی پەنجەرەكە بەردی گێڕابۆەوە نەیهێشتبوو بگاتە شووشە، ئیدی ژنێك لە كن پەنجەرەكەوە كەوتە جوندان و من بەرەو لای پەرەیەكە هەڵاتم، دەمویست بڵێم ها پارەكەت بدەمەوە، پەنجەرەكە نەشكا، دەرگایەك پەری بزركرد.. ئەرێ ئەو ساتانەی من منداڵ و دارلاستیكەكەم خستە (ماچی یەكەم)ەوە بەو روونیە دارلاستیكەمنداڵییەكەی خۆمم لە بەر چاو بوو! یان خوێنەرەكە وا حوان نیشانیدامەوە؟!
خوێنەرێك وا دەڵێ: ((ئەو دەمەی بابی ماچ جلیكانەی نەفتی بە دەستەوە بوو دەیوست روویبكاتە بن دارپرتەقاڵی كوڕی پیاوە مەستەكە، من كەوتمە بارێكی وا كە واز لە خوێندنەوەی بێنم، نەمدەویست چارەنووسی دارپرتەقاڵەكە بزانم، گوتم بۆ ئەوەی جلیكانەی هەر بە دەستەوە بێ، با ئیدی نەیخوێنمەوە...))
ئەو دەمەی جلیكانە نەفتەكەم دایە دەست بابی ماچ و ناردمە لای دارپرتەقاڵكەی كوڕی پیاوە مەستەكە- بە راست ئەوە تا چەند دەستی منی تێدا بوو؟- تێدامام لەوەی نەفتەكە رووبكاتە بن دارپرتەقاڵەكە یان نا، تێدامام وەك بابی ماچ تێدامام، لە نێوان رژان و نەڕژان تێدا مام، منیش هەر وەك خوێنەرەكەم كرد، ئەو كتێبەكەی خستە لاوەو نەیویست بیخوێنێتەوە، منیش كۆمپیوتەرەكەم داخست و نەمویست بنووسم، خوێنەرەكە نازانم دوای چەند هاتەوە سەر خوێندنەوە و چارەنووسی دارپرتەقاڵەكەی زانی، بەڵام من نزیكەی سێ مانگ نەهاتمەوە سەر نووسین، نەهاتمەوە لای جلیكانەكەی دەستی بابی ماچ، لەو ماوەیە لە نێوام رژان و نەڕژان پیاسەم دەكرد، نەفت بڕژێ، نەڕژێ! ئەگەر رژا بابی ماچ دوای رژانەكە دەبێت چی بكات، لە كاتی نەڕژان چۆن دەبێت؟ ئەو سێ مانگە لە بگرەوبەردەیەكی توند دەخەوتم و بە ئاگادەهاتمەوە، لەو ماوەیە هانام بۆ كازانتزاكیس برد، من هەر ساتێ لە نووسین وشك دەبم پەنا بۆ ئەودەریایە هەمیشە دەریایە دەبەم،خوێندمەوە چەندان لاپەڕەم لێی خوێندەوە، بەڵام پێنەدەچوو فریام بكەوێ، ئاخر ئەو پیاوە قسە نیوە ئاسمانیە پتر لە خەیاڵ و دەربڕین بە هانای منەوە دێ، بەڵام جلیكانە نەفتەكە بە دیاریكراوی لەو جێیە دیاریكراوە وام هەستدەكرد پتر كێشەیەكی مەیلەو هزرییە- بە راست هزریە؟!- ئیدی دوا جار نازانم كێ بوو گوتی: ئەگەر بابی ماچ بە قسەت دەكات پێیبڵی با واز لە دارپرتەقاڵەكە بێنێ..
خوێنەرێك وای گۆ: ((ئەو پەنجەرەی وا بزانم پەری بوو ناوی نا(پەنجەرەی دنیا) و سەفینی لێوە دیارە، رەنگە بە هەڵە كەوتبێتە نزیك منارەی چۆلی، چونكە هێندەی من شارەزای جوگرافیای هەولێر بم، لە منارەی چۆلیەوە سەفین هیچ جێگەیەكی خۆی نیشان نادا..))
من ویستم بڵێم، نازانم گوتم یان نا، وشەی (نزیك) هەندێك بە لاستیكی وەرگرە، سەفین دیاردەكەوێت.. ئەو خانووەی لە ماچی یەكەم پەنجەرەكەی (پەنجەرەی دنیا)یە، پێشئەوەی بیخەمە ماچی یەكەمەوە، دیتبووم، ئا خانووێكی لەو شێوەیە یان نزیك لەو شێوەیەم دیتبوو، لەو دەمەی لە ماچی یەكەم خەریكی وێنەگرتنی ماڵی پیاوە مەستەكە بووم، چەند جار چوومەوە ئەو كۆڵانەی لەو دەستە پەنجەرەیەك كتومت (پەنجەرەی دنیا) بوو دەیڕوانیە سەفین و لەو دەستەش پەنجەرەیەك زۆر لەو پەنجەرە دەچوو كە (خوشكترین) لێیەوە دەڕوانیە پەنجەرەی دنیا، لەو جێگەیەش رامام كە جلكزەیتوونیەكان پەلاماری پەریان داو، سێ پیاوەكە پەریان فڕاند، دەمەوێ بڵێم زۆر لەو جێگایانەی لە ماچی یەكەم جێگە نیشاندەدەن وەك ناولەپی خۆم شارەزایانم، چوومەتە ئەو كۆڵانەش كە لە شەوێكی تەقوتۆقدا پەری و بابی پەری رێیان پێكەوت و ئەو سەردەرگایەشم دیتەوە كە بە خوێنی بابی پەری سوور هەڵگەڕا، هەتا وێنەیەكم لەو لۆفەیەش گرتووە كە كۆپتەرشكێنی لێ هەڵدێرا، خۆ مەزاری سولتان مزەفەر(ئەنگۆ بڵێن بابی سوڵتان مزەفەر) هیچ ژنە هەولێریەك ژنە كەسكپۆشەكە ناڵێم! وەك من شارەزای ئەو گۆڕە نین، دەمزانی چەند درهەم و نیو درهەمی لە بن پێخەفە هەمیشە تازە و هەمیشە كەسكەكەی بە جێدەمان، كاتی خۆی لە سەروبەندی عاشقبوونی پەری كە مەزارەكە نۆژەنكرایەوە(لە سەرم مەكەنە ماڵ من لە كات تەمبەڵم، ئەگەر وانەیەك هەبا بە ناوی كات بۆ هەمیشە دەكەوتم) لەو نۆژەنكردنەوەیە داربەستیەكەی گومبەتەكەی بەو دەستانەی خۆم بەستم، ئۆمەرمەندانیش پێشئەوەی پەری عەشق لێیداو بیبەنە سەر ئەو پیاوچاكە، من سەردانم كردبوو، دواتریش دوای (ماچی یەكەم) چوومەوە خزمەتی، سەردانی ئەوجارەم بە نیازی دیتنەوەی نیشانەیەك لە پەری بوو! دیتمەوە، شوێنپێی پەریم لە پێش دەرگا شكاوەكەی ئۆمەرمەندان دیتەوە! من پێش نووسین ورد جێگاكانی ناوماچی یەكەم گەڕابووم، دوای لێبوونەوەش سەردانم كردنەوە، بەڵام جێگاكان دوای (ماچی یەكەم) لە هی پێش (ماچی یەكەم) دڵگیرتر بوون، هەر ئەو خوێنەرە گوتی:
((ئەرێ لۆ (جەلۆ) بووە (جەنگۆ)؟ هەر جەلۆ با جوانتر نەبوو! ئاخر لە یادەوەریی من ئەو ناوەی هەیە))
دەبێ بڵێم چەقۆكێشەكەی ناو (ماچی یەكەم) لە كنە منیش هەتا درەنگ هەر ناوی جەلۆ بوو، ئەو رۆژەی بەر تەقینەوە گەوەرەكە كەوت و بە چەقۆیەكەی ناسرایەوە بووە جەنگۆ، یادەوەریی منیش هەر وەك خوێنەرەكەیە، ئەرێ بۆچی ناوەكەیم گۆڕی؟! هەر ئەو خوێنەرە كە لە ئەوروپا گەڕابۆوە پێش خوێندنەوەی ماچی یەكەم پێكەوە سپێدەیەك لەو چێشتخانەیە نیسكێنەمان خوارد كە بابی ماچیش سپێدەیەك پێشئەوەی سەردانی بەندیخانەی مەحەتە بكات سەری لێدابوو، نسكێنەی خواردبوو، دوور نیە هەر لە سەر ئەو كورسەیەش دانیشتبێت كە خوێنەرەكە یان من لە سەری دانیشتبووین، ئەو خوێنەرە دوای خوێندنەوەی ماچی یەكەم، گوتی: ((ئێستا زانیم ئەو بە یانیە بۆچی لە فلكەی كۆترەكە نیسكمان خوارد!))
خوێنەرێك دەڵێ: ((دوای ئەوەی لە پیاوە مەستەكەوە شێتەكان خۆیان نیشانمدایەوە و بەراوردی نێوان هەیاس و دارام خوێندەوە، گوتم جەیف، لە دەستمچوو، دەبوو كاتی خۆی چەند بوتلێك عەرەقم بۆ دارا كڕیبا..))منیش لەو دەمەی پیاوە مەستەكە ناچاری كردم كە لە (ماچی یەكەم) دەبێت جێگەیەك بۆ هەیاس و دارا بكەمەوە، خۆزگەم خواست كە وێنەیەكی سێ قۆڵی لە بەرانبەرم بە دیوارەوە هەڵواسرابا، وێنەیەك من لە ناوەند و بە دەستی رووتەوە لە لای چەپم هەیاس خوترمەیەك بە دەستیەوە، لە لای راستم دارا بوتڵێَك عەرەقی بە سینگیەوە ناوە، ئەگەر وێنەیەكی وام لە پێش چاو با، دوور نەبوو، دارا و هەیاس روونتر نیشانبدەمەوە.
خوێنەرێك دەڵێ: ((قومریەكەی ماچی یەكەمم لە كۆڵانی پشتمان دیتەوە، ئەگەر باوەڕم پێناكەیت وەرە بیبینە))
سەرەتا وام زانی قومریی خوێنەرەكە هەمان ئەو قومرییەیە كە من پێشتر لە كۆڵانێكی هەولێرێ دیتبووم و بی رووخسەتی خۆی خستمە ماچی یەكەمەوە، بەڵام دوایی تێگەیشتم قومرییەكەی ئەو لە شارێكیدی دەژی، دووریش نیە چەندان قومری هەبن.. پێش چەند ساڵێك سەر لە ئێوارەیەك، بە دوای ماڵێكدا دەگەڕاین، پرسیارم لە منداڵێك كرد، نەیزانی، كچێك لەولاوە هەڵیدایێ، سەرەتا نەمزانی قومریە! وەی خوایە چەند جوان زمانی دەگرت و بە من با هەر قسەی كردبا، كچێكی چەند شیرن بوو، ئەگەر ئەو ئێوارەیە تووشی ئەو كچە نەبام، كێ دەڵێ قومریەكی وا دەبووە دەستە خوشكی پەری!! هەر ئەو خوێنەرە ژنە كەسكپۆشەكەشی لە من جوانتر دەناسی، دەیگوت: ((پێشتر دراوسێمان بوو)) دیارە لێرە و لەوێ چەند ژنە كەسكپۆشێكیش هەبوونە.
خوێنەرێك دەڵێ: ((لەو دێرەی زانیم كە كۆپتەرشكێن خۆی رادەستی حكومەت كردۆتەوە، ترسام، لە پەری ترسام، گوتم تووشی گێچەڵێكی گەورە دەبێ، وێنای ئەوەم نەدەكرد كە وا بە سانایی لە رێی سەری رەش هەڵدێرێ، ئەرێ هەڵدێرانەكەی دەستی حكومەتی تێدا نەبوو؟))
راستی سەرەتا لە ئەندێشەی من هیچ نەخشەیەك نەبوو بۆ خۆ رادەستكردنەوەی كۆپتەرشكێن، ئەو دەمەی ئەو هەواڵەم زانی منیش ترسام، ترسام لەوەی بەڵایەكیدی بە سەر پەریدا بێ، چەند شەو و رۆژێ دەستم لە نووسین هەڵگرت و كەوتمە نەخشەرێژی بۆ لە ناوبردنی كۆپتەرشكێن، نەخشەرێژیەكی وا تیرۆریستانیش هەر وای دادەڕێژن، یەكێ لەو نەحشانە ئەوە بوو كە پەری ژەهرخواردی بكات، زوو لەوە پەشیمانبوومەوە، نەمویست پەریی ناسك ببێتە پیاوكوژ، ترسام بەو كارە لە تیرۆر نزیكبێتەوە، نەخشەیەكیدی ویستم پەنا بۆ پێشمەرگە ببەم بە هەر رێگەیەك بێ دەستێكی لێبوەشێنن، ئەوەش نەكرا، كات زۆر كەم بوو! بەو دەمودەستە نەدەكرا، دەمویست بە لای حكومەتدا بادەمەوە، باش سەرەدەریم لێی دەرنەكرد! ئیدی هەڵدێرانەكە هاتە پێشێ، ئەرێ نەخشەیەكی باش بوو؟! لە بارەی پرسیاری خوێنەرەكەشەوە، راستی منیش نازانم ئەو هەڵدێرانە دەستی حكومەتی تێدابووە یان نا، ئێمە دەزانین دنیایەك رووداوی لەو بابەتە روودەدن ناشزانین چەندیان دەستی حكومەت و دەسەڵاتیان تێدایە، ئەو رووداوەی ناو (ماچی یەكەم)یش با یەكێك بێت لەو رووداوانە! هەر ئەو خوێنەرە باسی هەڕەشەكەی نەخشەسازی گەرماویشی كرد كە لە كۆپتەرشكێن ترسنكاتر بوو، ئەوەشی گوت: ((شەڕی ناوەخۆ لەو جێیە بۆ پەری بە خێر كەوتەوە)) منیش نازانم نە بە گاڵتە بوو نە هی دڵیم، گوتم، ئاسانترین جێ بۆ بە كوشتدان شەڕی ناوەخۆیە..
خوێنەرێك بە گاڵتەوە نیوە راستیەوە چەند شتێكی گوت، بەڵام من بە راستی وەڵامم دایەوە/
خوێنەر: تۆ پێدەچێت لە وانەی بیركاری زۆر تەمبەڵ بووبیت، هێندەی رقت لە سەدام بووە دوو هێندە رقت لە بیركاری بۆتەوە، بۆیە ئەو هەموو كتێبە بیركاریەت بە سەدامەوە بە دەستی پەری ئاگر دا، وانیە؟
من: وا نەبوو، من پێچەوانەی زۆرینەی هاوپۆڵەكانم لە بیركاری زۆر زیرەك بووم و هەمیشە نمرەی تەواوم هێناوە.
خوێنەر: ئەگەر وا پێچەوانەوە بكەوێتەوە، كەواتە هێندە ئاشنای دەنگی سێوە و شمشاڵەكەی قاڵە مەڕە نیت..
من: نا، نا، من هەر كاتێك بمەوێ بە سەر قەندیلدا بە سەر چیاكاندا، بە ناو هەورە سپیەكاندا بفڕم، پەنا بۆ شەشاڵەكەی قاڵە مەڕە دەبەم، شمشاڵ من دەفڕێنێ، سێوە، وای سێوە، هەر وەختێك حەزم بچێتە گریان، دەچمە لای سێوە، هەردەمێكیش سێوە تێیهەڵكردبێ من ئەگەر بە دوو دڵۆپە فرمێسكیش بووبێ بەشداریم لە گریانێكی ژنانە كردووە، گریانێك بابی ماچ هەرگیز وەك من بە سێوە نەگریاوە..
خوێنەر: ئەدی جارێك بیستم وەك پاكانەنووس پاكانەت لە پێشمەرگایەتی كردووە؟
من: رەنگە، ئا كاتی خۆی رەنگە بە چەند رۆژێ پێش پاكانەكەی پاكانەنووس بووبێ پاكانەیەكم نووسی، بەڵام من وەك پاكانەنووسم نەكرد، پاكانەكەم رانەگەیاند، بڵاومنەكردەوە.
خوێنەرێك دەڵێ: ئەرێ من نەمزانی تا كۆتایی بابی پەری لە ژیاندا ما، یان نا؟
من: هەڵەم نەكردبێ لە هیچ جێگەیەك ئاماژە بە مردنی بابی پەری نەدراوە، راستی من نەموێرا!! خۆم لە مان و نەمانی بابی پەری بدەم، ئەگەر لە جێگەیەكیش قسە لەوە نزیكبووبێتەوە، من خۆم لێی لاداوە، هەڵاتووم، رەنگە نەمویستبێت بەڵایەكیدیش ببێتە سەرباری ئەو بەڵایانەی بە سەر پەریدا دێن، ئاخر من چەندی بۆم كرابێ هەوڵمداوە پەری لە بەڵا بە دوور بێ!! ئەها لێیوردبنەوە تووشی هەر بەڵایەك بووبێ هەوڵم داوە لێی دووربخەمەوە! ئەگەر لە دەستی من با هەرگیز نەمدەهێشت بابی ماچ بتۆرێ و بەجێیبهیلێ!!
خوێنەرێك دەڵێ: ((دوای لێبوونەوە لە ماچی یەكەم من بە دوای درەختە گوڵاویەكە دەگەڕێم و دەبێ بیبینمەوە، دڵنیام درەختێكی لەو چەشنە هەیە، وا هەستدەكەم لە سێبەرەكەی دانیشتووم بەڵام نایەتەوە بیرم چ ساڵێك بوو، بەڵام دەزانم ئەو كوڕەی لە رۆژی رەمەزانێ خەریكی خواردنەوە بوو، پۆلیسەكان گرتیان ئەوە من بووم نەك كوڕی درەختی گوڵاوی، بەڵام پەریەك پەیدا نەبوو لە دەست پۆلیسەكان رزگارم بكات))
وەڵا منیش بە دوای درەختەكەدا گەڕام و نازانم نە لە خەون بوو نە بەراستی دیتمەوە، تێر گوڵاوم هەڵمژی و تا خەو بردمیەوە گوێم لە جریوەی چۆلەكان گرت، تەنها لەو پنتەش من كوڕی درەختی گوڵاوی بووم كە كوڕ و كچەكەی لە باوەشی یەكتر دیت، بەڵام چ گوێم لە پێكەنینی كچەكان نەبوو، نا، پەری لەوێ نەبوو.
خوێنەرێك دەڵێ: ((كاتێ لە ماچی پەری و كوڕی پیاوە مەستەكە بوومەوە، حەزمدەكرد لە ماچی)ماچ و دڵوار(ەوە دەستپێبكەمەوە، بە من ناڵێی ئەو دووە لە كوێن و چ دەكەن؟!)) هیچ ناڵێم، چ بڵێم! بەڵام ئەگەر خوێندبێتتانەوە، نووسەرێك نووسی، شتێكی نزیك لەمەی نووسی: ئەوە (ماچی یەكەم)ی یەكەم بوو رەنگە (ماچی یەكەم) دووەمی بە دوادا بێ، لەوێ (ماچ و دڵوار) بە رەنگێكیدی جێگەی پەری و كوڕی پیاوە مەستەكە یان بابی ماچ بگرنەوە و تامی ماچی یەكەم بكەنەوە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست