حەمەی ئایشەگوڵ و قاسماغا
Sunday, 31/10/2010, 12:00
تازە لاو بووم، هەموو هەینیان سەردانی کۆیەم دەکرد، نازانم بۆچی یەک هەینیم نەدەپەڕاند، رەنگە بۆنی شفتەکە بانگمی کردبێ، شفتەی دەستی پلکم، خزمێکی ئایشەگوڵ گوتەنی لە هیچ چێشتخانەیەکی بەهەشت کەس شفتەی وا بە تامی تام نەکردووە، دووریش نیە بە هۆی باسوخواسی ناو چایخانەکەی سەری فلکەکەوە بووبێ، ئەوەی حاجی قادری کۆیی هەمیشە تیچاوێکی لە سەر بوو، دەتگوت حەزی لە چایە و دۆمینەیە، لەو چایخانەیە چەند برادەر و ناسیارێک بە دەم دۆمینە کردنەوە،بە چرپە لە دوو کۆیی دەدوان، یەکیان حەمەی ئایشەگوڵ کە هەندێ کەس نازانم بۆچی بە حەمەی حەلاق ناوی دێنن و ئەو ئایشەگوڵە جوانە، ئایشەگوڵە ئازایەی لێدەکەنەوە! ئەویدی قاسماغا، ئەودەمانێ من ئەو قاسماغایەم دوور بە دووری دیتبوو، لە دیدی منەوە هەند جاش دیار بوو، بە دەست خۆم نەبوو هەستمدەکرد نوێنەری تەواوی جاشی کوردەواریە، جاشی کۆن و تازە.. ئایشەگوڵیشم چەند جارێک لە نزیکەوە دیتبوو، کەمێک ئاشنایەتیمان هەبوو، بەڵام دوور و نزیک حەمەی کوڕیم نەدیتبوو نەدەناسی..
ئەرێ لە چایخانەکەی کۆیێ، بۆچی کە لە رستەیەک ناوی قاسماغا دەهات، لە رستەی دوای وی حەمەی ئایشەگوڵ قیتدەبۆوە، بە پێچەوانەوەش حەمەی ئایشەگوڵ قاسماغای لە دوو نەدەبۆوە! من چ لەوە تێنەدەگەیشتم، بەڵام پلکم دەیگوت: (پێِشتریش دکتۆر خالیدێک هەبوو لەگەڵ جاشێک ناوەکەیم لەبیرنیە، ئەوها وەک حەمە و قاسم بە دوای یەکەوە بوون...)دوور نیە ئەو لە دوای یەک هاتنە پەیوەندیەکی جمکانەیی بێ، لە بیرمە جارێک حەمەی ئایشەگوڵ بە پێکەنینەوە دەیگوت: (پێشمەرگە حەفت خولەک پێش جاش چاوی بە دنیا هەڵێناوە)
دوای چەند ساڵێک نەشفتەی گەرم ما نە قسە گەرمەکانی چایخانە، بەجێمهێشتن، برادەرەکان هەریەکەیان بە رێیەکدا رۆیشتن، هەبوو بە رێی قاسماغادا رۆیشت، هەبوو.. منیش رێی حەمەی ئایشەگوڵم گرتەبەر و بە چیا کەوتم و حەمەشم ناسی، لە یەکەم دیتن، بە دەست خۆم نەبوو، وام هەستدەکرد حەمەی ئایشەگوڵ نوێنەرایەتی پێشمەرگەی کۆن و تازە دەکات.. دوای چەند ساڵێکیدی، لە راپەڕینەکە رێک شەوێک پێش ئەوەی کۆیێ و پێشمەرگە لە قاسماغا هەستنەوە و شاربەدەری بکەن، شۆرشی هاوڕێم و من و زۆریدی بە سەرماوسۆلەی هەیبەتسولتانەوە بووین و خۆمان بە گوللە و گوللە تۆپی قاسماغا و جاشەکانی و حکومەتەکەی گەرمدەکردەوە، شۆرش چەندی پەلە بوو ئەو شەوە بگاتە باوەشی دایکی، جاشەکان بەرگریان کرد و نەگەیشت، شۆرش گوتی: ((دڵنیام دەزانن حەمەی ئایشە گوڵووکمان لەگەڵ نیە، بۆیە وا بەرگری دەکەن) وابوو ئەو شەوە حەمە لەگەڵ ئێمە نەبوو، ئەو شەوە چ شەوێکی ترسناک بوو، چ شەوێکی خەمناک بوو، چ شەوێکی جاشاوی بوو، قاسماغایی بوو، ئەوە شەوە شەوی شەهید بوونی شۆرش بوو، شۆرشی هاوڕێم، بە زیندووی نەگەیشتەوە باوەشی دایکی.
هاوڕێم شۆرش نەتدیت، نابینی، چ قاسماغاییە سیاسەت لێرە، چ جاشایەتیە سیاسەت لێرە، حەمەی ئایشەگوڵ ئەنفال دەکات و ئایشەگوڵ لە گۆڕەکەی دەگرێنێ، کەچی قاسماغاش رادەگرێ، دەیپارێزێ، دەیلاوێنێ، هاورێم شۆرش، چ جاشایەتیەکە سیاسەتی ئێرە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست